۱۳۹۰/۰۳/۱۳

مرۆژێک کۆچەرێکی تاراوگەنشین


مرۆژێک کۆچەرێکی تاراوگەنشین
         ئـ : جەمشید بەهرامی

سلاومیر مرۆژێک (SLAWOMIR MROZEK)، شانۆنامەنووسی پۆڵۆنیایی کە بە یەکێک لە کەڵە نووسەرەکانی قوتابخانەی ئەبزۆرد ناسراوە،بەردەوام جەخت لە سەر دڵەڕاوکێکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە دەکات، بە پێی روانگەکانی ئەو پێکەنین چارەسەری کێشەکانە و ئامرازێکە بۆ ئەوەی چەک لە دوژمن بسێنێتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە لەوانەیە لە کاتی پێویستدا ئازارخولقێن بێت. ئەو قەد لە بەرهەمەکانیدا پێکەنین ناسڕێتەوە و هاوکات تراژدیا و کۆمێدیای ژیانی تاکی ئەمڕۆ، بە یەکەوە دەخاتە روو.
مرۆژێک شانۆنامەنووسێکە کە بە کۆچەوە دەستی پێکرد. کەسایەتییەک کە ژیانی دام و دەزگا دیکتاتۆرییەکان دێنێتە سەر تەختی شانۆ، تاکوو لەو دام و دەزگایانەدا لە رۆشنبیرەکان و هزروانەکانی تاوانبار بە نەبوون، بدوێت و دەسەڵاتەکانی تاک رەهەندی و تۆتالیتەر کە هزر لەواندا هیچ پێگەیەکی نییە دەخاتە ژێر پرسیار.
مرۆژێکی لایەنگری ئازادی،لە ساڵی 1930 لە وڵاتیێک چاوی هەڵێنایە دوونیا کە " کەلتووری کۆچ " لەوێدا کەلتوورێکی نامۆ بوو،
پۆڵۆنیا کە لە سەدەی بیستەمدا، زۆرترین کۆچبەرانی لە سەرانسەری دوونیا گرتبوووە خۆی و دواترەکان سووژەگەلێکی رەسەن بوون بۆ خولقاندنی مێرۆژێک، نووسەرێک کە خۆی پتر لە 30 ساڵ لە لە ژیانی لە تاراوگە و کۆچ کردن‌دا بە سەر برد.(بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

ئەو لە 26ی ژوئەنی 1930 لە " بوورزسێن "، ناوچەیەک لە دەورووبەری شاری کراکۆی پۆڵۆنیا چاوی بە ژین هەڵێنا، دوای تێپەڕ کردنی قوتابخانە بۆ درێژەدان بە خوێندن رۆشتە ئاکادمیای هونەرەجوانەکانی شاری کراکۆ و دەستی بە خوێندن لە لقی مێعماری و وێنەکێشان کرد، بەڵام دوای ماوەیەک دەستی بە کاری رۆژنامەنووسی کرد، سەرڕای ئەوەی کە مرۆژێکی لاو بە کێشانی کاریکاتۆرەوە دەستی پێکرد، بەڵام لە پەنای ئەوەدا وەک رەخنەگرێکی شانۆیش کاری رۆژنامەنووسی خۆی پەرە پێدا و لە پەنای ئەوشدا،بابەتگەلێکی لە ئینگلیزیەوە وەردەگێڕایەوە بۆ سەر زمانی پۆڵۆنیایی.
ساڵی 1954ی زایینی پۆلۆنیاش وەک وڵاتانی دیکەی ئورووپای رۆژهەڵات لە ژێر سەیتەری دەسەڵآتی کمۆنیستی یەکیەتی سۆڤیەت هاتە دەر، بەڵام بە پێچەوانەی ئەو ولاتانە چیکۆسلواکیا، یەکەمین وڵاتی ئورووپای رۆژهەڵات بوو کە دەسەڵات نەیتوانی گوشار بخاتە سەر هونەر و بەتایبەت شانۆ، هەر بەو پێیە شانۆی پۆڵۆنیا رێگایەکی جیاوازی لە شانۆی چیکۆسلواکیا بڕی و لە نێوانی دوو شەڕی جیهانی‌دا تکنیک‌گەلی سەرکەوتوانەی ئەزموون کرد.
لە ساڵی 1956 کە ژانری شانۆیی باوی ئەبزۆردیسم لە شانۆی پۆڵۆنیا ئاوێتە بوو بە تەنز و پێداگری ئیخلاقیی و شانۆنامەنووس‌گەلێک لە وێنەی " ئیستانیسلاو ئیگیانسی ویتیکەویچ " (پێشەنگی شانۆنامەنووسانی ئەبزۆردی پۆڵۆنیا)، " مرۆژێک "، و " تادیوش رێژە ویچ " هاتنە دونیای شانۆوە کە لە نێوانیاندا مرۆژێک بە هۆی تایبەتمەندی بێ وێنەی لە خولقاندنی کاریکاتۆری شانۆیی، لە دەرەوەی پۆڵۆنیا ناسرا.

