‏نمایش پست‌ها با برچسب هونەری کوردی. نمایش همه پست‌ها
‏نمایش پست‌ها با برچسب هونەری کوردی. نمایش همه پست‌ها

۱۳۹۲/۰۸/۱۱

هێماناسی لە سینەمادا

هێماناسی لە سینەمادا

و: جەمشید بەهرامی
 سینەما لە جیهانی ئەمڕۆدا، لە وێنەی دەقێکی هەمەلایەنە و بەربڵاو و میدیایەک بۆ گۆاستنەوەی مانا و نیشانەگەلێکە، کە نیشانەدانەر، لە بەرهەمی سینەماییدا بۆ بەردەنگی خۆی دابینی کردووە. ئەزموون و لێکدانەوەی بەرهەمەکانی ئەم میدیایە، بە هۆی پێشوازیی بەردەنگەکانی بۆ لێکۆڵەرانی پانتاییە جیاوازەکانی زانستی مرۆیی زۆر پێویستە.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی سینەمادا، ساڵانێک تاکە شێوازی لێکدانەوەی ئەم دەقە میدیاییە، روانینێکی جوانیناسانە بۆ فیلمە سینەماییەکان بووە. بەڵام ئەمڕۆکە شێوازی خوێندنەوەی سینەما بەم شێوازە نابەسترێتەوە.
وەرگەڕان لە روانینی بەس جوانیناسانەوە بۆ روانینی لێکدانەوەیی – لێکدراوەیی، وەک هێماناسی و لێکدانەوەی چیرۆکینی دەقە سینەماییەکان، بەرهەمی تێکۆشانی شەبەنگێکی بەربڵاوی بیرمەندانی پانتاییە جیاوازەکانی وەک زمانناسان، کۆمەڵناسان، مرۆڤناسان و رەخنەگرانی ئەدەبی و سینەمایی بووە. لە زۆربەی ئەم شێوازانەدا هەوڵ دەدرێت بە بەکار هێنانی شێوازی وێکخستنی ( وەک وێکخستنی زمانناسی لەگەڵ لێکدانەوەکانی فیلم یان بە کار هێنانی ئامرازەکانی کۆمەڵناسی و بابەتگەلێکی لەم دەستەیە  ) بە لێکدانەوەکانی تێکەوەچووی زانستە جیاوازەکان بگەین. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

۱۳۹۲/۰۷/۲۶

راگەیاندنی کۆتایی سێهەمین کۆنفڕانسی شانۆکارانی کورد لە ئەوروپا

راگەیاندنی کۆتایی سێهەمین کۆنفڕانسی شانۆکارانی کورد لە ئەوروپا

کۆنفڕانسی شانۆکارانی کورد لە ئەوروپا هەر لە سەرەتای دەستپێکردنیەوە تا ئێستا وەک ئەرکێکی نیشتمانی لە راستای گەشەی شانۆی کوردی‌، بە هەوڵ و ماندوو بوون و کاری خۆبەخشی کۆمەڵێک شانۆکاری کورد لە ئەوروپا بە ئامانجی درووستکردنی مەکۆیەک بۆ شانۆکارانی کورد لە ئەوروپا دەستی بە کارەکانی خۆی کرد، ئەمساڵیش واتە ساڵی ٢٠١٣ سێهەمین کۆنفڕانس لە رۆژەکانی ٤ و ٥ی ئوکتۆبر لە وڵاتی ئەڵمانیا لە شارەکانی میونشن و نورنبێرگ بەڕێوە چوو. 
لە دوو رۆژ کاری چڕ و پڕی کۆنفڕانسدا، کۆمەڵێک سمینار و باسی زانستی تایبەت بە شانۆ و چەمکە شانۆییەکان لە لایەن شانۆکارانی بیانی و هەروەها شانۆکارانی کوردەوە پێشکەش کرا. 
رۆژی یەکەمی کۆنفڕانس لە میونشن بەڕێوە چوو، کە جگە لە شانۆکارانی کورد کۆمەڵێک شانۆکاری بیانی لە وڵاتەکانی ئەڵمانیا، کۆلۆمبیا، بەڕازیل، پۆلۆنیا، سووریا، بەشداری کۆنفڕانسیان کرد و بە نوێنەرایەتی هەر کام لەو وڵاتانە شانۆکارێک سمینارێکی زانستی لە سەر مێژوو و ئەزموونی شانۆی وڵاتەکەی خۆی پێشکەش بە ئامادەبوان کرد، هەروەها بەڕێز هاوڕێ زەنگەنە بە نوێنەرایەتی شانۆکارانی کورد، باسێکی لە سەر شانۆ لە کوردستان و ئەزموونی شانۆ لە باشووری کوردستان پێشکەش بە ئامادە بوان کرد، و لە ئاکامدا بووە هۆی خۆشحاڵی ئامادە بوان و کۆمەڵێک وتووێژی بە نرخی لێکەوتەوە،  شانۆکارانی بیانی دوای راگۆڕینەوە لەگەڵ شانۆکارانی کورد، ئامادەیی خۆیان دەربڕی کە زۆرتر لە شانۆکارانی کوردستان نزیک ببنەوە و بە تایبەت بتوانن لەگەڵ شانۆکارانی کورد، لە کوردستان کاری شانۆیی هاوبەش پێشکەش بکەن. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

۱۳۹۲/۰۶/۳۰

سێهەمین کۆنفڕانسی شانۆکارانی کورد لە ئەوروپا



سێهەمین کۆنفرانسی شانۆکارانی کورد لە ئەوروپا


سێهەمین کۆنفڕانسی شانۆکارانی کورد لە ئەوروپا بە بەشداری شانۆکارانی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان،و هەروەها 
شانۆکارانی وڵاتانی کۆلۆمبیا، بڕازیل، سووریا و ئاڵمان لە رۆژەکانی 6،5،4ی مانگی ئوکتۆبر لە وڵاتی ئاڵمان لە شارەکانی میونشن و نورنبێرگ بەڕێوە دەچێ.
ئەم کۆنفڕانسە لە لایەن شانۆکارانی کورد لە ئەورووپاوە رێکخراوە، و مەبەستی سەرەکی ئەم کۆنفڕانسە کردنەوەی دەلاقەیەکی زانستی بەڕووی شانۆ لە کوردستان‌دایە، و هەروەها کۆنفڕانس هەوڵ دەدات بە درووست کردنی مەکۆیەک شانۆکارانی کوردی تاراوگە لە دەوری یەک کۆبکاتەوە. (بۆ درێژەی بابەت لیرە کرتە بکە)

