۱۳۹۰/۱۲/۱۲

راپۆرتەکەی ئەحمەد شەهید و بەرگرییەکانی کۆماری ئیسلامی

راپۆرتەکەی ئەحمەد شەهید و بەرگرییەکانی کۆماری ئیسلامی 
جەمشید بەهرامی

لە سەرەتای دەستپێکی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیەوە، تا ساڵی 2001 ، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوو نوێنەری تایبەتی بۆ کار و باری مافی مرۆڤ وەک رێپۆرتێری مافی مرۆڤ لە ئێران دەستنیشان کردووە.
لە مەودای نێوان ساڵەکانی 1986 تاکوو 1994، " گالیندۆ پۆل " ، و دواتر لە مەودای نێوان ساڵەکانی 1995 تاکوو 2001 " مۆریس کاپیتۆرن " وەک نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو ئەرکەیان لە ئەستۆ گرتووە.
ئەحمەد شەهید سێهەمین نوێنەری ئەنجومەنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لە رێکەوتی 11ی ژوەنی 2011 وەک رێپۆرتێری مافی مرۆڤ لە ئێران دەستنیشان کراوە.
پێشتر بان کی مۆن، سکرتێری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە راپۆرتێکدا، نیگەرانی خۆی بۆ بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران دەربڕیبوو. بە وتەی بان کی مۆن، لە ساڵی 2005 ـەوە تا ئێستا سەرەڕای داخوازیی یەک لە دوای یەک و بەردەوامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پشکنەرانی نێونەتوەیی ئیزنی چوون بۆ ئێرانیان پێنەدراوە.
دوای دەستنیشان کردنی ئەحمەد شەهید لە لایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بۆ کار و باری مافی مرۆڤ،سەرەڕای داخوازی چەندین جارەی ئەو، کۆماری ئیسلامی قەد ئیزنی پێنەدا سەردانی ئێران بکات. 
(بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)


