۱۳۹۱/۰۲/۱۳

شانۆی کرێکاری لە جیهاندا


شانۆی کرێکاری لە جیهاندا  

و: جەمشید بەهرامی



شانۆی "کرێکاری"، یەکێک لە تەوەرە گرینگەکانی شانۆی جیهانی ئەم سەردەمەیە. هونەر شانۆییەکان-شانۆ- یەکێک لە چەمکەکانی کەلتوور و شارستانییە. و بە "ئاوێنە" و "چرا" وێنایان کردووە،ئاوێنەیەک لە بەرامبەر "هەبوون"دا:مرۆڤ و سروشت.
چرایەک کە مرۆڤ بە کەڵک وەرگرتن لەو، ناوەوە و دەرەوەی خۆی دەبینێت تاکوو و "خود" و "دیتران" بە باشی ببینێت و بناسێت. جگە لەوە شانۆ "هونەر"ێکە و خولقێنەری جوانییە. هەروەها کە "جان کەیتز"
(John Keats.1795-1821) شاعیری بریتانیایی پێداگری لە سەر ئەوە کردووە: "جوانی حەقیقەتە و حەقیقەتیش جوانییە..." و ئەمەیە ئەوەی کە دەبێت هەر مرۆڤێک بزانێت، تاکوو ببێت بە مرۆڤێکی تەواو.
شانۆ بۆ هەر تاک و گرووپێک، بۆ هەر ژن و پیاوێک، بۆ هەر مندال و لاوێک، دیاردەیەکی بە نرخە، و بەرهەمی هۆش و عەقڵ و زانست و روانگەیە. شانۆ وەڵامێکە بە ویستەکانی مرۆڤ بۆ رەوتی باشتر بوون و بەهرەمەندیە سۆزداری و هەستیەکان. هەروەها شانۆ وەڵامێکە بۆ گەڕانی مرۆڤ لە دووی جوانی...
جگە لە مانەش،شانۆ سەرگەرمکەرە و ئامرازێکە بۆ رابواردن و کات تێپەڕ کردن، و هەروەها ئاسایش و هێمن بوونەوەیە؛ شانۆ شایی بەخشی دەروونە... و هۆکارێکە بۆ دیداری دۆستان و رۆشتن بۆ نێو کۆمەڵەکەسێک، و لەگەڵ دیتراندا بینین: بینینی خود و دیتران.
بە لەبەرچاو گرتنی ئەم گرنگایەتیە قووڵ و بەربڵاوەی هونەری شانۆیە، کە هەموو تاکەکان و گرووپەکان و چینەکانی کۆمەڵگا ئاوڕ لە شانۆ دەدەنەوە و دەسەڵاتی ئەو وڵاتانەی کە بە کەلتوور و شارستانیەت گرنگایەتیان داوە و سەرنجیان پێ داوە، بووجەیەکی زۆریان بۆ پەرەپێدان و گەشەی ئەم هونەرە تەرخان کردووە. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

بە هەر حاڵ، لە نێوان چینەکانی کۆمەڵگادا، گرنگایەتی چینی کریکار، و رۆڵی ئەو لە پارێزگاری کردن و پێش خستنی کۆمەڵگا و وڵاتدا، بە هۆی روون بوون و رێژەی زۆر، چیتر پێویستی بە شیکردنەوە نییە: کرێکاران ژێرخان و بنەمای کۆمەڵگان و هێزی کاری ئەوانە کە کۆمەڵگا دەبزوێنێت و بەرەو پێشی دەبات: کرێکاران "ژیان" دەبەخشنە کۆمەڵگا.
