۱۳۹۲/۰۲/۲۲

فیلم و سیاسەت

دیمەنێک لە فیلمی "رێگا" بەرهەمی سینەماکاری کورد "یەڵماز گونای"
Jamshid Bahrami
فیلم و سیاسەت
تێبینی‌گەلێک سەبارەت بە فیلمی سیاسی
و:جەمشید بەهرامی

 ئایا پانتایی هونەر و پانتایی سیاسەت، دوو پانتایی جیاواز و لە یەک جودایە؟ لەوانەیە ئەم بابەتە پێویستی بە لێکدانەوەیەکی ئەوتۆ نەبێت چونکوو هونەرمەندیش وەک دیتران خاوەنی روانگەیەکی سیاسییە یان بە لێکدانەوەیەکی روونتر دەتوانین ئاماژە بکەین کە هونەرمەندیش لە وێنەی هەر تاکێکی دیکەی کۆمەڵگا بە ناچار بەرەو رووی ئەم چەمکە دەبێتەوە.
کەڵک وەرگرتن یان کەڵک وەرنەگرتن لە مافی دەنگدان، رواڵەتێکی ئاسایی دەبەخشێتە هەڵوێستی سیاسی هەر تاکێکی کۆمەڵگا و ئەم بەرەو روو بوونەوەیە دەکاتە هەڵوێستێکی ئاسایی، لە لایەکی دیکەشەوە لە روانگەی ئایینی و نیشتمانیەوە جگە لە ماف، هەڵوێست لە هەمبەر داهاتووی سیاسی کۆمەڵگا و دەسەڵاتدا بۆ هەر تاکێک دەبێتە ئەرک.
بەم پێیە دەتوانین بڵێین لە هەر حاڵەتێکدا هونەرمەند خاوەنی هەڵوێستێکی سیاسییە و ئەمە دەتوانێت لەگەڵ هونەرمەند بوونی ئەودا هیچ دژایەتیەکی نەبێت. حاشا کردن لەم چەمکە لە لایەن هەر کەسێکەوە بریتیە لە خۆ دزینەوە لە مافی خود و لەوەش گرنگتر خودزینەوە لە ئەرکێکی ئایینی یان نیشتمانی.
ئەمەی کە هونەرمەند تا چ رادەیەک دەتوانێت پێوەندی لەگەڵ سیاسەت‌دا هەبێت، باسێکی کێشماکێش خولقێنە و ناکرێت حاشای لێبکرێت کە رێدۆزی  دوور کەوتنەوە و هەڵاتن لە سیاسەت لە پانتایی هونەردا - بەتایبەت لە لایەن هونەرمەندانی ئەم ناوچەیە – پارێزەران و لایەنگرانی زۆری هەیە. هەنووکە باسەکە سەبارەت بە رەوایی بەخشین یان حاشا کردن لەم هەڵوێستە و چۆنیەتی ئەم هەڵوێستەیە. ئەمەی کە بەرهەمی هونەری لە ژێر کاریگەری دۆخی مێژوویی‌دا دەبێت، بنەمایەکە کە لە پانتایی بیرۆکەی رەخنەییدا دەکرێت بەرگری لێبکرێت. (بۆ درێژەی بابەت لیرە کرتە بکە)
یەکێک لەم دۆخ و ژێرنەخشانە، دۆخێکی سیاسییە کە بەرهەم تێیدا دەخولقێت؛ ئەمە لەو هونەرانەیدا کە چیرۆک تێدا دەگێڕدرێتەوە خۆ دەنوێنێ، هەروەها ئەم دۆخە بە تایبەت لە فیلم‌دا زۆرتر خۆ دەنوێنێ،و دەبێتە هۆی خولقاندنی جیهانی ناوەرۆک لەگەڵ جووڵە،زەمان و "پێکهاتەی هۆکار و بەرهۆ"ی تایبەت، کە لەودا ( واتە فیلم ) هەموو هونەرە جیاوازەکان وەک مۆسیقا،مێعماری،شێوەکاری و... کۆ بوونەتەوە. بەم پێیە باشترە کە لەمە بەدوا باسەکە تایبەت بکەین بە فیلم و درێژەی پێ بدەین.
