۱۳۹۰/۱۲/۲۸

فیمینیزم و فیلم (بەشی سێهەم - کۆتایی)

" فیمینیزم و فیلم  " 
بەشی سێهەم ( کۆتایی )نووسینی : سارا تۆرنهامو: جەمشید بەهرامی



هەر ئەوە بەسە کە بەرهەمهێنانی فیلمگەلێکی زۆر جیاواز وەک "ژنی جوان" و "تەلما و لۆییز" بە مەودای یەکساڵ لە بەر چاو بگرین،بۆ ئەوەی بزانین ئەو مەڵبەندە ئایدۆلۆژیکەی کە ئەم دوو فیلمە لەودا بڵاو دەبنەوە، مەڵبەندێکی ئاڵۆز و باس خولقێن و جیاوازە.
کریستیانن گۆڵد هیڵ دەڵێت دەتوانین رەت کردنەوەی ئەم ململانێ‌یە –لەنێو ماناکان، چوارچێوە باوەڕپێکراوەکان (سەرچاوە) یان هەڵوێستە ئایدۆلۆژیکیەکانی لایەنی بەرامبەر– لە نێو فیلمیشدا بدۆزینەوە.
ئەو لە سەر ئەو بڕوایە تێکڕای دەقە دڵخوازەکان بەس یەک روانگە بۆ بەردەنگ، نیشان نادەن.
لەوانەیە پیشاندانەوەکانی ئەوان ماناکانی خۆیان لە پێکهاتە ئایدۆلۆژیکی و دەقی‌یەکانەوە وەربگرێت – کە ئەم دەقانە لە نێو ئەواندایە– بەڵام ئەم پیشاندانەوانە دەگەڕێنەوە بۆ راستیە کۆمەڵایەتییەکان کە لەودا دەسەڵاتی سیاسی،کۆمەڵایەتی یان ئایدۆلۆژیکی خۆی ناسەپێنێت، بەڵکوو بەرەورووی کێشە و ناڕەزایەتی دەبێتەوە. تەنانەت ئەگەر ئەم روانگەیەش قەبووڵ بکەین دەتوانین وەک رەوانکۆڵانی سینەمایی لە سەر ئەو رایە بین کە ئێمە لە وێنەی بینەرانی فیلم لە رێگەی هاوشوناسی‌یە سینەماییەکانەوە تێگەیشتنمان لە شوناس پێک دەهێنین و سەقامگیری دەکەین، بەڵام لە هەمان کاتدا دەتوانین لەم رەوتەیشدا، بڕوامان بە هۆکارگەلێکی زۆرتر هەبێت.
ئەگەر دەق گۆشە نیگایەکی تاقانە نەدات بەدەستەوە (لەم روانگەیەوە دەرک بکرێت و ببێتە هۆی چێژ) دەکرێ بۆ خوێندنەوە نوێیەکان، بۆ بەرهەمهێنانی وردە شوناسەکان و شوناسە پچڕپچڕەکان، یان بۆ سیاسەتە فمینیستیەکانی خوێندنەوە، کەڵکی لێ وەربگیردرێت. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)
ئەم دوایین خاڵە بوەتە هۆی ئەوەی بەشێک لە نووسەرە فمینیستەکان، درێژە بە لێکدانەوەی دەقە فیلمیکەکان نەدەن، و ئاوڕ لە شرۆڤەی ژن وەک بینەری فیلم بدەنەوە (بەو مانایە: ژن وەک بەردەنگی سینەما، نەک وەک بینەری دەق).