ساڵی 1950 لە تەمەنی 20 ساڵیدا،کۆمەڵە چیرۆکێکی بڵاو کردەوە و دواتریش کتێبێکی دیکەی لە ژێر ناوی (پۆڵۆنیا لە وێنەدا) بڵاو کردەوە.
تەنزی وێنەیی هاندەرێک بوو بۆ ئەوەی دەست بداتە نووسینی تەنزی ئەدەبی، لە ساڵی1957 یەکەمین کۆمەڵە چیرۆکی لە ژێر ناوی " فیل " نووسی و بڵاوی کردەوە. ئەو بە بەکارهێنانی تیژبینییەکی رەخنەگرانەی تایبەت و زمانێکی شیرنی تەنزی،گاڵتەی بە هەموو مرۆڤەکانی مەحکووم بە ژیان دەکرد، هەر ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە تاکوو ئەم کۆمەڵە چیرۆکە پێشوازیەکی بێ وێنەی لێ بکرێت، و دەست بەجێ وەربگێڕدرێتەوە سەر زۆریک لە زمانە ئورووپاییەکان و چەندین خەڵاتی بۆ نووسەرەکەی بە دواوە بێت.
مرۆژێکی تەمەن 27 ساڵان، دوای نووسینی " فیل " بووە نووسەرێکی ناسراو و هەر لەم ساڵەدا بوو کە دوو شانۆنامەی لە ژێر ناوەکانی " خەونی نیوەڕۆ " و " ژیانی مودێرن " نووسی.
مرۆژێک بە نووسینی شانۆنامەی کورت بەڵام بە ناوبانگی "پولیس" بە هێنانەگۆڕی لۆژیکی تاک و کۆمەڵگا، مرۆڤ و دەسەڵات، داخوازی تاک و خەباتی مەدەنی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان لە بەرامبەر دژکردەوە تووند و تیژەکانی دەسەڵاتەکان،گەیشتە ناوەرۆکێکی تایبەت کە دواتر لە بەرهەمەکانی‌دا بە روونی رەنگی دایەوە.
لە شانۆنامەی پۆلیس‌دا، مرۆژێک بە دەسەڵاتی پۆلیس و رۆڵی ئەوان لە ئاڵ و گۆڕە بنەڕەتییەکان‌دا، ئاماژە دەکات تا ئەو جێگایەی کە کەسایەتی سەرەکی شانۆکە بۆ ئەوەی کە لە کار بێ کاری نەکەن، بە یەکێک لە هاوکارەکانی ئەمر دەکات کە رۆڵی دوژمنی پۆلیس بگێڕێت.
دەتوانین بەرهەمەکانی مرۆژێک بە دوو سەردەم دابەش بکەین؛
 سەردەمی یەکەم
لە ساڵی 1958 بۆ ساڵی 1964 و نووسینی بەرهەم‌گەلێک بە ناوەرۆکی فەلسەفی و سیاسیەوە، لە وێنەی " شەهید بوونی پیتێر ئووهە "، " کارۆڵ "، " ئیستریپ تیز (رووت بوونەوە) "، " جێژنی باڵماسکە "، " تانگۆ " و ... شانۆنامەی تانگۆ بەناوبانگ‌ترین بەرهەمی مرۆژێکە، کە بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 1967، لە نیۆیۆرک رۆشتە سەر تەختی شانۆ و پێشوازیەکی زۆری لێکرا.
ئەم شانۆنامەیە چیرۆکی بنەماڵەیەکی پۆڵۆنیایی لە کەشێکی پڕ لە ترس و توندوتیژی نازیە ئاڵمانییەکان‌دا نیشان دەدات و وێنای دابەزینی هەست و بەها مرۆییەکان تا ئەو شوێنەی کە بەس هێزە حەیوانییەکان دەتوانن خۆ بنوێنن بەرجەستە دەکاتەوە، و تا ئەو جێگایەی بەرەو پێش دەڕوات کە لە کۆتاییدا دەسەڵاتی زل‌هێز بە لە ژێر خستنی بنەما مرۆییەکان دەبێتە دەسەڵاتی تەواو مانا.
مرۆژێک بە زیرەکیەکی تایبەت، گەڵاڵەی چیرۆکی ئەم شانۆیەی داڕشتوە و بە ئەنجامی گەیاندووە، کە شانۆنامەکە سنوور دەبەزێنێت و هەر مرۆڤێکی خاوەن هەسەت و خاوەن بڕوا بە مرۆڤایەتی، دەخاتە ژێر کاریگەری بێ پسانەوەی خۆیەوە.
مرۆژێک لە سەردەمی یەکەمی شانۆنامەنووسی خۆیدا، سەرەڕای ئەوەی کە روانگەکانی خۆی لە بەرهەمەکانیدا بەرفراوانتر دەکات و بەروپێشەوە دەچێت، بەڵام بەرهەمەکانی بە پێزتر و بە نرختر و پوختەتر دەبن.