بەڵام دواتر دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بینینی زیاتر لە سەد کەس لە زیندانیان سیاسی کە ناچار بوون وڵات بە جێ بهێڵن و هەروەها بە پێی بەیانییەکانی رێکخراوە مافی مرۆییەکان و بە تایبەت ریکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، کەمپینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ، و حیزب و رێکخراوە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانی و هەروەها کۆمەڵێک دیکۆمێنت لە مەڕ پێشێلکاری مافی مرۆڤ، دووهەمین راپۆرتی خۆی بڵاوکردەوە.
ئەحمەد شەهید لە دووهەمین راپۆرتی خۆیدا بۆ ئەنجومەنی مافی مرۆڤ( لە راپۆرتێکی 36 لاپەڕەییدا ) کە لە رەشەمەی ( 12ی مارس ) 2012 ، لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بڵاوی کردەوە، ئاماژەی بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا کرد.
ئەم راپۆرتەی ئەحمە شەهید لە ئاست یەکەمین راپۆرتەکەیدا( کە لە ئاگۆستی  2011دا بڵاوی کردەوە ) تا رادەیەک پوختتر ئاوڕی لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران دەدایەوە.
دوای ئاماژە کردن بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لەوانە پێشێلکاری مافی کەمینە نەتەوەییکان، کەمینە ئایینیەکان، رەوشی زیندانیانی سیاسی و رۆژنامەنووسان و... رێپۆرتەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، لە سەر ئەوە جەخت دەکاتەوە کە؛ بۆ داخوازیی ناوەندە نێو نەتەوەییەکانی داکۆکیاری مافی مرۆڤ و هەروەها رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان سەبارەت بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ ، دەسەڵاتدارانی ئێران هیچ وەڵامێکیان نەبووە. هەروەها لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەی دا، داوا لە رژیمی ئێران دەکات کە بۆ کۆتایی هێنان بە پێشێلکاری سیستماتیکی مافی مرۆڤ، بۆ تاوانەکانی دژ بە ئەمنیەتی نەتەوەیی پێناسەیەکی روون بدات بە دەستەوە. هەروەها خوازیاری ئازادی دەستبە جێی سەرجەم زیندانیانی سیاسی و ئایینی و هەڵوەشاندنەوەی ئێعدامە، بە تایبەت ئێعدامی کەسانی ژێر ١٨ ساڵ.
کاردانەوەکان
لە کۆدا ئەم راپۆرتە کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە، چالاکانی سیاسی و ئۆپۆزسیۆن و هەروەها رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەو راپۆرتەیان وەک هەوڵێک پێناسە دەکرد کە دەتوانێ روخساری نیگریس و دەسەڵاتی تۆتالیتری کۆماری ئیسلامی بۆ جیهان بە روونی دەربخات، ئەو روخسارەی کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای دەستپێکەوە ، لە هەوڵ‌دا بوون بە پێچەوانەوە نیشانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بدەن.
بەڵام لەو بەری ئۆپۆزسیۆن و چالاکانی سیاسی و مەدەنییەوە، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە توندی هێرشیان کردە سەر ئەو راپۆرتە، و ئەحمەد شەهیدیان وەک دەستەچیلەی رۆژئاوا و ئەمریکا، پێناسە کرد، و ئەو راپۆرتەیان وەک هەوڵێکی دیکەی دەستی دەرەکی بۆ رەش کردنی کۆماری ئیسلامی دەستنیشان کرد.
جەواد لاریجانی نوێنەری مافی مرۆڤی کۆماری ئیسلامی لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکان، دوای پێشکەش کردنی راپۆرتەکەی ئەحمەد شەهید لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە قسەکانیدا تا ئەو رادەیەی هێرش دەکاتە سەر کەسایەتی ئەحمەد شەهید و چەند وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ، بەرپرسی کۆبوونەوەکە بۆ پاراستنی بایەخ و پێگەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی،( ئەو جێگایەی کە وەک ناوەند و دڵی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤە ) ناچار دەبێت کە تریبونەکەی بکوژێنێتەوە.
نوێنەری مافی مرۆڤی کۆماری ئیسلامی ئەوەی لە بیری کردبوو کە لە کوێدا و بە چ هۆیەک قسەی دەکات و تەوەری سەرکی کۆبوونەوەکە نەک دەستکەوتە زانستییەکانی ئێران! بەڵکوو مافی مرۆڤ بووە، و هەروەها ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری مافی مرۆڤ لە ئێرانە، نەک رێپۆرتێری زانستی! لاریجانی لە قسەکانیدا گوتی: " دەبێت رێپۆرتێرێک بۆ ئێران بنێردرێت کە لە راپۆرتەکەیدا بە دەستکەوتە زانستییەکان و پێشکەوتنەکانی ئێران لە درووست کردنی ماهوارەی ئاسمانیدا، ئاماژە بکات...!!!!"
دوا بە دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێکەوتی 12ی مارسی 2012 دا، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کەوتنە بەرپەرچ دانەوەی راپۆرتەکەی ئەحمەد شەهید.
کۆماری ئیسلامی هەر وەک هەموو جارێک، کە گرفتە دەرەکی و ناوەکییەکانی پێوەند دەدات بە دەستی دەرکی و وڵاتانی رۆژئاوایی و ئەمریکاوە، ئەمجارەش لە زمانی رامین مێهمانپەرەست وتە بێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، جەخت لە سەر " وەهمی پیلان داڕشتن " دەکاتەوە و دەڵێ: " ئەم راپۆرتە بە تەواو مانا سیاسییە و بە پێچەوانەی خواستی بەشێک لە وڵاتەکان، لە ژێر زەختی ئەمریکادا بووە. "
ئەحمەد خاتەمی پێش نوێژی هەینی تاران بە ئاماژە بەوەی کە ئەو تاوانانەی کە دراوەتە پاڵ کۆماری ئیسلامی لە لایەن دژبەرانی کۆماری ئیسلامیەوە نوسراوە، دڵێت : " ئەو راپۆرتە هیچ بایەخێکی ئەوتۆی نییە و لە راستای رەش کردنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدایە. "
لە درێژەی بەر پەرچدانەوە کانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ راپۆرتەکەی ئەحمەد شەهید، مورتەزا بەختیاری، وەزیری دادی کۆماری ئیسلامی، بە ئاماژە بەوەی کە ئەو راپۆرتە بۆ رەش کردنی کۆماری ئیسلامییە، ریکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان بەوە تاوانبار دەکات کە هەڵسووکەوتێکی بە تەواو مانا سیاسی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کردووە، بە ختیاری دەڵێت: " راپۆرتەکەی ئەحمەد شەهید دەست درێژی و ئەستەمێکە کە بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی کراوە، و نابێت لێیببوورین و لە ئاستیدا بێدەنگ بین!."
عەلیڕەزا زاکانی نوێنەری تاران لە مەجلسی شۆرای ئیسلامی‌دا بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە راپۆرتەکەی ئەحمەد شەهید " گەمەیەکی سیاسیە "، دەڵێت : " ئەو راپۆرتە هیچ بنەما و لێکدانەوەیەکی درووستی تێدا بەدی ناکرێت."
زاکانی لە درێژەدا ئاماژە بەوە دەکات، ئەو راپۆرتە، راپۆرتێکی دووپات کراوی هیچ و پوچە و دەڵێت : " راپۆرتەکەی ئەحمەد شەهید قەربوو کردنەوەی شەپڵاخەیەکە کە خەڵکی ئێران لە روومەتی رۆژئاوای داوە." لە درێژەدا ئاماژە بەوە دەکات کە راپۆرتەکەی ئەحمەد شەهید دەرمانێکە بۆ زەلیل بوونی رۆژئاوا.
ئەنجام
بەرپەرچدانەوەکانی کۆماری ئیسلامی لەوە لۆژیکە دەچۆڕێتەووە کە بە درێژایی تەمەنی هانای بۆ بردووە.
هەر وەک سەرەتای نرخاندنی گەمارۆ ئابوورییە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، بە لاپەڕەی دڕاو و وەسف کردنی گەمارۆکان بە بێ کاریگەر بوون، ئەم جارەش کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر ئەو راپۆرتەدا بە هەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ راپۆرتەکەی ئەحمەد شەهید دادەکات.
چاودێرانی سیاسی لە سەر ئەو رایەن کە ئەو راپۆرتە ناتوانێت وەک گەمارۆ ئابوورییەکان کۆماری ئیسلامی بخاتە ژێر گوشارەوە، بەڵام لەم دۆخە هەستیارەدا کە کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی گەمارۆ یەک لە دوای یەکەکانی یەکیەتی ئورووپا و ئەمریکا دەبێتەوە، ئەو راپۆرتەی ئەحمەد شەهید، کۆماری ئیسلامی زۆرتر دەخاتە پەراوێزە و دوور لە چاوەڕوانیش نییە کە ببێتە هۆی چڕتر بوونەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان...