۱۳۹۸/۰۳/۰۵

کۆمپانیای "مەستی فیلم" لە دوو ڕێیانی بازەرگانی و خەیانەتدا!

کۆمپانیای "مەستی فیلم" لە دوو ڕێیانی بازەرگانی و خەیانەتدا!
جەمشید بەهرامی

 کۆمپانیای "مەستی فیلم" کە ڕێکخەر و   بەڕێوەبەری "فستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی   سلێمانی"یە، لە تازەترین چالاکیی ناکوردانە   و خۆشخزمەتیی خۆیدا بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و دام و دەزگا پێوەندیدارەکانی، ڕوو لە فیلمسازانی چوار شاری! "ڕۆژهەڵاتی کوردستان" ڕاگەیاندنێکی گوماناویی بڵاو کردوەتەوە؛ سەرەتای ڕاگەیاندنەکە بەمەوە دەست پێدەکات: "لە ئاڕاستەی بڵاوەپێدان و دۆستایەتیی کولتووری و هونەری لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستانی عیراق ، لە ساڵی ١٣٨٩ (واتە ٢٠١٩)دا کۆمپانیای سینەمایی وتەلەفیزیۆنیی "مەستی فیلم"ی سلێمانی لە هەوڵی ئەوەدایە لە نێوان گەڵاڵە و سیناریۆ سەرکەوتووەکاندا، ڕێژەی ١٠ سیناریۆی کورتە فیلمی چیرۆکی هەڵبژێرێت و بەرهەمیان بهێنێت"؛ واتە بە کۆمەڵێک مەرجی سەیر و سەمەرەوە داوای لە سیناریۆنووسانی شارەکانی سنە، سەقز و مەریوان و بانە کردووە کە سیناریۆکانیان بۆ ئەو کۆمپانیایە بەڕێ بکەن و ئامانجی سەرکیی کۆمپانیاکەش مامەڵەی کولتووری و هونەرییە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا!(بازەرگانی و خەیانەت).
هەر لە سەرەتای ئەو ڕاگەیاندنەدا دەردەکەوێت ئامانج چییە، بە کورتی و کرمانجی ئەم هەوڵە لە درێژەی خۆشخزمەتییەکانی دیکەی ئەم کۆمپانیایەیە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە پێچەوانەی بانگەشەکانیان و خۆڵ کردنە چاوی خەڵک، ئەوان قەد بە مەبەستی خزمەت کردن بە سینەمای نەتەوەکەیان خوازیاری هاوکاریی ڕاستەقینەی چالاکانی بواری سینەمایی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان نەبوون، ڕێک بەپێچەوانەوە بەس ڕاسپێردراون کە داخوازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بواری سینەمادا جێبەجێ کردووە و وەک کۆمپانیایەکی بازەرگانی سینەمایان بەکارهێناوە بۆ قازانجی تاکەکەسیی خۆیان. (بۆ خوێندنەوەی درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)
بە پێی ڕاگەیاندراوە فارسییەکەی! کۆمپانیای مەستی فیلم ئەولەوییەتی سەرەکی ئەو کۆمپانیایە و بەرپرسەکانی بریتییە لە: لە لایەکەوە خزمەت بە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران (خەیانەت)‌ و کەڵکورگرتن لە فیلمسازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک کەرەستەیەک لە ئاراستەی بەرژەوەندەییە ئایدۆلۆژیکەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا(خەیانەت)‌، و لە لایەکی دیکەشەوە بردنە سەرەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئەو کۆمپانیایە(بازەرگانی)، بە پێی دابەزینی نرخی دراوی ئێران(واتە تمەن) لە بەرامبەر دراوی عیراقدا(واتە دینار) تێچووی بەرهەمهێنانی فیلم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تمەن، زۆر زۆر هەرزانترە لە بەرهەمهێنان لە باشوری کوردستاندا، واتە لەم هەل و مەرجەدا بە تێچووی دوو کورتە فیلم لە باشووری کوردستاندا دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ١٠ کورتە فیلم بەرهەم بهێنرێت(کە ئەمە گەورەترین زوڵمێکە کە ئەو کۆمپانیایە لە فیلمسازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیکات)؛ بەرهەمهێنانی ئەم ١٠ کورتە فیلمە وەڵامێکە بۆ ڕەخنەگرانی ئەو کۆمپانیایە کە تا ئێستە جگە لە بەرهەمهێنانی دوو ویدیۆکلیپ و بەرهەمهێنانی فیلمێک لە ژێر نێوی "شەوێک لە بەغداد"(لەم ڕۆژانەدا کاری وێنەگرتنی تەواو بووە) بە هاوکاری دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پارێزگای سنە (صدا و سیمای جمهوری اسلامی ایران)، هیچ چەشنە بەرهەمهێنانێکی لە بواری سینەمادا نەکردووە و بەس وەک کۆمپانیایەکی بازەرگانی سێ خول فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سلێمانی بەڕێوەبردووە(بازەرگانی).