بە هۆی رێژەی زۆری کرێکاران و بەربڵاوی ئەو چینە، و هەروەها بە هۆی رۆڵی زۆر گرینگی ئەوان لە کۆمەڵگا– بە تایبەت لە سەردەمی پێشەیی بوونی وڵاتەکانی جیهاندا و پێکهاتنی چینی " کرێکاری پیشەیی " یان ئەو کرێکارانەی کە لە بەشی پێشەسازیدا کار دەکەن – " کرێکاران" و "چەمکە کرێکارییەکان" بە شێوەیەکی روون و بەرچاو لە "هونەری شانۆ"دا خۆ دەنوێنن. بە شێوەیەک کە دەکرێ بە دوو شێواز باس لە مانا و تێگەیشتنی"شانۆی کرێکاری" بکرێت:
١- یەکەم ئەوەی کە گرووپێک لە شانۆنامە نووسان - و هونەرمەندان و هاوکارانی دیکەی هونەری شانۆ – و بە تایبەت ئەوانەی کە سەر بە قوتابخانەی هونەری ریالیزم (Realism) و ئێکسپێرسیۆنیزم (Expressionism) و حیماسی (ئێپیک Epic) بوون، کرێکاران و "چەمکە کرێکارییەکان"یان لە ناوەند و دڵی بەرهەمەکانیان دانا؛ دۆخی کارکردن، حەق دەست، تەندرووستی، پێوەندی بنەماڵەیی، پێوەندی ئەوینداری، نەخۆشییە دەروونی و جەستەییەکان، یاساگەلی ناڕەوا، چەوساندنەوە، بێگاری، تەنگەژەی مادی و مەعنەوی، ترس و دڵەراوکێکان و هیواکان، پێوەندی کرێکار و خاوەن کار و لە راستیدا تێگەیشتنی چین و دژایەتی نێوان چینەکان، ئاڵ و گۆڕە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکان کە لە ژێر کاریگەری بزووتن و چالاکی کرێکاراندا پێک دێت، و چەمک‌گەلێکی لەو وێنەیە، ناوەرۆکی بەشێکی زۆر لە شانۆنامەکان و شانۆ پێشکەش کراوەکانە کە لە پانتایی "شانۆی کرێکاریدا" – لە بەربڵاوترین مانایدا– جێگیر دەبن.
یەکیک لە ئامانجە سەرەکییەکانی شانۆنامەنووسان، و هونەرمەندانی "شانۆی کرێکاری"، بریتی بووە لەمەی کە : بە رەخنە گرتن و پیشاندانی "دۆخی هەنووکەیی" چینی کرێکار، ئاماژە بە "دۆخی خوازراو" دەکرێت و لە ئاکامدا "دۆخی خوازراو" داوا دەکەن و بانگەشەی بۆ دەکەن.
ئەوان تێدەکۆشان تاکوو بە هۆشیار کردنەوەی و بە هەستیار کردنی کرێکاران و تاکەکانی دیکەی کۆمەڵگا لە بەرامبەر دۆخ و هەڵ و مەرجی ژیانی کرێکاری، و لە کۆدا "چارەنووسی کرێکار لە کۆمەڵگادا"، لە لایەکەوە کرێکاران بۆ خوێندنەوەی مافە مرۆییەکانی خۆیان هۆشیار بکەنەوە و گرنگایەتی هێزی کار و کۆبووەنەوەکانیان وەبیر بهێننەوە، و لە لایەکی دیکەشەوە تاکەکانی کۆمەڵگا هان بدەن بۆ بەخشین ئەو مافانە بەوان.
٢- "شانۆی کرێکاری" بە شێوازێکی دیکە دەرکەوتووە، و ئەگەرچی لەم روانگەوە هاو وێنەیی و پێوەندیگەلێکی زۆری هەیە، بەڵام دەکرێ بە شێوەیەکی سەربەخۆ و تایبەت باسی لە سەر بکرێت: شانۆیەکە کە لە لایەن خودی دەرهێنەر و "سەبارەت بە کرێکاران" و بۆ خودی ئەوان چێ کراوە. هەڵبەت ئەم شێوازی "شانۆی کرێکاری"ـە، زۆرتر لە رووی "ناوەرۆک" و "فۆرم"ـەوە زۆر یان کەم دانی بە هەمان بنەماکانی جۆری یەکەمدا ناوە، بەڵام جیاوازیەکەی لەوەدایە کە لێرەدا "شانۆی کرێکاری" (بە مانای دووهەم)، جم و جووڵ و تێکۆشانگەلێکی ئاگاهانەتر و تایبەت‌تر و بە ئامانج‌ترێکە و پێوەندی زۆرتری لەگەڵ دەرهێنەردایە.
شانۆنامە نووسەکان، ئەکتەرەکان،دیزاینەرانی سێن، رووناکی، دیزاینەرانی جل و بەرگ، و تەنانەت "بینەران(بەردەنگ)"، زۆرتر لە چینی کرێکارن.
ئەم جۆرە شانۆیانە، زۆرتر لە سەنتەرەکان، کارگەکان و ئیدارەگەلێکدا پێک دێن کە تایبەت بە کرێکارانە و یان کەسانێک کە راستەوخۆ لەگەڵ ئەواندا پێوەندیان هەیە.