هەڵبەت لە هاندەرەکانی دیکەی ئەم رەوتە دەرکی روو لە زیاد بووی ناکاریگەریی تیوری فیلمی فیمینیستی لە سەر بنەمای
دەروونشیکاری بووە بۆ ئاوڕدانەوە لە دوو گرووپ لە بینەرانی ژن کە چێژ و هاوشوناسی‌یە سینەماییەکانی ئەوان لە چوارچێوەی ئەم تیوریەدا، لە بنەڕەتدا دەرک نەکراو دەهاتە بەرچاو.(ژنانی رەش پێست و همۆسکسواڵەکان)
هەر وەها کە جین گینز لە "سەرپشکییەکانی سپی و پێوەندیەکانی دیتن: رەگەزایەتی و نەژاد لە تیوری فیلمی فمینیستی دا" (١٩٨٨) ئاماژە دەکات، رووبەڕوو بوونەوەی نێر/مێ کە ئاوەها رۆڵێکی سەرەکی لە تیوری فیلمی فمینیستی‌دا هەیە "پێکهاتێکی بەهێزە و هەندێ جاریش تێکدەرە". بۆ وێنە رووبەڕوو بوونەوەی ژن و پیاو دەتوانێ تیوریسیەن لە هەمبەر ناکارامەیی روانگەکانی فمینیستی بە بنەمای "واق بوونی پیاوانە" لە واتا درووست کردن بۆ گۆشە نیگای هاوڕەگەزبازێک تووشی کێشە بکات.
یان کاتێک کە فمینیستە سپی پێستەکان بۆ روون کردنەوەی دۆخی خۆیان لە نێو پێکهاتەی پیاو سالارانەدا لە وێنەی ئەوی ترێک، لە وەسفی فرۆید بۆ ژن وەک "کیشوەر(قوڕنە)ی تاریک" کەڵک وەردەگرن ناهێڵێت تیوریسیەن تێبگات کە چی روو دەدات.
هەروەها کە "لۆلا یانگ" لە کتێبی "ترس لە تاریکی: رەگەزایەتی و سێکسوالیتە لە سینەمادا" (١٩٩٦) دەنووسێت: "ئەم پێداگریە زیادە لە حەدە لە سەر نیشاندەری رەگەزایەتی (کیشوەری تاریک) بوەتە هۆی وەلانانی واتا نەژادیەکان و واتا کۆیلەییەکان. هەر بۆیە ئەم نەژادیترین خوازە جینسیانە بوەتە دڵەڕاوکێکانی ژنانی سپی پێست بووە".
فمینیستە رەش پێستەکان زۆرجار، نەژاد (نەک رەگەز)، بە بنەمای سەرەکی پێکهاتە کردنی سەرکوت دەزانن؛ بەم پێیە ژنانی سپی پێست نەک هەر دۆخێکی هاوبەشیان نییە، بەڵکوو لەوانەیە لە وێنەی سەرکوتکەر لە بەرچاو بگیردرێن و پیاوانی رەش پێست بە هۆی هەبوونی پێشینەی کۆیلەبوون لە درێژایی کۆیلەبوونی هاوبەشدا وەک کویلە پێناسە دەکرێن.
ئینجاکە، لە کەلتووری رۆژئاوادا، فمینیسم وەک فمینیسمی سپی پێست پێناسە کراوە؛ هەر بۆیە لە کاتێکدا کە دڵەڕاوکێی فمینیستە سپی پێستەکان، دابەزاندنی پێگەی ژنان تا رادەی دیمەن بووە؛ بۆ فمینیستە رەش پێستەکان پرسی نادیار بوونی ژنی رەش پێست لە نێو بابەتی "ژن"دا گرنگ و جێی باسە.
ئەگەر لە فیلمدا ژنی سپی پێست رۆڵی رێ نیشاندەری حەزە پیاوانەکان بووە، ژنی رەش –ئەگەر لە فیلمدا رۆڵێکی هەبێت– کارکردێکی تەواو جیاوازی هەیە. زۆرجار یان نیشاندەری سێکسواڵیتەی ژنانەیە(جەستەی رەش وەک جەسەیەکی جینسی) یان نیشاندەری دایکانە بوونە (جەستەی ژنی رەش وەک جەستەیەک کە توانای سک و زای هەیە).
لە شوێنێکی دیکەدا –وەک مێژووی کۆیلایەتی– وا دیارە ژنی رەش پێست لە وێنەی ژنێک کە لە دەرەوەی بازنەی ژناندایە، لە سیمای کەسێکدا کە لە راستیدا ژن نییە نیشانەی بۆ دانراوە.
ئێستا ئەگەر دۆخی ژنی رەش پێستی بینەر لە بەر چاو بگرین، تیوریداڕێژی ئێمە دەبێت سەبارەت بە پێکهاتەی هاوشوناسیی روانینی سینەمایی دەبێت بگۆڕدرێ.