سەردەمی دووهەم
سەردەمی دووهەمی شانۆنامەنووسی مرۆژێک بە تاراوگەوە دەست پێدەکات، ئەو کاتەی کە بە خواستی خۆی لە ساڵی 1968 پۆڵۆنیا بە جێ دێڵێت. دوای هێرشی یەکیەتی سۆڤیەتی ئەو کات، بۆ سەر چیکۆسلواکی و پۆڵۆنیا و دەستپێکی بزووتنەوەی لیبڕاڵیزم لە چیکۆسلواکی، مرۆژێک دژایەتی ئەو رەوتەی دەکرد کە لە وڵاتەکەی دەستی پێکردووە، و هەر ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە تاراوگە هەڵبژێرێت و وڵاتەکەی بە جێ بهێڵێت. ئەو سەرەتا رۆشتە یۆگسلاوی و دواتر رۆشتە ئیتالیا - هەر لەوێ بەرهەمی بە ناوبانگی " تانگۆ "ی نووسی- و دوای چەند ساڵ لە فەڕانسا نیشتەجێ بو.
لەم سەردەمەدا بەرەهەمەکانی لە ژێر کاریگەری تاراوگەدا رەنگێکی دیکە بە خۆوە دەگرن؛ شانۆنامەکانی ئەم سەردەمە بریتین لە : " ماڵە سنووریەکە "، " ئاو"، " کۆچ‌بەران "، " باڵوێزخانە " و... هەروەها لەم سەردەمەدا چەندین کورتە چیرۆکی بە هێزی نووسی، کە دەواتنین ئاماژە بەمان بکەین: " زەڕافە "، " تزاباوا "، " پیاوە لادەرەکە " و...
مرۆژێک لە شانۆنامەیەی بەناوبانگی،" کۆچ‌بەران " کە لە ساڵی 1974 نووسی، جەخت لە سەر ژیانی کۆچ‌بەران دەکات. ئەم شانۆیە بۆ یەکەمین جار لە 19ی ئۆکتۆبری 1974 لە شانۆ ئورسی شاری پاریس برایە سەر تەختی شانۆ و دواتر لە زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی دونیادا وەرگێڕدراوە و برایە سەر تەختی شانۆ.
مرۆژێک لە ساڵی 1996 دیسان گەڕایەوە بۆ پۆڵۆنیا و لە شاری "کراکۆ" دەستی بە ژیان کردەوە. جگە لە نووسین لەم ساڵانەی دواییدا دەستی دایە دەرهێنەری فیلم و شانۆ. سەڕای ئەوەی کە مرۆژێک کەسایەتیەکی جیهانیە بەڵام دوای رووخانی دەسەڵاتی کمۆنیستی لە پۆڵۆنیا، ئیزنی ئەوە درا شانۆکانی بڕۆنە سەر شانۆ. هەر بۆیە لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ بەرهەمە شانۆییەکانی بەردەوام لە پۆڵۆنیا دەڕواتە سەر تەختی شانۆ.