" شانۆی کرێکاری" لە مانای دووهەمدا، شانۆیەک لە کرێکاران، سەبارەت بە کرێکاران و بۆ کرێکارانە. و لە جۆرە "شانۆگەلێکی تایبە" وەک: "شانۆی جووتیاران"،"شانۆی فەرمانبەران"، "شانۆی هێزە چەکدارەکان"، "شانۆی وەرزشوانان"، "شانۆی ژنان"، "شانۆی منداڵان"، "شانۆی بەساڵاچوان" و... دێتە ئەژمار.
لێرەدا بە پێویست دەزانم کە پێشینەی "شانۆی کرێکاری" لە جیهاندا، و هەروەها بە شانۆی "حیماسی" کە لە گەشەی ئەم شانۆیەدا رۆڵی سەرەکی هەبووە ، و هەروەها بە چەند دۆخ و رەوتی گرینگی "شانۆی کرێکاری" لە جیهاندا ئاماژە بکەم.
شانۆی حیماسی و پێوەندییەکانی لەگەڵ "شانۆی کرێکاری"

پێش لە شەڕی دووهەمی جیهانی و هاوکات لەگەڵیدا ، رەوتێکی شانۆیی لە ژیر ناوی "شانۆی حیماسی" لە ئاڵماندا هاتە ئاراوە، و لەوێوە لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە خاوەنی نەریت‌گەل و قوتابخانەکانی شانۆیی بوون، بڵاوەی کرد. لە بەر هۆکاری جۆراوجۆر ئەم شانۆیەیان بە "حیماسە" ناوزەد دەکرد.
بە وتەی "جۆرج" و پۆرتیا" و "کرنۆدڵ" یەکێک لەو هۆکارانە، بریتیە لە خۆڕاگریەکی حیماسەیی کە کەسانی بەبرەو و خەڵکانی ئاسایی کۆمەڵگا – بەتایبەت کرێکاران – لە رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ناعەداڵەتی، مڵهوڕی و چەوساندنەوەدا لە خۆیان نیشانیان داوە.
لە روانگەی لایەنگرانی شانۆی حیماسیەوە، پاڵەوانەکانی سەردەمی نوێ، خەلکانی بێ ناو و نیشان و ئاسایی – لەوانە کرێکار -  بەڵام مەزن و بە شەرەفن، کە لە خەبات دژی شەڕ و ئاژاوەدا(ناعەداڵەتی، مڵهوڕی و چەوساندنەوە) دەجەنگێن. بەو پێیە لە روانگەیەکەوە دەکری بگەینە ئەم ئامانجە کە ئەژماری زۆر رێژەیی هاوکارانی "شانۆی حیماسی" و لەوانە "ئیروین پیسکاتۆر"
( Erwin Piscator, 1893-1966 ) دەرهێنەری ئاڵمانی و هەروەها "بێرتۆلت بریشت" ( Bertolt Brecth, 1898-1956 ) شاعیر و شانۆنامە نوسی ئەڵمانی، لە سەر ئەو بڕوایە بوون کە "حیماسە" و پاڵەوانی‌گەری، هەرگیز لە ناو نەچووە، بەڵکوو بە درێژایی مێژوو، فۆرم و ناوەرۆکێکی جیاوازی بە خۆوە گرتوە : چینی کۆمەڵایەتی پالەوانەکان، دلخوازەکانیان و هەروەها شوێەکانی شەڕی ئەوان گۆڕدراون.
لە پێوەندی لەگەل چینی کرێکاردایە کە "شانۆگەلی کریکاری"
( Proletarian Theatre ) لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم، بە رێژەی زۆری گەشە دەکات. و "ئیروین پیسکاتۆر" لە سالی 1920ی زایینی، رادەگەیەنێت، کە پێشکەش کردنی شانۆ دەبێت : 1- پیشاندەری تێکۆشانەکانی کرێکاران بێت. 2- ئەکتەرەکان، تا ئەو شوێنەی دەکرێت لە نێوان کرێکارانی بەبەهرە و پێشکەوتوودا هەڵبژێردرێت.
