۱۳۹۰/۰۳/۲۶

نۆشیروان دەیەوێ تۆڵە لە یەکیەتی بکاتەوە، بە تایبەت لە مام جەلال


(ئازاد جوندیانی)
photo by: Jamshid Bahrami 

ئازاد جوندیانی:
نۆشیروان دەیەوێ تۆڵە لە یەکیەتی بکاتەوە، بە تایبەت لە مام جەلال
سازدانی دیمانە: جەمشید بەهرامی

بە پێی ئەو ئاڵۆزیانەی ئەم دواییانەی باشووری کوردستان و هاتنە ئارای پرسێک بە نێوی ئۆپۆزسیۆن و دواتر خۆپیشاندانەکانی ئۆپۆزسیۆن و لە ئاکام‌دا رێگا نەدان بە ئۆپۆزسیۆن لە لایەن دەسەڵاتەوە بۆ درێژەدان بە خۆپیشاندان، بە باشم زانی دیمانەیەک لەگەڵ بەرێز " ئازاد جوندیانی " ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان و بەرپرسی راگەیاندنی ئەو حیزبە ساز بکەم، کە ئەمە دەقی ئەو دیمانەیە : 

جەمشید بەهرامی : ئەم دۆخەی ئێستای کوردستان بە لەبەر 
چاوگرتنی ئەم هەڵوێستە تازیەی دەسەڵات چۆن دەنرخێنن؟

ئازاد جوندیانی : بە خێرهاتنی ئێوە دەکەم بۆ بارەگاکەی ئێمە،لە راستیدا من نازانم کام هەلوێستی تازەی دەسەڵات دەڵێی،چونکوو ئەم هەڵوێستە هەڵوێستێکی قانوونییە،حکوومەتی هەرێم دوو مانگ دانی بە خۆدا گرت و رێگای‌دا ئەوەندەی کە دەکرێ بە شێوەیەکی مەدەنیانە خەڵک بیر و بۆچوونی خۆی دەرببڕێ؛ ئەو بەشەی لە خەڵک کە ناڕازیە، ناڕەزایەتی خۆی بە شێوەیەکی مەدەنیانە و یاساییانە و هێمنانە بڵێت، بەڵام لە شەستەمین رۆژی خۆپیشاندانی هەوادارانی حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن هەموومان بیستمان و بینیمان کە رایانگەیاند کە ئیتر ئاراستەی خۆپیشاندانەکانیان دەگۆڕن و بە کردەوە رۆژی دواتر ئاراستەکەیان گۆڕی و لە شەقامێکی سلێمانی‌دا بە گرتنە بەری توند و تیژی و گرتنە بەری شەڕە بەرد و هێرش کردنە سەر پۆلیس ئاراستەکەیان بەو ئاقارەدا برد، بۆیە لێژنەی ئەمنی سلێمانی رایگەیاند کە ئیتر رێگا بە هیچ خۆپیشاندانێکی بێ مۆڵەت نادات، ئێشتا ئەو حاڵەتەی کە هەیە هێزەکان ئەیانەوێ ئەم قەرارە لێژنەی ئەمنی جێ بە جێ بکەن - کە ئەو قەرارەش پابەندە، پەیوەستە بە قانوونێک کە قانوونی خۆپیشاندانە نایەڵن هیچ کەسێ خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت ساز بکات - کەسیش تا ئێستا نەچوو داوای مۆڵەت بۆ خۆپیشاندان بکات و هەر ئەیانەوێ بەو شێوەیە باری ئاسایش و باری هێمنی شار تێک بدەن. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

جەمشید بەهرامی : ئەوەی کە لەم دواییانەدا لیژنەی ئەمنی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی  بڕیارەی کۆتایی هێنان بە هەموو خۆپیشاندانێکی  بێ مۆڵەتی داوە، لە هەمان کاتیشدا ئەنجومەنی سەرای ئازادی لە دوایین بانگەوازیدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەگەری زۆری هەیە شێوازی خۆپیشاندانەکان بۆ رێپێوانی و کۆبوونەوەی جەماوەری بەرفراوان بگۆڕن ، ئەم هەڵوێساتانە چۆن دەبینن؟

ئازاد جوندیانی : من ئیعترازم هەیە بەوەی کە دەڵێی سەرای ئازادی، بەردەرکی سەرایە، سەرای ئازادی نییە، ئەوێ مێژوویەکی هەیە بە فارووق رەفێق و چەند کەسێ کە هەوایەک هەڵی گرتوون مێژووی بەر دەرکی سەرا ناگۆڕدرێ.

