۱۳۹۱/۱۱/۱۳

چەمکە سیاسییە بنەماییەکانی کوردستان

هیوا سەلیمی                              حسێن ئەحمەد بوور
Jamshid Bahrami
چەمکە سیاسییە بنەماییەکانی کوردستان 

بەشی یەک: بزووتنەوە و حیزب لە کوردستاندا
لە وتووێژ لەگەڵ بەڕێزان هیوا سەلیمی و حسێن ئەحمەدپوور
دیمانە: جەمشید بەهرامی
ئەم وتووێژە لە بەرواری٢٣/١٠/٢٠١٢ لە سایتەکاندا بڵاو بوەتەوە.
ئاماژە:
کۆمەڵێک چەمکی بنەمایی هەن کە تەنانەت بۆ هەندێ لە کاراکتەرە سیاسییەکانی پانتایی بزووتنەوەی کوردستان نامۆیە،یان لانیکەم هەر کەسەو خوێندنەوەیەکی خۆماڵی بۆ ئەو چەمکانە دەکات.
بزووتنەوە،حیزب و پێوەندی نێوان ئەو دوو چەمکە لە کوردستان‌دا؛ و هەروەها کۆمەڵێک پرسی بنەمایی دیکە هەن کە زۆر بە جیدی بوێرانە و زانستیانە ئاوڕێ لێ نەدراوەتەوە، و هەر ئەوە بوەتە هۆی ئەوەی کە شۆڕش بە گشتی لە کوردستاندا گرێدراوی ژێرخانێکی مەعریفی ئەوتۆ نەبێت.
ژێرخانی مەعریفی بزووتنەوە پێوەندی راستەوخۆی بە گەشە و بە ئاکام گەیشتنی ئامانجەکانی بزووتنەوەوە هەیە؛ لە نەبوون یان لاواز بوونی ئەو ژێرخانەدا، بۆشاییەکی زەبەلاح لە پێکهاتەی بزووتنەوەدا خۆدەنوێنێ، و راستەوخۆ دەبێتە هۆی خەسارێک لە بزووتنەو و هەر بەو پێیەش هێزەکانی بزووتنەوە و  پرسۆناژەکانی بەشداربووی بزووتنەوە زۆرترین خەساریان لێدەکەوێت.
لە لایەکی دیکەوە بێگومان بزووتنەوەی کوردی بە کاراکترە بەشداربووەکانیەوە تا ئێستا نەیتوانیوە سەردەمیانە ئاوڕ لە چەمکێک بە ناوی " رەخنە " بداتەوە، درووست کردنی توێكڵێکی خۆخولقێنەری پۆڵایین بە دەوری تاکەکان و هێزەکانی بەشدار بوو لە بزووتنەوەی کوردیدا، و نەرەخساندنی هەلێک لە بەرامبەر ئەویدی‌یەکی کورد‌دا!(نەک ئەویدی داگیرکەر) کە بتوانێت بە هاسانی رەخنە بگرێت و بەرامبەرەکەیشی بە دڵێکی فراوانەوە رەخنەی لێوەربگرێت، یەکێکی دیکە لەو خەسارانەیە.
بە دڵنیاییەوە رەخساندنی هەلێک بۆ دیالۆگ و کردنەوەی دەرگایەک بەڕووی رەخنەدا و سنگ‌فراوانی لە بەرامبەر رەخنەدا، بزووتنەوەی کوردی دەباتە قۆناغێکی دیکەوە و هەرەس بە هەورازە وشک و تاقەت پڕووکێنەکانی لێک تێنەگەیشتن دێنێت.
هەر بۆیە بە هەست کردن بەو پرسانە و هەوڵ بۆ دابین کردنی دیالۆگ و لێک تێگەیشتن،و هەروەها ئاوڕدانەوەیەکی زانستیانە لەو پرسانەی کە ئاماژەی پێکرا، کۆمەڵێک پرسیارم ئاراستە ی هەر کام لە بەڕێزان: چالاکی سیاسی و رۆژنامەنووس کاک هیوا سەلێمی و هەروەها چاودێری سیاسی و رۆژنامەنووس کاک حسێن ئەحمەد پوور،کرد.(بۆ خوێندنەوەی وتووێژەکە لێرە کرتە بکە)
لەم وتووێژەدا هەوڵم داوە کە بە شێوەیەکی جیاواز لە وتووێژە کڵێشەییەکان، وتووێژەکە ساز بکەم و دوای ئەوەی کە پرسیارەکان درا بە هەر کامە لەو دوو بەڕێزە، و وەڵامەکانیان رەوانە کردەوە بۆم؛ هەر کەسەو وەڵامی ئەویدی بینیوە و دواتر تێبینی لە سەر هەر کامە لە وەڵامەکانی ئەویدی نووسیوە، دەتوانین بڵێین ئەم وتووێژە قسەملانێ‌یەکە (مونازرە) بە شێوەی نووسراوە کە لە نێوان دوو کەسدا ساز دراوە.
بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییەکانی ئەم جۆرە وتووێژە - کە کەمتر لە پانتایی رۆژنامەنووسی کووردستاندا بەدی دەکرێت – و بە هۆی ئەوەی کە لە تاقەتی خوێنەردا بێت، وتوویژەکەمان کردوەتە چەند بەش و ئەمەی کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە بەشی یەکی وتووێژەکەیە ( لە ژێر سەر دێڕێ بزووتنەوە و حیزب لە کوردستاندا) کە جەخت لە سەر چەمکە سیاسیەکانی تایبەت بە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەکات.


-        یەک: چ پێناسەیەکتان بۆ دوو دەستەواژەی "بزوتنەوە" و "حیزب" هەیە و پێوەندی نێوان ئەو چەمکە لە کوردستاندا چۆن لێکدەدەنەوە؟
هیوا سەلیمی : لە سۆنگەی زانست، قووتابخانە و ئایدۆلۆژیا جیاجیاکانەوە دەکرێ خوێندنەوەی جیاجیا بۆ چەمکە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بکرێ، هاوکات مێژوو و جوغرافیا مرۆییە جیاجیاکانیش دەتوانن چەشنێک لە خۆماڵیکردن" لۆکاڵ" بە چەمک و دەستەواژە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان ببەخشن و هەربۆیە ناساندنێکی یەکدەست و هاوشێوە لە "بزووتنەوە" و "حیزب" بوونی نییە. بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی تێبینیە ئاماژەپێکراوەکان دەکرێ ناساندنێکی تارادەیەک گشتگیر بۆ هەریەکە لە دەستەواژە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و لەوانە بۆ بزووتنەوە و حیزب بکرێت و هەوڵبدرێت کە تایبەتمەندی و هێڵە سەرەکییەکانی هەریەک لەم چەمکانە وەک پێناسەکی گشتی دەستنیشانبکرێت.
بزووتنەوە لە ناساندنێکی کورتی بیرمەندانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بریتیە لە کردەی بە کۆمەڵی کۆمەڵێک تاکی کۆمەڵگا بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانج یان ئاسۆیەکی دیاریکراو. جوڵە، هەوڵ بۆ گۆڕان یان بەرگرتن بە گۆڕان، رەفتاری گشتی و ئامانجی دیاریکراو تایبەتمەندییەکانی هەر بزووتنەوەیەکە و هەر رەفتارێکی بەکۆمەڵ کە هەڵگری ئەو تایبەتمەندییانە بێ دەکرێ وەک بزووتنەوە دەستنیشانبکرێت. ئەگەرچی کۆمەڵێک دەستەواژەی وەک بزووتنەوەی کلاسیک و نوێ لە پرسی بزووتنەوەناسیدا بوونی هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بزووتنەوە بەسەر دوو شێوازدا پۆلین دەکرێت و ئەوانیش بریتین لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان. کۆمەڵێک بزووتنەوەی وەک بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی مامۆستایان، بزووتنەوەی خوێندکاری و....بزووتنەوەی کۆمەڵایەتین و چەندان بزووتنەوەی وەک بزووتنەوەی نەتەوەیی، بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و ...بزووتنەوەی سیاسین. بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە فۆرم و خسڵەتدا لە یەک ئاراستە و هاوشێوەی یەکتر رێگادەبڕن و بەڵام دواجار لەهاتنەئارای ئامانجی کۆتایی و ئیستراتژیدا لەیەک دادەبڕین و جیادەبنەوە.
گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی ئەو ستراتژی و ئامانجەیە کە ئاراستەی چالاکی و شوناسی ئەو دوو چەمکە، واتە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لەیەک دەترازێنێت و بەڵام ئەمە بەمانای دابڕانێکی رەها نییە و دواتریش زۆرجار چەشنێک لە هاریکاری و بگرە جێگۆڕکێ لە فۆرم، شوناس و چالاکی ئەو دوو شێوازە لە بزاڤە ئاماژەپێکراوەکان بەدی دەکرێت. بۆ وێنە بە هۆی رێگەگرتنی سیستمی سیاسی ئێران لە چالاکی ئازادانەی ئۆپۆزیسیۆن، بزووتنەوەی خوێندکاری بە چەشنێک جێگۆڕکێ لەگەڵ بزووتنەوەی سیاسی یان حزبە سیاسییەکان دەکات و لەئاراستەی داواکارییە سیاسییەکانی کۆمەڵگادا چالاکی ئەنجامدەدات. یان لە کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ئورووپا بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان چەشنێک لە رێکەوتنی کاتیان لەگەڵ بزاڤە سیاسییەکان پێکهێنا و لەئاراستەی ئامانجە سیاسییەکاندا هاریکاری بزووتنەوەی سیاسی لەو کۆمەڵگایانەیان کرد
.
جیا لەو ناساندن و خسڵەتانەی کە بۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەستنیشان کرا، دەکرێ ئاماژە بە دوو فاکتەر و خسڵەتی گرنگی دیکە بکرێت کە ئەوانیش بریتین لە رابەری و ئایدۆلۆژیا.
نەبوونی رابەری و هاوکات هەبوونی ئایدۆلۆژیای جیاجیا لە هەناوی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دوو تایبەتمەندی دیکەی پەیوەندیدار بەم پرسەیە. بۆ وێنە دەکرێ لە ناو بزووتنەوەی ژنان وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی چەندان ئایدۆلۆژیا و رەوتی فیکری وەک لیبرالیزم، سۆسیالیزم، ئیسلامی و...بوونی هەبێت و بە هەمان شێوە لە بزووتنەوەی مارکسیستیدا وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی کۆمەڵێک رەوت و نەحلەی فیکری وەک بولشویزم، مائوئیزم، ترۆتسکیزم و ...بوونی هەبێت
.
حیزب وەک کارەکتەرێکی چالاکی کۆمەڵگای مودێرن و مەدەنی و هاوکات وەک چەمکێک کە پەیوەندییەکی دیالکتیکی لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان هەیە، یەکێکیتر لەو بابەتانەیە کە لە پرسیارەکەی جەنابتاندا هاتووە. حیزب لە ناسراوترین و باوترین ناساندنەکاندا بریتیە لە گرووپێک لە ئەندامانی کۆمەڵگا کە بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە لەدەوری کۆمەڵێک بەرژەوەندی و بیروباوەڕی هاوبەش کۆدەبنەوە و بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە چالاکی ئەنجامدەدەن. وێکچوونێکی زۆر لە نێوان حیزب و بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە و بەڵام کۆمەڵێک خسڵەتی وەک ئایدۆلۆژی هاوبەش، رێکخراو، دیسیپلین و رابەری، شوناس و پێناسەیەکی جیا بە دەستەواژەی حیزب دەدات. حیزب وەک پێناسە و ناساندن سەربەخۆیە و بەڵام پەیوەندییەکانی نێوان حزب و بزووتنەوە، پەیوەندییەکی گەرم و گوڕە، و دەکرێ بە پەیوەندی ئاو و ماسی بشوبهێندرێت.
پەیوەندی نێوان حیزب و بزووتنەوە پەیوەندییەکی ئاڵۆز، قوڵ و لەهەمانکاتدا دوولایەنەیە. بۆ تێگەیشتنی باشتری ئەم واتایە کۆمەڵگای کوردستان بە نموونە دەهێنمەوە کە لە پرسیارەکەی ئێوەشدا دەستنیشانکراوە. بزووتنەوەی کوردستان وەک سەرجەمی بزووتنەوە سیاسییەکان هەڵگری کۆمەڵێک ئارەزوو، موتالیبە و دواجار ئیستراتژییە.
لەم کۆمەڵگایەدا چین، توێژ، گرووپی کۆمەڵایەتی و دواجار بەرژەوەندی جیاجیا و ناکۆک بوونی هەیە، بزووتنەوەکانی وەک خوێندکاری، کرێکاری، ژنان و... نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی خوێندکاران، کرێکاران، ژنان و...لە کوردستاندا دەکەن و لەلایەکیترەوە حیزبە سیاسییەکان نوێنەرایەتی بەرژەوەندییە گشتییە سیاسییەکان،و لەراستیدا نوێنەرایەتی بزووتنەوەی سیاسی لە کوردستان دەکەن. هاوکات ئەم حیزبانە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییە ناکۆکەکانی گرووپ و چینە کۆمەڵایەتییە جیاجیاکانیش لە ناوخۆی کوردستان دەکەن. تا ئێرە حیزب وەک ژێر مەجمووعە، وەک کاتالیزۆر و وەک ئامرازی بزووتنەوەی سیاسی رەفتاری بە کۆمەڵ ئەنجام دەدات و بەڵام لەلایەکیتریشەوە شێوازی بیرکردنەوە، دروشم و موتالیباتەکانی هەریەک لەم حیزبانە دەتوانێ ئاراستەی سیاسی بزووتنەوەکە بگۆڕێت و بە جۆرێک ئەمجارەیان بزووتنەوە لە بەرهەمە فیکرییەکانی ئەو حیزبە تەغزیە دەکات.
بۆ وێنە هاتنەئارای گوتاری فیدرالیزم لە یەک دەیەی رابردوودا بۆتە گوتاری زاڵی چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیی لە بزووتنەوەی کوردستان و ئەوەش لەکاتێکدایە کە فیدرالیزم لە ئامانجی دەیەکانی رابردووی بزووتنەوەی کوردستان بوونی نەبووە و یان ئەگەریش بووبێت، گوتاری زاڵ نەبووەو بە هەمان شێوە پێدەچێت لە چەند ساڵی داهاتووشدا ئەم ئەڵترناتیڤە جێگەی خۆی بدا بە بەدیلێکی دیکە.
بەم نموونە دەمهەوێ ئەوەبڵێم کە بزووتنەوە وەک هەموو ئەسڵێکیتری کۆمەڵایەتی بابەتێکی رەها و نەگۆڕ نییە و لە رەوتی رووداوەکان و پرۆسەی پێکدادانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا گۆڕانی بەسەردادێت و بە تەبعی ئەوەش چەشنی پەیوەندی نێوان حیزب و بزووتنەوە گۆڕانی بەسەردادێت. هاوکات ئەو نموونە دەکەمە بنەما بۆ ئەو راستییەی کە پەیوەندی نێوان بزووتنەوە و حیزب لە کوردستان پەیوەندییەکی واقعی، گەرموگوڕ و زیندووە و لە وڵامی پرسیارەکانیتردا بە وردی لەسەر ئەو باسە قسەدەکەین
.
لە کۆتایی وڵامدانەوە بەو پرسیارە پێویستە تەئکیدلەسەر ئەوبکەمەوە کە پێناسەی ئاماژەپێکراو بۆ چەمکی بزووتنەوە و حیزب پێناسەیەکی رەها نییە و قووتابخانە جیاجیا فیکرییەکان فۆرم و پۆلێنبەندی جیاواز بۆ ئەو بابەتە دەکەن. بۆ نموونە بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵناسان قایل بە بوونی دەستەواژەیەک بە ناوی بزووتنەوەی سیاسی نین و بزووتنەوە سیاسییەکان لە چوارچێوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان تەعریف دەکەن و بەڵام من بۆ خۆم ئەم ناساندنە و ئەم دابەشکردنە لەباری تیوەرەوە لە هەمووان بە گونجاوتر و مەنتقیتر دەزانم.

حسێن ئەحمەدپوور : پێناسه و خوێندنه‌وه‌ی جۆراوجۆر بۆ چه‌مکی بزووتنه‌وه‌ هه‌یه‌ و ده‌کرێ، کۆمه‌ڵناسان به‌ پێی قوتابخانه‌ و بنه‌ما فکرییه‌کانیان پێناسه‌ و پۆلێنبه‌ندی تا راده‌یه‌ک جیاوازیان بۆ ئه‌م چه‌مکه‌ کردوه‌. به‌ڵام به‌ گشتی مه‌خره‌جی موشته‌رکی هه‌موو پێناسه‌کان بریتییه‌ له‌وه‌ی که‌ به‌ تێکۆشان و خه‌باتی کۆمه‌ڵێک مرۆڤ له‌ پێناو ئامانجێکی هاوبه‌شدا ده‌کوترێ که‌ به‌رده‌وامبوون و درێژخایه‌نبوون و به‌ شێوازی جۆراوجۆر ده‌رکه‌وتن و... له‌ چه‌مکه‌کانی وه‌ک سه‌رهه‌ڵدان و راپه‌ڕین و ... جیای ده‌کاته‌وه‌.
ئه‌گه‌ر سه‌یر بکه‌ین ئه‌م پێناسه‌ کورته‌ بۆ بزووتنه‌وه‌ خۆی پێوه‌ندییه‌کی سه‌رنجراکێشیان له‌گه‌ڵ پێناسه‌ی حیزب و رێکخراودا هه‌یه‌. له‌ حیزب و رێکخراودا کۆمه‌ڵێک مرۆڤ له‌ ده‌وری یه‌ک کۆبوونه‌ته‌وه‌ و بۆ ئامانجێکی هاوبه‌ش و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی هاوبه‌ش تێ ده‌کۆشن.
کاتێکیش بزووتنه‌وه‌یه‌ک دێته‌ ئاراوه‌ که‌ له‌ پێناو ئامانجێکی هاوبه‌شی کۆمه‌ڵێک مرۆڤدا رێکخستن درووست ده‌بێ. به‌ کورتی و به‌ گشتی پێوه‌ندییه‌کی ئاڵۆز و لێکته‌نراویان پێکه‌وه‌ هه‌یه‌.
بزووتنه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ناخی بزووتنه‌وه‌که‌دا حیزب درووست ده‌بێ و حیزبیشمان هه‌یه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌ک درووست ده‌کا و رێبه‌ری ده‌کا. ئه‌و پێوه‌ندییه‌ش بۆ ته‌یبه‌تمه‌ندی رێکخراووبوونی بزووتنه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر له‌و باسه‌ که‌مێک دوور بکه‌وینه‌وه‌ و بێنه‌وه‌ سه‌ر کوردستان ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئاڵۆزییه‌کی سه‌یر رووبه‌روو ده‌بین
.
بۆ کوردستان نازانم چ بزووتنه‌وه‌یه‌کت مه‌به‌سته‌؟ بزووتنه‌وه‌ی جۆراوجۆرمان هه‌یه‌. له‌ بزووتنه‌وه‌ کۆمه‌لایه‌تییه‌کانی ژنان و خوێندکارانه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامییه سیاسییه‌کان و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی کورد. زۆر باسی " بزووتنه‌وه‌ی کوردستان" یان " بزووتنه‌وه‌ی کورد" ده‌کرێ. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ش به‌ واتای بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی یان رزگاریخوازی کوردستان به‌ کار ده‌برێ. به‌ڵام ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ پێناسه‌یه‌کی لێڵ یان ناروونی هه‌یه‌ و یان شایه‌د باشتره‌ بڵێین به‌ تایبه‌ت له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ حیزب و ره‌وته‌ سیاسییه‌کاندا هه‌ر کام به‌ جۆرێک پێناسه‌ی ده‌که‌ن.