۱۳۹۲/۰۴/۲۲

ژیژەک و سینەما

ژیژەک و سینەما

و:جەمشید بەهرامی



ژیژەک کێیە:
سلاوی ژیژەک لە دایک بووی ١٩٤٩، فەیلەسووف، تیۆری‌دارێژە،کۆمەڵناس، رەخنەگری کولتووری و سیاسەتمەدارە. ئەو لە سلۆڤنیا لە شاری لیۆبلیانا لە دایک بووە و بڕوانامەی دکتۆرای فەلسەفەی لە زانکۆی لیۆبلیانا وەرگرتووە. ئەو لە ساڵی ١٩٩٠دا وەک بەربژێری سەرۆک کۆماری لە لایەن حیزبی لیبڕاڵ دیموکراتی سلۆڤنیاوە دەستنیشان کراوە. ژیژەک فەیلەسووف و تیۆری‌دارێژەری رەخنەییە کە بەشی هەرەزۆری بەرهەمەکانی لە نەریتی فەلسەفەی هێگلی،مارکسیسم و هەروەها دەروونشیکاری لاکانی‌یە. ئەو چالاکیگەلێکی بەرچاوی لە پانتایی تیۆری سیاسی، تیۆری فیلم و دەروونشیکاری بیرۆکەیی‌دا هەبووە.
ناوبانگی ژیژەک بۆ زیندوکردنەوەی "دەروونشیکاری لاکان" بۆ خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ "فەرهەنگی عامە"یە،ئەو وتارگەلێکی جۆراوجۆری سەبارەت بە بابەتگەلی جۆراوجۆر نووسیوە. تەوەرگەلێک لە وێنەی شەڕی عێراق، بونیادگەرایی، سەرمایەداری و هیچکاک، دەیوید لینچ و هتد. ژیژەک لە وتووێژێکدا لەگەڵ گۆڤارێکی سپانیایی‌دا، بە گاڵتەوە خۆی وەک "ستالینیستێکی لاکانی" رادیکاڵ پێناسە کردووە.

تیۆرییە سینەماییەکانی ژیژەک
ژیژەک وەک تیۆری‌دارێژەرێکی سینەمایی ناسراوە، ئەو لە راڤەی "دەروونشیکاری لاکانی" بۆ پێکهێنانی تیۆریەکی سینەمایی و شێوەیەکی رەخنەیی نوێ کەڵکی وەرگرتووە. بە بڕوای رابێرت ستەم، ئەو لە فیلمە سینەماییەکان بۆ شرۆڤەی روانگەکانی لاکان کەڵکی وەردەگرێت و لە فیلمە سینەماییەکاندا وێنەگەلێک دەدۆزێتەوە کە تەنانەت لە خودی "لاکان"یش باشتر بیرۆکەکانی دەروونشیکارانە شرۆڤە دەکات.
ژیژەک لە فیلمدا، دەپەرژێتە سەر راڤەی حەز و فانتازیای ناهۆشیار، کردەوەی راستەقینە و ئۆبژەی رەسەنی ئایدۆلۆژیا؛ و لەم رێگەیەوە رامانێکی دەروونشیکاری لە پانتایی سینەمادا دەخولقێنێت. لینچ و هیچکاک، دوو فیلمسازی دڵخوازی ژیژەکن کە راڤەی بەرهەمەکانی ئەوان زۆرتر لە فیلمسازانی دیکە جێگای سەرنجی بوون.

ژیژەک فەیلەسووف یان رەخنەگری فیلم
لە دوای دەیەی ٦٠ی زایینی‌دا‌، روانگەگەلی جیاواز و جۆراوجۆری تیۆری فیلم تووشی ئاڵوگۆڕێکی زۆر بوو. سەرهەڵدانی روانگەکانی چەپ و لە لایەکی دیکەشەوە لەبارتر بوونی تیۆرییە کلاسیکەکانی سینەمایی یارمەتیدەر بوون بۆ مانای رەخنە و لێکدانەوەی فیلم، و ئەم چەمکەیان پێگەیاند(بە هۆی هەبوونی تیۆری بەرهەمینەر و ئومانیسمی پێکهاتەگەرایانە). (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

۱۳۹۲/۰۲/۲۲

فیلم و سیاسەت

دیمەنێک لە فیلمی "رێگا" بەرهەمی سینەماکاری کورد "یەڵماز گونای"
Jamshid Bahrami
فیلم و سیاسەت
تێبینی‌گەلێک سەبارەت بە فیلمی سیاسی
و:جەمشید بەهرامی

