۱۳۹۰/۰۷/۰۱

چاوخشاندنێک بە سەر ئەدەبیاتی ژاپۆندا


چاوخشاندنێک بە سەر ئەدەبیاتی ژاپۆندا
و: جەمشید بەهرامی

وڵاتی ژاپۆن خاوەنی و داب و نەریتێکی کۆن و تایبەتە، ئەم وڵاتە هەر لە کۆنەوە خاوەنی ئەدەبیاتێکی دەوڵەمەند بووە. بێ گومان بۆ شرۆڤەی هونەر و ئەدەبیاتی کۆنی ژاپۆن دەبێت گەشتێک بە نێو ئوستوورەکانی ئەو وڵاتەدا بکەین، تاکوو بتوانین خوێندنەوەیەکی درووستمان هەبێت. بەڵام مەبەستی جێگای باسی ئێمە لەم بابەتەدا ئەدەبیاتی کۆن یان بە واتایەکی دیکە ئەدەبیاتی کلاسیک نییە، بەڵکوو مەبەست ئەدەبیاتی ئەم سەردەمەیە.
ئەدەبیاتی ئەم سەردەمەی ژاپۆن ساڵانێکە کاریگەری بە سەر خوێنەرانی نەک ژاپۆنی بەڵکوو وڵاتانی دیکەش داناوە. ئەم ئەدەبیاتە بە نرخە لەم ساڵانەی دواییدا توانیویەتی خوێنەرێکی زۆرتر لە جاران لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە، بە شێوەیەک کە زۆرێک لە بەرهەمەکانی ئەدەبی ژاپۆنی بۆ زۆرێک لە زمانەکان وەرگێڕدراون.
لەوانەیە ئەم نەوەیەی ئەم سەردەمە، ژاپۆن نەک بە سامۆراییەکانی بەڵکوو بە ئەنیمەیشن بناسێت، بەڵام سەرەڕای ئەمانە ئەدەبیاتی ژاپۆن تایبەتمەندی‌گەلێکی تایبەت بە خۆی هەیە کە لە هەموو جیهان‌دا ناسراوە، یەکێک لەو تایبەتمەندیانە بە "هایکۆ" ناسراوە. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

هایکۆ جۆرێکی شێعری ژاپۆنیە کە لە فۆرمدا تایبەتمەندیەکی جیاوازی لە جۆرەکانی دیکەی شێعری هەیە، لەوانەیە نەکرێت بە سانایی دەست‌بخرێتە سەر ئەو تایبەتمەندیانە، چونکوو ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ فۆرم لە زمانی ژاپۆنیدا. بەڵام یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندی ئەم جۆرە شێعریە ئەمەیە کە پێداگری لە وەسفی "زەمەنێک" دەکات، دەتوانین بڵێن تا رادەیەک هاوسەنگیەک لە نێوان هایکۆ و غەزەڵ بەدی دەکرێت، وەک ئەوەی کە بڵێی سات و کات بۆ چرکەیەک دەوەستێنێت و فریزی دەکات.
هایکۆ نووسین ساڵانێکە جگە لە ژاپۆنیەکان نووسەرانی وڵاتانی دیکە بە لای خۆیدا راکێشاوە. دڵەراوکێی سەرەکی شاعیرانێک کە هایکۆ دەنووسن لە سەرەتاوە سرووشتە، هایکۆ نووسەکان وەرزەکان بە شێوەیەکی زۆر سەیر وەسف دەکەن و لە بەر ئەوەیە کە دەگوترێت کە لە شێوەی غەزەڵە.
بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی ئێمە، ئەدەبیاتی ژاپۆن ساڵانێکی زۆرە کە لە جیهان‌دا ناسراوە و چەندین نووسەری بە ناوبانگی جیهانی لە ئەدەبیاتی ژاپۆن‌دا بەدی دەکرێت. دوو نووسەری ژاپۆنی تا ئێستە براوەی خەڵاتی نۆبل لە ئەدەبیاتدا بوون و لە پەنای ئەم دوو نووسەرەدا، چەند نووسەرێکی دیکەی ژاپۆنیش هەن کە ناوبانگی جیهانیان هەیە.
" یاسۆرنای کاواباتا " نووسەری رۆمانی " خانووی سیما جوانەکانی نووستوو" یەکەمین نووسەری ژاپۆنیە کە براوەی خەڵاتی نۆبلی ئەدەبیاتە. گابریل گارسیا مارکیز دەڵێت : " ئەم بەرهەمە تەنیا بەرهەمەێکە کە ئاواتەخواز بووم کە نووسەرەکەی من بوایەتم. "
" کونزابۆرۆ ئووە "  دووهەمین نووسەری ژاپۆنیە کە خەڵآتی نۆبلی ئەدەبیاتی وەرگرتووە، ئەم نووسەرە خاوەنی چەندین رۆمان و دەفتەری شێعریە، جگە لەم دوو کەڵە نووسەرە نووسەرانێک لە وێنەی: " کۆیۆ ئابە " نووسەری رۆمانی " ژن لە کۆگای زیخ‌دا " و " کازۆئۆ ئیشی گۆرۆ " نووسەری " شەوانەکان "، ناوبانگی جیهانیان هەیە.
" ژن لە کۆگای زیخ‌دا " چیرۆکی ژن و پیاوێکە کە لە گوندێکی قەراخ ئاویی جیهاندا لە چاڵێک کەوتوون و لەوانەیە با و بۆران ببێتە هۆی ئەوەی کە زیخی گوێ چەمەکە دایان پۆشێت و زینە‌بەچال بن، ئەم بەرهەمە یەکێک لە بەناوبانگترین بەرهەمەکانی ئەدەبیاتی ژاپۆنە، لە لایەکی دیکەشەوە کازۆئۆ، کە نووسەرێکی دیکەی بەناوبانگ و خامەرەنگینی ئەم سەردەمەی ژاپۆنە و لە بەریتانیا نیشتە جێیە، لە ئەورووپا لایەنگری زۆری هەیە.
بە بڕوای رەخنە گران کەلتووری ژاپۆن لە سەر چەند بنەمایەکی زەبەلاح دامەزراوە، ئەو بنەمایانە بریتین لە : شێوەکاری سامۆرایی و ئەدەبیاتی ئەو وڵاتە.
کەڵە هونەرمەندانێک لە وێنەی " کۆرۆساوا " و " کۆبایاشی "، کە دوو سینەماکاری بە ناوبانگەکانی ژاپۆنین، بنەمای بەرهەمە سینەماییەکانیان ئوستوورە و ئەدەبیاتی ژاپۆن بووە؛  بەرهەمە بە پیز و بە نرخەکانی ئەو سینەماکارانە جەخت لە سەر دەوڵەمەند بوونی ئەدەبیاتی ژاپۆن دەکەن، کە سەرچاوەکەی لە ئوستوورەی ئەو وڵاتەدایە.