بۆ وێنه‌ حیزبی دێموکرات له‌ سێ ده‌یه‌ی رابردوودا وه‌ک بزووتنه‌وه‌ی میللی – دێموکراتیک باسی کردوه‌ و خۆی وه‌ک پێشره‌و و رابه‌ر و نوێنه‌ری ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ ناساندوه و له‌ به‌رامبه‌ریشدا کاتی خۆی کۆمه‌ڵه‌ش وه‌ک بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێرانه‌ی کوردستان ده‌یناساند و خۆی وه‌ک رابه‌ر و پێشڕه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌که‌ ده‌زانی. به‌ واتایه‌کی دیکه‌ حیزبی دێموکرات بزووتنه‌وه‌که‌ی زیاتر له‌ چوارچێوه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌ییدا ده‌بینی و کۆمه‌ڵه‌ش زیاتر له‌ چوارچێوه‌یه‌کی چینایه‌تی و سۆسیالیستیدا ده‌بینی و هه‌ر دووکیشیان وه‌ک دوو گوتاری سه‌ره‌کی له‌ کۆمه‌ڵگای کوردستاندا بانگه‌شه‌ی بۆ به‌دیهێنانی داخوازییه‌کانی به‌شه‌که‌ی دیکه‌ ده‌کرد. حیزبی دێموکراتیش خۆی به‌ حیزبێکی چه‌پ ده‌زانێ و خۆی به‌ خه‌مخۆری چینی کرێکار و زه‌حمه‌تکێشی کوردستان ده‌زانێ و له‌ به‌رمبه‌ریشدا کۆمه‌ڵه‌ش هه‌ر به‌ هه‌مان شێوه‌ پێی وابوو ئه‌وانن که‌ ده‌توانن کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌ شێوه‌ی گونجاو چاره‌سه‌ر بکه‌ن.
دیاره‌ له‌ ناو ریزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌دا هه‌ر له‌ ده‌یه‌ی 60ی هه‌تاوییه‌وه‌ له‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ناکۆکی هه‌بووه‌ و هه‌ندێکیان دژی ئه‌و بوون که‌ درووشمی چاره‌سه‌ری کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ڵبگرن و باشتره‌ ئه‌وه‌ بۆ حیزبی دێموکرات به‌جێ بهێڵن‌. به‌لام به‌ گشتی دوو خوێندنه‌وه‌ی جیاوازیان بۆ بزووتنه‌وه‌ی کوردستان هه‌بوو، به‌ڵام هه‌رکامیان به‌و پێناسه‌ی که‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی کورد ده‌یانکرد راسته‌وخۆ ئه‌ویتریان له‌ گۆڕه‌پانه‌که‌دا قه‌بووڵ نه‌ده‌کرد. کاتێک کۆمه‌ڵه‌ ده‌ڵی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێرانه‌ی کوردستان یانی خۆی رێبه‌ره‌ و حیزبی دێموکرات هه‌ر هێزی شۆڕشگێر نیه‌ تا له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌دا جێ بگرێ. حیزبی دێموکراتیش به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌ له‌ پێناسه‌ی میللی-دێموکراتیکدا کۆمه‌ڵه‌ی جێ نه‌ده‌کرده‌وه‌.
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ئه‌م سنوورانه‌ نه‌ماوه به‌ڵام ئاسه‌واری پێناسه‌کردنه‌ جیاوازه‌که‌ ماوه‌ته‌وه‌ و پێناسه‌یه‌کی روون و گشتگیری بۆ بزووتنه‌وه‌ی کوردستان نه‌کراوه‌ که‌ هه‌موو لایه‌ک قه‌بوولیان بێ و یه‌کتری له‌و چوارچێوه‌دا ببیننه‌وه‌
.
ئێستا شایه‌د پرسیاری گرینگ ئه‌وه‌بێ ئه‌و باسه‌ چ گرینگییه‌کی هه‌یه‌ و پێناسه‌کردنی بزووتنه‌وه‌ی کوردستان به‌ چه‌شنێک که‌ هه‌موو ره‌وت و هێزه‌ سیاسییه‌کان قه‌بووڵیان بێ چ زه‌رووره‌تێکی هه‌یه‌ و چ کاریگه‌رییه‌ک داده‌نێ. ئه‌گه‌ر زۆر به‌ کورتی باسی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بکه‌ین ده‌توانین به‌و جۆره‌ بڵێین که‌ پێناسه‌یه‌کی واحید یارمه‌تیده‌ر ده‌بێ بۆ یه‌کگرتوویی و یه‌کڕیزی و یه‌کتر قه‌بووڵکردن له‌ چوارچیوه‌ی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی کوردستاندا. به‌و مانایه که‌ کاتێک بزووتنه‌وه‌ پێناسه‌ ده‌که‌ین ئامانجی هاوبه‌ش به‌رجه‌سته‌ ده‌بێته‌وه‌ که‌ ئامانجی هاوباشی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستانه‌ و تێکۆشان له‌ پێناو ئه‌و ئامانجانه‌ ئه‌رکی هه‌موو ئه‌وانه‌یه‌ که‌ خۆیان له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ده‌بیننه‌وه‌ و ئه‌و ئامانجانه‌ش که‌ هاوبه‌ش نین ده‌کرێ له‌م قۆناخه‌دا له‌ پێناوی ئامانجه‌ گشتیه‌کاندا بکه‌ونه‌ ئه‌وله‌وییه‌تی دووه‌م و سووه‌مه‌وه‌.
پێناسه‌ی واحید یارمه‌تیده‌ر ده‌بێ تا له‌ ئاستی سیاسیشدا کورد وه‌ک میلله‌ت ره‌فتار بکا نه‌ک وه‌ک حیزب و جه‌ریانێکی سیاسی و ئه‌وه‌ش بێ گومان ئه‌و زه‌رووته‌ دێنێته‌ کایه‌وه‌ که‌ کورد بتوانێ بۆ ئه‌م قۆناخه‌ بۆ پێشخستنی بزووتنه‌وه‌که‌ی هه‌ندێک نه‌هادی گه‌وره‌تر له‌ حیزب درووست بکا له‌ به‌رامبه‌ریشدا رۆڵبینینی حیزبه‌کان له‌م قۆناخه‌دا که‌مره‌نگتر بێته‌وه‌. چوونکه‌ له‌م قۆناخه‌دا ئامانجی هاوبه‌شی گه‌وره‌مان هه‌یه. ئه‌گه‌ر باوه‌ڕمان به‌ پرسێک به‌ ناوی رزگاری نه‌ته‌وه‌یی هه‌بێ قه‌بوولکردنی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ به‌ باوه‌رم زۆر ئاسانه‌. چوونکه‌ هه‌رگیز رزگاری نه‌ته‌وه‌یی نایه‌ته‌ دی تا هێزی زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگا له‌ ده‌وری یه‌ک کۆ نه‌کرێته‌وه‌ و هه‌ماهه‌نگ سازمان و رێکخستن نه‌کرێن.
کام نه‌ته‌وه‌ له‌ جیهاندا به‌ شێوه‌یه‌کی دیکه‌ رزگاری بوه‌؟ و کام حیزبیش له‌ کوردستاندا جارێ هێزی رێکخستنی زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگای هه‌یه؟ له‌ کۆتاییدا من پێموایه‌ ده‌بێ پێوه‌ندی حیزب و بزووتنه‌وه‌ له‌ کوردستاندا گۆرانی به‌ سه‌ردابێ و به‌م چه‌شنه‌ بوونی نه‌هادگه‌لێکی گه‌وره‌تر له‌ حیزب له‌ کوردستان پێویستییه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ و بزووتنه‌وه‌ش ده‌بێ له‌لایه‌ن ئه‌و نه‌هادانه‌وه‌ رێکبخرێن. نه‌هادی له‌ چه‌شنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و پارلمان له‌ تارواگه‌ و
...

