۱۳۹۲/۰۸/۰۳

شەهید هوشیار!

شەهید هوشیار
هەمیشە شەهید بوونی مامۆستا هەستی قوتابی هەژاندووە، کەچی ئێستا من بە ژانی شەهید بوونی قوتابی‌یەکمەوە دەتلێمەوە...
هوشیار گیان، ئازیزەکەم چۆنت بدوێم،ئەوەندە هێز لە باڵەکانتدا بوو کە نەتدەتوانی لەم خۆڵە پڕ لە خۆزیا و بریایە دەست بشۆیتەوە، باڵت لێکدا و هەڵفڕیت، یەکەم هەڵفڕینت لە دوا هەواری "قەڵاجێ‌"وە بەرەو مەکۆی شۆڕش بوو.
لە گەڕاننەوەی ساڵانی پێشوودا کەلەپچەیان دا لە باڵەکانت، بەڵام نەیانتوانی بتبەزێنن، دیسان ئەوە تۆ بوویت بە سەر تەلدڕووەکاندا بازتدا،هەڵفڕێتەوە بۆ کۆنە هەوارت...
ئەوان نەیاندەتوانی بەندت کەن،چونکوو پڕ بوویت لە گوڕ، پڕ بوویت لە هێز، لێوانلێو بوویت لە بزەی سیاچەمانە و پڕ بوویت لە هاواری وەریوی هەواری بوغز...
ئەم جارەیان لەم پاییزەدا چاوت بڕیبووە هەوارەکانی هەورامان و دەربەند دزڵی، بۆنی پەڵەی بارانی کۆساڵان چاوی لێدادەگرتی، رۆشتبوویتەوە پڕ بە سییەکانی بیرەوەریت هەناسەی دووریت هەڵمژی...
رۆشتبوویتەوە تێر لە کانیاوەکانی هەوارامان بخۆیتەوە، بە تەما بووی سەر بکەیتە سەر کۆشی سینگی قەڵاجی و وچانێک بدەی، بەڵام بەڵام...کوێر بم... شەهید بوونت پیرۆزە چاوەکەم...
هوشیار عەزیز نژاد لەگەڵ هاوڕێیەکی پێشمەرگەیدا بە ناوی ئازاد سالم، ئەمڕۆ هەینی 25.10.2013 لە بانە شەهید بوون.
شەهید هوشیار ساڵی 2004 لە قوتابخانەی قەڵاجێ شاگردم بوو، شەهید بوونی هوشیار زۆر سەختە بۆم، زۆر زۆر سەختە...
هوشیار لەو سالانەی قوتابخانەدا، قوتابیەکی ژیکەڵە و زیرەک بوو، بەردەوام بزەیەک لە سەر لێوی بوو، بیری هوشیار زوو باڵای کرد، لە کاتێکدا کە هاوپۆلەکانی و هاوتەمەنەکانی هێشتاکە لە قوتابخانە بوون ئەو سەری لە شۆڕش دەخورا و ئەوە بوو کە بوو بە پێشمەرگە و دواتر لە گەڕاننەوەیدا جارێک گیرا و سەرەڕای کەم بوونی تەمەنی حوکمێکی قورسیان بە سەریدا سەپاند، دوای دوو ساڵ زیندان بۆ چەند رۆژێک بە بارمتەیەکی قورس هاتە مەرەخەسی و هەڵهات... کە چی ئەمڕۆ... 

۱۳۹۲/۰۷/۲۶

راگەیاندنی کۆتایی سێهەمین کۆنفڕانسی شانۆکارانی کورد لە ئەوروپا

راگەیاندنی کۆتایی سێهەمین کۆنفڕانسی شانۆکارانی کورد لە ئەوروپا

کۆنفڕانسی شانۆکارانی کورد لە ئەوروپا هەر لە سەرەتای دەستپێکردنیەوە تا ئێستا وەک ئەرکێکی نیشتمانی لە راستای گەشەی شانۆی کوردی‌، بە هەوڵ و ماندوو بوون و کاری خۆبەخشی کۆمەڵێک شانۆکاری کورد لە ئەوروپا بە ئامانجی درووستکردنی مەکۆیەک بۆ شانۆکارانی کورد لە ئەوروپا دەستی بە کارەکانی خۆی کرد، ئەمساڵیش واتە ساڵی ٢٠١٣ سێهەمین کۆنفڕانس لە رۆژەکانی ٤ و ٥ی ئوکتۆبر لە وڵاتی ئەڵمانیا لە شارەکانی میونشن و نورنبێرگ بەڕێوە چوو. 
لە دوو رۆژ کاری چڕ و پڕی کۆنفڕانسدا، کۆمەڵێک سمینار و باسی زانستی تایبەت بە شانۆ و چەمکە شانۆییەکان لە لایەن شانۆکارانی بیانی و هەروەها شانۆکارانی کوردەوە پێشکەش کرا. 
رۆژی یەکەمی کۆنفڕانس لە میونشن بەڕێوە چوو، کە جگە لە شانۆکارانی کورد کۆمەڵێک شانۆکاری بیانی لە وڵاتەکانی ئەڵمانیا، کۆلۆمبیا، بەڕازیل، پۆلۆنیا، سووریا، بەشداری کۆنفڕانسیان کرد و بە نوێنەرایەتی هەر کام لەو وڵاتانە شانۆکارێک سمینارێکی زانستی لە سەر مێژوو و ئەزموونی شانۆی وڵاتەکەی خۆی پێشکەش بە ئامادەبوان کرد، هەروەها بەڕێز هاوڕێ زەنگەنە بە نوێنەرایەتی شانۆکارانی کورد، باسێکی لە سەر شانۆ لە کوردستان و ئەزموونی شانۆ لە باشووری کوردستان پێشکەش بە ئامادە بوان کرد، و لە ئاکامدا بووە هۆی خۆشحاڵی ئامادە بوان و کۆمەڵێک وتووێژی بە نرخی لێکەوتەوە،  شانۆکارانی بیانی دوای راگۆڕینەوە لەگەڵ شانۆکارانی کورد، ئامادەیی خۆیان دەربڕی کە زۆرتر لە شانۆکارانی کوردستان نزیک ببنەوە و بە تایبەت بتوانن لەگەڵ شانۆکارانی کورد، لە کوردستان کاری شانۆیی هاوبەش پێشکەش بکەن. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)