۱۳۹۱/۰۱/۳۰

ئاکامی بێ ئاکامی!

ئاکامی بێ ئاکامی
لە پەراوێزی خولی نوێی کۆبوونەوەکانی گرووپی ٥+١ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی
جەمشید بەهرامی

گرووپی ٥+١ بریتی لە وڵاتانی بریتانیا، فەڕانسە، چین، روسیە و ئاڵمان، تا ئێستە بۆ کێشەی دۆسیەی ناوەکی کۆماری ئیسلامی لە چەند خولدا لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دانیشتنیان کردووە، کە ئاکامێکی ئەوتۆی لێنەکەوتوەتەوە.
دوای ١٥ مانگ لە ئەمجارە لە رۆژی شەممە ١٤ی ئاوریل(٢٠١٢) وتووێژەکان لە ئیستامبۆل دەستی پیکردەوە. دوا بە دوای کۆبوونەوەی ئەمجارە هەردوولا جەختیان لە سەر ئەوە کرد کە کۆبوونەوەکەی ئەمجارە دڵخۆشکەر بووە، هەر بۆیە شوێن و کاتی خولی نوێی کۆبوونەوەکان دیاریکراو و بڕیارە لە رۆژی چوارشەممە ٢٣ی مانگی مەی ئەمساڵ(٢٠١٢) لە بەغداد بەڕێوە بچێ.
دیارە گرووپی ٥+١ پێشتریش کۆمەڵێک داخوازی بووە و داوای کردووە کە دەبێت کۆماری ئیسلامی مل کەجی بڕیارە نێونەتەوەییەکان بێت، ئەمجارەش بە پێداگری لە سەر داخوازییەکانی پێشووی، گرووپی ٥+١ سەرەکی ترین داخوازییەکانی لە درێژەی کۆبوونەوەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بریتی بوو لەوەی کە کۆماری ئیسلامی دەبێت دەست بەجێ کۆتایی بە چالاکییە ناوەکییەکانی لە پێکهاتە ناوەکەیی "فەردۆ " کە لە نێو کێو و لە ژێر زەویدا دروستی کردووە، بهێنێت. هەروەها پیتاندنی ئۆرانیۆم رابگرێت. ئەمریکا تێدەکۆشێ کە ئیسراییل لە هەڵکوتانە سەر پێکهاتە ناوەکییەکانی کۆماری ئیسلامی پاشگەز بکاتەوە، چونکوو دەسەڵاتدارانی ئەمریکایی لەو بڕوایەدان کە هێشتا کاتیان لە بەردەست دایە کە لە رێگەی وتووێژ و دیپلۆماسیەوە کێشەی ناوەکی کۆماری ئیسلامی چارەسەر بکەن.(بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

بۆ درێژەدان بە وتووێژەکان کۆماری ئیسلامی چەند داخوازی ئاراستە کردبوو کە گرنگترینیان کۆتایی هێنان بە گەمارۆکان بۆ سەر ئێران و رێگەدان بە گەیشتن بە وزەی ئەتۆم بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانە!..
گرنگی ئەو کۆبوونەوانە لە حاڵێکدایە کە دوای بە ئاکام نەگەیشتنی کۆبوونەوەکان لە ساڵی ٢٠١١دا، رۆژئاوا بە هۆی نیگەرانی سەبارەت بە بژاردەی نیزامی چالاکییە ناوەکییەکانی کۆماری ئیسلامی، دۆسیەکەی کۆماری ئیسلامی رەوانەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد. دوا بە دوای ئەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چوار خولدا، گەمارۆی ئابووری بە سەر ئێراندا سەپاند.
کۆبوونەوەکانی گرووپی ٥+١ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا دوای ١٥ مانگ لە هەل و مەرجێکدا دەستی پێکردەوە کە پێشتر روسیە و تورکیە لە ژانویەی ئەمساڵدا(٢٠١٢) پێداگریان لە سەر دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی گرووپی٥+١ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کردبوو.
