۱۳۹۰/۰۷/۰۹

داداییزم



داداییزم

جەمشید بەهرامی

داداییزم ( Dadaisme ) بزووتنەوەیەکی هونەری لە ساڵی 1916، لە شاری زوریخدا هاتە ئاراوە، سەرەتا ئەم بزووتنەوە هونەرییە لە لایەن چەند شێوەکار و شاعیرێکەوە لە زوریخەوە دەستی پێکردووە و دواتر لە فەرانسە، ئاڵمان، ئیتالیا، هولەند، ئیسپانیا و ئەمریکا گەشەی کرد. وشەی " دادا " لە زمانی فەرەنسیدا بە مانای " گاڵتە "یە. منداڵەکان بە مانای " ئەسبی چێوی " بە کاری دەهێنن؛هەروەها بە مانای " هەموو یان هیچ "ـە.
ئەم شێوازە هونەرییە رەوتێکی دژە هونەری و نیهیلیستی بوو، و هەروەها بەرهەمی زەخت و گوشارە دەروونییەکان لە شەڕی یەکەمی جیهانی‌دا بوو. هونەرمەندانی شوێن کەوتووی ئەم رەوتە، گاڵتەیان بە هەموو بڕوا پیرۆزەکانی سەردەمی خۆیان دەکرد و لە سەر ئەو بڕوایە بوون کە شارستانیەتی سەردەم، شارەستانیەتێکی شێت و سەرەڕۆیە. لە بەر ئەوەی کە بنەمای بەرهەمەکانی داداییستەکان نهیلیستی بوو، شرۆڤە و تێگەیشتن لە بەرهەمەکانیان زۆر زەحمەت بوو.(بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

داداییستەکان دژایەتیان لەگەڵ هەر چەشنە رواڵەتێکی عەقڵانی‌دا دەکرد و لە هەرچەشنە بیرۆکەیەکی بە رواڵەت عەقڵانی رەخنەیان دەگرت و گاڵتەیان پێ دەکرد، هەموو تێکۆشانی داداییستەکان ئەوە بوو کە بە جۆرێک بە ئازادی تەواو مانا بگەن. داداییستەکان دژایەتی ئەدەبیاتیان دەکرد، چونکوو ئەدەبیاتیان بە ئامرزێک بۆ بانگەشەی شەڕ وەسف دەکرد.
داداییستەکان کۆمەڵگایان دەدایە بەر رەخنە، بەڵام زمان و بەرهەمەکانیان بەو شێوەیە نەبوو کە خەڵکی ئاسایی پێوەندیان لەگەڵ بگرن و لێیان تێبگەن. بۆ وێنە شیوازی نووسینی ئەوان بە شێوەیەک بوو کە وتارێکیان لە رۆژنامەیەک هەڵدەبژارد و زۆربەی وشەکانیان لە وتارەکە دەسڕیەوە یان دەریان دەهێنا، تا ئەو رادەیەی کە لە هەر رەستەیەکدا یەک وشە دەمایەوە و دواتر وشەکانیان یەکە یەکە لە دوای یەک دادەنا. زۆر روون و بەر چابوو کە ئەو رەستانەی کە لە وشە لێکپچڕاوەکان پێک دەهات زۆر بێ مانا بوون.
شانۆنامە داداییستیەکان زۆر سەیر و سەمەرە بوو، تا ئەو رادەیەی کە بینەرەکان زۆر بە تووڕەییەوە شانۆکەیان بە جێ دەهێشت. هونەرمەند و ئەندامانی سەرکی سەرەتای بزووتنەوەی داداییست بریتین لە :
تریستان تزار ( شاعیر، خەڵکی رۆمانی )، ریچارد هۆڵزنبەگ ( شاعیری ئاڵمانی )، هۆگۆ باڵ( شاعیر، نووسەر و دەرهێنەری شانۆ، خەڵکی ئاڵمان )، جان ئارپ ( شاعیر و نووسەر خەڵکی ئاڵمان ).


                                                       چەند بەرهەم لە سەر شێوازی داداییزم