تێبینی هیوا سەلیمی لە سەر وەڵامی حسێن ئەحمەدپوور بۆ پرسیاری یەک :
ناساندنی بزووتنەوەی کوردستان بە "میلی_دیموکراتیک" یان "بزووتنەوەی شۆڕشگێرَانەی کوردستان" یان هەر ناوێکیتر هیچ لە گرنگی پرسەکە کەم ناکاتەوە و پلاتفۆرمێکی نەنووسراو بۆ پێناسەکردنی بزووتنەوەی کوردستان بوونی هەیە و خوێندنەوە و شیکاری جیاواز لە بزووتنەوەی کوردستان ئاسایی و بگرە تەندرووستە. لە هیچ شوێنێکی جیهان و لە هیچ سەردەمێکدا مانیفێستێکی کۆنکرێت و نووسراو بۆ هیچ بزاڤێکی سیاسی بوونی نەبووە، دروشم و داواکارییەکانی سەرجەمی بزووتنەوەکان لە رەوتی رووداوەکان، لە پێکدادانەکان و لە کەش و هەوا سیاسی و کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا گۆڕانیان بەسەردادێت و بە گشتی بزووتنەوە واتایەکی دینامیک و پڕ لە جوڵەیە. مانیفێستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە زەینی ئەندامانی بزووتنەوە و بە شێوەی رێککەوتنێکی زارەکی حزووری هەیە و بزووتنەوە حیزب یان رێکخراو نییە کە تەحەموولی پلان و چوارچێوەی دیاریکراو بکات، بەڵکوو پانتاییەکی مەزن لە حیزب و رێکحراوی سیاسی جیاجیا، ئایدۆلۆژی جیاجیا، رۆشنبیر و نووسەر، رۆژنامە و گۆڤار و بە گشتی رەفتاری گشتی و فێعل و ئینفعالی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. پێناسەی جیاجیا بۆ بزووتنەوەی کوردستان لەلایەن رەوتە سیاسییەکانی ناو ئەو بزاڤە زیاتر بۆ هەبوونی پرسێک بە ناوی ئانتاگۆنیزم لە هەناوی سیاسەت و بوونی مەیلی فیکری و ئایدۆلۆژیکی جیاجیا دەگەڕێتەوە و بەڵام رێکەوتن یان ئیجماعێکی گشتی لەسەر کۆمەڵێک موتالبە و داواکاری کۆنکرێت وەک کۆڵەکە ئیستراتژییەکان لە زەینی دانەبەدانەی ئەندامانی بزووتنەوە بوونی هەیە. بۆ وێنە لە کوردستان چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیی کورد و کۆتایهێنان بە هەڵاواردنی نەتەوەیی یەکێک لە داواکارییە سەرەکی و ئیستراتژیکەکانی بزووتنەوەی کوردستانە و هەر حیزبێکی سیاسی چالاک لە ناو ئەم بزووتنەوە بە پێی پێوەرە ئایدۆلۆژیک و فیکرییەکانی خۆی راڤە و شیکاری بۆ ئەو پرسە دەکات و بەڵام دواجار یەکێک لە ئەڵترناتیڤە پێشنیارکراوەکان دەبێتە مێحوەر و کۆڵەکە. هەروەک پێشووتر لە پرسی پەیوەندی نێوان بزووتنەوە و حیزب باسمکرد، پێدەچێ لە رەوتی رووداوەکان و لە ئەنجامی ململانێی سیاسییەکاندا کۆمەڵێک دروشم و تاکتیک و یان بەزمانێکیتر بەرژەوەندییەکانی چینێکی کۆمەڵایەتی ببێتە دیسکۆرس و گوتاری زاڵ و ئەوەش بە مانای گۆڕانی ریشەیی لە جیهانبینی بزووتنەوەکە نییە، بەڵکوو بە مانای هەبوونی ململانێی سیاسی لە هەناوی بزووتنەوە و لەراستیدا بە مانای رێگابڕینی ئاسایی و تکامولە. بۆ چارەسەرکردنی هەڵاواردنی نەتەوەیی لە رابردوودا خودموختاری گوتاری زاڵ بووە و چالاکترین کارەکتێرەکانی ناو ئەو بزووتنەوە واتە دیموکرات و کۆمەڵە و خەبات، خودموختاری لە بەرنامە سیاسیەکانیاندا بوونی هەبووە و ئێستا فیدرالیزمە و پێدەچێت لە داهاتوودا ئەڵترناتیڤێکی دیکە بێت. بە وروژاندنی ئەو باسە دەمهەوێ ئەوە بڵێم کە نەبوونی کۆمەڵێک دامەزراوەی وەک کۆنگرەی نەتەوەیی لە تاراوگە، نەبوونی بەرەی یەکگرتووی کوردی و چەندان چوارچێوە و دامەزراوەی لەوشێوە بۆ بابەتێک بە ناوی نارۆشن بوون و لێڵبوونی بزووتنەوەی کورد و داواکارییەکانی ناگەڕێتەوە، بەڵکوو دەکرێ لە بەستێنی کۆمەڵێک واتای وەک لاوازبوونی رۆشنبیری سیاسی، نەبوونی گۆڕەپان و دەرفەتێکی گونجاو بۆ تەمرینی دیموکراسی، ئابووری و.....بۆ ئەو خەسارانە واتە بۆ نەبوونی ئەو نیهاد و دامەزراوانە بگەڕێین.

-        دوو:  هەندێ کەس مێژووی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دوای شۆڕشی 57ـەوە دابەش دەکەن بە سەر سێ قۆناغدا، ئەو سێ قۆناغە بریتین لە: 1- شەڕی چەکداری 2- ئۆردووگانشینی 3- سەردەمی جەخت کردن و کەڵک وەرگرتنی حیزبەکان لە میدیا وەک ئامرازێک بۆ درێژەی خەبات؛
لە هەر کامە لەو قۆناغانەدا، رۆڵی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە گەشەی بزوتنەوەی کوردی‌دا چۆن دەنرخێنن؟
هیوا سەلیمی: پۆلێنکردنی لەوشێوە بەرهەمی بەپیرۆزکردنی شێوازێک لە خەباتی سیاسی بە ناوی خەباتی چەکدارییە، لەم سۆنگەوە پیرۆزییەت بە خەباتی چەکداری دەدرێت و تاکتیکەکانیتر پەراوێزدەخرێن و تەنانەت هەڵگرانی تاکتیک و میتۆدی جیاواز بە پەڕگیر و پەسیو پێناسەدەکرێن. لە لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەکانی پەیوەندیدار بەو پرسە، دابەشکردنی حەیاتی سیاسی هەر بزووتنەوە یان حیزبێک بەسەر قۆناغ و بڕگەی کاتدا بابەتێکی ئاساییە و بەڵام دابەشکردنی لەوشێوە، واتە شەڕی چەکداری، ئۆردوگانشینی و ... لە مێژووی نوێی کوردستان زیاتر بەرهەمی ئەو تێڕوانینەیە کە عەرزم کردی.
حیزب ئامرازی سیاسی کۆمەڵێک ئەندامی هاوبەرژەوەندیخوازە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵێک ئامانج و ستراتژی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە ئەم ئامانجانە لە زەین و هەستی ئەندامانی بزووتنەوەی سیاسی ناو کۆمەڵگادا حزوریان هەیە. ئەحزاب لە پرۆسەی خەباتی سیاسیدا پەنا بۆ کۆمەڵێک شێواز و میکانیزم دەبەن و ئەو شێوازانە دەتوانێ لە چەندین بواری وەک ئایدۆلۆژیا، جەنگ و رێکخستنی نارەزایەتی و مانگرتنی کۆمەڵایەتیدا خۆی ببینێتەوە. بە پێی گۆڕانکارییە سیاسییە ناوخۆی و ناوچەییەکان و بە زمانێکیتر بە پێی دۆخی عەینی و زەینی، ئەم تاکتیک و شێوازە خەباتکارانە لە گۆڕاندان و بێگومان هەر کامەیان بە نۆبەی خۆی کاریگەری پۆزتیڤ لەسەر رەوتی بزووتنەوەی سیاسی دادەنێن.
پاش راپەڕینی گەلانی ئێران لە 57 و هاتنەئارای سیستەمی کۆماری ئیسلامی، پەلامارێکی هەمەلایەنەی سەربازی، سیاسی و فەرهەنگی بۆ سەر کوردستان دەستیپێکرد. بزووتنەوەی کوردستان و کارەکتەرە ئەکتیڤەکانی ئەم بزووتنەوە، واتە پارتە سیاسییەکانی وەک کۆمەڵە، دیموکرات، خەبات و ....بوونە بەردەنگی ئەم پلامارە و بەڵام بە حوکمی کۆمەڵێک فاکتەری وەک جەماوەری بوونی بزووتنەوەکە، بەرەنگارییەکی مێژوویی هاتەئاراوە. ئەگەرچی پەلاماری سەربازی حکومەتی ناوەندی بۆ سەر کوردستان توانی لەبواری سەربازیدا سەرکەوتن بەدەستبێنێت، بەڵام بە پێچەوانە لە بوارەکانیتر بە هیچ شێوەیەک سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە و ئەو بەرەنگارییە چەکدارییەی دەیەکانی رابردوو ئێستا بە فۆرمی جیاواز و بە شێوازی جیاواز خەریکی دووبارەبەرهەمهاتنەوەیە.
بەبڕوای من ساڵەکانی بەرەنگاری چەکداری لە کوردستان، ساڵەکانی شکڵگرتن، دروستبوونی رابەرانی عەمەلی، ئەزموون و خۆناساندن بووە و سەرجەمی ئەو تایبەتمەندییانە بەرهەمی ئەو ساڵانەیە.
پاش پاشەکشەی فیزیکی حیزبە سیاسییەکان لە رۆژهەڵات و نیشتەجێبوون لە باشوور، بە حوکمی کۆمەڵێک فاکتەر کە لێرەدا پێویست بە باسکردن ناکات، پرۆسەیەکی نوێ لە خەباتی سیاسی دەستیپێکرد و ئەم پرۆسەیە تا ئێستاش بەردەوامە. تایبەتمەندییەکان و کاکڵەی ئەم پرۆسە نوێیەی چالاکی حیزبە سیاسییەکان بریتین لە دەوڵەمەندکردنی بنەما فکری و ئایدۆلۆژیکەکانی بزووتنەوەی کوردستان، دیپلۆماسی، گشتگیرکردنەوە و رێکحستن. لەم پرۆسەدا کۆمەڵێک ئامرازی نوێی وەک میدیا بە خزمەت گیراوە و لەئاراستەی بەرهەمهاتنی ئەو تایبەتمەندییانەی کە باسم کرد بەکارهێنراون
.
هەرچەندە کەموکوڕی بە هەمووی ئەو بوارانەوە دیارە و چەندین دیاردەی نەخوازراوی وەک جیابوونەوە و ئینشقاقیش روویداوە، بەڵام بە گشتیی رەوتی رووداوەکان لە هێڵی تەکامولدابووە و بزووتنەوەی کوردستان گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە دیتووە.
زیندوبوونی بزووتنەوەی کوردستان و بردنی داواکاری و موتالباتی گەلی کورد بۆ هەموو سوچ و قوژبنێکی ئێران و بگرە تارادەیەکیش جیهان، بەرهەمی ئەو رەوتەیە کە باسم کرد.