لە درێژەی هەڵمەتی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران؛ ئەمریکا، یەکیەتی ئورووپا و چەندین وڵاتی دیکە گەمارۆی یەک لایەنەیان بە سەر ئیراندا سەپاند. هەر بەو حاڵەشەوە کۆماری ئیسلامی پێداگری لە سەر ئەوە دەکرد کە چونکوو ئامانجی ئاشتیخوازانەی لە پرۆگرامی ناوەکییەکەی هەیە، هەر بۆیە لە چالاکییە ناوەکییەکانی واز ناهێنێت.
گەمارۆی بانکی ناوەندی و بانکی تجارەت و هەروەها گەمارۆ بۆ سەر چەندین کۆمپانیا و کەسایەتی ئێرانی بەشێکن لە دژکردەوەکانی رۆژئاوا لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا.

بێ ئاکامی کۆبوونەوەکانی پێشتر
گرووپی ٥+١ و کۆماری ئیسلامی لە ساڵەکانی رابروو، لە چەند خولدا، دانیشتنیان لە سەر کێشە ناوەکییەکانی کۆماری ئیسلامی کردوە، بەڵام ئەم کۆبوونەوانە بێ ئاکام ماوەتەوە.
دوایین خولی ئەم کۆبوونەوانە لە ژانویەی ساڵی٢٠١١ لە ئیستامبۆلی تورکییەدا بەڕێوە چوو، کە لە ئاکامدا کاترین ئەشتۆن، بەرپرسی سیاسەتی دەرەکی یەکیەتی ئورووپا کۆبوونەوەکانی تورکییەی بێ ئاکام ناوزەد کردبوو.
لەو دۆخەدا بان کی مۆن، سەرۆکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە راشکاوانە ئەوەی دەربڕی کە : " سەبارەت بە کێشەکانی ناوەکی ئێران،هیچ رێدۆز و رێگەچارەیەک بەدی ناکرێت..."
سەرەڕای ئەوەی کە بەردەوام کۆماری ئیسلامی لە زاری گەورە بەرپرسانییەوە بانگەشەی بۆ ئامانجی ئاشتیخوازانەی پرۆگرامی ناوەکی و هەروەها درێژەدان بە چالاکی ناوەکی و پیتاندنی یورانیوۆم دەکرد، بەڵام یۆکیا ئامانۆ، بەرپرسی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی لە راپۆرتەکەیدا کە لە بەرواری هەشتی نۆڤامبری ٢٠١١ پێشکەشی ئاژانسی کرد، پێداگری لە سەر ئەوە کردبوو کە ئاژانس زانیاریگەلێکی لە بەر دەستدایە کە ئەوە دەر دەخات کە کۆماری ئیسلامی لە بواری گەیشتن بە چەکی ناوەکیدا چالاکی هەیە.
ئامانۆ هەروەها لە راپۆرتەکەی خۆیدا باسی لەوە کردبوو : " ئەو زانیارانە پشت بە سەرچاوەگەلێکی باوەڕ پێکراوەوە دەبەستن" و بەوەش ئاماژەی کردبوو : " ئەو زانیاریانە ئەوە پشت راست دەکەنەوە کە ئێران بۆ گەیشتن بە جۆرێک ماکی تەقەمەنی ناوەکی چالاکی کردووە."
لەو راپۆرتەدا بەوەش ئاماژە کرابوو کە " لە ئاست شیمانەکانی بژاردەی نیزامی چالاکی ناوەکی ئێراندا نیگەرانی زۆر هەیە ".
یۆکیا ئامانۆ رەخنەی لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی گرتبوو کە رێگەیان بە نوێنەرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نەدابوو کە بۆ پشکنین سەردانی بنکەی ناوەکی پارچین بکەن.
خولی دووهەمی وتوێژەکانی کۆماری ئیسلامی و دەستەی کارناسانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم بە هۆی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی رایگەیاند ئیزن نادات کە پشکێنەرانی ئاژانس سەردانی بنکەی پارچین بکەن بە بێ هیچ ئاکامێک لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١١دا کۆتایی پێهات.
دوا بە دوای ئەو رووداوە ئامانۆ رایگەیاند،ئاژانس زانیاریگەلێکی لە بەردەستدایە کە ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی بۆ وەدەست هێنانی چەکی ناوەکی لە بنکەی پارچین‌دا لە چالاکیدایە.