بە هەر حاڵ فیلمەکان لە شێوازگەلی جیاوازەو لە نیۆریالیزمی ئیتالیاییەوە بگرە تاکوو قوتابخانەی مۆنتاژی یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو، ئێکسپێرسیۆنیزمی ئاڵمانی، شەپۆلی نوێی فەڕەنسی و کلاسیکی هالیوودی؛ هەموو بە شێوەیەک لەم دۆخەدا و بە لە بەرچاو گرتنی ئەم دۆخە سیاسیەیە کە شرۆڤە دەکرێن و لێکدەدرێنەوە. لە دەور و بەری ئێمەشدا ئەم وێنایانە کەم نین و دەکرێ ئاماژە بە فیلمگەلێک بکرێت کە شێوەیەکی تایبەت تەوەرە سیاسی‌یەکانیان کردوەتە دەسمایەی خۆیان. بە واتایەکی دیکە پانتایی مانایی بەرهەمی هونەری لە ژێر کاریگەری پێکهاتە یان لانیکەم نیشاندرگەلێکی زانستی و بەبایەخ دایە، کە بەشێک لە لایەنەکانی نرخاندن و هەبوون‌ناسانە - ئەگەر نەڵێین بەردەوام - زۆرجار لە جیهانی بەرهەمدا بوونیان هەیە. بەم پێیە بازنەی باسەکە گەورەتر لەو  بازنەیە کە بەرهەم هونەرییەکان بە تەوەرە سیاسییاکانەوە و بە پاشگری سیاسییەوە لە خۆیدا کۆدەکاتەوە، و لە وێنەی شانۆی سیاسی یان فیلمی سیاسی ناویان لێدەبرێت.
لە تەوەری باسەکەدا، جیاکردنەوەی ئەو بەرهەمانەی کە بەتایبەت لە ژێر کاریگەری دۆخی سیاسی سەردەمدا بوون و ئەو بەرهەمانەی کە تەوەرە سیاسیەکانیان هەڵبژاردووە، بەسوودە؛ دەستەی یەکەم کەمتر بەرەو رووی دژایەتی دەبنەوە بەڵام دەستەی دووهەم لە جێگای باس و کێشماکێش‌دان.
لە هونەری فیلمدا بە شێوازێکی تایبەت ( لەوانەیە بە عام هەمووی ئەو هونەرانە بگرێتەوە کە بە شیوەیەک رەوتی گێڕانەوەیان تێدا دەبینرێت ) دەکرێت ئەم جیاکردنەوەیە بە جۆرێکی دیکە درببڕدرێت. لە بەشێک لە فیلمەکاندا دۆخی سیاسی لە وێنەی جێگا و بەستێنێکە کە کەسایەتییەکان و ئەنگێزە و هۆکاری کردەوەکانیان لەو شوێن و بەستێنەدا بەرجەستە دەبێتەوە و وەک هۆکاری چیرۆکیی لە جیهانی بەرهەمدا دێتە کایەوە و خۆ دەنوێنێ؛ لەم جۆرە چیرۆکانەدا دڵخوازەکان و هۆکاری کردەوەکانی کەسایەتییەکان و کێشماکێشی نێوانیان لەگەڵ بەربەستدا ( هەڵبەت نەک بەربەستی سیاسی ) چیرۆکەکە دەباتە پێشەوە. لەم فیلمانەدا، بەردەنگ لەگەڵ دڵەڕاوکێ،شایی و خەمی یەکە بە یەکەی کەسایەتییەکانی فیلمەکەدا، تێکەڵاو دەبێت.
