۱۳۹۰/۰۶/۱۳

فوتوریزم


فوتوریزم

جەمشید بەهرامی


فوتوریزم (Futurism) بزووتنەوەیەکی هونەری کە نەختێک بەر لە شەڕی یەکەمی جیهانی لە ئەدەبیاتدا هاتە کایەوە و دواتر باڵی کێشایە سەر زۆرێک لە هونەرەکان، لەوانە : شێوەکار، پەیکەرسازی، شانۆ، مۆسیقا و ... فوتوریزم یەکێک لە بزووتنە هونەرییەکانی سەرەتای سەدەی بیستە کە سەرەتا لە رووسیە و ئیتالیادا دەستی پێکرد. یەکەمین فوتوریستێک کە بیر و راکانی ئەم بزووتنەوەی لە تۆی مانیفێستێکدا تیوریزە کرد، شاعیری ئیتالیایی فیلیپۆ توماسۆ مارتینی بوو. مارتینی لە تیوریەکەیدا کە لە ساڵی 1909 دا چاپ بوو، باسی لەوە دەکرد کە : فوتوریستەکان زۆر رەش بینانە سەیری رابردوو دەکەن و بە تایبەت بە چاوێکی گەشەوە سەیری بیرو رای رابردوەکان لە سەر هونەر ناکەن.
مارتینی بانگەوازی بۆ رووخاندنی مۆزەخانەکان، کتێبخانەکان، ئاکادمیەکان و سەنتەرە کەلتووریەکان و ... دەکرد، هۆکارەکەی دەگەڕایەوە بۆ ئەوەی کە فوتوریستەکان بە پێی مانیفێستەکەیان لە سەر ئەو رایە بوون کە بۆ ئەوان شێوازی فوتوریزم دژکردەوەیەک بوو لە هەمبەر دواکەوتوویی ئەو سەردەمەی ئیتالیادا، دەیانگوت : " ئێمە دەمانەوێت کە ئەم وڵاتە لەو گرێیانەی کە وەک شێرپەنجە( مامۆستاکانی زانکۆ،مێژوو نووسەکان و ...) بەرۆکی پێشکەوتنی ئەم وڵاتەیان گرتووە رزگار کەین. ئامانجی ئێمە رزگار کردنی وڵات لە مۆزەخانەکانە کە وەک گۆڕستانێک کە هەتا دێت بەر بڵاوتر دەبێتەوە." هەڵبەت ئەوان سەرکەوتوو نەبوون و بە ئامانجەکانی خۆیان نەگەیشتن و ئەمڕۆکە بەرهەمە هونەرییەکانیان لە زۆربەی مۆزەخانەکاندا لە وێنەی شۆڕشێکی هونەری بێ ئاکام پیشان دەدرێت.
(بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

مارتینی و هاوڕێکانی کە وەک نوێنەری فوتوریست خۆیان دەناساند، لایەنگری خێرایی، تکنۆلۆژی و توندووتیژی بوون. بۆ فوتوریستەلان ئۆتۆمبیل، فڕۆکە و شارە پیشەییەکان هێماگەلێکی گرنگ بوون، لە بەر ئەو هۆیەی کە ئەم ئامرازانە جەختێک بوو کە مرۆڤی پیشەیی  لە سەر سەرکەوتنی بە سەر سرووشتدا دەکرد.
فوتوریستەکان زۆر بە تووندی دژایەتی داب و نەریتیان دەکرد و بانگەشەیان بۆ رچە شکێنی و بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ نەریتەکاندا دەکرد.
روانگەی کەلتووری فوتوریزم لەگەڵ روانگەی سیاسی فاشیزمی ئیتالیا کە بەر لە شەڕی یەکەمی جیهانی هاتە کایەوە، یەکی دەگرتەوە. لە کۆدا دەتوانین بڵێین فوتوریستەکان لایەنگری فاشیزم بوون، هۆکاری ئەو لایەنگری پشتیوانیەشیان لە فاشیزم دەگەڕایەوە بۆ ئەوەی کە دەستیان دەدایە کاری مودێرن، و فاشیزمیان وەک هێز و دەسەڵاتێک دەبینی کە لەگەڵ یەک(واتە فوتوریزم و فاشیزم) دەیانتوانی ئیتالیا بەرەو مۆدێرن بوون بەرن.

                                    چەند بەرهەم بە شێوازی فۆتۆریزم