پەنگ خواردنەوە لە قەیران، یان چۆک دادان
دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای چڕتر بوونەوە سەپاندنی گەمارۆ ئابووریەکاندا، بانگەشەی ئەوەیان کردووە، کە گەماۆ ئابووریەکان هیچ کاریگەریەکی نەبووە و هەر بۆیە درێژە بە چالاکییەکان لە بواری ناوەکیدا دەدەن.
عەلی ئەسغەر سوڵتانییە نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە ئاژانسی وزەی ئەتۆم لە وتوێژێکدا لەگەڵ فاکس نیوز سەبارەت بە کاریگەری گەمارۆ ئابوورییەکان دەڵێت : " گەمارۆکان هیچ کاریگەرییەکی نەبووە و ئێمە درێژە بە چلاکییە ناوەکییەکانمان دەدەن. "سوڵتانییە لە درێژەدا سەبارەت بە وتووێژەکان لەگەڵ گرووپی ١+٥ ئاماژە بەوە کرد : " ئەگەر بە خەڵکی ئێران بڵێن " دەبێت " شتێک جێ بە جێ بکەن، وەڵامی ئەوان بە دەنگی بەرز " نە "یە بەڵام ئەگەر لە ئێرانییەکان تکا بکەیت، ئەوان هێمن و لە سەرخۆتر دەبن. "
دوای چرتر بوونەوە گەمارۆ ئابوورییەکان و فڕینی نرخی دراوەکان بە تایبەت دۆلار لە ئاستی دراوی ئێرانی(تمەن) و لەو بەرەوە دابەزینی بێ وێنەی دراوی ئێران ، کۆماری ئیسلامی بەرەو قەیران و هەڵدێرێکی بێ وێنە رۆیشت.
بەرز بوونەوەی نرخی شتک و مەک و پێداویستییەکانی رۆژانەی خەڵک تا دەگاتە بەرز بوونەوەی نرخی ئاڵتوون، وای کرد کە تەنانەت کۆماری ئیسلامی پەنا بباتە پێش فرۆش کردنی سکە لە رێگای بانکەکانەوە.
جگە لە گەمارۆ ئابوورییەکان، بیرمەندانی ئەتۆمی کەوتنە بەر چەند هێرشی ترۆریستی، و هەروەها لە پادگانی بیدگنە تەقینەوەیەکی زەبەلاح روویدا کە هەندێک لە چاودێران ئەمانە بە گوماناوی وەسف دەکەن، جگە لەوەش قووڵبوونەوەی ململانێکانی باڵەکانی دەسەلات، و کێشەکانی ناوەکی هێدی هێدی کۆماری ئیسلامی بەرەو زەلکاوێک برد.
بەڵام ئەو قەیرانەی کە کۆماری ئیسلامی بەردەوام تێیدا رۆ دەچوو پێویستی بە رێگاچارەیەکی دیکە بوو.
ئەو رێگاچارەیانە کە هەرجارەو زانایانی ئابووری کۆماری ئیسلامی هانایان بۆ دەبرد، بەس ئانتی بیۆتیکێکی ئاسایی بوو کە نەیدەتوانی چۆک بە قەیرانەکەی کۆماری ئیسلامی دا بدات.
دوای بە دوای دەرکەوتنی کاریگەری گەمارۆکان تەنانەت لە ژیانی ئاسایی تاکەکانی خەڵکی ئێراندا، و هەروەها بە بێ ئاکام زانینی دەمارگرژییەکانی بەرپرسان،کۆماری ئیسلامی هێنایە سەر ئەو بڕوایە کە یان دەبێت لەو قەیرانەدا پەنگ بخواتەوە و زۆرتر رۆ بچێت و بەتەواوا مانا بەرەو هەڵدێری خود خولقێن بڕوات یان دەبێت مل کەجی بڕیارە نێونەتەوەییەکان بێت و چیتر نابێت درێژە بە سەرەرۆییەکانی بدات، هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی ناچار بوو یەک رێگا هەڵبژێرێت ئەویش بریتی بوو لە دەست پێکردنەوەی بە وتووێژەکان سەبارەت بە دۆسیە ناوەکییەکەی.