بەم پێیە لایەنگرانی قوتابخانەکانی شانۆیی "ریالیزم" و "حیماسی" یان بە وتەی "کرنۆدڵ"، "ریالیزمی حیماسی"
( Epic Realism ) دەتوانن بۆ پیشاندانی ژیانی کرێکاران لە ناوەندەکان و ناوچە جۆراوجۆرەکاندا تێبکۆشن. و ژیانی کرێکارانی ماسی‌گیر،کانەبەردەکان،کارگەکانی رستن و چنین و... لە سینی شانۆدا رازاندوەتەوە.
دامەزراندنی " شانۆی کرێکاران " لە ئۆتریش
نزیکی سەد ساڵ لەوە پێش، زۆربەی هۆڵەکانی شانۆ – و کەسانێک لە وێنەی "فرای ولکس بون"  (Freie Volksbuhne) لە ئاڵماندا دەستیان دایە پێشکەش کردنی شانۆگەلێک کە لەگەڵ زەوق و سەلیقەی دەرهێنەراندا پێوەندیەکی زۆری هەبوو، و تەنانەت کاتی پێشکەش کردنی شانۆکان لە یەکشەممان( رۆژی پشودانی فەرمی کرێکاران لەو ولاتەدا- سەرلە بەیانی و دوانیوەڕۆ بوو.
ئاوڕدانەوە کرێکاران لەم پرۆگرامە شانۆییانە بووە هۆی ئەوەی کە لە وڵاتانی دیکەشدا "شانۆی کرێکاری" پیک بێت و گەشە بکات. سەرنجدانی کرێکاران بە شانۆ لە لایەکەوە، و لە لایەکی دیکەشەوە سەرنجی هونەرمەندانی هونەرە شانۆییەکان بە کرێکاران، بووە هۆی دامەزراندنی گرینگترین هۆڵەکانی شانۆی کرێکاری لە ئورووپادا لە ژێر ناوی " شانۆی کرێکاران "
  (Workmen’s Theatre ) لە "ویەن " پایەتەختی وڵاتی ئۆتریش.
شانۆی کرێکاری لە روسیە
لە " روسیە " هەروەها بایەخێکی زۆر بە " شانۆی کرێکاری " دراوە. ئەم ئەرکە بە تایبەت لە شۆڕشی ئۆکتۆبری1917،و بە دەسەڵات گەیشتنی "کمۆنیستەکان" کە دەسەڵاتەکەی خۆیان بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری کرێکاری ناوزەد دەکرد، بە روونتر دەردەکەوێت. شانۆ کرێکارییەکانی روسیە، پێش لە شۆڕشی کمۆنیستی ساڵی 1917، زۆرتر بریتی بوون لەو شانۆیانەی کە ئازار و سەخڵەتەکانی کرێکاران و ژیانیان لە سەردەمی دەسەڵاتی " تێزارەکان "ی دەستە سەر تەختی شانۆ. بەڵام دوای شۆڕشی ئۆکتۆبری 1917 " شانۆی کرێکاری " مانایەکی نوێی بۆ خۆی دەستەبەر کرد. و زۆرتر ئەو شانۆیانەی لە خۆ دەگرت، کە لە خزمەتی ئامانجەکانی " ئایدۆلۆژیای مارکسیست - لێنینیستی "دا بوون و گرنگیان بە بێخەوش بوونی ئەم ئایدۆلۆژیایە، و پێویستی بەرهەمهێنانی زۆرتر دەدا،و جەختیان لە سەربەرز راگرتنی بایەخەکان و دەستکەوتەکانی شۆڕشی " مارکسیست – لێنینیستی " دەکرد. ئاوەها شانۆیەک ژۆزێف ستالینی لە وێنەی سەمبۆل و نیشانەی رسکانی ئاپۆڕە کرێکارییەکان ستایش دەکرد و تا رادەیەکیش دەیپەرەستی، بەڵام لە ساڵی بە دەسەڵات گەیشتنی " نیکیتا خرۆشچۆف " لە ساڵی 1958، و ئال و گۆڕی دۆخی سیاسی لە روسیە، لە ئاکامدا تەوژمی ئەو رەوتە رووی لە داکشان کرد.