جەمشید بەهرامی : ئێوە لەگەڵ ئەوەدا نین کە ئەوێ سەرای ئازادیە؟

ئازاد جوندیانی : ئەوێ سەرای ئازادی نییە، هەموو کوردستان سەرای ئازادیە، هەموو کوردستان ئازادیە.
بەڵام بۆ وەڵای پرسیارەکەی پێشووت ئەبێ بڵێم، لە راستیدا ئەبێ ئەو گەنجانەی هەواداری حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنن بە قسەی فاروق رەفێق و سۆران عومەر و چوار پێنج کەسێک هەڵنەخڵەتێن، لێرە دەسەڵاتێک هەیە، ئەم دەسەڵاتە دوو مانگ مۆڵەتی دان،هەموو قسەکانی خۆیان بکەن، دوای ئەو دوو مانگە ئیتر بە بێ مۆڵەت ریگە بە کەسیان نادرێ.

جەمشید بەهرامی : راتان چییە سەبارەت بەمەی کە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن زۆر جار بانگەشەیان بۆ ئەوە کردووە کە ئەمە خۆپیشاندان نییە بەڵکوو راپەڕێنە؟

ئازاد جوندیانی : ئەوان ئازادن چ ناوێکی لێ ئەنێن، و لە راستیشدا راپەڕین ئەوەیە کە لە سەدا نەوەدی خەڵکی لەگەڵ بێ، چەند کەسی لەگەڵە؟ زۆرترین ژمارەیان لە 20 مانگی ئاداردا کۆ کردەوە، کە نەی ئەکردە سفر پۆینت چەندی خەڵکی سلێمانی، لە کاتێکدا لە هەموو شوینەکانی تریش خەڵکیان بۆ هێنا بوو، نەک هەر سلێمانی، لەبەر ئەوە بۆ خۆی ئازادە کە چۆن مەدحی خۆی دەکا، چۆن ناو لە خۆی دەنێ، ئێمە رێ لە خەڵک ناگرین کە چۆن ناو لە خۆی دەنێ، بەڵام لێکدانەوەی زانستی بۆ ئەوە ئەمە جگە لە ئیعترازاتێک و ئیعترازی ئۆپۆزسیۆن شتێکی کە نییە.

جەمشید بەهرامی : بگەڕێینەوە بۆ داخوازیەکانی ئۆپۆزسیۆن، داخوازیەکانی ئۆپۆزسیۆن لە لایەک و شەقام لە لایەک... ئەمانە تا چەندە لێک جیاوازن یان چەند یەک دەگرنەوە؟

ئازاد جوندیانی : یەک شتە، یەک شت، شتێک نییە بە ناوی شەقام، چونکوو ئێمەش شەقاممان هەیە، ئەوان لە 20ی مانگ چەند کەسیان کۆکردەوە و ئێمە چەندەمان کۆ کردەوە، ئەی بە هی ئێمە دەڵێن چی؟ ئێمە هەموومان شەقام نین؟ ئێمە هەموومان جنسیەی کوردستانمان لێ ئەسەننەوە و ئەڵێن بڕۆن ئێوە شەقامی کوردستان نین؟ ئەوەی کۆ بووە شەقامی ئۆپۆزسیۆنە، شەقامی خەڵکی کوردستان نییە،شەقام نییە بە گشتی بڵێی، بە شکڵی رەهایی بڵێی ئەمە شەقامە، ئەی لە 20ی مانگدا شەقامی سالم و بەر دەرکی مەڵبەند هەتا ئەگاتەوە پردی خەسرەو خاڵ ئەمە چییە؟ ئێمە لە جوگرافیای کوردستان دەری دەکەن؟ئەمە خۆ مەدح کردنە، ئەمە خۆ پەسەند کردنە و هیچی تر نییە.

جەمشید بەهرامی : ئێوە لاتان وایە داخوازیەکانی ئەو شەقامەی ئۆپۆزسیۆن کە لە ئەنجوومەنی کاتی سەراوە رادەگەیەنرێت هەر هەمان داخوازیەکانی ئۆپۆزسیۆنە؟

ئازاد جوندیانی :  ئەسڵەن شتێک نییە بە ناوی ئەنجومەنی کاتی، ئێمە دەزانیی کە لە دواوە چۆن یاریان پی دەکرێ، چۆن مەسئوولینی گۆڕان بەردەوام  پییان دەڵێن، ئەمە بڵێن ئەمە مەڵێن، ئەمە بکەن ئەمە مەکەن و بەرنامەکان ئەوان بۆیان دائەڕێژن.

جەمشید بەهرامی: بە ڕای ئێوە ئۆپۆزسیۆن بە خواستی خۆی واتە هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت دەگات؟

ئازاد جوندیانی : یەک رێگا هەیە، بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت و هەڵوەشاندنەوەی هەموو شتێک؛ ئەویش رێگای سندووقی دەنگدانە، ئەگەر بێن فەرموو بچنە بەر سندووقی دەنگدان، خۆای ئەکرد سەرۆکی هەرێمیان ئەبردەوە، خوای ئەکرد پەڕلەمانیان ئەبردەوە، خوای ئەکرد حکوومەتیان ئەبردەوە، ئەمە رێگای راستە ئەو رێگایەی کە ئێمە تەعاموولی لەگەڵ دەکەین، بەڵام رێگای هەڕەشە کردن و ئەو رێگایەی کە بە زۆری بیانەوێ باری کوردستان و دەسەڵاتە شەرعییەکان و ئورگانە شەرعییەکانی تێکدەن ئێمە ئەوە قەبووڵ ناکەین.
یەکێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی پاری دەڵێت: " گۆڕان ئەزانێ چی ناوێ، بەڵام نازانێ چی ئەوێ " راتان سەبارەت بەمە چییە؟
من نامەوێ تەعلیق لە سەر قسەکانی هیچ کەسێک بدەم.

جەمشید بەهرامی : ئەی داخوازیەکانی گۆڕان چییە؟

ئازاد جوندیانی : داخوازی گۆڕان تێکدانی باری ئەمنی کوردستانە، گۆڕان چونکوو لە هەڵبژاردنەکاندا نەیتوانی ببێتە حاکم لە کوردستان و سوڵتە بگرێتە دەست بۆیە ئێستە ئەیەوێ لە هەمووی تێک دات.
ئەگەر هێزەکانی دەسەڵات پاشەکشە بکەن و دۆخی کوردستان بگەڕێتەوە بۆ یاسایش و ئەو هێمنیەی جاران، و لە هەمان کاتدا ئۆپۆزسیۆن 

جەمشید بەهرامی: دەست بکاتەوە بە خۆپیشاندان، لەو کاتەدا هەڵوێستی دەسەڵات چۆن دەبێ؟

ئازاد جوندیانی : ئێستاش و دە ساڵی دیکەش هەموو کەسێک لە کوردستاندا مافی ئەوەی هەیە کە خۆپیشاندان بکات، بەڵام ئەبێ مۆڵەت وەرگرێ، هەر وەختێک مۆڵەتیان وەرگرت ئەو هێزانە ئەیان پارێزن و بە عەکسەوە رووبەڕوویان نابنەوە.

جەمشید بەهرامی : لەم دواییانەدا سایتی سبەی کە سەربە گۆڕانە، رایگەیاندبوو کە گوایە فەرمانبەرێکی بەشی سیاسی باڵیوزخانەی ئەمریکا لە عیراق، پێوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ گۆڕاندا هەیە کە دواتر لە لایەن باڵیوزخانەی ئەمریکا لە عیراقدا، ئەو هەواڵە بە درۆ خرایەوە؛ ئەو دیعایانەی لەو چەشنەی گۆڕان و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

ئازاد جوندیانی : ئەمە جۆریکە لە حەربی نەفسی کە گۆڕان لەگەڵ خەڵک دەیکات، بۆچی دەڵێم خەڵک، لەبەر ئەوەی کە ئێمە دەزانین کە ئەمە وا نییە، جا بۆ ئەوەی کە خەڵک چەواشە بکات کە ئەوەتا ئێمە ئەمریکا، بەریتانیا،هۆڵەندا و هەموویم لەگەڵە، بەڵام لە راستیدا وەڵام دانەوەی سەفارەتی ئەمریکی هەموو ئەو دیعایانەی ئەوانی پووچەڵ کردەوە، و پەیامێکی دایە خەڵک کە: گۆڕان لەو ناحیەوە درۆ دەکات بەس بۆ ئەوەی خۆی بە موهیم پیشان بدات، دەنا درۆ دەکات؛ ئێمە نین ئەڵێین درۆ دەکات، سەفارەتی ئەمریکیە کە دەڵێیت درۆ دەکات.

جەمشید بەهرامی : ئەو ئیتلافەی ئۆپۆزسیۆن چۆن دەبینن، دوو حیزبی ئیسلامی لە گەڵ گۆڕان چۆن یەک دەگرنەوە؟ ئەو حکوومەتەی کە ئۆپۆزسیۆن خەونی پێوە دەبینێ چۆن دەبێ، ئایا حکوومەتێکی ئیسلامیە، یان خۆد حکوومەتێکی سکۆلارە؟
پێکهاتەی ئۆپۆزسیۆن چێشتی مجێورە، و ئەو ئیتلافە کاتییە، پێمان وایە کە هەندێک لە هێزەکان، بەتایبەت ئەو دوو حیزبە ئیسلامیە هەڵەیان کردووە لەوەی کە لەگەڵ گۆڕان چوونەتە یەک هاوپەیمانەتیەوە، و زوو یان درەنگ بە رای من ئەم هەڵەیەی خۆیان راست ئەکەنەوە.