 ئایا پانتایی هونەر و پانتایی سیاسەت، دوو پانتایی جیاواز و لە یەک جودایە؟ لەوانەیە ئەم بابەتە پێویستی بە لێکدانەوەیەکی ئەوتۆ نەبێت چونکوو هونەرمەندیش وەک دیتران خاوەنی روانگەیەکی سیاسییە یان بە لێکدانەوەیەکی روونتر دەتوانین ئاماژە بکەین کە هونەرمەندیش لە وێنەی هەر تاکێکی دیکەی کۆمەڵگا بە ناچار بەرەو رووی ئەم چەمکە دەبێتەوە.
کەڵک وەرگرتن یان کەڵک وەرنەگرتن لە مافی دەنگدان، رواڵەتێکی ئاسایی دەبەخشێتە هەڵوێستی سیاسی هەر تاکێکی کۆمەڵگا و ئەم بەرەو روو بوونەوەیە دەکاتە هەڵوێستێکی ئاسایی، لە لایەکی دیکەشەوە لە روانگەی ئایینی و نیشتمانیەوە جگە لە ماف، هەڵوێست لە هەمبەر داهاتووی سیاسی کۆمەڵگا و دەسەڵاتدا بۆ هەر تاکێک دەبێتە ئەرک.
بەم پێیە دەتوانین بڵێین لە هەر حاڵەتێکدا هونەرمەند خاوەنی هەڵوێستێکی سیاسییە و ئەمە دەتوانێت لەگەڵ هونەرمەند بوونی ئەودا هیچ دژایەتیەکی نەبێت. حاشا کردن لەم چەمکە لە لایەن هەر کەسێکەوە بریتیە لە خۆ دزینەوە لە مافی خود و لەوەش گرنگتر خودزینەوە لە ئەرکێکی ئایینی یان نیشتمانی.
ئەمەی کە هونەرمەند تا چ رادەیەک دەتوانێت پێوەندی لەگەڵ سیاسەت‌دا هەبێت، باسێکی کێشماکێش خولقێنە و ناکرێت حاشای لێبکرێت کە رێدۆزی  دوور کەوتنەوە و هەڵاتن لە سیاسەت لە پانتایی هونەردا - بەتایبەت لە لایەن هونەرمەندانی ئەم ناوچەیە – پارێزەران و لایەنگرانی زۆری هەیە. هەنووکە باسەکە سەبارەت بە رەوایی بەخشین یان حاشا کردن لەم هەڵوێستە و چۆنیەتی ئەم هەڵوێستەیە. ئەمەی کە بەرهەمی هونەری لە ژێر کاریگەری دۆخی مێژوویی‌دا دەبێت، بنەمایەکە کە لە پانتایی بیرۆکەی رەخنەییدا دەکرێت بەرگری لێبکرێت. (بۆ درێژەی بابەت لیرە کرتە بکە)

۱۳۹۱/۱۰/۱۷

شێعر و سینەما

شێعر و سینەما
Jamshid Bahrami
شێعر و سینەما 
لۆییس بونوێل
و:جەمشید بەهرامی

ئۆکتاڤیۆ پاز دەڵێت: "مرۆڤێکی یەخسیر و کۆت و بەند کراو،هەر ئەوەندە بەسە چاوەکانی بکاتەوە،تاکوو بتوانێت نادیارەکانی دنیا دەربخات". من بە راڤەیەک بۆ ئەو وتەیە،ئەمەش زیاد دەکەم: هەر ئەوەندە بەسە کە پێڵووی سپی پەردەی سینەما ئەو رووناکاییە تایبەتە هەڵگەڕێنێتەوە،تاکوو بتوانێت دنیا رزگار بکات و ئێمە بۆ زەمەنێک بتوانین بە هێمنی چاو بنووقێنین و بخەوین،چونکوو رووناکایی سینەماتۆ گرافیک١،بەتەواو مانا هەستیی و سێحراوییە و هیچ‌کام لە هونەرە نەریتییەکان ناتوانن ئاوەها ناهاوڕێژەییەکی گەورە بێننە ئاراوە کە سینەما و دەرهێنەرەکانی،ئەوە بە تواناییەکی پێویستەوە دەردەبڕن و پیشانی دەدەن. چونکوو سینەما بە شێوەیەکی راستەخۆ،هەبوون و گەوهەری سروشتی شتەکان،پیشانی بینەر دەدات و پێی دەناسێنێت.لەم روانگەیەوە،سینەما بە شێوازێکی تۆکمەیە و لانیکەم لە بێدەنگی و لە تاریکی‌دا دەتوانێت وەبیرهێنەرەوەی "ژینگەی سروشتی(فیزیکی) مرۆڤ" بێت و بەم هۆیەوە،بە لێهاتوویی و بە باشترین شێوە ئاوڕی لێدەداتەوە کە هیچ ئامێرێکی دربڕینی دیکە ناتوانێت بەو شیوەیە ئاوڕی لێبداتەوە.
بەڵام،سینەما باشتر لە هەر چشتێکی دیکەش دەتوانێت هۆکاری خەرەفاندن بێت. بەداخەوە،زۆربەی بەرهەمهێنەرە گەورەکانی چالاک لە بواری سینەماتۆگرافیک‌دا،وا دیارە کە راسپاردەیی‌یەکی جگە لەمەیان نییە: پەردەی پان و بەرینی سینەما،بێ بەش لە ئەخلاق و بە رۆشنبیری کراو،و ئەم رەوتە لەگەڵ هەموو ژانر سینەماییەکان ئاوێتە بووە.
لە راستی‌دا،سینەما بەتایبەتی بەستراوەتەوە بۆ شوێنگیری لە رۆمان یان شانۆ بە کەمترین جیاوازییەکانیەوە،کە لانیکەم ئەم شوێنگیرییە بۆ شیکردنەوە و شرۆڤەی دەرونناسانەی سینەما دەوڵەمەنەدە.
هەر بەم هۆیەوەیە کە سینەما،بە شێوازێکی تێروپڕی خەریکی دووپاتکردنەوەی چیرۆکەکانی سەدەی حەفدەیە کە بریتین لە چیرۆکگەلێکی ماندووکەر و دڵتەنگی خولقێن و هەر بەو شێوەیەش لە رۆمانەکانی ئەم سەردەمەیشدا درێژە دەدرێن. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە).