لە ڕاستەوە، فواد جەلال بەرپرسی کۆمپانیای مەستی فیلم
 و بەڕێوەبەری فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی
لەگەڵ عەلیڕەزا تابش بەرپرسی بونیادی سینەمایی فارابی / تاران

جگە لە ئەو ئامانجە سەرەکییە سەرشۆڕییەی کە کۆمپانیای مەستی فیلم ڕاسپێردراوە بە سازدانی، ئەوەی کە جێگای شەرم و شوورەییە بۆ فیلمسازە دەروەرستەکانی کورد لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستاندا، یەکێک لە مەرجەکانی هەڵبژاردنی سیناریۆکانە لە لایەن "مەستی فیلم"ـەوە، واتە سیناریۆ نێردراوەکان بۆ مەستی فیلم، دەبێت لە ژێر چاویلکە و فیلتەری ئیدارەی گشتیی کولتوور و ئیرشادی ئیسلامیی ئێراندا تێپەڕ بووبن ئەگینا ئەو سیناریۆگەلە ناچنە بازنەی هەڵبژاردنەوە و دەسڕدرێنەوە.
بەپێی دەقی ڕاگەیاندنەکەی مەستی فیلم، لە پێنجەمین خاڵی مەرجەکانی سیناریۆکاندا نووسراوە: "ئەگەر سیناریۆ نێردراوەکان مۆڵەتی ئیدارەی گشتیی کولتوور و ئیرشادی ئیسلامیی ئێران لە پارێزگای سنەیان نەبێت، دەسڕدرێنەوە و ناچنە بازنەی هەڵبژاردنەوە"؛ واتە کۆمپانیای "مەستی فیلم" بەس بەرهەمهێنانی ئەو سیناریۆیانە دەگرێتە ئەستۆ کە هیچ دژایەتی یان نایەکانگیرییەکی لەگەڵ ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامیی ئێراندا نەبێت. دیارە ئەم چەشنە هەڵسووکەوتەی کۆمپانیای "مەستی فیلم" لە لای سینەماکارە کوردەکاندا نەناسراو نییە، چونکوو لە بەڕێوەچوونی سێ خولی فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانیدا، بەرپرسانی ئەو کۆمپانیایە ئەوەیان بەڕوونی دەرخستووە کە ئامانجی کۆمپانیاکەیان لە بەڕێوەبردنی ئەو فستیڤاڵە بەس خزمەتکردن بووە بە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و قونسووڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی و پێناسەکردنی سینەمای کورد وەک بەشێک لە سینەمای کۆماری ئیسلامیی ئێران.
بێگومان ئەم هەوڵە نەزۆکەی کۆمپانیای "مەستی فیلم" بەس لە قازانجی ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە و هیچ خزمەتێک بە ڕەوتی سەربەستی سینەمای کورد ناکات و دەستە شاراوەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە پشتە.
ئەم ڕسواییەی مەستی فیلم لە کاتیکدایە کە لە ڕاگەیاندنەکەیدا باس لەوە دەکات کە بازنەی تەوەری سیناریۆکان بەربەست نەکراوەتەوە و سیناریۆنووس سەربەستە چ تەوەرێک هەڵدەبژێرێت، ڕێک پرسیار لێرەدایە کە ئەگەر فیلمساز لە هەڵبژاردنی تەوەردا بەربەستی بۆ درووست نەکراوە و فیلمساز سەربەستە کە چ تەوەرێک هەڵدەبژێرێت، چ پێویستییەک بە مۆڵەتی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی‌ ئێران هەیە؟ ئایا مۆڵەت لە بازنەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بە مانای "بەربەستکردنەوە" و سانسۆڕ نییە؟  ئایا ئەو مەرجە ڕاستەوخۆ خۆشخزمەتی بە دام و دەزگا دژە هونەری و دژە مرۆییە سانسۆڕچییەکان و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نییە؟ ئایا ئەوە بەو مانا نییە کە تەنانەت لە بواری هونەریشدا کۆماری ئیسلامی لە سلێمانیدا زۆرتر دەسەڵاتی هەیە تاکوو لە سنە و سابڵاغ و کرماشان و ئیلام؟...
هەروەها کە دەزانین بە درێژایی ئەم چەند ساڵە کە "سینەمای کورد" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەوپەڕی سەربەستیی و گەشەی خۆیدا بووە، سینەماکارە دەروەستەکانی کورد هەمیشە داژایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کردووە و بۆ بازدان بە سەر دەزگای سانسۆڕی کۆماری ئیسلامیدا تووشی سەدان تەنگ و چەڵەمەی یەک لە دوای یەک بوون، بەڵام قەد چۆکیان دانەداوە، مۆڵەت‌نەدان بە سینەماکارانی کورد بۆ بڵاوکردنەوەی فیلمەکانیان بەڵگەیەکی زێڕینە کە لە سەر چاوی مێژووی بەرخوەدان و بەرگریی خەڵکی کوردستاندا بۆ هەمیشە گەشاوەیە.
هەر ئێستە کە نووسەری ئەم دێرانە خەریکی نووسینی ئەم بابەتەیە چەندین فیلمسازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی فیلمەکانیان لە فستیڤاڵە جیهانییەکاندا، ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەریان بە پیشاندانی فیلمەکانیان گرتووە  و مۆڵەتی پیشاندانیان پێنادەن؛ لە هەل و مەرجێکی ئاوەهادا کۆمپانیایەکی گوماناویی بەرهەمهینانی فیلم لە زۆنی سەوز لە باشووری کوردستان بە نێوی "مەستی فیلم" بەڵێنی پشتیوانی بەرهەمهێنان بە فیلمسازانی چوار شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدات بەڵام مەرجی سەرەکی ئەوەیە کە دەبێت ئەو فیلمسازانە مۆڵەتی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان هەبێت. ئەوەی کە لێرەدا جێگای پرسیارەوە ئەوەیە: باشە جیاوازی کۆمپانیای مەستی فیلم و ناوەندەکانی بەرهەمهێنای فیلمی کۆماری ئیسلامی ئێران چییە؟ جیاوازی کۆمپانیای مەستی فیلم و ناوەندەی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران(صدا و سیمای جمهوری اسلامی ایران) چییە؟ جیاوازی کۆمپانیای مەستی فیلم و حوزەی هونەریی ئێران چییە؟ جیاوازی کۆمپانیای مەستی فیلم و بونیادی سینەمایی فارابی چییە؟ جیاوازی کۆمپانیای مەستی فیلم و بەرهەمهێنەرەکانی سەر بە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بواری سینەمادا چییە؟ و...