حسێن ئەحمەدپوور : به‌ر له‌ شۆڕشی 57 ئه‌م حیزبانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی به‌رته‌سکی گرووپیدا بوون. رێبه‌رانیان بۆ خه‌ڵك نه‌ناسراو بوون و وه‌ک حیزب رۆڵیان له‌ نێو کۆمه‌ڵگادا یان هه‌ر نه‌بوو و یان زۆر لاواز و نادیار بوو.
بۆیه‌ ده‌کرێ قۆناخی یه‌که‌می دوای شۆڕش به‌ قۆناخی به‌ جه‌ماوه‌ری بوون و بنکه‌ داکوتینی کۆمه‌لایه‌تی ئه‌و حیزبانه‌ بزانین. ئه‌و حیزبانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی گرووپی چووکه‌وه‌ به‌ هۆی که‌ش و هه‌وای شۆڕش له‌ ماوه‌یه‌کی که‌مدا توانیان ببنه‌ حیزبی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌. له‌م قۆناخه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ زۆر کورته‌ هاوکات له‌گه‌ڵ به‌ جه‌ماوه‌ری بوونی حیزبه‌کان، که‌سانێکیش وه‌ک رێبه‌ر ده‌رکه‌وتن. یانی درووست بوونی رێبه‌رانێکی وه‌ک دوکتور قاسملوو و شێخ عیزه‌دین و کاک فواد مسته‌فا سوڵتانی و... بۆ ئه‌و قۆناغه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. له‌م قۆناخه‌دا به‌ چه‌ند هۆکاری وه‌ک بوونی رێبه‌رانێکی گه‌وره‌ له‌ نێو حیزبه‌کاندا، که‌ش و هه‌وای سه‌رده‌می شۆڕش ( که‌ له‌ کاتی شۆڕشدا کۆمه‌ڵگا به‌ شێوه‌یه‌کی خێرا و سه‌رسووڕهێنه‌ر سیاسیزه‌ ده‌بێ)، حزور و ئاماده‌یی فیزیکی له‌ ناو خه‌ڵکدا و هه‌روه‌ها و... حیزبه‌کان توانیان سه‌رکه‌توو بن. دیاره‌ سه‌رکه‌تن به‌و مانایه‌ی که‌ زۆرترین جه‌ماوه‌ی خه‌ڵکی کوردیان له‌ ده‌وری خۆیان کۆکرده‌وه‌ نه‌ک به‌ مانای گه‌یشتن به‌ ئامانج
.
قۆناخی دواتر قۆناخی شه‌ری چه‌کدارییه‌ که‌ له‌ 28ی گه‌لاوێژه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کا. ئه‌م قۆناخه‌ قسه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرێ. ئه‌گه‌ر به‌ کورتی باسی بکه‌ین من ده‌ڵێم ده‌کرێ بیکه‌ین به‌ دوو به‌شه‌وه‌، به‌شی یه‌که‌م که‌ چه‌ند ساڵی یه‌که‌م ده‌گرێته‌وه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ له‌ یه‌ک رووه‌وه‌ سه‌رکه‌وتوو بوو چوونکه‌ تا ئێستاش کاریگه‌ری به‌ سه‌ر کۆمه‌ڵگای کوردستانه‌وه‌ ماوه‌، ئه‌ویش بریتییه‌ له‌وه‌ی که‌ ئه‌و خۆڕاگرییه‌ی کورد و حیزبه‌کان کردیان رووحی خۆڕاگری و خه‌باتکردنی له‌ ناو گه‌لی کورددا به‌هێز کرد. ئه‌گه‌ر ئه‌و خۆڕاگرییه‌ نه‌بایه‌ ئه‌و حیزبانه‌ پاش ئه‌وه‌ی نه‌یانتوانی له‌گه‌ڵ ده‌وله‌ت بسازێن ئه‌وا له‌ حافیزه‌ی خه‌ڵکی کوردستاندا به‌و شێوه‌ی ئێستا نه‌ده‌مانه‌وه‌ و فه‌رامۆش ده‌کران. سه‌یر بکه‌ کاتی خۆی کۆماری کوردستان درووست بوو به‌ڵام چه‌ند ساڵ دواتر ئه‌و کۆماره ته‌نیا له‌ ناو توێژێکی چووکه‌ له‌ کۆمه‌ڵگادا له‌ بیر مابوو، هۆکاره‌که‌شی ئه‌وه‌ بوو کۆمار رووحی خۆراگری له‌ ناو کۆمه‌ڵگادا درووست نه‌کرد و ده‌وره‌یه‌ک بوو و هات و رۆیشت و ناساندنی کۆمار و پیرۆزکردنی هه‌ندێک له‌ سه‌مبوله‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش ته‌نانه‌ت بۆ دوای شۆڕش 57 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌و خۆڕاگرییه‌ بزووتنه‌وه‌ی کوردی له‌ ناو مێشک و ده‌روونی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردستاندا چه‌سپاند.
به‌لام به‌شی دووه‌می شه‌ڕی چه‌کداری و درێژه‌کێشانی ئه‌و شه‌ره‌ کێشه‌ی له‌ سه‌ره‌. واته‌ درێژه‌ کێشانی ئه‌و شه‌ڕه‌ له‌ نیوه‌ی دووه‌می ده‌یه‌ی 60ی هه‌تاویدا زۆر پێویست نه‌بوو. چوونکه‌ کۆماری ئیسلامی به‌و شه‌ره‌ لاواز نه‌ده‌بوو و به‌ڵکوو تا راده‌یه‌کی زۆریش پێویستی به‌ شه‌ر هه‌بوو. کۆماری ئیسلامی ئه‌وکات جیا له‌ کوردستان له‌ سه‌راسه‌ری ئێراندا پێگه‌ی به‌ هێزی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بوو و به‌شێکی ئه‌و پێگه‌شی ته‌نانه‌ت بۆ شه‌ری ئێراق و کوردستان ده‌گه‌رێته‌وه‌. ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌بوو ئه‌و حیزبانه‌ و به‌ تایبه‌تیش حیزبی دێموکرات ده‌بوو له‌و کاته‌دا بیری له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بکردبایه‌ته‌وه‌ و رێگه‌چاره‌ی دیکه‌ی ببینیبایه‌ته‌وه‌. من خۆم پێموایه‌ دوکتور قاسملوو یه‌کێک له‌و هۆکارانه‌ی که‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئاماده‌ بێ وتووێژ له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی بکا ده‌رکی به‌ مه‌ترسیداربوونی درێژه‌کێشانی شه‌ر کردبوو. نه‌ده‌کرا ئه‌م شه‌ره‌ به‌ شێوه‌ی گه‌رم و گوڕ زۆر زیاتر بخایه‌نێ و وه‌ک بینیشمان هه‌ر وای لێهات کۆمه‌ڵه‌ له‌ کۆتاییه‌کانی ده‌یه‌ی 60ه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی خۆی توانای شه‌ڕی نه‌ما و حیزبی دێموکراتیش له‌ ساله‌کانی سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی 70 به‌ هۆکاری جۆراوجۆر و له‌ ده‌روه‌ی ئیراده‌ی خۆی توانای شه‌ڕی نه‌ما و رایانگرت. له‌م قۆناخه‌دا شه‌ر سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو و ئامانجێکی دیاری کراوی نه‌ده‌پێکا و کۆمه‌ڵگای کوردستانیش به‌ کرده‌وه‌ توانای ته‌حه‌مولی شه‌ڕی قورسی نه‌مابوو وه‌ک نیوه‌ی یه‌که‌می ده‌یه‌ی 60. به‌ڵام به‌ دوای ئه‌و قۆناخه‌شدا که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی خۆیان ئۆردوگا نشێنی ده‌ست پێ ده‌کا. حیزبه‌کان بێ به‌رنامه‌ مانه‌وه‌ و به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌تیان بۆ ئه‌و قۆناخه‌ نه‌بوو تا خه‌بات به‌ شیوازێک به‌رده‌وام بکه‌ن وه‌ک ده‌یه‌ی 60 کاریگه‌ری قوڵیان له‌ سه‌ر کۆمه‌ڵگا هه‌بێ و ئه‌وه‌ش ده‌ری ده‌خا حیزبه‌کان وه‌ک ئه‌رته‌شێک عه‌مه‌لیان کرد نه‌ک وه‌ک حیزبێکی سیاسی که‌ بۆ هه‌موو قۆناخه‌کان به‌رنامه‌ی هه‌بێ و ئه‌وان وه‌ک ئه‌رته‌شێک هه‌موو توانایان له‌ سه‌ر شه‌ڕ کۆ کردبوه‌وه‌ و که‌ پاشه‌کشه‌یان کرد یان پاشه‌کشه‌یان پێکرا ئیتر حزورێکی ئه‌وتۆیان نه‌ما له‌ ناو خه‌ڵکدا و ته‌نیا وه‌ک بیره‌وه‌ری و نۆستالژیا له‌ ناو خه‌ڵکدا مانه‌وه‌. ئه‌وه‌ له‌ کاتێکدایه‌ مه‌نتقی ئه‌وه‌ بوو که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ پێش بینی هه‌موو حاڵه‌ته‌کانیان کردبایه‌ و بۆ هه‌ر کامیان به‌رنامه‌یان هه‌بایه‌. به‌ڵام حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌و به‌شه‌ له‌و رووه‌وه‌ سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون.
‌قۆناخی ئوردوگانشینیش که‌ تا ئێستا به‌رده‌وامه‌ زۆر جێگه‌ی ره‌خنه‌یه‌ و زۆریش باس کراوه‌ و من خۆمی لێ ده‌بوێرم به‌ڵام گرینگترین ره‌خنه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و حیزبانه‌ به‌ هۆی تاراوگه‌نشینی و بێ ئیمکاناتی و... نه‌توانن زۆر چالاک بن به‌ڵام بۆ زیاتر کردنی توانای رۆڵبینیان له‌ ئاستی کۆمه‌ڵگادا هه‌وڵێکی ئه‌وتۆ ناده‌ن. تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێ له‌ کێشه‌کانی رابردوویاندا گیریان خوارده‌وه‌ و نه‌یانتوانیوه‌ هه‌نگاوێک به‌ره‌و پێشه‌وه‌ هه‌ڵبگرن له‌ ئاستی بزووتنه‌وه‌دا. ئێستا زۆر گرینگه‌ که‌ بتوانن ئاماده‌کاری بکه‌ن بۆ قۆناخی داهاتوودا به‌ڵام هیچ شتێکی ئه‌وتۆ که‌ نیشان بدا ئاماده‌کاری ده‌که‌ن نابینین.