۱۳۹۱/۰۹/۰۶

خوێندنەوەیەکی پەیدۆزانە بۆ گرۆتێسک

گرۆتێسک
Jamshid Bahrami
http://denglog.blogspot.de
خوێندنەوەیەکی پەیدۆزانە بۆ گرۆتێسک
و:جەمشید بەهرامی
 
 لە سەدەی نۆزدەی زایینی‌دا، کەسانێک لە وێنەی هێگل، هۆگۆ، ئادینگتۆن و جان راسکین لە "گرۆتێسک لە هونەر و ئەدەبیاتدا "وەک تەوەرێکی رەخنەیی کەڵکیان وەرگرت.ئەوان کە شەیدای تایبەتمەندی (لە رواڵەتدا سەیر)،پێناسە و پارامێتری ئەو تەوەرە بوون، لە گرنگایەتی فەیلەسووفانەی کۆمەڵایەتی و رەخنەیی ئەو چەمکە بە ئاگا بوون و سەرەتاییترین هەوڵەکانیان بۆ شرۆڤە و شیکردنەوەی گرۆتێسک خستە گەڕ.
لە قۆناغەکانی دیکەی سەدەی نۆزدەدا، تیۆریسیەنەکانی ئەدەبی دیکە،جارێکی‌تر بە ئامانجێکی هاوبەش لە بابەت شیکردنەوەی مانا و ئامانجی گرۆتێسکدا؛لە وێنەی رێسایەکی کەلتووری هونەری، دیسان سەرنجیان خستە سەر ئەو چەمکە.
وڵفگانگ کایزێر لە کاتێکدا خوێندنەوەکانی خۆی لە مەڕ ئەم بابەتە لە کتێبی "گرۆتێسک لە هونەر و ئەدەبیاتدا" دەست پێکرد کە پرس و گرفت و کۆسپەکانی ئەو تەوەرەی، لە بازنەی خوێندنەوەکانی خۆی سەبارەت بە گرۆتسک دانابوو. دەتوانین گرۆتێسک بە هونەرێک بشوبهێنین کە بەشێکی تەوەر،دیمانە و پێکهاتەی دەرەکییە و بەشەکەی دیکەی هاوکات و بە پێچەوانەوە،چییەتی چەمکی بەرباس و لایەنی کۆمەڵایەتی چەمکی بەرباس لەگەڵ جیهانی تاکەکەسیدایە کە ئێمە بەشێک لەو جیهانە پێکدەهێنین.
دیمەنەکانی گرۆتێسک زۆرتر نیشانەی ناهۆگری،زێدەڕۆیی و ئایین و بڕوایەک تێکەڵاو بە پارچەگەلی ناتەبایە کە بۆ ئێمە لە وێنەی جیهانێکی هەڵەوگەڕاو و ناگونجاو دەبینرێت.
ئێمە(بەردەنگ)لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گرۆتێسکدا،بەتەواو مانا لە بەامبەریدا چۆک دادەدەر،حەپەساو و بێ دەسەڵاتین وئەم هەستانە روومان تێدەکەن؛ بووینەتە ئامرازێک بۆ گەمە و گەپچاڕ،گاڵتەمان لەگەڵ دکەن،لە تاقی کردنەوەیەکداین.
گرۆتێسک،وەبیرهێنەرەوەی کۆمەڵێک هەستە،وەک هەستی دڵتەنگ بوون، ترس، ڕق، شایی، سەرقاڵ بوون،دڵەڕاوکێ و دڵەتەپێ‌؛کە بە هۆی هێزی وەبیرهێنانەوەی لە رواڵەتدا وەک پێکهاتەیەکی هەڵکەوتە و ناتەبا دێتە بەرچاو.گرۆتێسک پێوەندی هەم بەم دنیاوە هەیە و هەم بە دنیایەکی دیکەوە و بریتیە لە بانگهێشت کردنێک بۆ دژکردەوەکانی ناتەبا.
سێبەری ترس  باڵی بە سەر گشت پانتایی جێ بڕوانەبوونی گرۆتێسکدا کێشاوە.و ئەمە بەشێکی جیانەبوونەوە لە شرۆڤەی بێ کۆتایی مرۆڤە بۆ دەست راگەیشتن بە هەست و هەرا و زیچ. گرۆتێسک دەبێت دێوزمەیەک بخولقێنێت تاکوو پەیجۆری خۆی بێت و بەم پێیە بە هەرای بەرهەمهاتوو لە خۆفەوە، خۆی دڵنیا دەکاتەوە کە من هەم(بوونم هەیە). (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

۱۳۹۱/۰۳/۱۶

پێوەندی نێوان شانۆ و سیاسەت



" پێوەندی نێوان شانۆ و سیاسەت بەردەوام روانگەی دژ بە یەکی لێکەوتووەتەوە "(بەشی دووهەم)
وتووێژی جەماڵ نەجاڕێ لەگەڵ جەمشید بەهرامی
ئاڵای ئازادی ژمارە 942 بەرواری 14/03/2012

۱۳۹۱/۰۲/۱۳

شانۆی کرێکاری لە جیهاندا


شانۆی کرێکاری لە جیهاندا  

و: جەمشید بەهرامی



شانۆی "کرێکاری"، یەکێک لە تەوەرە گرینگەکانی شانۆی جیهانی ئەم سەردەمەیە. هونەر شانۆییەکان-شانۆ- یەکێک لە چەمکەکانی کەلتوور و شارستانییە. و بە "ئاوێنە" و "چرا" وێنایان کردووە،ئاوێنەیەک لە بەرامبەر "هەبوون"دا:مرۆڤ و سروشت.
چرایەک کە مرۆڤ بە کەڵک وەرگرتن لەو، ناوەوە و دەرەوەی خۆی دەبینێت تاکوو و "خود" و "دیتران" بە باشی ببینێت و بناسێت. جگە لەوە شانۆ "هونەر"ێکە و خولقێنەری جوانییە. هەروەها کە "جان کەیتز"
(John Keats.1795-1821) شاعیری بریتانیایی پێداگری لە سەر ئەوە کردووە: "جوانی حەقیقەتە و حەقیقەتیش جوانییە..." و ئەمەیە ئەوەی کە دەبێت هەر مرۆڤێک بزانێت، تاکوو ببێت بە مرۆڤێکی تەواو.
شانۆ بۆ هەر تاک و گرووپێک، بۆ هەر ژن و پیاوێک، بۆ هەر مندال و لاوێک، دیاردەیەکی بە نرخە، و بەرهەمی هۆش و عەقڵ و زانست و روانگەیە. شانۆ وەڵامێکە بە ویستەکانی مرۆڤ بۆ رەوتی باشتر بوون و بەهرەمەندیە سۆزداری و هەستیەکان. هەروەها شانۆ وەڵامێکە بۆ گەڕانی مرۆڤ لە دووی جوانی...
جگە لە مانەش،شانۆ سەرگەرمکەرە و ئامرازێکە بۆ رابواردن و کات تێپەڕ کردن، و هەروەها ئاسایش و هێمن بوونەوەیە؛ شانۆ شایی بەخشی دەروونە... و هۆکارێکە بۆ دیداری دۆستان و رۆشتن بۆ نێو کۆمەڵەکەسێک، و لەگەڵ دیتراندا بینین: بینینی خود و دیتران.
بە لەبەرچاو گرتنی ئەم گرنگایەتیە قووڵ و بەربڵاوەی هونەری شانۆیە، کە هەموو تاکەکان و گرووپەکان و چینەکانی کۆمەڵگا ئاوڕ لە شانۆ دەدەنەوە و دەسەڵاتی ئەو وڵاتانەی کە بە کەلتوور و شارستانیەت گرنگایەتیان داوە و سەرنجیان پێ داوە، بووجەیەکی زۆریان بۆ پەرەپێدان و گەشەی ئەم هونەرە تەرخان کردووە. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

