۱۳۹۰/۰۹/۱۴

گوڵاڵە کەمانگەر لە دیدارێکی تایبەتدا دەربارەی شێرزاد حەسەن


گوڵاڵە کەمانگەر لە دیدارێکی تایبەتدا دەربارەی شێرزاد حەسەن
سازدانی دیمانە: جەمشید بەرهرامی
ئاماژە: ئەم وتووێژە تایبەت بە ڕەخنەی چاودێر سازکراوە،و لە ژمارەی 350ی رۆژنامەی چاودێر لە بەشی ژمارە 291ی رەخنەی چاودێر، رێکەوتی 2011/12/5 چاپ کراوە.
گوڵاڵە کمانگەر خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ماستەری لە زمان و ئەدەبیاتی فارسی لە تاران وەرگرتووە. گوڵاڵە کەمانگەر لە پانزەهەمین فستیڤاڵی گەلاوێژ، لە بەشی لێکۆڵینەوەدا بەشداری کردبوو، لێکۆڵینەوەکەی گوڵاڵە کەمانگەر تاوتوێی دەروونناسانەی چیرۆکی ژنێک بەسەر منارەوە بەرهەمی شێرزاد حەسەن بوو،لە ژێر ناوی " مێژوویەک بەستراوەیی و شوناسی سەربەخۆ ".
لە کۆتایی فستیڤاڵ و لە ئاکامدا گوڵاڵە گەمانگەر خەڵاتی یەکەمی بەشی لێکۆڵینەوەی فستیڤاڵی پێبەخشرا. بە پێی ئەوەی کە لێکۆڵینەوەکەی گوڵاڵە کەمانگەر لە سەر دوایین بەرهەمی شێرزاد حەسەن بوو، ئەوەمان بە دەرفەتێک زانی کە زیاتر لە سەر دۆخی گشتی زاڵ بە سەر بەرهەمەکانی شیرزاد حەسەن‌دا قووڵ بینەوە، بۆ لێکدانەوەی خولقاندنی کاراکتەر و بەکارهێنانی هێما، و هەروەها چەند پرسێکی پێوەندیدار لە بەرهەمەکانی شێرزاد حەسەن‌دا.

رەخنەی چاودێر: لە ژنێک بە سەر منارەوە کاراکتەری شادی لە لایەن بەهرامەوە دەستدرێژی کراوەتە سەر و لە دواتریش بە ناچار مێردی بە هومەر کردووە، هەڵبژاردنی ئەو ناوانە وەک هێمایەک؛ بەهرام، ناوێکی  ئێرانییە و هومەر هەر هەمان عومەری عەرەبییە، ئایا ناتوانی ئاوەها لێکدانەوەیەکمان هەبێت کە شادی نەک نوێنەری ژنی کوردە بەڵکوو نوێنەری هەر تاکێکی کوردە کە ژێر دەستی دوو نەتەوەی باڵادەستی فارس و عەرەبە، واتە لێرەدا تاکێکی کورد ئۆبژەیە؟
گوڵاڵە: بەڵێ دەکرێ ئەو لێکدانەوەشمان هەبێت،بەڵام دەکرێ هەر دەقێک چەندین خوێندنەوەی جیاوازی هەبێت، بەڵام لێکدانەوەکەی من بەس لە روانگەی ژنەوە بووە. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)
بەڵام ئەگەر وەک ئەو بۆچوونەی کە ئێوە باسی دەکەن، ئێمە کاراکتەری شادی بە هەر تاکێکی کورد بزانین، وایە شادی کاراکترێکی بەستراوە و ناتوانێ خۆی دەرباز بکات، ئەگەر وا چاوی لێبکەین ئەبێ ئەو خوێندنەوەیە درێژە بدەین، کە لە ئاکامدا بەوە دەگەین کە تاکی کوردیش هەمان بەسەرهاتی شادی بە سەردا دێت، کە من پێم وایە وانییە وا بێت، کە تاکی کورد نەتوانێ خۆی لە قەیران دەرباز بکات... بەڵام پێوەندی نێوان ئۆبژە و تاک لەم چیرۆکەدا، لە نێوان شادی و پیاوەکاندا هەیە، و لە نێوان کورد و هێرش بەرەکانیدا نییە، وەکوو پێوەندیەک کە بەستراوەیی ئۆبژە کە نەتوانێ لێی دەرباز بێت. 
