۱۳۹۰/۰۷/۲۷

خاڵی وەرچەرخانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە سوریە


خاڵی وەرچەرخانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە سوریە
جەمشید بەهرامی

هەر لە سەرەتای داگیرسانی ئاڵۆزیەکانی سوریە لە مانگی مارسی ئەمساڵەوە، بەردەوام گلەیی و گازەنەدە لە کوردەکان و ناوچە کوردنشینەکان دەکرا کە گوایە لەو چەشنەی کە چاوەڕوان دەکرا گەلی کورد پێوەست بە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان نەبوون و ئەو نرخەی کە گەلانی سوریە داویانە بەس بە تەنیا بە سەر عەرەبەکان دا شکاوەتەوە. ئەو شێوە روانین و لێکدانەوەیە کە بە تەنیا جەختی لە سەر کێشی کوردەکانی سوریە لە نێو هاوسەنگیەکانی ئاڵۆزیەکانی ئەمساڵەدا دەکرد ئەوەی لە بیر کردبوو کە کوردەکان بە درێژایی ئەم چەند ساڵە بەرەوڕووی چەوساندنەوی نەپساوە بوونەتەوە، ئەو بۆچوونە ئەو راستیەی لە بەرچاو نەدەگرت کە چۆنیەتی مامەڵەی دەسەڵاتی ناوەندی و عەرەبی بە درێژایی ساڵانی رابردوو لەگەڵ کوردان جیاوازتر بووە و بەردەوام زەبر و زەنگەکان لە بەرامبەر کوردەکاندا چەند قات بووە.
بێ گومان خەباتی گەلی کورد لە سوریە بەرامبەر بە دەسەڵاتی ناوەندی لە وێنەی پارچەکانی دیکەی کوردستان خەباتێکی رەنگینە و ئەوە کوردەکانی هەر کام لە پارچەکانی کوردستان بوون کە بەردەوام لە خەباتێکی نەپساوەدا پێداگریان لە سەر مافە رەواکانی خۆیان کردووە. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)
بەڵام لەو هەل و مەرجە هەستیارەدا کە دەسەڵاتی ئۆلیگارشی ئەسەد لە سووریە لەو چەشنە بەرەوە قەیران دەچوو، بە تێرۆری مەشعەل تەمۆ گڵۆڵەی بە خێراییەکی زۆرتر لە جاران کەوتە لێژی. ئەوەی کە جێگای سەرنجە ئەوەیە کە ئەمجارە گەلی کورد لە سوریە بە پێچەوانەی پڕوپاگەندای هەندێ لە لایەنە سیاسیەکان کە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردی سوریەی بەستراوە بە لایەنێکی سیاسی کوردی لە کوردستانی تورکیەوە دەزانی و  لە سەر ئەو بڕوایە بوو کە بزووتنەوەی رزگاریخواری کوردی لە سوریە لە ژێر کاریگەری هژمۆنی پارتێکی کوردی ئۆپۆزسیۆن لە تورکییە دا هەناسە دەکێشێت، ئەمجارە بزووتنەوەی گەلی کورد لە سوریە بە  پارادایمگەلێکی تایبەتی پێناسەیەکی تایبەتی لە خۆی کرد و بەم پێناسەیەوە پێی نایە قۆناغێکی دیکە لە بازنەی سیاسی سوریەدا.
دووپات بوونەوەی ئەزموونەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان
بێ گومان دەسەڵاتە ناوەندنشینەکان کە پارچەکانی کوردستان بن دەستی ئەوان بوون، سەرەڕای ئەوەی کە ئەگەریش کێشەی بنەڕەتیان لە زۆر شوێندا لەگەڵیەک بووبێت، بەس تەنیا لە یەک هاوسەنگی سیاسیدا هاودەنگ و هاوبیر و هاوبڕوا بوون،ئەویش چۆنیەتی پاکتاو کردنی نژادی و قەڵاچۆکردنی گەلی کورد بووە، تۆپبارانەکان و هێرش کردنە سەر نا وچەکانی هەرێمی کوردستان بە بەهانە جۆراوجۆرەوە جەخت لە سەر ئەو راستیە دەکەن.
دەسەڵاتەکانی تورکیە و سوریە و ئێران بەردەوام بۆ چۆنیەتی کۆنتڕۆڵ کردنی ناڕەزایەتیەکانی ناوچە کورد نشینەکان لە ئەزموونەکانی یەکدی کەڵکیان وەرگرتووە، دەتوانین بۆ ئەم مەبەستە واتە هۆکاری کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونەکانی یەکدی رژیمەکانی ئێران و سوریە لە دوو لایەنەوە چاو لێبکەین.