ئەوەی کە دیارە و حاشا هەڵنەگرە ئەوەیە کە کۆمپانیای "مەستی فیلم" قەد خزمەتی بە سینەمای کورد نەکردووە و نایکات، ئەو کۆمپانیایە جگە لە کۆمپانیایەک لە دوو ڕێیانی بازەرگانی و خەیانەتدا هیچی دیکە نییە، کۆمپانیایەک کە هیچ خۆی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی هەرزان فرۆش کردووە بەڵکوو سینەمای کوردیشی کردوەتە کەرەستەیەک بۆ مامەڵە و بازەرەگانی لە داڵانە تاریکەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.
لە خاڵێکی دیکەی ڕاگەیاندنەکەی ئەو کۆمپانیایەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سیناریۆنووسەکان دەبێت دانیشتووی چوار شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بن، واتە شارەکانی سنە، سەقز، بانە و مەریوان؛ پرسیار لێرەدا بۆچی بەس ئەو چوار شارە؟؟؟؟ بۆ وێنە کەسێک کە دانیشتووی دیواندەرە (کە دەکەوێتە نێوان سنە و سەقز) بێت بۆ نابێت سیناریۆیان بۆ بنێرێت؟ ئەی ئەگەر خەڵکی بۆکان بێت کە نیوکاتژمێر لە سەقز دوورە؟ دیار ئەمە هەوڵێکی گوماناوییە و وەک بڵێی لە ڕاستیدا ئەمە گەڵاڵەی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی پارێزگای سنەیە لە بواری سینەما لەم چوار شارەدا و کۆمپانیای مەستی فیلمی لە سلێمانی خەریکە جێبەجێی دەکات.
سەرباری ئەمانە، ئەوەی کە جێگای سەرسووڕمانە خاڵێکی دیکە ئەو ڕاگەیاندنە، ئاماژە بەوە دەکات کە دەبێت سیناریۆکان بە دوو زمانی جیاوازی فارسی و کوردی بن؛ لەوانەیە لێرەدا ئامانج ئەوە بێت کە تەنانەت زەحمەتی وەرگێڕانیش نەدرێت بە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕاستەوخۆ کۆمپانیای "مەستی فیلم" ڤێرژێنی فارسیی سیناریۆکان بنێرێت بۆ ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران!.
فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی
نووسەری ئەم دێڕانە سەرەڕای بەشداریکردنی لە خولی دووهەم و سێهەمین فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانیدا بەڵام هەر لە سەرەتاوە بە گومانەوە چاوی لە ئامانجەکانی بەڕێوەبەرانی فستیڤاڵی سلێمانی –واتە کۆمپانیای مەستی فیلم و دارودەستەکانی- دەکرد، بەڵام دوای بەڕێوەچوونی سێهەمین خولی ئەو فستیڤاڵە و چونیەتیی بەڕێووەچوون فستیڤاڵەکە و دەستە شاردراوەکان و ڕۆڵی قونسووڵی ئێران لەو فستیڤاڵەدا، نووسەری ئەم دێڕانە بەو ئاکامە گەیشت کە قەد ئەو فستیڤاڵە و جەماعەتی مەستی فیلم ئامانجیان خزمەت بە سینەمای کورد نییە و بەپێچەوانەوە ڕێک خەریکن ڕاسپاردەکانی کۆماری ئسیلامی ئێران جێبەجێ دەکەن و بە سەر ئەو هێڵەدا دەچن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پشتیوانی ناوەندە داپڵۆسێنەرەکانی قەد نەیتوانیوە سینەماکارە دەرەوەستەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بخاتە سەر ئەو هێڵە؛ سەرەڕای هەبوونی کۆمەڵێک زڕسینەماکاری جاش و هاوکارە ڕۆژهەڵاتییەکانی کۆمپانیای مەستی فیلم، کە سەریان لە ئاخوڕی کۆماری ئیسلامیدایە،هەمیشە ڕەوتی سەرەکیی سینەمای ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەربەخۆ و سەربەست بووە و لە پێناو خزمەت بە گەلی کورددا هەنگاوی هەڵگرتووە. پێویستە ڕووی پێنووسمان ڕاستەوخۆ لە مەستی فیلم بێت ڕاستەخۆ بە ئاگایان بهێنینەوە کە ئەو ڕێگایە کە ئەوان بە سەریدا دەڕۆن جگە لە خەیانەت هیچ چشتێکی لێ سەوز نابێت و ناویان وەک خەیانەتکارانی بواری سینەما لە مێژوودا تۆمار دەکرێت...