"بێل هۆکس" –فمینیستی رەش پێست– ئەم پرسە ئاوەها لێکدەداتەوە کە ئەگەر رەوتی هاوشوناسی
لە سەر بنەمای پێوەندی  وەهمی و خەیاڵی مەودای نێوان خود و دیمەنی سینەمایی‌دا بێت، بەم پێیە مەودای نێوان "ژنی رەش پێستی بینەر" و "دیمەنی ئارمانی ژنی سپی پێست لە ژنانە بوون" بەس دەکرێ لە رێگەی "روانینی مازوخیستی قوربانی خولقێن"یەوە گرێ بدەین.
بەڵام بە بڕوای ئەو ژنی رەش پێست لە بەرامبەر ئەم رەوتەدا زۆرتر خۆڕاگر دەبێت و لە دەرەوەی پێکهاتەکانی چێژە دیدارییەکانی سینەمایی‌دا رادەوەستێت(پێکهاتەکانی چێژە دیدارییەکان کە "لۆرا ماڵوەی" یان "ماری ئان دو ئان" گەڵاڵەی دەکات)، و لە بەرامبەردا دەبێتە خاوەن روانگەیەکی رەخنەیی یان نەیارانە.
بەم پێێە لە روانگەی فمینیستە رەش پێستەکان وەک بێل هۆکس، دەبێت بۆ توانای "واق بوون" پێکهاتەیەکی دیکە و هەروەها دەروونشیکارانە لە بەرچاو بگیرێت.
ئەگەر سیاسەتی کۆیلایەتی مافی روانینی لە کۆیلە دەسەندەوە، بەم پێیە ماوەیەکی زۆرە روانینی رەخنەیی یان نەیارانە، جۆرێک خۆڕاگری و دەربڕینی هۆکاریی لە بەرامبەر دەسەڵاتدا بووە.
بۆ پیاوانی رەش پێست ئەم پرسە لە کەش و هەوای تاریکی سینەمادا، لەوانەیە بە مانای هەبوونی دەسەڵاتێکی نێرینەیی خەیاڵی بێت کە لە کۆمەڵگای راسیستیدا(نەژاد پەرەستی) لەوان زەوت کراوە.
بەڵام بینەری ژنی رەش پێست دەتوانێ بە خۆپارێزی کردن لە هاوشوناسی لەگەڵ "واق بوونی نێرینەیی هێڵی سەرەکی شەهوەت و خاوەنداریەتی" مەودایەکی رەخنەیی بخولقێنێت کە لەودا واتای "ژنان وەک دیمەن، پیاوان وەک هەڵگری روانین"ی ماڵوەی، پێکهاتەکانی بشکێندرێن و وێنە نگەتیڤەکانی ژنانی رەش پێست چاکسازیان تێدا بکرێت و راست بکرێنەوە.
بەم پێیە بە وتەی لۆرا ماڵوەی بە درێژایی سی ساڵی رابردوو، سینەما مەڵبەندێکی سەرەکی بووە کە لەودا ململانێ فمینیستیەکان سەبارەت بە کەلتوور، پیشاندراوەتەو و تێیدا شوناس گەڵاڵە کراوە.
بەڵام رەوتی بەشداری کردن لە ئاستی فیلمسازیدا کە نووسەرانی ژن و فیلم لایان گرنگ بوو،دەبێتە چی؟ هەروەها کە پێڕستی تۆمارکردنی رووداوەکانی لێرەدا -کە لە وتاری
"فیلمی ژن" بەرهەمی ماری ئان دوئان دا نووسراوە– پیشانی دەدات، گەشە سەرەتاییەکان لە پانتایی رەخنەی فیلمی فمینیستی و فیلمسازی فمینیستی‌دا بە شێوەیەکی هاوتەریب روویان داوە :
١٩٧١- شانۆی وەک ژن گەورە بوون، جینی جینی، سێ ژیان و فیلمی ژنان؛ یەکەمین نەوەی فیلمی دیکۆمێنتی فمینیستی.