باری دەروونی تاکی کورد
گەلی کورد لە کوردستانی سوریە هەر لە سەرەتای رووبەروو بوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی و دواتریش لە سەردەمی دەسەڵاتی حافز ئەسەد و ئێستایش لە لەم سەردەمەی دەسەڵاتداری بەشار ئەسەدا بەردەوام تووشی گیر و گرفت بووە و تەنانەت وەک مرۆڤێکی ئاسایی چاویان لێ نەکردوون، دەسەڵاتی ناوەندی وەک بەرزەخێک لە نێوان مرۆڤ و حەیواندا چاوەی لە تاکی کورد لە سوریەدا کردووە،( بۆ وێنە بە هەزاران کەس لە خەڵکی سوریە وەک مافێکی سرووشتی، مافی هەبوونی ناسنامەیان لێ زەوت کراوە) یان لانی کەم رژیمی ئەسەد وەک رەگەزی دووهەم روانیویەتە مرۆڤی کورد،ئەمانە هەموو دەستی داوەتە دەستی یەک کە لەم سەردەمەدا گەلی کورد تا رادەیەک بە واقع بینیەوە بە دوور لە دەمار گرژی عەرەبیەوە بەرەوڕووی دەسەڵاتی سوری ببێتەوە و لە ئاڵۆزیەکاندا نەبێت بە دەستپێشخەر، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵسووکەوتی دەسەڵاتی ناوەندی و دەروونناسی تاکی کورد.
لە کوردستانی رۆژهەڵاتیش سەرەڕای ئەوەی کە گەلی کورد بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندیدا بە درێژایی دەسەڵاتی ناڕەوای کۆماری ئیسلامی، پێشەنگ بووە بەڵام لە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە ساڵی 2009  بەو شێوەیە تێکەڵاو بەو ناڕەزایەتییەکانی ناوەند نەبوو، کورد لە رۆژهەڵات بەو تێکەڵاو نەبوونە جەخت لە سەر ئەوە دەکات کە میژوی پڕ لە کەند و کۆسپی خەبات گەلی کورد و سەرکوتەکانی یەک لە دوای یەکی لە لایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وەبیری ناوەند نشینەکان و نەتەوە باڵادەستەکان لە ئێراندا بهێنێتەوە، کە ئەمە هەمان لێک چوونی رۆحیەی تاکی کوردە لە کورستانی رۆژهەڵات و کوردستانی رۆژئاوادا.
ستراتژی دەسەڵاتە ناوەند نشینەکان
ستراتژی دەسەڵاتی ناوەندی بۆ بەروڕوو بوونەوە لەگەڵ گەلی کورد لە هەر پارچەیەک، یەک ستراتژی بووە،سوریە بەردەوام کەڵکی لە ئەزموونەکانی کۆماری ئیسلامی گرتووە بۆ رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ بزووتنەوەی جەماوەری کوردستان، بۆ وێنە کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی کە کورد لە ئێراندا تێکەڵاو بەو بزووتنەوەیە نەبێت کە لە دوای هەڵبژاردنی 2009 وە دەستی پێکرد، وەک هەڵسووکەوتی هەر جارەی - لە ئاڵۆزیەکاندا- دەستی دایە توند و تیژی و چوار چالاکی سیاسی(شەهید کردنی شەهید فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێیانی لە 19ی گوڵانی ساڵی 2010) لە سێدارە دا، لە سوریەشدا سەرەڕای ئەوەی کە تەنانەت دەسەڵاتیش بە باشی ئاگادارە کە ناوچە کوردنشینەکان بە فروانی شێوە ناوچە عەرەب نشینەکان تێکەڵاو بەو بزووتنەوەیە نەبوون، سەرکردەیەکی سیاسی کورد تێرۆر دەکات.
مەشعەل تەمۆ سەرۆکی رەوتی ئایندەی کورد و وتەبێژی ئەو رەوتە و ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانی سوریە لە شاری قامیشلۆ لە ماڵەکەی خۆی لە لایەن چەند چەکدارێکی نەناسراو تیرۆ دەکرێت و کوڕەکەیش بە سەختی بریندار دەبێت. ئەم رووداوە دەبێتە هەوێنێک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕینی کورد، چ لە ناوخۆی سوریە و چ لە وڵاتانی ئورووپایی، تیرۆری مەشعەل تەمۆ لێرەدا زۆر جێگای سەرنجە چونکوو راستەوخۆ گەلی کورد دەست پێشخەر نابێت بەڵکوو تیرۆری سەرکردەیەکی لە لایەن دەسەڵات یان دەستێکی دیکەوە! دەبێتە کارتێک بۆ رەوایی بەخشین بە نارەزایەتی دەربڕینی کورد لە بەرامبەر دەسەڵاتی ناوەندیدا.