ئەم کەڵە نووسەرە بەردەوام خۆی لە خەڵک و کۆمەڵگا جیا نەکردوەتەوە و تا ئەو جێگایەی کە خەڵک و کۆمەڵگا بە سەرچاوەی بەرهەمەکانی دەزانێت و دەڵێت: " من نەک لە پۆڵۆنیا، بەڵکوو لە هیچ جێگایەک ئەندامی ئەنجومەنی نووسەران نەبووم، مەگەر جگە لەوەیە کە شانۆنامەکانم دەبێت بە تەنیا بنووسم؟ بە باشتر دەزانم زۆرتر لەگەڵ خەڵکی ئاسایی و ناوبازاڕ هاتوو چۆ بکەم، چونکوو بە راستی سەرچاوەی راستەقینەی ئێمە ئەوانن."
مرۆژێک هەنووکە لە شوێنی لە دایک بوونی درێژە بە ژیانی خۆی دەدات، ئەو یەکێک لە شانۆنامەنووسە بە ناوبانگەکانی جیهانە و لەو نووسەرانەیە کە لەم دواییەدا بە دەگمەن لە شانۆی ئورووپا دەرکەوتوون. ئەو بە شێوازی تایبەتی خۆی نوێنەری ئەمێستای شانۆی ئەبزۆردە.
مرۆژێک لە بەرهەمەکانیدا کێشەکانی راستەقینەی تاکی رۆژئاوایی دەکێشێتەوە، بە شێوەیەکی روون، دڵەڕاوکێکان و ترسەکانی مرۆڤی ئەمڕۆ شی دەکاتەوە،و فەلسەفە و روانینی رەخنەیی ئاوێتە بە تەنز دەکات تاکوو هاوکات ترس و ئۆمێد بۆ بەردەنگەکانی بەرجەستە بکاتەوە.
مرۆژێک لە ساڵی 1353، 1974 لە دوای سەفەرێک بۆ ئێران و دۆستایەتی لەگەڵ ئیرج زەهری، بەرهەمەکانی لە ئێرانیشدا ناسران. ئیرج زەهری بۆ یەکەمین جار، بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە پۆڵۆنیە بۆ زمانی فارسی وەرگێڕایەوە و لە ساڵی 1354 ئەم دەهێنەرە بۆ یەکەمین جار شانۆنامەی " ئیستریپ تیز " (رووت بوونەوە) بەرهەمی مرۆژکی لە تاران بردە سەر تەختی شانۆ. دواتر داریۆش مۆئەدەبیان شانۆنامەی " کۆچ‌بەران "ی بردە سەر تەختی شانۆ.
شانۆنامەی " باڵوێزخانە " کە لە دوایین بەهەرمەکانی ئەم نووسەرەیە لە ساڵی 1981 نووسراوە و لە ئێرانیش براوەتە سەر شانۆ و هەروەها شانۆنامەی "پۆرترە" لە شانۆنامەکانی دیکەی ئەو کە لە ساڵەکانی تاراوگە و هاوکات لەو کاتەی‌دا کە لە فەڕانسا بوو نووسرابوو،لە لایەن د.محەممەد رەزا خاکی بۆ فارسی وەڕگێڕدراوەتەوە و لە ساڵی 1386 لە "تئاتر شهر" لە تاران برایە سەر شانۆ.

ئاماژە :
ئەم بابەتە لە رۆژنامەی ئاسۆی رۆژهەڵات ژمارە 69 دا بڵاوکراوەتەوە.
لینکی بابەت :
http://www.calameo.com/read/000304549cbdc16e3f9c8
http://www.asoyroj.com/details.aspx?=News&ID=3823&Babat=6