١٩٧٢- یەکەمین فستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی ژنانی نیۆیۆرک،لە فستیڤاڵی فیلمی ئیدینبۆرگدا؛ چاپ و پەخشی یەکەمین ژمارەی گۆڤاری ژنان و فیلم؛ چاپی ژمارەکانی فایلی تایبەت بە ژنان لە بڵاوکراوەکانی وەرزنامەی کتێبخانەی فیلم و هتد
چاپی پێرستێک لە دەرهێنەرە ژنەکان لە "روانگەی فیلمدا".
١٩٧٣- فستیڤاڵی ژنان و فیلمی تۆرنتۆ، فستیڤاڵی فیلمی ژنانی واشینگتۆن، وەرزی سینەمای ژنان لە یانەی سینەمای نەتەوەیی لە لەندەن و کۆنفرانسی فیلمی بوفالۆ. پەخشی کتێبی ڤێنوسی پاپکۆرن بەرهەمی مارجۆری رۆزەن و یاداشتگەلێک لە سەر سینەمای ژنان بەرهەمی کلێر جانستۆن.
١٩٧٤- فستیڤاڵەکانی فیلمی شیکاگۆ بە دەهێنەری ژنان. پەخشی یەکەمین ژمارەی Jump Cut (کە هەر سێ مانگ جارێک بە پێداگری لە سەر روانگە فمینیستیەکان بڵاو دەکرایەوە).
پەخشی دوو کتێب سەبارەت بە وێنەی ژنان لە فیلم‌دا؛ "لە رێزەوە تاکوو دەستدرێژی" بەهەرمی مالی هاکسێل و "ژنان و رەگەزی ئەوان" لە فیلمی نوێدا بەرهەمی جوان ملێن.
دەکرێ بەم تۆماری رووداوانە ئەو خاڵانەی خوارەوەش زێدە بکەین:
فیلمی دیکۆمێنتی سێ ژیان (١٩٧١) لە لایەن کیت ملیت نووسەری "سیاسەتی رەگەزی"یەوە بەرهەمهێنرا، و فیلمەکانی لاورا ماڵوەی لە ژێر ناوەکانی : پێنسیلە؛ شاژنی ئامازۆنەکان (١٩٧٤) و مەتەڵۆکی زەندەقبەر (١٩٧٤) کە پێداگریان لە سەر باسەکانی تیوریک و  گەڵاڵە کراوی ماڵوەی دەکرد.
گەرچی تا کوو دەیەی ٩٠، ئەم پێوەندییە دوولایەنەیە نەما، لە ساڵی ١٩٨٩دا لاورا ماڵوەی دەنووسێت: لە کۆتایی دەیەی ٨٠دا تیوری فیلمی فمینیستی پێوەندی خۆی لەگەڵ فیلمسازی فمینیستی‌ لە دەستدا،کە تا ئەو کات رۆڵێکی ئارمانی لە فیلمسازی فمینیستیدا دەگێڕا.
پێوەست بوونی فیلمسازی فمینیستی بە رەوتی زاڵی بەرهەمهێنانی فیلمی گێڕانەوەیی (چیرۆکین) جەختی لە سەر ئەو جیابوونەوەیە کرد.
میشلە سیترۆن کە لە دەیەی ٧٠دا بەرهەمەکانی بەشێکی گرنگیان لە فیلمسازی فمینیستی سەربەخۆدا پێک دەهێنا، رۆشتنی خۆی بەرەو ئەم ئاقارە و هەستی دڕدۆنگی و دوودڵ بوونی خۆی سەبارەت بەمە وەسف دەکرد؛ ماڵوە دەنووسێت: "ئەو دەیویست فیلمگەلێک درووست بکات کە باس لە ئەزموونەکانی ژنان بکات و بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە هەستی بە گرنگایەتی زمانێکی فیلمکی نوێ دەکرد". بەڵام هاوکات سەبارەت بە بەرنرخ بوونی فیلمەکانی دوو دڵ بوو.
بە بڕوای ماڵوەی، فیلمگەلێک کە لە دەیەی ٧٠دا بەرهەمهێنران "لە روانگەی تیوریەوە سەرنجڕاکێش و لە روانگەی سیاسیەوە درووست بوون، بەڵام یەکجۆر و بە بێ‌ئاڵ و گۆڕ و ماندووکەر بوون، ئەوان چێژی فیکری دەبەخشن، بەڵام زۆربەیان هیچ چێژێکی هەستی‌یان تێدا نییە.
