۱۳۹۰/۰۶/۱۸

قوتابخانەی فرانکفۆرت


قوتابخانەی فرانکفۆرت
و: جەمشید بەهرامی


دەستپێکی قوتابخانەی فرانکفورت، بە دامەزراندنی سەنتەرێکی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی لە شاری فرانکفۆرتی ئاڵمانیادا لە ساڵی 1932 دەستی پێکرد و سەرەڕای ئەوەی کە ئامانج پێک هێنانی قوتابخانەیەک لە کۆمەڵناسیدا نەبوو، بە هۆی خوێندنەوەی بەربڵاو و قووڵ کە لە پانتایی کۆمەلناسی، سایکۆلۆژی کۆمەڵایەتی،ئابووری سیاسی و... لە دوای خۆیان بە جێیان هێشت،دیتران لە کۆدا نێوی قوتابخانەی فرانکفۆرتیان لە سەر دانان. ئەم قوتابخانەیە سەرەڕای ئەوەی کە جەختی لە سەر لایەنە جیاوازەکانی لێکۆڵینەوەیی و شرۆڤەیی دەکرد، بەڵام دەکرێت دوو رێدۆز و روانگەی سەرکی ئەوان بە حاشاکردن لە "پۆزتیویست" و "مارکسیزمی دوگماتیک" دەستنیشان بکەین. قوتابخانەی فرانکفۆرت لە ژێر کاریگەری روانگەکانی سێ کەڵە بیرمەند لە پانتاییەکانی کۆمەڵناسی، فەلسەفە و دەروونناسی بە ناوەکانی مارکس، هێگل و فرۆید، دامەزرا و مشت و مڕ و لێکۆڵینەوە لە سەر روانگەکانی ئەو کەڵە بیرمەندانە، چ لە راستای رەد کردنەوە و چ لە راستای دان نان بە روانگەکانیان، بوە هۆی دامەزرانی قوتابخانەی فرانکفۆرت.(بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە) 
 گرنگایەتی مارکس لە بەر ئەمانە بوو: شکاندنی پێکهاتەکانی بنەمایی روانگەکانی، بەکردەوە دەرهێنان و کاریگەری ئەندێشەی ئەو لە سەر پێکهاتەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەندێک لە وڵاتەکان.
کاکڵەی روانگەی مارکس بەسێ تەوەر و چەمکی بنەڕەتیەوە بەستراوەتەوە :
دیالکتیک، ماتریالیزمی فەلسەفی، ماتریالیزمی مێژوویی
چەمکی دیالکتیک لە روانگەی مارکس لە سەر ئەمە جەخت دەکات کە راستیە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام لە گۆڕان و ئاڵ و گۆڕدان، کە ئەم ئاڵ و گۆڕانە بەیەکەوە بەستراون و جیاوازی هۆکاری سەرەکی پێک هاتنی ئەم ئاڵ و گۆڕانەن، و لە کۆتاییدا ئەم ئاڵ و گۆڕانە کۆمەڵگا بەرەو داهاتوویەکی جیاواز دەبەن.
ماتیالیزمی فەلسەفی بە سێ بەش دابەش دەبێت :
1- ماتریالیزم : لێرەدا جەخت لە سەر ئەم مانایە دەکات کە جیهان بریتیە لە مادە(ماک) و ئاڵ و گۆڕ لە روانگەدا بنەمای لە مادەدایە.
2- ئەمپەریزم : بەم مانایە کە مەعریفە بەس لە رێگەی بەکارهێنانی هەستەکانی مرۆڤەوە بەدی دێت.
3- دوگماتیزم : ئەمەیە و جگە لەمە نییە!، لایەنی مادی جیهان ژێرخانی لایەنی کەلتووریەکەیەتی و هەروەها مەعریفە بەس لە رێگەی هەستەکانەوە.
لە ئامانجدا ماتیالیزمی مێژوویی لە ئەندێشەی مارکس‌دا پێداگری لە سەر ئەمە دەکات کە رەوتی بەرەو پێش چوونی کۆمەڵگا و مێژوو بەستراەوتەوە بە دوو چەمکی دیالکتیک و ماتریالیزمی فەلسەفی.
