فوویزم
جەمشید بەهرامی
جەمشید بەهرامی
فوویزم (Fauvism) یەکەمین بزووتنەوەی گرنگ لە شێوەکاری ( نقاشی ) سەدەی بیستەم دێتە ئەژمار. گرنگایەتی ئەم شێوازە لە بەکارهێنانی هاوکاتی لایەنە تایبەتەکانی شێوەکاری پۆست ئەمپێرسیۆنیزمدایە. بەشێکی دیکەی ئەو پێوانەیەی کە بۆ ئەم شێوازە دەکرێت لە بە کار هێنانی نەترسانەی رەنگ و رەها کردنی رەنگە، لە کارکردی وەسفی و تایبەتی خۆیدا و هەروەها جەخت کردن لە سەر بایەخەکانی رازاندنەوەیی و بەیانیی، لە هونەری شێوەکاریدایە.ئەم دەستە واژەیە، لە بنەڕەتدا فەڕەنسیە و بە مانای گیانلەبەری کێوی یان وەحشیە، ئەم ناولێنانە بە هۆی چۆنیەتی کەڵک وەرگرتنی هونەرمەندانی ئەم شیوازە لە رەنگە(واتە ئامرازی سەرەکی هونەری شێوەکاری) بۆ خولقاندنی بەرهەمە هونەرییەکانیان.(بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)
کەڵک وەرگرتن لە رەنگە تیژەکان بۆ خولقاندنی چۆنیەتی هەستەکان،رازاندنەوە و هەروەها جاری وایش هەیە بۆ چۆنیەتی کۆمپۆزسیۆن،یەکێکە لە تایبەتمەندیەکانی ئەم شێوازە هونەریە. لە کۆدا فوویزم بە کەڵک وەرگرتن لە بەرهەمەکانی هونەرمەندی بەناوبانگ " پۆل سێزان "دا هاتە ئاراوە. یەکەمین بەرهەمە شێوەکاریەکان بە شێوازی فووییزم یەکەم جار لە بەرهەمەکانی " هێنری ماتیز "دا رەنگی دایەوە.گرووپی فوویزمەکان لە یەک گرتنەوەی سێ گرووپی شێوەکار پێک هات.
1- قوتابیەکانی گۆستاو مۆرۆ، کە بریتی بوون لە: ماتیز، رۆنۆ، وێلامینک
2- گرووپی " ئورهار"، کە بریتی بوون لە چەند شێوەکار،لە وانە: دۆفی، براک، فریز
3- دۆنگەن؛ شیوەکاری هۆڵەندی
شیوازی فوویزم لە کۆتاییدا لەگەڵ شێوازی ئیکسپێرسیۆنیزمدا یەکی گرتەوە و تا رادەیەک ئەم شیوازە (ئیکسپێرسیۆنیزم) چووە ژێر کاریگەری فوویزمەوە.
لە لووتکەی شیوازی فوویزمدا هونەرمەندی بەناوبانگ " هێنری ماتیز" دەبیندرێت. قوتابیانی ئەم شێوازە بە خوێندنەوە و کەڵک وەرگرتن لە چۆنیەتی بەرهەمەکانی " وانگۆک "، رەنگ لە بەرهەکانی وەنگۆکدا و هەروەها بە کەڵک وەرگرتن لە شێوەکاری رۆژهەڵاتی ئاسیا، گەشتنە سنوورێکی نوێ لە هونەری ئەمڕۆدا.
فوویزم لە رەها بوونی شێوەکاری و جیابونەوە لە شێوەکاری کۆندا، سەردەمێکی ئەمڕۆیی بۆ شێوەکاری و تەنانەت هونەرەکانی دیکە دەکاتەوە. شێوازی فوویزم بە پێی بە کارهێنانی نەترسانەی رەنگ لە شێوەکاریدا بوو،و زۆرتر بایەخ بە هاوئاهەنگی رەنگی دەدرا، و ناوەرۆک کەمتر لە بەرچاو دەگیردرا.
بە خوێندنەوەیەکی درووست لە سەر بنەماکانی فوویزم لە شێوەکاریدا، دەکرێت لە سەر ئەو بنەمایانە لە لایەنەکان و لقەکانی دیکەی هونەری لە وێنەی:شانۆ، سینەما، پەیکەرسازی، مێعماری،و تەنانەت مۆسیقا بەرهەمی مۆدێرنتر بخولقێت و چما نەتوانین بڵێین هەر کامە لە هونەرەکان بە لق و پۆپەکانیانەوە،شێوازی جۆراوجۆری دیکە ئەزموون دەکەن.
ئاماژە :
ئەم بابەتە لە رۆژنامەی ئاسۆی رۆژهەڵات ژمارە 69 دا بڵاوکراوەتەوە.
لینکی بابەت :
http://www.calameo.com/read/000304549cbdc16e3f9c8
http://www.asoyroj.com/details.aspx?=News&ID=3813&Babat=6
چەند بەرهەم کە بە شێوازی فوویزم بەرهەم هێنراون