یه‌کێک له‌و شتانه‌ که‌ پێشتر ئاماژه‌م پێدا بۆ نموونه‌ درووست کردنی نه‌هادی گه‌وره‌تر له‌ حیزب که‌ بتوانێ جێی متمانه‌ی خه‌ڵک بێ و هه‌نگاوی گه‌وره‌ هه‌ڵبگڕێ و سه‌نگی کورد لانیکه‌م له‌ ئاستی ده‌ره‌وه‌دا بباته‌ سه‌ره‌وه‌ و حیسابی تایبه‌تی بۆ بکه‌ن. به‌ڵام ئه‌وه‌ هیچ به‌ هۆی گیرکردن له‌ کێشه‌کانی رابردوودا نه‌یانتوانیوه‌ ئاماده‌کاری بۆ شتی گه‌وره‌تر بکه‌ن و جا ئه‌وکات لانیکه‌م چاوه‌ڕێی ده‌رفه‌تی گونجاو بکه‌ن به‌ڵکوو به‌ داخه‌وه‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا هه‌موو رۆژێک به‌ هۆی ئینشعابات و... چووکه‌تر و چوکه‌تر ده‌بنه‌وه‌. کاکه‌ حیزبی سیاسی و بزووتنه‌وه‌ی سیاسی سه‌رکه‌وتوو ئه‌وه‌یه‌ که‌ رۆژانه‌ له‌ ناو محافلی جۆراوجۆری خه‌ڵکدا باسی له‌ سه‌ر بکرێ و به‌رده‌وام بۆ خه‌ڵک مه‌وزووع بێ، به‌ڵام ئێستا وا نیه‌ و بۆیه‌ ده‌بێ به‌ جیددی بیری لێ بکرێته‌وه‌ و ته‌واو. بۆ ئه‌وه‌ی به‌و هه‌ده‌فه‌ش بگه‌ین من پێموایه‌ ده‌بێ نه‌سلێکی دیکه‌ له‌ رێبه‌ران بێنه‌ مه‌یدانه‌وه‌ و نه‌سلێکی دیکه‌ش له‌ خه‌باتکاران له‌ ناو حیزبه‌کاندا ده‌ست به‌ تێکۆشان بکه‌ن
تێبیی هیواسەلیمی لە سەر وەڵامی حسێن ئەحمەدپوور بۆ پرسیاری دوو:
گرنگی نەدان بە توێژی گەنج و خوێندەوار، لێکترازان و ئینشعاب لە حیزبە سیاسییەکان و چەندان دیاردەی هاوشێوە کۆمەڵێک واقعی حاشاهەڵنەگرن و پێویستە لە پرۆژەیەکی خەسارناسانەدا خوێندنەوەیەکی ورد و زانستیان بۆ بکرێت. ئەو ئەرکە تەنیا ئەرکی حیزبە سیاسییەکان نییە و پێویستە نوخبە و خوێندەواری دەرەوەی حیزبەکانیش قۆلی لێ هەڵماڵن و بە دوور لە هەر ئینتما و گرێدراوییەکی سیاسی و ئایدۆلۆژی و بە دوور لەهەر توانج و تەشەرێکی وەک کەمپ نشینی و ...لێکۆڵینەوەیەکی زانستی بۆ ئەو گرفتانە بکەن و من دڵنیام سەرجەمی حیزبە سیاسییەکان کەم تا زۆر ئەو لێکۆڵینەوە و پلانانە بە هەندوەردەگرن. بەڵام دەربارەی نەبوونی زەرفییەتەکانی حیزب بۆ وڵامدانەوە بە چاوەڕوانی و داواکارییەکانی کۆمەڵگا بە پێچەوانەی کاک حوسێن بیردەکەمەوە. لە چەند ساڵی رابردوودا لەژێر ناوی هەمان دروشم، واتە چەقبەستوویی حیزبە سیاسییە کلاسیکەکان و هەبوونی بۆشایی سیاسی، چەندان پارتی سیاسی لە رۆژهەڵات بونیادنران و بەڵام دوای تەپ و تۆزێکی چەند مانگە هیچ ئاسەوارێک لە بوون و چالاکی ئەو حیزبانە نەما. کەواتە نەبوونی پرسی سیاسی کورد لە رۆژهەڵات بە پرسێکی گرینگ و رۆژانە، وەک ئەوەی لە باکوور یان رۆژئاوا بوونی هەیە، بۆ هۆکاری دیکە دەگەڕێتەوە کە لە چەند نموونەدا دەتوانم عەرزتانی بکەم.
هەنووکە پرسی کورد لە رۆژئاوا بۆتە پرسێکی گرینگ و رۆژانە و، ئەوەش لەکاتێکدایە کە چەند ساڵ لەمەوبەر کوردستانی رۆژئاوا و بزووتنەوەی کوردی لەو پارچەی کوردستان لە کولەکەی تەڕیشدا ناوی نەبوو. جارجارە کۆمەڵێک ئاژانسی هەواڵی وەک بی بی سی و سی ئێن ئێن و ...لە نەبوونی سوژە پەنایان بۆ سوریا دەبرد و راپۆرت یان وتووێژێکیان لەسەر کوردەکانی ئەو وڵاتە سازەدەکرد. بەڵام هاتنەئارای کەش و هەوایەکی سیاسی تایبەت و دەستپێکردنی نارەزایی و خۆپیشاندن لە سوریا، دەستپێکردنی رەفتاری بە کۆمەڵی سیاسی لە رۆژئاوای کوردستان و هەروەها هاتنەئارای بارودۆخێکی تایبەتی ئیقلیمی لە ناوچەکە پرسی کورد لە رۆژئاوای بەرجەستەکردەوە.
هەروەها گەرموگوڕبوونی پرسی کورد لە تورکیا بۆ کۆمەڵێک فاکتەری تایبەتی دەگەڕێتەوە. جۆری پێکهاتەی سیاسی لە تورکیا، ماناداربوونی بابەتی پۆزیسیۆن و ئۆپۆزیسیۆن و ئیمکانی چالاکی ئۆپۆزیسیۆنی یاسایی و چەندان هۆکاریتر گوڕوتینی تایبەتی بە بزووتنەوەی کورد لە تورکیا داوە. دیارە رۆڵی هێزە سیاسییەکانی باکووریش نابێ لەبەرچاونەگیری و ئەوانیش وەک فاکتەرێک بە باشی هەل و زەمیینە لەبارەکە دەگوازنەوە. هەبوونی بارودۆخێکی لەوشێوە لە باکوور تەنیا بۆ چالاکییەکانی پ ک ک وەک گرنگترین یاریکەری سیاسی بزووتنەوەی کورد لە باکوور ناگەڕێتەوە و من لەوبڕوایەدام کە ئەگەر پ ک ک بەو هێز و توانا بەرفراوانەی جێگۆڕکێی جوغرافی بکات و سەرجەمی چالاکییەکانی بۆ رۆژهەڵات بگۆازێتەوە، بە هۆی هەلومەرجی جیاواز و جۆری سیستمی سیاسی ئێران دوای ماوەیەکی کورت بە هەمان دەردی ئۆپۆزیسۆنی بە قەول کلاسیکی رۆژهەڵات دوچاردەبێت. وەک ئەوەی لە نموونەی پژاک دیتمان و ئەوەش لەکاتێکدا بوو کە ئەم هێزە سیاسییە بە دروشمی رەخنەگرتن لە پارتە سیاسییەکانی رۆژهەڵات و بەڵینی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە سیاسییە هاتە مەیدان و هێزێکی گەورە و زەبەلاحی ئینسانی و مادی پکاکاشی لەپشت بوو. بە خستنەرووی ئەو نموونانە دەمهەوێ بڵێم کە بۆ ناسینی چالاکی سیاسی و هەڵسەنگاندنی هەر بزووتنەوەیەکی سیاسی و تەنانەت کۆمەڵایەتیش، نابێ تەنیا حیزب بەردەنگ بێت و دەبێ ئاگاداری هەلومەرجی گەشە و بەرەوپێشچوونی حیزب و هەروەها کارەکتەرەکانیتری کاریگەر لەسەر ئەم پرسە بین. هەروەها روودانی "رووداو" کاریگەری بەرچاو لەسەر گەشە و بەرەوپێشچوونی بزووتنەوە دادەنێت، وەک ئەوەی کە لەسەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران بیندرا و کاک حوسێن زۆر بە دروستی بە "سیاسیزەبوون"ی کۆمەڵگا ناودێری کرد.