من بە گشتی ئەم دەقە بە جەنگی نێوان نەتەوەکان نابینم و زیاتر لە هەر شتێک رەنگدانەوەی چەوساوەیی ژن دەبینم، لەوانەیە شیرزاد حەسەن بە ئەنقەست ناوی دوو کاراکترە پیاوەی فارسی و عەرەبی هەڵبژاردبێ،وەک دوو نەتەوەی هێرش بەر، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین کە هومەر دەگۆڕدرێ، بەڵام من پێم وایە هیچ عەرەبێک بە نسبەت ئێمەی کوردەوە نەگۆڕدراوە.
رەخنەی چاودێر:  لە ژنێک بە سەر منارەوە، چ پێوەندیەک لە نێوان خوێنی کچێنی شادی و ئەو خوێنەی کە لە شەڕی براکوژیدا رژاوە هەیە؟
گوڵاڵە: ئەوەی کە لێرەدا من بە خاڵی هاوبەشی ئەو دوو خوێن رشتنە دەزانم، ئەوەیە کە خوێنی شادی ئاکامی ئازار و ئێشێکە کە شادی لە خۆشەویستەکەی بینیویە و لایەنی دوژمنی تێدا نییە، و لە هەمان کاتیشدا شەڕی براکوژی لایەنی دوژمنیشی تێدا نەبوو، لێرەدا ئەو پرسەی کە دێنە گۆڕێ ئەوەیە کە لەم دوو خوێن رشتنەدا تۆ دوژمن نابینی، بەرامبەری شادی خۆشەویستە و بەرامبەری شەڕی براکوژی برایە.
رەخنەی چاودێر:  بە بڕوای تۆ ئەو دوو خوێنەی ئەو لایەنەی کە بەرجەستە دەبتەوە تیایدا، ئەو لایەنە نییە کە ئەو دوو خوێن رشتنە هەردووکیان، بە ناحەق رژاون؟
گوڵاڵە: وایە ئەو دوو خوێن رشتنە هیچیان رەوا نییە، بەڵام بوونی لایەنی دوژمن، ئازار بە تاک و بە کۆمەڵگا دەگەیەنێ، بەڵام ئەو ئازارە بە مێژوو چارەسەر دەبێ، بەڵام ئەو خوێن رشتنەی کە خۆماڵییە، ئەو ئازارەی کە لە ماڵەوە دەیبینی چارەسەرکردنی زۆر ئەستمەمە، راستیەکە ئەوەیە کە بۆ شادی و بۆ ژنی کورد ئەگەر لەگەڵ کۆمەڵگا هاوتەریبی کەین ئازارێک هەیە کە لە نێو خودی ماڵەکەدا روو دەدات، واتە شوێنی ژیان؛ بەرامبەرەکەی شادی خاڵۆزای خۆیەتی، هەر ئەوەش لە شەڕی براکوژیشدا دەبینین، کە هەردووکیان دەبنە هۆی ئەوەی کە لە کۆمەڵگادا وەک گرێیەک خۆیان بنوێنن.
رەخنەی چاودێر:   بە رای تۆ شمشێر بە دەستەکانی بیابان و لە رەونەق کەوتنی منارە چ پێوەندیەکی لەگەڵ شادی و تەنیایی شادیدا هەیە؟
گوڵاڵە: کاتێک شێرزاد حەسەن لە هێماسازی منارەدا شمشێر بە دەستەکانی بیابان بە کار دەهێنێ و باسی لێدەکات، منارە وەک دواهەمین منارەی کۆنی شار ناودەبات، کە هەمان منارە هەولێرە کە بە سەدان منارە مزگەوتی تێدایە کە رەونەقیان هەیە و بەس ئەو منارەیە کە لە رەونەق کەوتووە و تاکە منارەی شارە و منارەکانی دیکە گەمارۆیان داوە، کە ئەوە دەتوانێ راست خودی شادی بێت کە بێدەنگە، لەوێدا منارە هێمای پەرستشگای خواوەندە ژنەکانە و لەو رێگایەوە هێمای ژنە؛ درووست لەو رێگایەدایە کە منارە لەگەڵ شادیدا پێوەندی دەگرێت، و بەیەکەوە هاوتەریب دەبن.