بەڵام سیترۆن پێی وایە، هاتنە نێو رەوتی زاڵ، مەترسیەکانی تایبەتی خۆی هەیە : فیلمسازی فمینیست کۆنتڕۆڵ لەگەڵ هێز و توانادا دەگۆڕێتەوە. بەڵام هێز و توانا بە مانای "هەبوونی دەرفەت بۆ دەستڕاگەیشتن بە بەردەنگی زۆرتر، و شیمانەی کەڵک وەرگرتن لە کەلتووری رەوتی زاڵ بۆ رەخنە و ئاڵ و گۆڕکردنی، و ئازادی لە پێناسەکردندا و تاقی کردنەوەی سنوورەکانی خودی تاک وەک فیلمساز"ـە. و جگە لەوەش هێز و توانا بە مانای وێل کردنی رێدۆزێکی زیادە لە حەد پەروەردەیی لە بەرژەوەندی دەرگیر بوون لەگەڵ "ناتەباییەکان، پارادۆکسەکان و مسۆگەرنەبوونی" فیلمی گێڕانەوەیی رەوتی زاڵدایە.
سەرەڕای ئەوە ئەگەر فلیمەکانی ئەم دواییانەی سالی پاتێر (ئۆرلیاند) یان جین کەمپیۆن (پیانۆ ١٩٩٣) چاو لێ بکەین کە ئاوەها رەوتێکیان دەست پێکرد، بە زەحمەت دەتوانین بڵێین کە ئەم فیلمانە دڵەڕاوکێیەکی وێکچوو لەگەڵ ئەو رۆڵی سەرەکییەی  کە تیوری فمینیستی هەیەتی، ناخەنە روو : پێوەندی ژنان لەگەڵ زماندا، لەگەڵ مێژووە گشتی و تایبەتیەکاندا؛ جیاوازیە رەگەزیەکان و پێوەندی لەگەڵ شێوە جیاوازەکانی دیکەدا؛ بێ دەرەتانی و شیمانەکانی شەهوەت، پێوەندی نێوان ژنان -بەتایبەت پێوەندی نێوان دایک و کچ.
ئەم فیلمانە هاوکات بە شێوەیەکی وێرانکەر و ژێروژوورکەر، ئاوڕ لە تایبەتمەندیە بڕیاریەکانی فیلمی گشتی دەدەنەوە. بەم پێیە لەوانەیە ئەم جیاییە، هاوکات کەخەسارمەندە نیشانەی سەرکەوتنیش بێت.
لە کۆتاییدا دەتوانین کاریگەری فمینیسم -سەرەڕای ناڕوون بوون- دەکرێ لە فیلمەکانی رەوتی زاڵ بە سەر دەرهێنەرە پیاوەکاندا، لە ژنانە بوونی ژانرە گشتیەکان و گەڕاننەوەی "دیمەنی ژنان" بە درێژایی ٨٠ و ٩٠کاندا ببینین.
هەروەها کە "پەم کۆک" لە کتێبی " گوزەر لە سنوورەکاندا: ژنان و فیلم لە پێکهاتدا" دەنووسێت، سەرەڕای ئەوەی کە ئەم ئاڵ وگۆڕانە هەوڵ بۆ بە سەرمایەکردن و کۆنتڕۆڵی فمینیسمن، بە جۆرێک بە فەرمی ناساندنی هێزی کەلتووری فمینیسم –کە ئاوەها رۆڵێکی گرنگی لە فمینیسمدا بووە- و سیاسەتی گومانیشن.
سەرچاوە:
 بۆ فارسی : مەریەم ئاقازادە
 
http://www.womansrights.org

ئەم بابەتە لە ژمارەی 79ی ئاسۆی رۆژهەڵاتدا لە بەرواری 13/1/1391 چاپ کراوە.
لینکی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ سایتی ئاسۆی رۆژهه‌ڵات:


http://www.asoyroj.com/details.aspx?=News&ID=5665&Babat=6