جەمشید بەهرامی : رێکەوتنی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ دەسەڵات چ مامەڵەیەکە لە گەڵ پرۆسەی دیموکراسی و بزووتنەوەی دیموکراسیخوازی کوردستان؟

ئازاد جوندیانی : ئەمە باشترین رێگایە کە لایەنەکانی ئۆپۆزیۆن بیگرنە بەر، بۆ ئەوەی کە لەگەڵ ئیتلافی حکوومی لە کوردستان‌دا دابنیشن دیالۆگ و گفتوگۆ بکەن و خاڵی هاوبەش  کە زۆریشن بدۆزنەوە و لە سەر ئەو ئەساسە بە ئامانجی بەرەو پێشەوە بردنی وەزعی کوردستان و باروودۆخی حوکمڕانی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتووری لە کوردستاندا بەنە پێش ئەمە باشترین رێگایە، دیارە بە پێی مەفاهیمی دیموکراسی و نادیموکراسی مامەڵە ناکەم، رەنگە ئەمە جەدەل و موناقشەیەک درووست بکات، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی باشترین رێگا ئەوەیە کە لە رێگای حیوار و گفتوگۆ مەسەلەکان بچنە پێشەوە و ئۆپۆزسیۆن چیتر واز لە یاری کردن بە مەرجەکانی بێنێ، کە ئەم مەرجەم هەیە و ئەو مەرجەم هەیە بۆ دانووستان؛ واز لەو یارییە بێنێ، بێ تەئخیر بێت لە گفتوگۆ و بێت دانیشین بە یەکەوە تەفاهوم بکەین لە سەر هەموو ئەو مەسەلانەی کە پێویستە بۆ ئەوەی کە یەک رێزی کورد درووست بکەینەوە.

جەمشید بەهرامی : تا چ رادەیەک دەستی دەرەکی وەک دەستی گێرەشێوێن توانیوەتی و دەتوانێت دۆخی کوردستان ئاڵۆزتر بکات؟
ئەم وەڵامە دەهێڵینەوە بۆ کاتی خۆی و لە کاتی خۆیدا قسەی لێدەکەین.

جەمشید بەهرامی : ئەبینین کە هەندێک لە سایتەکان و رۆژنامەکان، دەستێکی باڵایان هەیە لە ناوزڕاندن‌دا، بەتایبەت لە ناوزڕاندنی کەسایەتیەکان، راتان سەبارەت بەمە چییە؟

ئازاد جوندیانی : بە تایبەتی گۆڕان، من ئەو دوو لایەنەکەی دیکەی ئۆپۆزسیۆن تاوانبار ناکەم، ئەوان دان بە خۆدا گرتووتر و وردترن لە گۆڕان، چونکوو رقیان بە قەد گۆڕان نییە بەرامبەر بە دەسەڵات، گۆڕان رقێکی زۆر ئەستووری هەیە بەرامبەر بە دەسەڵات، بەڵام یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی ئەو رقە ئەستوورەیان نییە.

جەمشید بەهرامی : ئەو رقە ئەستوورەی گۆڕان بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

ئازاد جوندیانی : لە بەر ئەوەی نۆشیروان دەیەوێ تۆڵە بکاتەوە لە یەکیەتی و بە تایبەت لە مام جەلال.

جەمشید بەهرامی : بۆ چی لە مام جەلال؟

ئازاد جوندیانی : ئەوە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، لە بەر ئەوەی نۆشیروان پێی وایە مام جەلال - بە شەخسیەتی خۆی، بە توانای خۆی، بە کاریزمای خۆی، بە مێژووی خۆی - رێگر بووە کە نۆشیروان ببێتە میر محیەی هەموو کوردوستان.
کە وایە لاتان وایە کاک نۆشیروان خەونی سەرۆک کۆماری ئەبینێ؟
خەونی سەرۆک کۆماری نا، خەونی میر محیەیی کوردستان، میر محیەیی کوردستان...

جەمشید بەهرامی : کاک ئازاد زۆر سوپاس بۆ ئامادە بوونتان لەم وتووێژە

ئازاد جوندیانی : سوپاس بۆ ئێوەش

 ئەم وتوو وێژە لە ژمارەی (19)ی گۆڤاری شۆک بەرواری 2011/05/09 چاپ کراوە.