بەڵام روانگەکانی ژێر کاریگەری ئەندێشەی مارکس کە دواتر بە " نیو مارکسیزم " ناوبانگیان دەرکرد لە سێ رەوتی گشتیدا ئاڵ و گۆڕی بە خۆوە بینی:


1- رەخنەی مارکسیزم
2- چاکسازی لە ئەندێشەی مارکسیستی‌دا
3- چەسپاندن و
درێژەدانی بە بڕشتی ئەندێشەی ماکسیستی
دەتوانین دامەزرێنەرانی قوتابخانەی فرانکفۆرت بە چاکەخوازانی ئەدنێشەی مارکسیستی ناوزەد بکەین. ئەوان بە پاراستنی چواچێوە بنەڕەتییەکانی ئەندێشەی مارکسیستی لە نێو ئەم پاڕادایمەدا تێدەکۆشان چاکسازی بکەن. لە راستی‌دا تێکۆشینی ئەوان لە راستای دوژمنایەتی لەگەڵ ئەم بیرۆکەیەدا نەبوو و ئەگەر  رەخنەیەکیان دەگرت، دەبێت ئەو رەخنەیە بۆ هاودڵی لەگەڵ ئەندێشەی مارکسیستی‌دا لەقەڵەم بدرێت.
قوتابخانەی فرانکفۆرت و پاڕادایمی رەخنەیی
لەوانەیە بۆ هەندێ کەس لێکدانەوەکە بەو شێویە بێت کە پێداگری سەرەکی لە سەر رەخنە لە دۆخی هەنووکەیی بێت، بەڵام دەبێت مەودایەک لە نێوان تیورسیەنەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت و دامەزرێنەرانی پاڕادایمی رەخنەیی دابنێین.
ئەگەر قوتابخانی فرانکفۆرت لە سەرەتای سیەکانی زایینی دەستی پێکرد، پاڕادایمی رەخنەیی لە سەرەتای ساڵەکانی 1970ەوە هاتە ئاراوە، واتە 40 ساڵ دواتر دەستی پێکرد و پێداگری سەرەکی لە سەر رەخنە لە سەرمایەداری و بە تایبەت پەروەردە بوو؛ لەبەر ئەوەی کە لەو سەردەمەدا لە وڵاتانی سەرمایەداری پێداگریەکی لە رادەبەدەر لە سەر پەروەردە دەکرا، و لە سەر ئەو رایە بوون کە پەروەردە دەتوانێت دۆخێکی لە بار بۆ گەشەی مرۆیی، کۆمەڵایەتی و ئابووری دەستەبەر بکات. بەڵام پاڕادایمی رەخنەیی پێداگری لە سەر ئەمە دەکرد کە پەروەردە خولقاندن و داهێنان لە قوتابیان دەستێنێتەوە و ئەوان هاوڕەنگ و جەماوەری باردەهێنێت. لە لایەکی دیکەوە رەخنەگران پەروەردەی لەو چەشنەیان بە هۆکارێک دەزانی بۆ سەقامگیری نابەرابەری چینایەتی، و تەنانەت پەرەپێدەری ( بەر رەوا زانین ) ئەم نابەرابەریە کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی سەرمایەداری، لەوانەیە بتوانین ئاوەها بڵێین کە قوتابخانەی فرانکفۆرت بەس رێخۆشکەر بوو بۆ سەرهەڵدانی پاڕادایمی رەخنەیی لە ساڵەکانی دواتردا.
سەردەمەکانی ئاڵ و گۆڕی قوتابخانەی فرانکفۆرت
سەردەمی یەکەم : لەم سەردەمەدا کە لە ساڵی 1923 بە دواوە دەست پێدەکات و تا ساڵی 1933 درێژەی دەبێت، دەتوانین کاریگەری ئەندێشەی گیۆرگ لووکاچ بە روونی ببینین، لە رێگەی کتێبی مێژوو و ئاگایی چینایەتیەکی، لە سەر ئەندێشەی فلیکس وایڵ، کە دواتر تیوریسیەنەکانی رەخنەگر لە دۆخی هەنووکەیی لە دەوری یەک کۆکردەوە. نیگەرانی و کەڵکەڵەی سەرەکی وایڵ سەرنج‌دان بە رۆشنبیرانێک بوو کە نیگەرانی و دەمارگرژی رادیکاڵیان هەیە و دژ بە پێکهاتەی سەرمایەداین. بەم پێیە وایڵ توانی کۆمەڵێک لە رۆشنبیرانی رخنەگر لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی فرانکفۆرت لە دەوری خۆی کۆکاتەوە.