رەخنەی چاودێر: پێوەندی نێوان پەپوولە و شادی و هەروەها پەنجێرە، بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە پەنجێرەش هێمای کچێنیە، لە چیدا دەبینی؟
گوڵاڵە: من وای بۆی چووم کە پەپووڵەش وەک باڵندە هێمای ژنە، لە چیرۆکەکەدا دەبینین کە بەهرام لە منداڵیدا راوە پەپوولەی کردووە، بەو واتایەی کە هەر لە منداڵییەوە دەستی کردووە بە توندووتیژی بەرامبەر بە ژن، لە منداڵیدا پەپوولە راو دەکات، گەورەتر دەبێت باڵندە راو دەکات،و لە ئاستێکی سەرەوتردا دەبێت بە هۆمر کە مرۆڤ راو دەکات.
رەخنەی چاودێر:  بە شیوەیەکی گشتی شێرزاد حەسەن بۆ بەرجەستە کردنەوەی کەسایەتیەکانی بە تەرکیزکردنە سەر لایەنی دەروونی کەسایتیەکانی لە چیرۆکەکانیدا توانیویەتی سەرکەوتوو بێت؟
گوڵاڵە:  بەرای من لەو بوارەدا شێرزاد حەسەن سەرکەوتوانە بەرهەمەکانی خولقاندووە، هەموو بەرهەمەکانی شێزاد حەسەن لایەنی دەروونناسانەی لە بەرچاو گیراوە، بۆ نموونە لە "حەسار و سەگەکانی باوکم" دا ئەبینین، هەروەها لە " خەونی جاڵجاڵۆکەکان "یشدا دەیبینن، وتووێژەکان و قسەکانی کاراکتەری یەکەم زۆر جار ئەوەمان پێدەسەلمێنی کە نووسەر بە ئاگاییەکی تەواو لە دیالۆگی دەروونناسانە کەڵک وەردەگرێت.
رەخنەی چاودێر:  لەو بڕوایەدا هەیت کە شێرزاد حەسەن شارەزاییەکی تەواوی لە سەر زانستی دەروونناسی هەیە بۆ خۆلقاندن و پوخت کردنی کەسیاتییەکانی، یان بە واتایەکی دیکە فرۆید، یۆنگ، لاکان و دەروونناسەکانی دیکەی ناسیوە؟
گوڵاڵە: من نازانم شێرزاد حەسەن تا چ رادەیەک خوێندنەوەی ئاکادمیکی لە پانتایی دەروونناسیدا هەیە، بەڵام دڵنیام کە شیرزاد حەسەن پێداگری لە سەر لایەنی دەروونناسانەی کاراکترەکانی دەکات،و زانستی زۆریشی لەو بارەوە هەیە، ئەبینین کە لە نێو چیرۆکەکانیدا خۆی کاراکتەرەکانی هەڵدەسەنگێنی و لیکۆڵینەوەیان لە سەر دەکات، بەڵام لە لێکۆڵینەوەکەمدا ئەو پرسی منە کە: " شێرزاد حەسەن " کاراکتەری شادی بە چ مەبەستێک خولقاندووە؟ من تێدەکۆشام جگە لەو لایەنانەی کە شیرزا حەسەن بە ئاگاهی هێناویەتی، لایەنەکانی دیکەی بدۆزمەوە، کە بە خۆشحاڵییەوە توانیم لە چەند شوێندا ئەو لایەنانە بدۆزمەوە، دواتر کاتێک لەگەڵ مامۆستا شیرزاد قسەم کرد، ئەوم لێ پرسی ئایا کە بە راستی ئەو شتانەی کە من پێیگەیشتووم بە ئاگاهیەوە هێناویەتی، لە وەڵامدا وتی من ئەوانەی کە تۆ دەڵێی بەس لە ناهۆشیامدا بووە،؛ هەر بۆیە من لە سەر ئەو رایەم کە کاری رەخنەگر بەر لە هەموو شتێک دۆزینەوەی ئەو لایەنانەیە کە لە ناهۆشیاری نووسەردا بووە و لێرەدایە کە دەبێت لێکۆڵەر کەشفی بکات. ئەگەرچی نووسەر ویستبێتی ئازاری ژن بەیان بکات، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەڵێم لە چیرۆکی ژنێک بە سەر منارەوە شادی گیرۆدەی دەستی خۆیەتی، زیاتر لە کۆمەڵگا و لە پیاو، خۆیەتی کە خۆی دەچەوسێنێتەوە و ئەو دۆخەی بە سەر خۆیدا سەپاندووە.