" هارۆکی مۆراکامی " نووسەرێکی دیکەی بەناوبانگی ژاپۆنیە کە بەرهەمەکانی بۆ سەر چەندین زمان وەرگێڕدراونەتەوە. ئەوەی کە لەم نووسەرەدا جێگای سەرنجە روانینی ئەورووپاییەکان بۆ ئەم نووسەرەیە کە لەگەڵ روانینی ئێمەدا زۆر جیاوازە. هەروەها کە ئاماژە کرا ئەدەبیاتی ژاپۆنی ناوبانگێکی تایبەتی لە جیهاندا هەیە، بەڵام روانینی نووسەرانی پێشووتری ئەدەبیاتی ژاپۆن هەم بە وڵاتەکەیان و هەم لە فۆرمی چیرۆک نووسیدا جۆرێک روانینی شێعریەتی کلاسیکی پێوە دیارە، لە کاتێکدا بەرەوڕووی بەرهەمەکانی مۆراکامی دەبیتەوە، کەلتوورێک دەبینی کە نیوەی داب نەریتی کلاسیکە و ئەو بەشەکەی دیکەی مۆدێرنە، کەلتوورێک کە هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە ریالیستیە بەڵام جۆرێک لە خولیای پێوە دیارە و جاری وایش هەیە کە خوێنەر هەست دەکات کە لە پۆلی وانە گوتنەوەی مۆراکامیدا دانیشتوە و مۆراکامی خەریکە باس لە کەلتوور و زمانی ژاپۆنی دەکات.
مۆراکامی لە بەرهەمی " کافکا لە لێواردا " باس لە کوڕێکی 15 ساڵان دەکات کە لە دەستی بنەماڵەکەی هەڵدێت و بەسەرهاتێکی سەیر ئەزموون دەکات،لە بەشێکی دیکە‌ی چیرۆکەکەدا، ئەو کەسایەتیەی کە چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە، پیرە پیاوێکە کە تووشی خەساری مێشکی بووە و ئەم بەسەرهاتە وای لێکردووە کە بتوانێت لەگەڵ پشیلەکاندا قسە بکات، لە فۆرمی سەرەتایی چیرۆکەکەدا وا هەست دەکرێت کە چیرۆکەکە فۆرمێکی ئاڵۆزی هەیە، بەڵام دواتر فۆرمێکی سانا بە خۆوە دەگرێت، ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە چۆن مۆراکامی مامەڵە لەگەڵ فۆرمی چیرۆکەکانیدا دەکات.
مۆرکامی تا تەمەنی 29 ساڵی لە نزیک شاری تۆکیۆدا لە چایخانەیەکدا ئیشی کردووە و ژیانێکی پڕ لە تەنگ و چەڵەمەی ئەزموون کردووە.
مۆراکامی هۆکاری ئەوەی کە بووە بە نووسەر دەگێڕێتەوە بۆ " تۆپی بەیس‌باڵ "! کە لە کێبەرکێیەکی ناوچەیی بەیسباڵدا لە کاتێک‌دا کە وەک هاندەری یانەکەی خەریک بوو چاوی لە یاریەکە دەکرد، لە کۆتایی یاریەکەدا تۆپەکەی بە دەستەوە گرت و بەرەو ئاسمان تۆپەکەی فڕێ دا. مۆراکامی دەڵێت : " ئەو کاتەی کە لە ستادیۆ‌دا دانیشتبووم و چاوم لە یاریەکە دەکرد، بە خۆمم گوت دەبێت ببم بە نووسەر..."
لە بەرهەمەکانی مۆراکامی دەتوانین بەمانە ئاماژە بکەین: " بەر لە تاریکی "، " دیتنی کچێکی زۆر جوان لە بەیانیەکی مانگی ئاوریلدا "، " لە کوێ دەتوانم بیبینمەوە "...
سەرچاوە:
ن: محەمەد رەزا کیا

http://www.aftabir.com/articles/view/art_culture/literature_verse


ئەم بابەتە لە ژمارەی (66)ی گۆڤاری "هەنار"دا چاپ کراوە