بەڵام ئەم رۆشنبیرە رادیکاڵانە خۆیان بە دوو دەستەوە دابەش دەبوون، لە لایەکەوە رۆشنبیرانی میانەڕۆ کە خوازیاری ئاڵ و گۆڕی بنەڕەتی و بەتەواو مانای دۆخی هەنووکە بوون؛ لەم رۆشنبیران دەتوانین ئاماژە بکەین بە ئادۆرنۆ،لۆکاچ و هابرماس، بەڵام لە لایەکی دیکەوە رۆشنبیرانی توندڕۆ لە وێنەی لینین بەدی دەکرا کە خوازیاری ئاڵ و گۆری بنەڕەتی و هەمە لایەنە بە شێوەیەکی خێرا و تووند و تیژتر بوون.
سەنتەری لێکۆڵینەوەیی کۆمەڵایەتی لە سەرەتا لە پێگەیەکی دژەمارکسیستیەوە دەستی پێکرد و نیگەرانی ئەوان لە دوو چەمکدا بوو:
1-     لێکۆڵینەوە لە سەر هۆکارەکانی سەرکەوتنی شۆڕشی 1917 لە رۆژهەڵاتی ئەورووپا
2-     لێکۆڵینەوە لە سەر ئەم پرسە کە بۆ چەپەکان لە ئەڵمانیای نازیدا سەرکەوتوو نەبوون
سەردەمی دووهەم : سەرەتای ئەم سەردەمە دەگەڕێتەوە بۆ بە دەسەڵات گەیشتنی نازیسم لە ئەڵمانیادا و کۆچ کردنی تیوریسیەنەکانی سەرەتای قوتابخانەی فرانکفۆرت بۆ ئەمریکا. ئەم کۆچە بۆ ئەوان زۆر بە نرخ بوو. تا بەرلەوەی کە کۆچ بکەن و بڕۆن بۆ ئەمریکا، فرانکفۆڕتیەکان لە سەر ئەو رایە بوون کە هەنووکەش پڕۆلتاریا ( کرێکاران ) دەورگێڕان و ئەکتەرانی سەرەکی شۆڕشن، و لە راستیدا ئەم پێکهاتە داخراوانەی کۆمەڵگای ئەڵمانیان کە ئیزن نادەن ئەوان چالاک بن، بەڵام بە بینینی دۆخی کرێکارە ئەمریکییەکان کە لەو دۆخە کراوەدا هیچ بەرەو پێش چوونێکیان لێ نابینرێت، روانگەکانیان گۆڕدرا. لە راستیدا دامەزرێنەرانی ئەم قوتابخانەیە لە وێنەی هۆرکهایمەر و مارکۆزەی تووشی بن بەستێکی تیوری کرد. ئەوان بە روونی دەیان بینی کە پڕۆلتاریا چیدی توانا و ئیرادەی پێویستی بۆ شۆڕش نییە.
لە هەل و مەرجێکی ئاوەهادا زۆر جار قوتابخانەیەکی تیوری یەک رێگای لە پێشدایە : یان پەیامەکانی خۆی نۆژەن دەکاتەوە یان بۆ بەردەنگی نوێ لە نیوان جەماوەردا دەگەڕێت بۆ ئەوەی کە بە ئانجەکانی بگات.
تیوریسیەنەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت لەو ساڵانەدا سەرەتا دەستیان دایە نۆژەن کردنەوەی ئەدێشەکەیان، کە بەم شێوەیە جەختیان لە سەر دوو خاڵی بنەڕەت دەکرد:
یەک - رەخنە لە پۆزتیویسم ( زانست‌گەرایی) : هێرشی ئەوان بۆ سەر ئەندێشەی پۆزتیوستی دەکرێت لە سێ بەشدا گەڵاڵە بگرێت:
1-     پۆزتیویسم ئامرازیك لە خزمەتی دەسەڵاتداران‌دا : ئەوان بە روونی لە کۆمەڵگای ئەمەریکادا دەیان بینی کە چۆن پۆزتیویسم ئامرازێکە لە خزمەتی دەسەڵاتداران‌ تاکوو داخوازیەکانیان بە ناوی زانستەوە بە سەر خەڵکدا بسپێنن. بەم شێوەیە فرانکفۆرتیەکان ئەم رەخنەیان لە پۆزتیویسم دەگرت کە زانست‌گەرایی ناتوانێت دیدێکی درووست لە ژیانی کۆمەڵایەتی دەستەبەر بکات،و راستییەکان لار و لوێر نیشان دەدات و بە پێی دڵ و داخوازی دەسەڵاتداران، وێنایەکی دڵخوازی ئەوان دەخاتە روو.
2-     پرۆفشناڵ و تاک رەهەندی بوونی پانتاییەکانی فام و دەرکی زانستی : رەخنەیەکی دیکەی فرانکفۆرتیەکان ئەوە بوو کە ئایا دەتوانین بەشەکانی جیاوازی زانستی لەیەک جیا بکەینەوە؟ بۆ وێنە ئایا دەتوانی بەس بە لێکۆڵینەوەی سایکۆلۆژیانەی تاک، هەموو هۆکارەکانی هەڵس و کەوت لەودا روون بکەینەوە؟
لە کاتێکدا کە پانتاییە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ژیانی مرۆیی بەیەکەوە بەستراون و هەڵ و کەوتی تاکەکان لە دۆخگەلی جیاوازدا پێویستی بە روونکرندەوەیە لە پانتاییە جیاوازەکانی سایکۆلۆژی، کۆمەڵناسی، ئابووری، سیاسەت و ...
3-     خۆپارێزی ئەندێشەی پۆزتیویستی : رەخنەگران لە کۆتاییدا جەخت لە سەر ئەوە دەکەن کە زانست بە تەواوەتی بۆ پاراستنی دۆخی هەنووکەیی تێدەکۆشێ و هیچ پڕۆگرامێکی ئەوتۆی بۆ ئاڵ و گۆڕی بنەڕەتی نییە و ناکرێت ببێتە مایەی دڵخۆشی.
دوو - ناهومێدی لە بەدیهاتنی سوسیالیزم : ژیان لە کۆمەڵگای ئەمەریکادا بووە هۆی ناهومێدی لە ئەگەری بەدیهاتنی سوسیالیزم لە داهاتوودا، لەمە بە دوا ئەوان خەیاڵپەروەری لە پانتایی کۆمەڵگای ئارمانیدا ناوەلاوە و زۆرتر پێداگریان لە سەر دۆخی هەنووکە دەکرد.
سێ – چەند هۆکار لە لێکۆڵینەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی : ژیان لە کۆمەڵگای ئەمەریکا ئەم ئاکامەی بۆ تیوریسیەنەکانی فرانکفۆرتی بەدواوە بوو کە لە روونکردنەوەکانی تاکە هۆکاری دەستیان کێشا و روویان کردە روونکردنەوەی چەند هۆکاری. تیوریسیەنەکانی مارکسیست بە شێوەی گشتی جەختیان لە سەر هۆکاری ئابووری لە ئاڵ و گۆڕی ژیانی کۆمەڵایەتی دەکرد بەڵام تیوریسیەنەکانی فرانکفۆرت بە وەرگرتنی بەرچاوگەی چەند هۆکاری لە روونکردنەوەی کۆمەڵایەتی، لە سایکۆلۆژی فرۆید و هۆکاری کەلتووری – کۆمەڵناسیش لە لێکۆڵینەوەکانی خۆیان کەڵکیان وەرگرت.
سەردەمی سێهەم : سەرەتای سەردەمی سێهەم بە کۆتایی هاتنی شەڕی دووهەمی جیهانی و گەڕاننەوەی تیوریسیەنەکانی رەخنەیی لە ئەمەریکا بۆ ئەڵمانیا دەست پێدەکات، لەم سەردمە بە دواوە بوو کە تیوریسیەنەکانی نوێ‌تری ئەم قوتابخانەیە لە وێنەی ئوفە و هابێرماس ناوبانگیان دەرکرد.
سەرچاوە:
ن: م. رنجبر
 http://www.aftabir.com/articles