۱۳۹۰/۰۸/۲۱

کوردستان و سینەما


کوردستان و سینەما
جەمشید بەهرامی

سینەما وەک هونەر و لە هەمان کاتدا وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ پیشاندانەوەی راستیەکان و بە ئاگا هێنانەوەی کۆمەڵگا کارکردگەلێکی جیاوازی هەیە کە دەکرێ بە شێوەیەکی زانستی دبدرێتە بەرباس و ببێتە بە کۆڵەکەیەک کە کوردیش بتوانێت لە وێنەی نەتەوەکانی دیکە بتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە سینەمایەکی تایبەت بە خۆی هەیە. سینەما ئامرازێکە لە وێنەی ئاوێنەیەکی مودێرن کە کۆمەڵگا بە بەردەنگ پیشان دەداتەوە، هەر بۆیە لە لایەنە جیاوازەکانی ژیانی مرۆییدا کاریگەری تایبەتی هەیە.
لە راستیدا داهێنەر(مەبەست دەرهێنەر نییە، بەڵکوو مەبەست ئەو کەسەیە کە دەست دەداتە خولقاندن بە تایبەت لە رەوانگەی لایەنی پیشەیی سینەمادا )، هونەرمەند و بازرگانی سینەمایی سێ سووچە و سێ کۆڵەکەی فیلم پێک دەهێنن. هیچ کامەیان ناتوانن بە تەنیا و بە بێ ئەوانی دیکە ئەرکی بەرهەمهێنان بگرنە ئەستۆ، و لە هەمان کاتیشدا هیچ کام لەوان ناتوانن بە بێ ئەوەی کە کۆمەڵێک بینەر لە هۆڵی سینەما کۆ بکەنەوە، درێژە بە بواری بەرهەمهێنانی فیلم بدەن.
لە کوردستاندا سێ سووچە و سێ توخمی سەرەکی سینەما زۆر بە زەحمەت یەک دەگرنەوە هەر بۆیە ئەو جۆرەی کە چاوەڕوان دەکرێت رەوتی بەرهەمهێنای فیلم لە کوردستاندا بەردەوام بەرەوڕووی کەم و کووڕی دەبێتە و لە ئامانجیشدا بینەری پرۆفشناڵ لە کوردستاندا رێژەیەکی زۆر کەم پێک دێنن. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

۱۳۹۰/۰۷/۱۳

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیکەرسازی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا


خاتووزین

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیکەرسازی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا
(جەمشید بەهرامی)

 ئامانجی سەرەکی هەموو هونەرمەندە پەیکەر سازەکان، پیشاندانی گەورەیی و عەزەمەتی مرۆڤ لە رێگای خولقاندنی پەیکەرە مرۆییەکانەوە بووە.(گۆتە، شاعیری بە ناوبانگی ئاڵمانی) 
بە درێژایی ژیانی مرۆیی، ئێمە بەردەوام دڵەراوکێکانی هونەرمەندمان بینیەوە، کە لە بەرهەمە هونەرییە جۆراو جۆرەکاندا رەنگی داوەتەوە. ئەم دڵەڕاوکێیانە بە درێژایی ژیانی پڕ لە کەند و کۆسپی مرۆڤ بەرز و نزمی بە خۆیەوە بینیوە. پەیکەر سازییە سەرەتاییەکان جاری وا هەیە، گێڕاننەوەی رووداوی راوچی و راو بووه و جار وایش هەیە کە لە خولقاندنی خوداوەندەکاندا رەنگی داوەتەوە. بەڵام ئەوەی کە لە هەموو شتێک گرنگترە خودی " مرۆڤ " و رەوتی بیرمەندی مرڤ بووە. 

ئەوەی کە لە پەیکەر سازی ئەم سەردەمەدا دەمێنێتەوە جیاوازترە لە پەیکەر سازی سەردەمانی پێشووە، بەڵام ئەوەی کە سەدەکانی داهاتوو لە پەیکەر سازی مرۆڤی ئەم سەدەیە وەبیری دێتەوە: مرۆڤگەلێکی تەنیا کە قورسایی دۆخی تایبەت، بووتە هۆکاری ئەوەی کە ببن بە کەسایەتی گەلێکی خەمۆک، لاواز و درێژ پەنگ خواردوو بەرەو ئامانجێکی ناروون. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