هەوڵدان بۆ گەڕاننەوە بۆ وتوێژەکان
بە بۆچوونی چاودێرانی سیاسی، کۆماری ئیسلامی بۆ دەرچوون لەو قەیرانەی کە بەرەوڕووی بوەتەوە ناچار بوو هانا بۆ روسیە ببات بۆ ئەوەی کە دیسانەوە وتوێژەکان لەگەڵ گرووپی ٥+١ دەست پێبکاتەوە. دوا بە دوای باس کردن لە دەست پێکردنەوە وتووێژەکان هەر کام لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە شێویەکی جیاوازتر لە جاران و چاوەڕوان نەکراو باس لە گرنگیدان بە وتووێژەکان کرد کە بێگومان ئەوە کاریگەری گەمارۆکانە کە کۆماری ئیسلامی ناچار کرد کە مل کەج بێت.
هەروەها کە پێشتر لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە باس لە حەرام بوونی چەکی ناوەکی کراوە، بەڵام ئەمجارە کۆمار ئیسلامی راستەوخۆ لە زمانی کەسی یەکەمیەوە و لە هەمان کاتدا وەک مەرجەع تەقلیدێک هەوڵی‌دا کە ئەو بۆچوونە لە وێنەی " فتوا " بەرجەستە بکاتەوە.
هەڵبەت پێشتر مونتەزری گەورە رۆحانی خانەنشین کراو کە هەر لە سەرەتاوە بە هۆی بۆچوونەکانی لە لایەن خومەینیەوە خانەنشین کرا، سەبارەت بە بەکار هێنانی چەکی ئەتۆمییەوە فتوای دەرکردوە و ئاماژەی بەوە کردوە کە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بە پێی فێقهی شێعە حرامە.
پێشتریش لە زاری کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیەوە باس لە بۆچوونەکانی خامنەیی کرابوو کە گوایە خامنەیی بەکارهێنانی چەکی ناوەکی بە حەرام دەزانێت، بەڵام ئەمجارە بە شێوەیەکی فەرمی و بەربڵاو ئەو فتوایە پشت راست کرایەوە و باسی لێکرا.
دوا بە دوای باس کردن لە فتواکەی خامنەیی، ئوباما سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد : " ئەبێت کۆماری ئیسلامی بە کردەوە ئەو فتوایەی خامنەیی پشت راست بکاتەوە. " لە درێژەی هەڵوێستەکانی ئەمریکادا، هیلاری کلینتۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەم شێوەیە باسی لە فتواکەی خامنەیی کرد: " ئەم جارە کە باس لە حەرام بوونی چەکی ئەتۆمی دەکرێت، بەس تیوریەک نییە بەڵکوو وەک سیاسەتێکی دەوڵەت راگەیانراوە و دەکرێت سیاسەتی دەوڵەتی لە رێگەگەلی جیاوازەوە نیشان بدرێت و بەکردەوەی بگەیەنیت. ئێستا کۆمەڵگای نێونەتەوەیی خوازیاری ئەوەیە کە ئەو بڕوایە بە کردەوە ببینێت ".
جگە لە فتواکەی خامنەیی بە پێی لێدوانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، دیاربوو کە کۆماری ئیسلامی بە شیوەیەکی جیاوازتر لە جاران خۆی بۆ وتووێژەکانی ئەم جارە ئامادە کردووە.
سەعید جەلیلی سەرۆکی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و بەرپرسی وەفدی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامی لە ١٥ی فێڤریەی ٢٠١٢دا لە نامەیەکدا بۆ یەکیەتی ئورووپا ئامادەیی کۆماری ئیسلامی بۆ دەست پێکردنەوەی کۆبوونەوەکان دەربڕی.
جەلیلی لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە سەرکەوتنی وتوێژەکان پێوەندی بە هەڵسوکەوتی سازەندەی گرووپی ٥+١ لەگەل پێشنیار و تازەگەرییە نوێیەکانی! کۆماری ئیسلامییەوە هەیە.