فیلمگەلی هالیوودی زۆرتر لەم دەستەیدا جێگیر دەبن؛ فیلمگەلێک سەبارەت بە شەڕێ جیهانی دووهەم، بۆ وێنە، فیلمی "باشترین ساڵەکانی ژیانی ئێمە" ( بەرهەمی ویلیام وایلێر ) و فیلمەکانی شەڕی سارد و فیلمەکانی دوو دەیەی پێش ئێستا، بە تایبەت دوای ١١ی سپتامبر، لە وێنە بەرجەستەکانی ئەم دەستەیەن. بەڵام لە هەندێ لە فیلمەکاندا دۆخی سیاسی لە پێکهاتەی هۆکاریی چیرۆکدا وەک هۆکار خۆ دەنوێنێ؛ لەم کاتەدا کاریگەرییەکان و ئاریکاری دۆخی سیاسی لە رووداوەکان و کەسایەتییەکاندا لە جێگای سەرنج و لێکدانەوەدا دەبێت. هەروەها دەکرێ بڵێین کە فیلم تەوەرێکی سیاسی هەڵبژاردووە یان یەکێک لە چەمکەکانی تەوەرێکی سیاسی‌یە. "رۆم شاری بێ‌بەرگری" ( بەرهەمی رۆبێرتۆ رۆسێلینی ) سەر بە شێوازی نیوریالیزم، " ئۆکتۆبر " (بەرهەمی ئایزنشتاین ) سەر بە قوتابخانەی مۆنتاژی یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو، " ژنی چینی " ( بەرهەمی ژان لۆک گۆدار ) سەر بە شەپۆلی نوێی فەڕەنسی، " بابەتی چواری جولای " (بەرهەمی ئۆلیوەر ئەستۆن ) سەر بە سینەمای سەربەخۆی ئەمریکا، دەکرێ بە نموونەکانی ئەم دەستەیە دەستنیشانیان کەین.
لەوانەیە یەکێک لە چەمکە کێشە خولقێنەکانی سەبارەت بە فیلم و سیاسەت، لایەنی بایەخ‌دان بە پێوندی نێوان ئەم دوو تەوەرە ( فیلمی سیاسی ) بێت. لەم پێوەندییەدا ئەم پرسیارانە گەڵاڵە دەکرێت:
ئایا هونەری فیلم دەبێت ئاوڕ لە سیاسەت بداتەوە؟ و لە بەرامبەر دەرفەت و دۆخی سیاسی‌دا، لانیکەم لە سەردەم و دەرفەتە تایبەتەکاندا خاوەن ئەرک و بەڵێنە؟ ئایا هونەر لە وێنەی بەشێک لە پێکهاتەی کولتووری ( کولتوور بە مانای گشتی ) ناتوانێت لە ژێر کاریگەری و و نابێ لە هەڵگەڕاندنەوەی دۆخی سیاسی بە دوور بێت؟
ئەگەر بەرهەمی هونەری ئاوڕ لە رووداوێکی سیاسی بداتەوە ئایا لە روانگەی هونەرییەوە تووشی دابەزین و نوشوست دەبێت؟
چەمکە سیاسییەکان لەوێوە کە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەم و دۆخێکی تایبەت، بەرهەم تایبەت دەبێت بە سەردەمێکی دیاریکراوەوە، و مێژوویەکی تایبەت بۆ بەکەڵک بوونی دابین دەکرێت؛ لە کاتێکدا کە بەرهەم هونەری لە حاڵەتی ئارمانی و خوازراوی خۆیدا لە دووی ئەوە دایە کە سەرتر لە بازنەیەکی زەمانی تایبەت بێت و لە درێژایی ساڵ و دەیە و تەنانەت سەدەکاندا نوێ بوون و ژیانی خۆی درێژە پێبدات؛ هەروەها کە لە پانتایی ئەدەبیات ( بە تایبەت شێعر ) و لە پانتایی شانۆنامەیشدا بەرهەمگەلێکی زۆر هەن کە سنووری سەدەکانیشیان تێپەڕاندووە.