تێبینی حسێن ئەحمەد پوور لە سەر وەڵامی هیوا سەلیمی بۆ پرسیاری دوو :
به‌ پێچه‌وانه‌ی کاک هیوا که‌ ده‌ڵێ له‌ دوای کۆتایی هاتنی شه‌ڕی چه‌کداری بزووتنه‌وه‌ی کوردستان گه‌شه‌سه‌ندنی به‌رچاوی به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌.، من وا بیر ناکه‌مه‌وه‌. و پێموایه‌ ته‌نیا له‌ داخوازییه‌کان پاشه‌کشێ نه‌کراوه‌ و ده‌نا زیاتر پاشه‌کشه‌ ده‌بینم. تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ ده‌ورانی شه‌ڕی چه‌کداری ده‌یه‌ی 60ی هه‌تاوی بزووتنه‌وه‌ی کوردستان به‌هێزتر بوو. ئه‌مه‌ش به‌و واتایه‌ ناڵێم که‌ به‌ قه‌ولی کاک هیوا ئه‌و سه‌رده‌مه‌ پیرۆز بکه‌م به‌لکوو به‌ واتایه‌ ده‌یڵێم که‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌کی چالاک هه‌بووه‌ و خاوه‌نی هێز و پێگه‌ و رێبه‌رانێکی به‌هێزتر بوه‌ و دۆست و دوژمن زیاتر حیسابیان بۆ کرده‌وه‌ تا ئێستا. ئاماژه‌ به‌ خه‌باتی سیاسی و چالاکی له‌ بواری دیپلۆماسیدا ده‌کا. که‌ له‌و رووه‌شه‌وه‌ دیپلۆماسی ئه‌و کاتی حیزبه‌کان و به‌ تایبه‌ت حیزبی دێموکرات به‌هێزتر بوو له‌ هی ئێستا و قۆناخی دوای شه‌ڕ. بۆ نموونه‌ ئه‌و کات که‌سێکی وه‌ک دوکتور قاسملوو هه‌بوو که‌ به‌ راده‌ی پێویست له‌ ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا ناسرابوو و گرینگی پێ ده‌درا و ئاسانتر له‌گه‌ڵ رێبه‌رانی وڵاتانی دیکه‌ داده‌نیشت و باسی کێشه‌ی کوردی بۆ ده‌کردن و له‌ کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌کان ئیجازه‌یان پێ ده‌دا قسه‌ بکات. به‌ڵام ئێستا چی؟ ئه‌و کات ده‌فته‌ری حیزبی دێموکرات له‌ پاریس وه‌ک سه‌فاره‌تخانه‌یه‌ک گرینگی هه‌بوو ئه‌ما ئێستا چی؟ وایه‌؟ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ وا نیه. بینینی چه‌ند ئه‌ندام پارلمان و به‌رپرسی حیزبی ئورووپایی شتێکی سه‌یر نیه‌، گرینگ ئه‌وه‌یه‌ ئایا به‌رهه‌می ئه‌و دیدارانه‌ بزانین چ بووه‌.، ئه‌من نامه‌وێ ئه‌و چالاکیانه‌ زه‌ربی سیفر بکه‌م به‌ڵام دڵنیام که‌ گه‌شه‌ی به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌بینوه‌... ئه‌و کات ئه‌گه‌ر هیچ نه‌بووبێ دوکتور قاسملوو ده‌یتوانی بۆ نموونه‌ میانجی دیالۆگی نێوان ده‌وڵه‌تی عێراق و کورده‌کانی باشوور بێ. ئایا ئێستا حیزبی دێموکرات و کۆمه‌ڵه‌ و ئه‌وانی دیکه‌ ده‌توانن ته‌نانه‌ت وه‌ها رۆڵێک له‌ نێوان دوو هێزی ناکۆکی باشوور و یان باکووری کوردستان بگێڕن. نه‌یانتوانیوه‌ و ئه‌وه‌ش یانی قورساییان که‌م بۆته‌وه‌ له‌ ناوچه‌که‌.
کاک هیوا باسی ناساندنی کێشه‌ی کورد له‌ ئاستی ئێران و ده‌ره‌وه‌دا ده‌کا. ئه‌گه‌ر له‌ ده‌یه‌ی 60دا ئه‌گه‌ر به‌ هۆی شه‌ڕیشه‌وه‌ بووبێ رادیو و ته‌له‌ویزیۆنه‌کانی ئورووپا به‌ بۆنه‌ی رووماڵکردنی هه‌واڵی شه‌ڕیشه‌وه‌ بووبێ باسی کێشه‌ی رۆژه‌هه‌ڵاتی کوردستانیان ده‌کرد. ئێستا شتی وا ده‌بینین؟ کێشه‌ی کوردمان له‌ چ ئاستێکدا به‌ ئێرانییه‌کان ناساندوه‌.؟ قه‌ناعه‌تت له‌ ناو چ رێژه‌یه‌ک له‌ خه‌ڵکی ئێران درووست کردوه‌ تا پشتیوانی له‌ داخوازییه‌کانت بکه‌ن؟ ناساندنی کێشه‌ یانی درووست کردنی قه‌ناعه‌ت. ئه‌و رێککه‌وتنه‌ی نێوان حدکا و کۆمه‌ڵه‌ و کاردانه‌وه‌کان له‌م دوایانه‌دا ده‌ریانخست که‌ چه‌نده‌ له‌و بواره‌دا سه‌رکه‌وتوو بووین. ئه‌و هه‌موو دژایه‌تییه‌ی له‌گه‌ڵ درووشمی ئێستا حیزبه‌ کوردییه‌کان واته‌ فیدرالیزم که‌ ده‌کرێ ده‌ری ده‌خا که‌ چه‌نده‌ سه‌رکه‌وتوو بووین و گه‌شه‌مان کردوه‌.
یان هه‌ر ئه‌و ئینشقاق و له‌تبوونانه‌ی که‌ کاک هیوا باسی ده‌کا نیشان ده‌دا که‌ بزووتنه‌وه‌ی کورد چه‌نده‌ گه‌شه‌ی به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌. به‌ تایبه‌ت کاتێک که‌ بیر له‌ هۆکاره‌کانی ئه‌و ئینشعابانه‌ ده‌که‌ینه‌وه‌.، بزووتنه‌وه‌ هه‌رچی به‌ره‌و پێش بچێ زیاتر له‌ وه‌حده‌ت و یه‌کڕیزی نزیک ده‌بێته‌وه‌.، به‌ڵام ئێستا 5 حیزب ناتوانن له‌ ده‌وری یه‌ک کۆ ببنه‌وه‌ و یه‌ک به‌یاننامه‌ی هاوبه‌ش بڵاو بکه‌نه‌وه‌... باسی ئه‌وه‌ ده‌کا که‌ بنه‌ما فکرییه‌کانی بزووتنه‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندتر کراون. با به‌ هه‌موو حیزبه‌کانه‌وه‌ 10 کتێب و نامیلکه‌ی فکری ریز بکه‌ن که‌ خۆیان نووسیویانه‌ با بزانین چۆن ده‌وڵه‌مه‌ند کراوه‌.، به‌ڵام به‌ هه‌موو ئه‌و حاڵه‌شه‌وه‌ دووپاتی ده‌که‌مه‌وه‌ نامه‌وێ چالاکی ئه‌و حیزبانه‌ زه‌ربی سیفر بکه‌م. و به‌ گشتیش ئه‌وه‌ ده‌ڵێم بزووتنه‌وه‌ی کوردستان ئه‌وه‌نده‌ی پێوه‌ندی به‌ حیزبه‌کانه‌وه‌ هه‌بێ لاوازتر بووه‌ له‌ جاران.

-        سێ:  بە لە بەرچاوگرتنی زەروورەتی هەبوونی حیزب لە گەشەی کۆمەڵگادا، لە هەل ومەرجی ئێستادا حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تا چ رادەیەک توانیویانە وەڵامدەرەوەی داخوازییەکان و چاوەڕوانییەکانی گەلی کورد بن؟
حسێن ئەحمەدپوور: به‌ ته‌واوی ئه‌و هۆکارانه‌ی که‌ له‌ وه‌ڵامی پرسیاری پێشوودا باسم کرد له‌ قۆناخی ئێستادا وه‌ڵامده‌ر نین. یه‌ک شتمان له‌ بیر نه‌چێ خه‌ڵکی کوردستان که‌ رێز له‌م حیزبانه‌ ده‌گرن و رێز بۆ تێکۆشانی رابردوویان داده‌نێن ئه‌وه‌ به‌ نیشانه‌ی سه‌رکه‌وتنی ئه‌م قۆناخه‌ی تێکۆشانی حیزبه‌کان نیه‌. وه‌ک باسم کرد کاتێک ده‌توانین بڵێین وه‌ڵامده‌رن که‌ بتوانن کێشه‌ی کورد چ له‌ ناوخۆی وڵات و چ له‌ ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی بکه‌نه‌ پرسێکی گرینگ و رۆژانه‌.
وه‌ک چۆن ئێستا له‌ باکوور تا راده‌یه‌ک پرسی کورد بۆته‌ کێشه‌یه‌ک که‌ بووبێته‌ ده‌غده‌غه‌ی ده‌وڵه‌ت و دونیای ده‌ره‌وه‌ و کۆمه‌ڵگای کوردستانیش. به‌ڵام له‌ رۆژهه‌ڵات چی؟ وایه‌؟ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ وا نیه‌. قسه‌یه‌کی مامۆستا شێخ عیزه‌دین حوسینی زۆر جوان بوو که‌ کوتی ئێستا کۆمه‌ڵگای کوردستان له‌ پێش حیزبه‌کانه‌وه‌یه‌. مامۆستا ئه‌وحه‌قیقه‌ته‌ی ده‌رک کردبوو به‌ڵام حیزبه‌کان وا دیاره‌ ده‌رکیان نه‌کردوه‌. بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر ده‌رکیان کردبا ده‌یانتوانی خه‌ڵکی خوێنده‌وار له‌ ئاستی نێونجی خوێنده‌واری کۆمه‌ڵگا جه‌زب بکه‌ن. خوێنده‌واری رێبه‌رایه‌تی حیزبه‌کان له‌ ئاستی خوێنده‌واری کۆمه‌ڵگادا ده‌بوو و ... به‌ڵام چوونکه‌ حیزبه‌کان له‌و ئاسته‌دا نین ته‌نانه‌ت ئه‌و به‌شه‌ له‌ خه‌ڵکی خوێنده‌وار که‌ روویان تێده‌که‌ن ئه‌وانیش زوو جێی ده‌هێڵن و ئه‌نگیزه‌ی به‌رده‌وام بوونیان پێ نابه‌خشن
...