بەرێوە چوونی خولی نوێی کۆبوونەوەکان
هەروەها کە ئاماژە کرا خولی نوێی وتووێژەکان دوای ١٥ مانگ لە ئیستامبۆڵ بەڕێوە چوو، پێش لە کۆبوونەوەکە کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە کۆبوونەوەکە بگوازێتەوە بۆ بەغداد، کە ئەم هەڵوێستەی کۆماری ئیسلامی وای کرد کە تەنانەت ئۆردۆغان سەرۆک وەزیرانی تورکیە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە "درۆزن" ناوزەد بکات.
سەرەڕای ئەو هەڵوێستەی کۆماری ئیسلامی، بەڵام گرووپی ٥+١ بڕیاری دا کە کۆبوونەوەکان لە ئیستامبۆل بەرێوە دەچێ، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیش چونکوو دەست پێکردنەوە بە وتووێژەکانیان وەک تاکە رێگا بۆ دەرچوون لە قەیران دەزانی،ناچار بوون مل کەجی بڕیارەکە بن و لە رۆژی شەممە ١٤ی ئاوریل(٢٠١٢) کۆبوونەوەکە لە ئیستامبۆل بەڕێوە چوو.
دوای کۆبوونەوەکە، باراک ئوباما سەرک کۆماری ئەمریکا، لە سەر ئەوە جەختی کرد کە: " ئەمریکا لە پرۆسەی وتووێژەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا، هیچ بەڵێنێکی بە کۆماری ئیسلامی نەداوە." چاودێرانی سیاسی ئەم وتەیەی ئوباما وەک وەڵامێک بۆ بنیامین ناتانیاهۆ دەنرخێنن. ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوە کردبوو کە: " ئەمریکا و هێزەکانی جیهانی بە درێژەدان بە کۆبوونەوەکان، بەڵینیان بە کۆماری ئیسلامی داوە."
دەرئەنجام
چاودێرانی سیاسی کۆبوونەوەکانی ئەم جارە وەک تەنیا هەلێک دەنرخێنن کە لە بەردمی کۆماری ئیسلامیدایە بۆ دەرباز بوون لەو دۆخەی ئێستای؛ ئەگەر بێت و کۆماری ئیسلامی بتوانێت لەو هەلە کەڵک وەرگرێت و بڕوا و سەرنجی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەلای خۆیدا رابکێشت، و هەروەها مل کەجی بڕیارە نێونەتوەییەکان بێت، ئەوا دەتوانێت لە هەندێ لەو قەیرانانەی کە بەرورووی بوەتەوە رزگاری بێت. بەڵام لە ئەگەری سەر نەکەوتنی کۆبوونەوەکانی ئەمجارە، ئێران بەرەورووی چڕتر بوونەوەی گەمارۆکان دەبێتەوە.
بەڵام نابێ ئەوە لە بیر بکرێت کە کێشەی ناوەکی یەکێک لەو کێشانەیە کە بوەتە هۆی درووست بوونی قەیران لە ئێراندا، پرسی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ئێراندا، سەرکوتکردنی نەتەوە ژێردەستەکانی ئیران،رەوشی زیندانیانی سیاسی و مەدنی،رەوشی رۆژنامەنووسان،ژنان،کرێکاران و... گرنگترین کێشەکانی کۆماری ئیسلامییە کە لە دووهەم راپۆرتی ئەحمەد شەهید لە مەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بە چڕی و پڕی ئاوڕی لێدراوەتەوە.
بەڵام لەئەگەری سەرکەوتنی کۆبوونەوەکانی گرووپی ٥+١ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا لە سەر پرسی ناوەکی، جگە لە پیاچوونەوە بە کێشەکانی پێشێلکاری مافی مرڤ، پێویستە کۆماری ئیسلامی خوێندنەوەیەکی دووبارە لە خۆی بکاتە لە نێو هاوکێشە سیاسییەکاندا، کە ئەمە راست بە پێچەوانەی بنەماکانی کۆماری ئیسلامییە کە لە سەری دامەزراوە، هەر بۆیە پێ دەچی کە دیسانەوە ئەم کۆبوونەوانە لە وێنەی کۆبوونەوەکانی پێشتر،بێ‌ئاکام بمێنێتەوە و ئاکامێکی ئەوتۆی لێنەکەوێتەوە.

ئەم بابەتە لە ژمارەی 80ی ئاسۆی رۆژهەڵات‌دا لە بەرواری 12/2/1391 چاپ کراوە.