رەخنەی چاودێر:  شیرزاد حەسەن لە رەوتی چیرۆک نووسیدا تا چ رادەیەک توانیویەتی، بەردەوام روو لە گەشە بێت،  ژنێک بە سەر منارەوە لە نێو بەرهەمەکانی شیرزاد حەسەن‌دا لە چ ئاستێکدایە؟
گوڵاڵە: بە رای من " حەسار و سەگەکانی باوکم "، لە لوتکەی بەرهەمەکانی شێرزاد حەسەندایە، و تا ئێستا هیچ بەرهەمێکی شێرزاد حەسەن نەیتوانیوە شان لە شانی ئەو بەرهەمە بدات، بەڵام جگە لە " حەسار و سەگەکانی باوکم "، لە ئاست بەرهەمە کانی دیکەیدا " ژنێک بە سەر منارەوە " باشترین بەرهەمی شێرزاد حەسەنە.
رەخنەی چاودێر: لە کۆدا شێرزاد حەسەن وەک چیرۆکنوسێک چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
گوڵاڵە: هەر نووسەرێکی ستایلێکی تایبەتی خۆی هەیە، من قەد لەو بڕوایەدا نیم کە بڵێم کام نووسەر لە کام نووسەر باشترە چونکوو هەر نووسەرێک کاری خۆی دەکات، بەڵام شێرزاد حەسەن ستایلی خۆی هەیە، و لەو روانگەیەوە کە پوخت کردنی کاراکترەکانی تایبەت بە خۆیە، و لە بواری زمانیشەوە تایبەتمەندی تایبەت بە خۆی هەیە، هەر بۆیە بە نووسەرێکی بە هێز و سەرکەوتووی دەزانم، من لەو بڕوایەدام کە شیرزاد حەسەن رۆماننووس نییە، نۆڤێل‌نووسە،چیرۆک نووسە؛ من لەو بڕوایەدام کە رۆمان بینایەکی گەورەیە و لە هەمان کاتدا تاکە دەنگ نییە، بەڵام ئەوەی کە شێرزاد حەسەن دەینووسێ هەمیشە تاکە دەنگە، رەنگە بە هۆی ئەوە بێت کە کۆمەڵگاکەی تاکە دەنگە، کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەک نییە کە فرەدەنگی تێدا بێت، بۆیە بە هۆی ئەوە رەنگە گاریگەری لە سەر بەرهەمەکانی شیرزاد حەسەن‌دا بووبێت.بە سەرنجێک بە بەرهەمەکانیدا دەبینین، لە " حەسار و سەگەکانی باوکم " یەک کاراکتر قسە دەکات، لە " ژنێک بە سەر منارەوە "، یەک کاراکتەر قسە دەکات، لە " خەونی جاڵجاڵۆکەکان " و لە " پێدەشتی کارمامزە کوژراوەکان " یشدا هەر بە هەمان شێوە؛ لە کۆدا لە بەرهەمەکانی شێرزاد حەسەندا یەک کاراکتەر بەرجەستە دەبێتەوە و کاراکترەکانی دیکە لە روانگەی ئەو کاراکتەرە سەرەکیەوە دەناسرێن، ئەمە تایبەتمەندی شێوەی نووسینی شیرزاد حەسەنە، کە وای لێدەکات کە زۆرتر وەک نۆڤێل نووسێک بیناسین.
رەخنەی چاودێر:  کاریگەری نووسەرانی وڵاتانی دەورووبەر و نووسەرانی جیهانی بە سەر شێرزاد حەسەن‌دا تا چ رادەیەکە بۆ خولقاندنی باری دەروونی کاراکتەرەکانی و هەروەها بۆ خولقاندنی چیرۆکی دەروونناسانە؟
گوڵاڵە: نووسینی چیرۆکی دەروونناسانە سەردەمێک زۆر زۆر باو بوو، رەنگە کاریگەری " بوف کور " بەرهەمی سادق هیدایەت لە " حەسار و سەگەکانی باوکم " دا بەرچاو بێت، یان ئەو کاراکتەرسازی و ئەو هێماسازییەی کە نووسەرانێک وەک بەهرام سادقی، سادق چوبک ستایلێکە کە کەڵکیان لێ وەرگرتووە، تا رادەیەک هەمان شێوەی کاراکتەرسازیە کە شێرزاد حەسەن کەڵکی لێ وەرگرتووە.

 لینکی ئەم بابەتە لە سەر سایتی چاودێر بە PDF :
 http://www.cawder.org/yeke.php?besh=Nusraw&perrge=nusraw&nujimare=22464