هیوا سەلیمی : بە هۆی کۆمەڵێک بەربەست و مەحدودییەت، حیزبە سیاسییەکان نەیانتوانیوە و ناتوانن پڕاوپڕ وڵامدەرەوەی داخوازی و چاوەڕوانییەکانی گەلی کورد لە کوردستان بن. دیارە ئەم قسە بە مانای نەبوونی زەرفییەتەکانی ئەحزاب بۆ وڵامدانەوە بەو چاوەڕوانییانە نییە و بەڵکوو بەرهەمی کۆمەڵێک بەربەستی وەک نەبوونی چالاکی ئازادانە لە ناوخۆی وڵات، ئابووری لاواز و ..هەتادواترە. چەند ساڵێکە نەخۆشییەک لە ناو بەشێک لە تاکەکانی کۆمەڵگای ئێمەدا بڵاوبۆتەوە و تارادەیەکیش خۆی لە فۆرمی رۆشنبیرانەدا وێنادەکات و ئەویش نەخۆشی سفرکردنی هەموو رەنج و ماندوبوونی بەشێکی یەکجار زۆر لە خەڵکی کوردستان لە ناو حیزبە سیاسییەکانە.
دیارە مەبەستی من رەخنە و کاری رەخنەگرانە نییە، بەڵکوو ریزکردنی کۆمەڵێک وتەی بێسەرەوبەرە و بێمانایە کە بە ناوی رەخنە و رۆشنبیری بەرهەمدێت. لەم نەخۆشییەدا تاریخ مەسرەفی حیزبە سیاسییەکان ئیکسپایەر نیشاندەدرێت و باس لەوەدەکرێت کە حیزبەکان توانای وڵامدانەوە بە داواکاری و چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگایان نییە و خافڵن لەو گریمانەی کە خودی حیزبە سیاسییەکان لایەنێکی گرنگی بەرهەماهتنی هەمان چاوەڕوانی و داواکاری لە کۆمەڵگای کوردستانن. دیارە ئەو کەسانە بۆ خۆیان و لە ریفراندۆمی جیهانی وەهمەکانی خۆیاندا خۆیان بە نوێنەری بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان دەناسێنن و بە هۆی هەلومەرجی تایبەتی کۆمەڵگا و چالاکی لابیگەرانەی بەشێک لەلابییەکانی حکومەتی ئێران بە چەندین شێواز و فۆرمی جیاجیا، زۆر جار بە ناوی قارەمان و رۆشنبیریش ناوبانگ دەردەکەن.
بەگشتیی ئەمەوەی ئەوەت عە رز بکەم کە بەڵی کەموکوڕی هەیە، ئینشعاب و جیابوونەوەکانی ئەم چەند ساڵە کاریگەری مەنفی داناوە و بەڵام بە گشتی حیزبەکان پتانسیەلی وڵامدانەوە بە داواکارییەکانیان هەبووە و هەیە. زیندوبوونی بزووتنەوەی کوردستان و چەندان چالاکی مەدەنی گەورە لەم ساڵانەی دوایی و ... بەرهەمی ئەکتیڤ‌بوون و کاریگەربوونی حیزبە سیاسییەکانە و نەبینینی ئەو کاریگەرییانە و تۆمەتبارکردنی ئەحزابی کوردستان بە سکتاریزم و ئینفعال ئەوپەڕی بێ ئینسافییە
.
تێبینی حسێن ئەحمەدپوور لە سەر وەڵامی هیوا سەلیمی بۆ پرسیاری سێ : من له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ی به‌ڕێز کاک هیوادا نیم که‌ باس له‌ نه‌خۆشییه‌ک ده‌کا که‌ خۆی له‌ شکڵی رووناکبیرانه‌دا وێنا ده‌کا. دیاره‌ به‌ڕێزیان خۆی ده‌ڵێ که‌ مه‌به‌ستی ره‌خنه‌ و کاری ره‌خنه‌گرانه‌ نیه‌.، به‌ڵام سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ش پێموایه‌ ئه‌م جۆره‌ بیرکردنه‌وه‌یه‌ هه‌ڵه‌یه‌.، که‌ به‌ داخه‌وه‌ش ئه‌م جۆره‌ بیرکردنه‌وه‌یه‌ به‌ نیسبه‌ت ره‌خنه‌گرانه‌وه‌ له‌ ناو حیزبه‌کاندا به‌هێزه‌.
زۆر جار باسی ره‌خنه‌ی بونیادنه‌ر و رووخێنه‌ر ده‌کرێ.
ئه‌رێ گه‌لۆ کێ دیاری ده‌کا کام ره‌خنه‌ بونیادنه‌ره‌ و کامیان وێرانگه‌ر و رووخێنه‌ره‌؟ دیاره‌ من ده‌بێ بۆ خۆم دیاری بکه‌م و ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ست بکه‌م ناتوانم جێبه‌جێی بکه‌م و له‌ به‌رژه‌وه‌ندیمدا نه‌بێ ئه‌وه‌ وێرانگه‌ره‌ و خاوه‌نه‌که‌شی دڵسۆزی بزووتنه‌وه‌ نیه‌.
ئه‌رێ چ پێوه‌رێک بۆ ره‌خنه‌ی وێرانگه‌ر و بونیادنه‌ر هه‌یه‌؟ بۆ که‌س به‌ روونی باسی ئه‌و پێوه‌رانه‌ ناکا. کاکه‌ ره‌خنه‌ ره‌خنه‌یه‌ و ته‌واو. کابرای ره‌خنه‌گر جیاواز له‌ من بیر ده‌کاته‌وه‌ و قسه‌ی خۆی ده‌کا و ئه‌گه‌ر بێتوو وه‌ک که‌سێکی بێ ئه‌خلاق جنێو و بێ رێزی به‌ که‌سایه‌تیم نه‌کا هه‌رچی ده‌یڵێ ئه‌وه‌ بۆچوونی خۆیه‌تی و نه‌خۆشیش نیه‌ و نادڵسۆزیش نیه‌.، و نابێ له‌ خۆڕا تاوانباریشی بکه‌م. ئاخه‌ ئه‌م روانینه‌ بۆ نه‌یاری حیزبه‌که‌م و ره‌خنه‌گرانی حیزبه‌که‌م و بزووتنه‌وه‌ زۆر خراپ ده‌شکێته‌وه‌.، ئه‌م روانینه‌ ته‌نیا به‌ جێگه‌ی ئه‌وه‌ی خه‌ڵکت له‌ ده‌ور کۆ بکاته‌وه‌ خه‌ڵکت لێ ده‌تارێنێ.
به‌ باوه‌رم ده‌بێ ئه‌م روانینه‌ بۆ ره‌خنه‌گرتن وه‌لا بنێین. کاکه‌ چاو لە ره‌خنه‌کانی بۆ نموونه‌ رکه‌به‌ره‌کانی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مریکا بکە که‌ چی به‌ یه‌ک ده‌ڵێن، به‌ڵام بۆ هه‌رگیز یه‌کێکیان ئه‌وی دیکه‌یان به‌ نه‌خۆش و دوژمن و... تاوانبار ناکا. ئه‌و روانینه‌ خزمه‌ت به‌ بزووتنه‌وه‌ ناکا.
حه‌تمه‌ن داستانی ره‌وانشاد مامۆستا محەممەد موکری و یه‌کێتی نیشتمانیتان بیستوه‌.، له‌ 1981دا محمد موکری که‌ " سه‌گ‌وه‌ڕ" ده‌نووسێ و شۆڕشی کورد و یه‌کێتی به‌ ته‌وای ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ و له‌ زمانی پاڵه‌وانی چیرۆکه‌که‌وه‌ هه‌مووی به‌ سه‌گوه‌ڕینێک ده‌شوبهێنێ. هه‌ر له‌و کاته‌دا محمد موکری له‌ شاخ لای یه‌کیه‌تی بوو و به‌ نانی یه‌کیه‌تی ده‌ژیا. کادرو پێشمه‌رگان ده‌یانکوت یان ده‌بێ ئێعدام بکرێ و لانیکه‌م ده‌بێ ده‌ربکرێ. به‌ڵام مام جه‌لال به‌ دروستی ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر پیاون به‌ چه‌که‌که‌ی خۆی جوابی بده‌نه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت به‌ بڕیاری خۆی کتێبه‌که‌شی بۆ چاب ده‌کا. ده‌ی محمد موکری سرووشتییه‌ تا ئاخری ته‌مه‌نی رێز بۆ مام جه‌لال دابنێ و خۆی لێ نه‌تارێنێ. ئاخر له‌ رۆژهه‌لاتی کوردستان ته‌واوی ئه‌و ره‌خنانه‌ی که‌ گیراون به‌ نیوه‌ی ئه‌و نۆڤلێته‌ی محەممەد موکری به‌ قه‌ول وێرانگه‌ر نیه‌.، به‌لام هه‌ڵوێستی درووست ئه‌وه‌ بوو که‌ مام جه‌لال گرتی. وه‌ڵڵا حیزب و بزووتنه‌وه‌یه‌ک که‌ به‌ ره‌خنه‌ وێران و برووخێ باشتره‌ برووخێ. جا ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ هه‌ر که‌سێک بیگرێ و به‌ هه‌ر مه‌به‌ستێکه‌وه‌. بیگرێ. به‌ڵام شێوه‌ی هه‌ڵسووکه‌وتی حیزبه‌کان له‌گه‌ڵ ره‌خنه‌گران هه‌ندێک له‌وانی به‌ ته‌واوی کردۆته‌ نه‌یاری حیزبه‌کان. ئه‌وه‌ش زۆر هه‌ڵه‌یه‌.

لینکی ئەم بابەتە لە ئێن ئێن ئێس رۆژ
 :
http://www.nnsroj.com/detiles.aspx?id=3250&ID_map=26

لینکی ئەم بابەتە لە سایتی پێشمەرگەکان:

http://www.peshmergekan.com/kurdish/index.php/babetekan/dimane/1656-babetekan