خرۆشچۆف و جێگرەکانی ستالین‌یان بە جەنایەتگەلی گەورە تاوانبار کرد و سیاسەتەکانی ئەویان بە ناڕەوا ناوزەد کرد و تا رادەیەک ئازادی مەرجداریان لە کۆمەڵگای روسیەدا بڵاوە پێدا. سەرەڕای ئەوەی کە ئەوانیش " ریالیزمی سوسیالیستی "یان لە وێنەی تەنیا قوتابخانەی هونەری پێناسە دکرد و دەیانناساند، هەر بۆیە نەختێک ئازادیان بە هونەرمەندان و هاوکارانی " شانۆی کرێکاری " بەخشی. بەڵام هەر بە هەمان شێوە شانۆیان بە راگرتن و بانگەشەی بایەخەکان، دروشمەکان و بنەماکانی " مارکسیست – لێنینیستی " ساڵی 1917ی زایینی، بەستەوە. جەختیان لە سەر ناوەرۆکی ئەو قوتابخانەیە دەکرد، لە وێنەی پێودان و پێوەرەکانی هەر چەشنە بیرو بۆچوونێک و بە تایبەت بیری شانۆیی.
شانۆی کرێکاری لە ئەمریکا
شانۆی کرێکاری لە ئەمریکا وەک دژکردەوەیەک بۆ چەمکەکان، کێشەکان،چارەڕەشی و ئێش و ئازارەکانی کرێکاران و ژیانی کرێکاری لە کۆمەڵگای بورژوازی پیشەیی‌دا هاتە ئاراوە. و لەوێوە کە رێژەی زیادەیی لە کرێکارانی ئەمریکایی، رەش پێست و زەرد پێشت بوون و لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانەوە بۆ ئەمریکا کۆچیان کردبوو، شانۆگەلی ئەتنیکی و نەتەوەیی کرێکاریش، پێک هات، بە تایبەت شانۆکانی " کرێکارانی رەش پێستی ئەمریکایی "، کە ئەکتەرگەلێکی لاو و " ئیتل واترز "، " پۆل راپ " و چەند کەسێکی دیکە، لە گەشەی ئەم جۆرە شانۆییە رۆڵی سەرەکیان بوو. لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم،" شانۆ کرێکارییەکان " لە ئەمریکادا چالاکیەکی زۆر بەرچاویان هەبوو. و لەم سەردەمەوەیە کە " ئەنجومەنی ئەدەبیاتی شانۆیی کرێکاران " و هەروەها " شانۆنامەنووسە نوێیەکان " – کە لە ئەنجومەنەکانی " شانۆی کرێکاری " بەناوبانگن. هەر لەو سەردەمەدا، کۆچبەرانی ئەڵمانی، مەجارستانی، جوولەکە و ... لە ئەمریکادا، هەر کامەیان بە جیا بە زمانی نەتەوەیی خۆیان دەستیان دایە دامەزراندنی شانۆ کە زۆرتر بۆ کرێکاران و سەبارەت بەوان بوو. بەڵام لە سالی 1929ی زایینی‌دا لە یەکیەتی دوازدە گرووپی نەتەوەیی- شانۆیی، " شۆرای سانۆی کرێکاران، دامەزرا. و لە ساڵی 1931ی زایینی ئەو گرووپانەی کە لەم ئەنجومەنە گرینگەدا یەکیان گرتەوە هەڵکشا بۆ بیست و یەک گرووپ. و تەنانەت گۆڤارێک لە لایەن ئەو ئەنجومەنەوە لە ژێر ناوی "شانۆی کرێکاران" بڵاو کرایەوە. لە ئاکامدا ئەم شۆرایە بە " رێکخراوی جیهانی شانۆی کرێکاری " پێوەست بوو. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە رێکخراوێکی جیهانی شانۆی کرێکاری بوونی هەیە، کە زۆرتر شانۆ کرێکارییەکانی جیهان لەودا ئەندام بوون. ئەو رێکخراوە لە ژێر ناوی "یەکیەتی نێونەتەوەیی شانۆی کرێکاران"ـە ( International Worker’s Dramatic Union ).
ن: د. فرهاد ناظرزادە کرمانی
ئاماژە: پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە بەشی کۆتایی ئەم وتارە لە بەر گرینگ نەبوون و لۆکاڵی کردنەوە بابەتکە لە لایەن نووسەرەوە،وەرنەگێڕدراوەتە بۆ زمانی کوردی!
ژێدەر :
نووسەر:د.فەرهاد ناظرزادە کرمانی
مجلە نمایش- دورە قدیم- شمارە40- ص 40-43

ئەم بابەتە لە ژمارەی 80ی ئاسۆی رۆژهەڵاتدا لە بەرواری 12/2/1391 چاپ کراوە.
http://www.asoyroj.com/details.aspx?=News&ID=5852&Babat=6