ئایا فیلمی سیاسی بە لە بەرچاو گرتنی چییەتی تایبەتی خۆیەوە لە وەرگرتنی ئاوەها تایبەتمەندییەک مەترسی نییە (بە شیوەیەک کە ئەوپەڕی تەمەنی ناتوانێت زۆرتر لە یەک دەیە بێت) ؟
لەم بارەوە دەتوانین لە نێوان ئەم دوو جۆرە فیلمی سیاسییەدا جیاوازیەک لە بەرچاو بگرین؛
جۆری یەکەم : ئەو فیلمانە کە ئاوڕ لە رووداوگەلی سیاسی تایبەت دەدەنەوە. بەم پێیە، لەوێوە کە ئەم رووداوانە پێوەندیان بە سەردەم و رووداوگەلی تایبەتەوە هەیە، تەوەرەکە دەبەستەنەوە بە سەردەمێکی تایبەتەوە؛ دەمێنێتەوە دڵڕفێنی دیمەنی و پێکهاتەیی بەرهەم، ( چ لە گێڕانەوەدا و چ لە جیاکردنەوەدا ) کە لەوانەیە، بۆ چەن دەیە سەرنجی بینەر بۆ لای خۆی رابکێشێت. لە هەر حاڵدا ناتوانرێت ئەمە لە بەرچاو نەگیردرێت کە تەوەرێکی تایبەت بە سەردەمێکی دیاریکراوەوە، بەرهەم تایبەت دەکات بە سەردەمێکی دیارکراوەوە.
جۆری دووهەم : ئەو فیلمانەی کە ئاوڕ لە چەمک و تەوەری فەلسەفی و زانستی سیاسی دەدەنەوە؛  ئەو چەمکانەی کە بە درێژایی چەندین سەدە دڵەڕاوکێی بیرۆکەوانان لە پانتایی سیاسەت‌دا بووە.
بۆ وێنە رەخنە لەم بابەتە کە میدیا ئازادەکان لە وێنەی ئامراز و هۆکاری کارامە بۆ وەدیهاتنی دیموکراسین؛ رەخنە بە پشتبەستن بە کەمایەتی تێگەیشتوو و زانا لە پێکهاتەی سیاسی و شیمانی سیاسی یان هەڵەی ئەم کەمایەتییە؛ و یان ئەمەی کە لە بنەڕەتدا ئایا دیموکراسی چەمکێکە کە بەکردەوە بێتە دی؟ تەوەرگەلێکی لەم چەشنە دەکرێ لە هەر سەردەمێکدا گەڵاڵە بکرت و سەرنج راکێش بێت.
ئەگەر ئەم سەرنج راکێشیە لەگەڵ دڵرفێنی دیمەنی و خولقاندنی دنیای فیلمیکی دڵڕفێن و هۆگرایەتی مرۆڤدا هەڵبسەنگێنین، بابەتەکە روونتر دەبێتەوە. فیلمی هالیوودی بە هۆی تایبەتمەندی گیشەیی ( گرنگی دان بە بواری ئابووری و فرۆشی فیلم ) و لە دەرئەنجام‌دا تایبەتمەندی لەبەرچاوگرتنی بەردەنگ‌ و خۆپارێزیدا لە بنەڕەتدا ئاوڕ لە فیلمگەلێک بە ناوەرۆکی سیاسیەوە ناداتەوە، بەڵام زۆر زیرەکانە و بە شیوازێکی لەبار - هەروەها کە باس کرا – دۆخی سیاسی لە فیلمدا وەک "بۆنەیەک" چاو لێدەکات و بەم هۆیەوە یەکەم: خاڵی لە هەڵوێستی سیاسی نین، دووهەم: هاوڕییەتی بەردەنگی خۆیان – تەنانەت لە کولتوورە جیاوازەکاندا – لە دەست نادەن. بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بەمانە بکەین : هەڵوێست لە بەرامبەر یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو و چین لە فیلمە هالیوودییە درووست کراوەکان لە شەڕی سارددا، فیلمەکانی دوو دەیەی پێش ئێستا، بۆ پڕووپاگاندا لە راستای بانگەشەی ئامریکا لە وێنەی رزگارکەری جیهان بە رەنگ و تامی میلیتاریستی پێشکەوتووی پۆست مودێرنەوە.