پاشنە ئاشیلی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد
زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی پێداگری لە سەر گوماناوی بوونی شەهید بوونی مەشعەل تەمۆ دەکەن،و تەنانەت تاوانی تیرۆر کردنی مەشعەل تەمۆ دەخەنە پاڵ هەندێک لە لایەنەکانی دیکەی سیاسی!. هەندێ لە چاودێرانە ئەو گۆمانە بۆ ئەوە دەگێڕنەوە؛ پێدەچێت کە ئامانجی تێرۆری مەشعەل تەمۆ وەک کارتێک بێت بۆ هاندانی جەماوەری خەڵکی کورد بۆ تێکەڵاو بوون بە ناڕەزایەتییەکان و هەر وەها فروانتر کردنی بازنەی نارەزایەتیەکان لە سوریەدا. لە راستیدا ئەم بۆچوونەوە ئەم خاڵە دەپێکێت کە بە تیرۆر کردنی مەشعەل تەمۆ و تێکەڵاو بوونی خەڵکی کورد بە بزووتنەوەی جەماوەری و فراوانتر بوونی بازنەی ئەو ناڕەزایەتییانە ، رژیمی بەشار ئەوسەد بەرەو زەلکاوێک دەچێت کە بەو ساناییە رزگاری نەبێت، سەرەڕای ئەو بۆچوونانە، یەکیەتی ئورووپا و ئەمریکا تاوانی تیرۆر کردنی مەشعەل تەمۆ، دەدەنە پال دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، لێرەدایە  کە دەسەڵاتی ناوەندی بە هۆی ئەوەی کە مەشعەل تەمۆی چەندین جار دەستبەسەر کردبوو و تەنانەت لەم دواییانەدا بە تاوانی هاندانی جەماوەری خەڵک بۆ خۆپیشاندان لە قامیشلۆ بە چوار ساڵ زیندان تاوانبار کردبوو، و جگە لەوەش مەشعەل تەمۆ بە تازەیی لە زیندان ئازاد ببوو. ئەمە گەمەیەک بوو کە یەک دۆڕاوی هەبوو، دۆڕاوەکە ( واتە تاوانبارەکە ) لە هاوسەنگی نێونەتەوەییدا شەخسی بەشار ئەسەد و دەسەڵاتەکەی بوو. تیرۆری مەشعەل تەمۆ نە تەنیا نەبوو بە هۆکارێک بۆ چاوترسێن کردنی گەلی کورد لە سوریە بەڵکوو توانی بزوتنەوەی جەماوەری فراوانتر بکات.
تیرۆری مەشعەل تەمۆ بووە هۆی ئەوەی کە لە شاری عەمودا خەڵکی پەیکەری حافز ئەسەدیان بهێننە خوارەوە و  تەنانەت لە زۆرێک لە ولاتانی ئورووپاییدا دەست بە سەر باڵوێزخانەی رژیمی سوریەدا بگیرێت.
ئەو رووداوانەی ئەم دواییانە لە سوریە ئەوە دەسەلـینن کە دوای تیرۆر کردنی مەشعەل تەمۆ رژیمی بەشار بەرەو هەڵدێرێکی نەگەڕاوە دەڕوات و دەتوانین وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی لە سوریە چاو لێبکەین.
ئەوەش نابێت لە بەرچاو نەگیردرێت کە گەلی کورد لە سووریە ساڵانێکی زۆرە لە پێناو بە دەست هێنانی ئازادی و مافە سەرتاییەکانیدا نرخێکی ئێجگار زۆری داوە.
هەلێکی مێژویی لە بەردەم گەلی کورد لە سوریەدا
ئەگەر لە کوردستانی عیراقدا لەشکەر کێشی سەدام حسێن بۆ وڵاتی کویەت بووە هۆی رەخساندنی هەلێکی مێژوویی، و جەماوەری کوردستان بە پشتیوانی هێزە کوردییەکان توانیان دەستکەوتێکی لەو چەشنە وەدەست بخەن کە تۆی چاندنی هەرێمی کوردی بە دواوە بێت، لەم سەردەمەدا بە لاواز بوونی دەسەڵاتی ناوەندی سوریە و تەریک کەوتنەوەی ئەسەد و رژیمەکەی لە هاوسەنگی نێونەتەوەییدا گەلی کورد لە سوریە دەبێ بیر لە وەدەست خستنی هێز لە هاوسەنگیە سیاسیەکانی سوریەی دوای بەشار ئەسەد بکاتەوە. لە ئێستادا ئۆپۆزسیۆنی کورد لە سوریە دەتوانێ هەل و مەرج لەبارەتر بکات بۆ ئەوەی بتوانێ لە داهاتویەکی نزیکدا داخوازیەکانی روونتر لە جاران بخاتە بەردەم دەسەڵاتی ناوەندی.
دوای ئەو ئاڵ و گۆڕەی کە بە سەر رژیمی بەشار ئەسەد دا دێت کورد دەتوانێ وەک هەڵێک چاوی لێبکات، چونکوو ئەگەر لەو کاتەدا نەتوانێ داخوازیەکانی بچەسپێنێت و بە پێداگری کردن رەوایی بە مافەکانی ببەخشێت، ئەوا ئەوی‌دیەکانی(دیگریهای) کورد لە سوریەدا قەد دان بە مافەکانی کورددا نانێن.