۱۳۹۰/۰۶/۲۱

لۆرکا شانۆنامەنووسی ئەوین و ژن




لۆرکا شانۆنامەنووسی ئەوین و ژن
ئـ : جەمشید بەهرامی

زۆر جار باس لە لۆرکا و لایەنە شێعریەکانی لۆرکا کراوە، بەڵام زۆر کەم باس لە شانۆنامەکان و زمان و کەش و هەوای تایبەتی لۆرکا لە شانۆنامەکانیدا کراوە، لای زۆر کەس لۆرکا وەک شاعیرێک ناسراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم لۆرکا بەر لەوەی کە شاعیر بووبێت شانۆنامەنووس بووە، بۆ ئەم بانگەشەیەش جەخت لە سەر زمانی تایبەت، کەش و هەوا و جۆری پێکهاتنی کێشەکان و گرێ شانۆییەکان، تا دەگات بە لووتکەی شانۆنامە لە شانۆنامەکانی لۆرکادا دەکەم.
لۆرکا گرنگایەتیەکی بێ وێنە دەدات بە ژن و پرسی ژن لە شانۆنامەکانیدا و بەردەوام بە خولقاندنی ئاڵۆزیەکان، ئەوین و حەزە سەرکوت‌ کراوەکانی ژنانی کۆمەڵگاکەی بەرجەستە دەکاتەوە، لۆرکا بە بەردەنگ ئیزنی ئەوە نادات کە وچانێکی ئەوتۆ بدات، چرکە چرکە بەردەنگ بەرەوڕووی رووداو و کێشەکان دەکاتەوە کە هۆکاری سەرکی ئەو کێشانەش خودی ژنە، لە "ماڵی بێرنارد ئالبا" چند کچی قەیرە بە دەست بێرنارد ئالبا کە خۆیشی ژنە دەچوسێنەوە، مێرد و دەرباز بوون لەو ماڵە سێحراویە بووتە ئاواتی وەدی نەهاتووی هەرکامە لەو قەیە کچانە؛ لۆرکا لە هەر کامە لە شانۆنامەکانی " یەرما " و " زەماوەندی خوێن " دا بە جۆرێک ئاوڕ لە کێشەکانی ژن دەداتەوە.
ئەگەر لوییز بۆنۆیل، ساڵوادۆر داڵی و فدریکۆ گارسیا لۆرکا ئەو سێ کەسە بوون کە ئێستاش خەڵکی ئیسپانیا شانازی پێوە دەکات، سەرەڕای هەبوونی کێشە لە نێوان لۆرکا و ئەو دووکەسەکەی دیکەدا، بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین ئەوانیش شانازیان بە لۆرکاوە دەکرد بەڵام قەد نەیان درکاند، ئەو سێ کەسە بوونە ئوستوورەگەلێک کە بێ گومان دەتوانین بڵێین لە مێژووی هونەردا هەتا هەتایی بوون. داڵی سورریالیزمی لە شێوەکاریدا هێنایە کایەوە و لۆرکا رۆڵێکی نوێی لە شێعر و شانۆنامە نووسیدا گێڕا، بۆنویل بە فیلمی " سەگی ئەندەلۆسی " لە سینەمادا گۆرانگاری پێک هێنا. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

۱۳۹۰/۰۶/۱۳

فوتوریزم


فوتوریزم

جەمشید بەهرامی


فوتوریزم (Futurism) بزووتنەوەیەکی هونەری کە نەختێک بەر لە شەڕی یەکەمی جیهانی لە ئەدەبیاتدا هاتە کایەوە و دواتر باڵی کێشایە سەر زۆرێک لە هونەرەکان، لەوانە : شێوەکار، پەیکەرسازی، شانۆ، مۆسیقا و ... فوتوریزم یەکێک لە بزووتنە هونەرییەکانی سەرەتای سەدەی بیستە کە سەرەتا لە رووسیە و ئیتالیادا دەستی پێکرد. یەکەمین فوتوریستێک کە بیر و راکانی ئەم بزووتنەوەی لە تۆی مانیفێستێکدا تیوریزە کرد، شاعیری ئیتالیایی فیلیپۆ توماسۆ مارتینی بوو. مارتینی لە تیوریەکەیدا کە لە ساڵی 1909 دا چاپ بوو، باسی لەوە دەکرد کە : فوتوریستەکان زۆر رەش بینانە سەیری رابردوو دەکەن و بە تایبەت بە چاوێکی گەشەوە سەیری بیرو رای رابردوەکان لە سەر هونەر ناکەن.
مارتینی بانگەوازی بۆ رووخاندنی مۆزەخانەکان، کتێبخانەکان، ئاکادمیەکان و سەنتەرە کەلتووریەکان و ... دەکرد، هۆکارەکەی دەگەڕایەوە بۆ ئەوەی کە فوتوریستەکان بە پێی مانیفێستەکەیان لە سەر ئەو رایە بوون کە بۆ ئەوان شێوازی فوتوریزم دژکردەوەیەک بوو لە هەمبەر دواکەوتوویی ئەو سەردەمەی ئیتالیادا، دەیانگوت : " ئێمە دەمانەوێت کە ئەم وڵاتە لەو گرێیانەی کە وەک شێرپەنجە( مامۆستاکانی زانکۆ،مێژوو نووسەکان و ...) بەرۆکی پێشکەوتنی ئەم وڵاتەیان گرتووە رزگار کەین. ئامانجی ئێمە رزگار کردنی وڵات لە مۆزەخانەکانە کە وەک گۆڕستانێک کە هەتا دێت بەر بڵاوتر دەبێتەوە." هەڵبەت ئەوان سەرکەوتوو نەبوون و بە ئامانجەکانی خۆیان نەگەیشتن و ئەمڕۆکە بەرهەمە هونەرییەکانیان لە زۆربەی مۆزەخانەکاندا لە وێنەی شۆڕشێکی هونەری بێ ئاکام پیشان دەدرێت.
(بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