سەرباری هەموو ئەو شتانە کە ورووژێندرا، سەیر ئەوەیە کە ڕاگەیاندنەکە بەس بە زمانی فارسیی بڵاو کراوەتەوە، هەر بۆیە بۆ تێگەیشتنی هاوڕێیانی باشووری کوردستان وەرگێڕدراوی دەقی ڕاگەیاندنەکە لە فارسییەوە بۆ کوردی دەخەمە بەر دیدی گشتی.

**********************************
وەرگێڕراوی دەقی ڕاگەیاندنەکە لە فارسییەوە بۆ کوردی:

بە ناوی ئافرێنەری هونەر
بەم پێیە بە هونەرمەندانی بواری سینەما لە پازێزگای کوردستان! (سنە) ڕادەگەیەنین، لە ئاراستە بڵاوەپێدان و دۆستایەتیی کولتووری و هونەری لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان و بەرهەمهێنانی بەرهەمە بەبایەخە هونەرەییەکان، کۆمپانیای سینەمایی وتەلەفیزیۆنیی "مەستی فیلمی سلێمانی" لە هەوڵی ئەوەدایە ئەوەدایە لە ساڵی ١٣٨٩ (واتە ٢٠١٩)دا لە نێوان گەڵاڵە و سیناریۆ سەرکەوتووەکاندا، ڕێژەی ١٠ سیناریۆی کورتە فیلمی چیرۆکی هەڵبژێرێت و بەرهەمیان بهێنێت.
مەرجەکانی گەڵاڵە و سیناریۆکان:
١. تەوەری سیناریۆ بەربەست ناکرێتەوە.
٢. سیناریۆنووسەکان دانیشتووی شارەکانی سنە، سەقز، بانە و مەریوان ئیزنی بەشداری کردنیان هەیە.
٣. لانیکەمی کاتی پێشنارکراو بۆ سیناریۆکان ٣ دەقە و ئەوپەڕی کاتی پێشنیارکراو ٢٠ دەقەیە.
٤. کەسایەتییەکی ڕاستەقینە و یاسایی خاوەنی ئایدیای سەرەکیی و سیناریۆکە کەسێک نەبێت جگە لەو کەسەی کە سیناریۆکە دەنێرێت.
٥. ئەگەر سیناریۆکان مۆڵەتی ئیدارەی لوکتوور و ئیرشادی ئیسلامیی پارێزگای کوردستانی نەبێت ڕاستەوخۆ وەلادەنرێن و دەسڕدێنەوە.
فۆرمی ستانداردی سیناریۆکان:
١. سیناریۆکان جگە لەوەی کە بە زمانی کوردی دەنووسرێن دەبێت وەربگێڕدرێنەوە بۆ زمانی فارسی.
٢. پێویستە کە سینۆپسی سیناریۆکە لە لاپەڕەی یەکەمدا بنووسرێت.
٣. سیناریۆکە دەبێت بە دوو فۆرمی
Word و PDF بنێردرێن.
٤. ناو نیشانی تاکەکەسی (ناو، نازناو، شوێنی نیشتەجێ بوون) ژمارە پێوەندی گرتن (نۆرماڵ و مۆبایل) و ئیمایل بنووسرێت.
٥. کورتەیەک لە سی ڤی هونەریی و سینەمایی نووسەر وەک پاشکۆی سیناریۆکە بنێردرێت.
شایانی باسە دوای هەڵبژاردنی سیناریۆکان، لە لایەن لێژنەی بەرهەمهێنانەوە لە بواری بەرهەمهێنان و دەرهێناندا پێداچوونەوە بە تواناییەکانی ئەو کەسەی سیناریۆکەی ناردووە، دەکرێت.