چیرۆکی ئەم فیلمانە چیرۆکی کێشماکێشی نێوان پرۆتاگۆنیست ( کەسایەتی باش ) و ئانتاگۆنیست ( کەسایەتی خراپ )ـە. بە پێش مەرج و بەستێنەوە کە کەسایەتیە باشەکان، کەسایەتی ئەمریکاییەکان و کەسایەتیە خراپەکان کەسایەتی رووسی یان چێنی یان ئەورووپای رۆژهەڵات و هتدن.
هەمووی ئەمانە بە هەموو دەرفەت و تواناییەکانی پێشکەوتووی تێکنۆلۆژیکی سینەمایی و پشتیوانەکانی دەربڕینیی هونەری پێشکەوتوو دێتە ئەنجام کە هۆکار و رێساکانی خۆی بە سەر سیستەمی جوانیناسی فیلم لە وڵاتەکانی دیکەدا دەسەپێنێت. فیلم‌گەلێکی لەو چەشنە بەردەنگی هەرە زۆریان لە سەرانسەری جیهاندا هەبووە، بەردەنگگەلێک بە کولتووری جیاوازەوە بە بێ هیچ چەشنە خۆڕاگریەک یان بە دەرەجەی جیاوازی خۆڕاگریەوە،جاری وایش هەبووە کە بەردەنگ ئەو فیلمانەی بە ناڕەوا زانیوە و بەهەڵوێست بووە لە بەرامبەر ئەو جۆرە فیلمانەدا.
لەوانەیە جۆری دووهەمی فیلمە سیاسییەکان ( ئەوانەی کە ئاوڕ لە چەمک و تەوەرەکانی فەلسەفە و زانستی سیاسی دەدەنەوە ) لەم مەترسییە بە دوور بن. ئەم دەستە فیلمانە هەروەها کە تەوەرەکانیان فەلسەفی یان ئەخلاقییە، دەتوانن لەم روانگەوە کە تەوەرە سەرەکییەکان بە درێژایی مێژووی ئەندیشەی مرۆیی‌دا بوونیان هەبووە،لە نێوان مرۆڤەکان و کولتوورە جیاوازەکاندا بەردەنگی زۆر لە دەوری خۆیان کۆ بکەنەوە. هەڵبەت دەبێ قەبووڵ بکەین کە ئەم فیلمانە زۆرتر بۆ رۆشنبیران لەبارە و لە دەرئەنجامدا لەوانەیە "بەردەنگی عام"ی بە مانای باو نەبێت،مەگەر لە کاتێکدا کە فیلم لە روانگەی لایەنەکانی مانایی و دیمەنییەوە بە ئاوەها دۆخێکی لەبار گەیشتبێت کە بەردەنگەکان بە ئاستی جیاوازەوە بەرەو لای خۆی رابکێشێت و مێشک و زەین و هەستەکانی هەموان گیرۆدە بکات.

ژێدەر:
نویسندە: محمد مشکات، نشریە خردادنامە همشهری شمارە ٢٧، پروندە سیاست و هنر، تیر ماە ١٣٨٧ 

ئەم بابەتە لە ژمارەی ٩١ی ئاسۆی رۆژهەڵات‌دا بڵاو کراوەتەوە.
http://www.asoyroj.com/kurdish/detail.aspx?=hewal&jmara=2134&Jor=10