۱۳۹۰/۰۵/۱۵

هونەردەرمانی، زانستی دۆزینەوەی راستیەکان


هونەردەرمانی، زانستی دۆزینەوەی راستیەکان

ن : پارامیس ئیزەد پەنا 
و: جەمشید بەهرامی
دراماتراپی شیوازێکی سیستماتیکە بۆ کەڵک وەرگرتن لە درام و شانۆ لە راستای یارمەتیدان بە گەشەی هەست و پەرەپێدەری دەروونناسی. لە وێنەی هونەر تراپیەکانی دیکە، شانۆش مێدیۆمێکی خولقێنەر بۆ دەروون دەرمانییە. ئەمە رەوتێکی پڕ جم و جووڵ، چالاک و بەهێزە کە بۆ کەسانی ئاڵۆز، و کێشەکانی دیکەی دەروونی کاریگەرە، و بۆ دۆزینەوەی گەشەی کەسایەتی هەموو مرۆڤەکان، بە یەک رادە کاری کارتێکردنی هەیە. 
دراما تراپی کە لە کۆبوونەوە جیاوزەکاندا، لە وێنەی ئەنجومەنەکانی یارمەتیدەری خاوێنی دەروونی، خەستەخانەکان، زیندانەکان، یەکە پیشەییە سەربەخۆکان، وەک لایەنێکی نەگۆڕی کێشە کۆمەڵایەتیەکان هاتووەتە ئاراوە.
هونەر بە درێژایی مێژوو، جێگایەکی تایبەتی لە نێو نەتەوە جیاوازەکاندا بوونی هەبووە، ئەم جێگا تایبەتە نەک لە روانگەی زمانی و بینینەوە و کاریگەری کاتی بەرهەمە هونەرییەکان، بەڵکوو لە روانگەی پێوەندی راستەوخۆی لەگەڵ رۆح و دەروونی مرۆڤەوە جێگای تێڕامان و شرۆڤەیە. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

۱۳۹۰/۰۴/۱۱

ئێکسپێرسیۆنیزم


ئێکسپێرسیۆنیزم
جەمشید بەهرامی


ئێکسپێرسیونیزم
(Expressionism)
لە وشەدا بە مانای دەربڕینی راشکاوانەی هەستە ناوەکییەکانە؛ کە بە راستی ئەم شێوازە لە سەر بنەمای هەست، و وەدەنگ خستنی هەست یان دەنگە سۆزدارە ناوەکییەکانە.
شێووازی ئێکسپێرسیۆنیزمی سەدەی بیست بەرهەمی رووداوە تاڵەکان، و تەنگ و چەڵەمە ئازار خولقێنەکانە کە ئەم سەدەیە بۆ خەڵکی ئورووپا دەستە بەری کرد؛ لە راستیدا دەنگ هەڵبڕێنی ناڕەزایەتی بوو لە هەمبەر شەڕ و داب و نەریتی مەکربازانەی فەسادی داسەپاو بە سەر کۆمەڵگادا و هەروەها نارەزایەتی دەربڕێن لە هەمبەر تاکگەرایی دەسەڵاتداران و یاسا دژە مرۆییەکان بوو.
ئێکسپێرسیۆنیزم بە بۆچوونێک گەورە کردنەوە و پێداگری لە سەر پەیکەری مرۆییە، بە مانای دەڕبڕینی هەست و سۆزی لە رادەبەدەرە؛ لە کۆدا دەستە واژەی ئێکسپێرسیۆنیزم بۆ وەسفی ئەو بەرهەمانە بەکار دێت کە هونەرمەندان لەواندا بە هۆکاری دەربڕینی سۆزەکان یان جۆرە ناوەکیەکان بۆ دەستێوەردان لە راستیەکاندا، دەکۆشن بەرهەمەکانین بخولقێنن.(بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

۱۳۹۰/۰۴/۰۴

هونەر، تاک‌گەرایی، سیاسەت




هونەر، تاک‌گەرایی، سیاسەت
و: جەمشید بەهرامی

هونەر بەستێنی داهێنانی تاکە کەسیە. بە مانای سەربەخۆیی بەرهەمی هونەری( زەین ). ئەوەی کە مەبەستی دێکارت بووە. بەو واتایەی کە لە مودێرنیتی دا، بەرهەمی هونەری، سەربەخۆیە و توانای ئەنجامی هەموو کردەیەکی هەیە، کە وایە باشترین دۆخی مرۆڤ ئەوەیە کە هەرچێ بەرەو پێش دەڕوات سەربەخۆتر و ئازادتر بێت.
هونەر ئەو هەلە بۆ تاک‌گەرایی دەڕەخسێنێ، بوونی شێواز بە مانای رێخەری عەقڵانی هونەرمەندانە ، هونەرمەند بۆ گەیشتن بە تاک‌گەرایی دەبێت بگاتە جێگایەکی سەرتر لە شێواز ، کە وایە هونەرمەندی راستەقینە گرێی خواردووی ئازاد بیرکردنەوەیە.
بۆ دەستپێک لە هونەردا، دەبێت شیوازەکان ئەزموون بکرێت و بۆ بەردەوام بوون دەبێت سورریالیست بیت. بۆ پەرەپێدەری، ئازادی پێویستە. هانا ئارێنت دەڵێت: " سیاسەت بە مانای دیالۆگ و وتووێژی ئازاد و ئازادانە بڕیاردانە " لە روانگەی ئارێنتەوە، ئەسینای سەدەی پێنجەمی بەر لە زایین، خۆنوێنی سیاسەتی راستەقینە بووە.
شارومەندان بەشێوەیەکی ئازاد باسیان لە سەر دەور و بەریان دەکرد. وتوێژی فەرمی بە واتای ئازادی نگەتیڤ هیچ مانایەکی نەبوو. ئەو ئازادیە نگەتیڤەی کە " ئایزایا بەرلین " باسی دەکر. هیچ بەربەست و سنوورێک بەدی نەدەکرا.
لە هونەردا دوو جۆر سنوور و بەربەست بەدی دەکرێت:
-          سنووری هونەر لە سەر هونەر
-          سنووری کردەی دەرەکی لە سەر هونەر (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

۱۳۹۰/۰۳/۱۸

کۆمەڵناسی هونەر


کۆمەڵناسی هونەر
و : جەمشید بەهرامی
هونەر و لایەنە جیاوازەکانی و کاریگەرییە جیاوازەکانی لە کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکاندا و تەنانەت یەک کۆمەڵگادا تایبەتە. هەر بە پێی ئەم ئالٶزیەیە کە خوێندنەوەی یەک لایەنە ناتوانێت پێشاندەری تەواوی رەهەندەکانی بێت. بە هەر جۆرە روانینێک بۆ یەکێک لە لایەنە هونەرییەکان، شێوە خوێندنەوەیەکی تایبەت بە دی دێت.
ئەگەر چی لە کۆمەڵناسی هونەردا جێگای باس یەک مەبەستە، بەڵام بە وەرگرتنی روانگە جیاوازەکان بۆ شرۆڤەکردن، لقگەلێکی جیاواز پیک دێت.