ئەدرەسی ئیمایل بۆ ناردنی سیناریۆ:
mastifilm.rozhhalat@yahoo.com
(ئەگەر سیناریۆکان لە ڕێگای دیکەوە یان بۆ ئیمایلەکانی دیکە بنێردرێن، ناخرێنە بازنە هەڵبژاردنەوە)
کاتی ناردنی بەرهەمەکان:
١٦ی گوڵان تاکوو ١٥ی جۆزەردانی ١٣٩٨
هەرکامە لە هۆکارەکانی دیکەی بەرهەمهێنان کە ئەیانەوێت لە بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمانەدا بەشداربن دەتوانن سی‌ڤی و پێشینەی هونەریی خۆیان (بە
Word) بۆ ئەو ئیمایلە بنێرن.
بە سوپاسەوە
فواد جەلال
کارگێڕی گشتیی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی سینەمایی و تەلەفیزیۆنی "مەستی فیلم"
**************************************
دەقی ڕاگەیاندنە بڵاوکراوەکە بە زمانی فارسی:
به نام هنر آفرین
به استحضار هنرمندان عرصه سینما در استان کردستان می رساند در راستای گسترش مراودات فرهنگی و هنری فی مابین جمهوری اسلامی ایران و اقلیم کردستان عراق و تولید آثار ارزشمند هنری ، شرکت تولیدات سینمایی و تلویزیونی مستی فیلم سلیمانیه در صدد است در سال ۱۳۹۸ از مابین طرحها و سناریوهای برتر ،  تعداد ۱۰ فیلمنامه کوتاه داستانی را انتخاب کرده و تولید نماید. 
شرایط طرحها و فیلمنامه های ارسالی :
۱. موضوع فیلمنامه آزاد است.
۲. فیلمنامه نویسان ساکن چهار شهرستان  سنندج، سقز، بانه، مریوان مجاز به شرکت می باشند.
۳. حداقل زمان پیشنهادی فیلمنامه ها ۳ دقیقه و حداکثر زمان پیشنهادی ۲۰ دقیقه باشد.
۴.مالکیت ایده اصلی و فیلمنامه متعلق به اشخاص حقیقی و حقوقی دیگری بغییر از ارسال کننده نباشد.
۵.فیلمنامه های ارسالی که به تایید اداره کل فرهنگ و ارشاد اسلامی استان کردستان نرسیده باشند حذف خواهند شد.
قالب استاندارد فیلمنامه ها:
۱. فیلمنامه در دو نسخه مجزا کردی و فارسی نگارش شده باشد.
۲. نگارش سیناپس در صفحه اول فیلمنامه الزامی است.
۳.فیلمنامه در دو نسخه Word وPDF   ارسال شود.
۴. مشخصات فردی( نام ، نام خانوادگی ، محل سکونت ) شماره تماس ( ثابت و موبایل ) و ایمیل درج گردد.
۵. خلاصه ای از رزومه هنری و سینمایی نویسنده به ضمیمه فیلمنامه ارسال گردد.
لازم به ذکر است بعد از انتخاب و تایید سناریو ، توانایی تولید و  کارگردانی ارائه دهنده مورد بررسی شورای تولید قرار خواهد گرفت .
آدرس ایمیل جهت ارسال فیلمنامه:
mastifilm.rozhhalat@yahoo.com
( فیلمنامه های ارسالی به دیگر ایمیل ها و یا ارسال به سایر طرق بررسی نخواهند شد.)
تاریخ ارسال آثار : ٥ی خورداد
۱۶ اردیبهشت تا ۱۵ خرداد ۱۳۹۸
دیگر عوامل فنی و دست اندرکاران سینما که تمایل دارند در تولید این آثار شرکت نمایند می توانند رزومه و سوابق هنری خود به آدرس ایمیل فوق ذکر ( در قالب فایل Word) ارسال نماید.
با تشکر
فواد جلال
مدیر عامل شرکت تولیدات سینمایی و تلویزیونی مستی فیلم