ئەم لقانە بە دوو گرووپی گشتی دابەش دەکرێن :
-          لێکۆڵینەوەی هونەری بە شێوازی وەسفی
-          لێکۆڵینەوەی هونەری بە شێوازی زانستی (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

۱۳۹۰/۰۳/۱۳

مرۆژێک کۆچەرێکی تاراوگەنشین


مرۆژێک کۆچەرێکی تاراوگەنشین
         ئـ : جەمشید بەهرامی

سلاومیر مرۆژێک (SLAWOMIR MROZEK)، شانۆنامەنووسی پۆڵۆنیایی کە بە یەکێک لە کەڵە نووسەرەکانی قوتابخانەی ئەبزۆرد ناسراوە،بەردەوام جەخت لە سەر دڵەڕاوکێکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە دەکات، بە پێی روانگەکانی ئەو پێکەنین چارەسەری کێشەکانە و ئامرازێکە بۆ ئەوەی چەک لە دوژمن بسێنێتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە لەوانەیە لە کاتی پێویستدا ئازارخولقێن بێت. ئەو قەد لە بەرهەمەکانیدا پێکەنین ناسڕێتەوە و هاوکات تراژدیا و کۆمێدیای ژیانی تاکی ئەمڕۆ، بە یەکەوە دەخاتە روو.
مرۆژێک شانۆنامەنووسێکە کە بە کۆچەوە دەستی پێکرد. کەسایەتییەک کە ژیانی دام و دەزگا دیکتاتۆرییەکان دێنێتە سەر تەختی شانۆ، تاکوو لەو دام و دەزگایانەدا لە رۆشنبیرەکان و هزروانەکانی تاوانبار بە نەبوون، بدوێت و دەسەڵاتەکانی تاک رەهەندی و تۆتالیتەر کە هزر لەواندا هیچ پێگەیەکی نییە دەخاتە ژێر پرسیار.
مرۆژێکی لایەنگری ئازادی،لە ساڵی 1930 لە وڵاتیێک چاوی هەڵێنایە دوونیا کە " کەلتووری کۆچ " لەوێدا کەلتوورێکی نامۆ بوو،
پۆڵۆنیا کە لە سەدەی بیستەمدا، زۆرترین کۆچبەرانی لە سەرانسەری دوونیا گرتبوووە خۆی و دواترەکان سووژەگەلێکی رەسەن بوون بۆ خولقاندنی مێرۆژێک، نووسەرێک کە خۆی پتر لە 30 ساڵ لە لە ژیانی لە تاراوگە و کۆچ کردن‌دا بە سەر برد.(بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

۱۳۹۰/۰۳/۰۱

کاتارسیس لە سەردەمەکانی شانۆییدا



کاتارسیس لە سەردەمەکانی شانۆییدا
         ئـ : جەمشید بەهرامی

کاتارسیس وشەیەکی یۆنانییە بە مانای خاوێنی،پاکژ بوونەوە،کە دواتر بۆ زۆربەری لێکۆڵەران لە وێنەی وشەیەکی کاریگەره ، ئەم وشە لە بنەڕەتدا لە وشەی کاتارین بە مانای"خاوێن بوونەوە"یە و لە پرۆسەی گەشەدا لە مەزهەب و پزیشکی و نەریتە علمانییەکانی دیکەی یۆنانیەوە گواستاراوەتەوە بۆ بوارەکانی دیکە.
بەڵام یەکەمین پێناسەی کاتارسیس لە بواری هونەرەکانی شانۆیی هەمان پێناسە دەگرێتە خۆی کە ئەرەستوو لە "بووتیقا"دا  ئاماژەیان پێ دەکات: " هەستێک کە کاریگەری دەکاتە سەر رۆح، ئەم کاریگەرییە لە رۆح و ناخی دیترانیش تا ئەو رادەیە کە ئەگەر، جیاوازیەک لە نێوان ئەم کاریگەرییانەشدا بێت بەس تا رادەیەکە، بۆ وێنە جیاوازی لە نێوان بەزەیی و ترس یان بۆ وێنە تامەزرۆیی؛ هەندێ کەس بۆ بە دەست‌هێنانی هەستی تامەزرۆیی زۆرتر زەوقیان تێدا بەدی دەکرێ، بەڵام کاتێک ناچار بن لە میلۆدیگەلێک بۆ کاریگەری لە سەرهەستی خۆشی کەڵک وەرگرن،بە هۆی ئەم میلۆدییە دەگەڕێنەوە بۆ هەل و مەرجێکی ئاسایی،لە وێنەی چارەسەر لە لایەن پزیشک،خاوێن و پاکژ(کاتارسیس) دەبنەوە". (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

۱۳۹۰/۰۲/۳۰

خوێندنه‌وه‌یه‌كی پوخت له‌ سه‌ر ئه‌بزۆردیسم له‌ شانۆدا




خوێندنەوەیەکی پوخت لە سەر ئەبزۆردیسم لە شانۆدا
               ئـ : جەمشید بەهرامی

شانۆی ئەبزۆرد(پووچی) لە یەک رەستەدا بە مانای رۆچوونی فەلسەفە و ناوەرۆکێکی پووچ لە فۆرم و رواڵەتدایە، ژان پۆل سارتر ئاماژەی بە پووچی گەردوون دەکرد تا لەم رێگەیەوە مانای بوون ناسانە (onto logic) لە بنەڕەت ترین شوێنی خۆیدا ببینێتەوە و بە کەڵک وەرگرتن لە هەیدگر،کەڵە فەیلەسووفی بوون ناس؛ پێگەی بەجێهێشتنی خۆی، مردن و دواییش  لە مانای قووڵی نەبووندا دابنێت. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)