۱۳۹۳/۰۹/۰۵

شێوازه‌کانی ده‌ربڕین له‌ سینه‌مادا

شێوازه‌کانی ده‌ربڕین له‌ سینه‌مادا
و:جه‌مشید به‌هرامی



سینه‌ما له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانیه‌وه‌ وه‌ک لقێکی هونه‌ری چاوی لێ نه‌ده‌کرا، لانیکه‌م دوو ده‌یه‌ی خایاند تاکوو، شێوازه‌کان، ژانره‌کان و شێوازه‌ دڕبڕینییه‌کانی سینه‌ما له‌ ئه‌ورووپا و ئه‌مریکادا له‌ لایه‌ن فیلمسازه‌ جۆراوجۆره‌کانه‌وه‌ به‌ره‌ به‌ره‌ دابهێنرێن و ئه‌زموون بکرێن و سینه‌ما به‌ شێوازه‌ ده‌ربڕینییه‌کانی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌وه‌ ته‌یار بێت و به‌ "هونه‌ری حه‌وته‌م" ناوزه‌د بکرێت.
سینه‌ما یه‌کێک له‌ ئاڵۆزترین هونه‌ره‌کانه‌،(چونکوو تا ڕاده‌یه‌ک پێویستی به‌ به‌شداربوون و وێکخستنی هه‌موو هونه‌ره‌کانی پێشتر له‌ خۆی هه‌یه‌؛ جگه‌ له‌وه‌ش به‌پێویست رووبه‌ڕووی لایه‌نی فه‌ننی و لێزانی ده‌بێته‌وه‌ که‌ فیلمسازان هاوکات له‌گه‌ڵ ئافراندن‌دا به‌ره‌وڕووی ده‌بنه‌وه‌).
سێ ده‌یه‌ پێش له‌ ئافراندنی "دیمه‌نی بزۆز-به‌جووڵه‌"، به‌ تایبه‌ت له‌ کۆتاییه‌کانی سه‌رده‌می سینه‌مای بێده‌نگدا(ده‌یه‌ی 1920)‌ شێوازه‌کانی ده‌ربڕین و هه‌روه‌ها بزێوی و توانایی زۆر، بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی سینه‌ما له‌ نێو بازنه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌کاندا جێگیر بێت. له‌ ناوه‌ڕاسته‌کانی ده‌یه‌ی 1920دا، هونه‌رمه‌ندانی لقه‌ هونه‌رییه‌کان و ره‌خنه‌گرانی هونه‌ر به‌ شێوازێکی به‌رچاو سه‌رنجیان دایه‌ سینه‌ما‌، و پێیان وابوو سینه‌ما‌ له‌ وێنه‌ی جۆرێکی هونه‌ری نوێ ده‌توانێت له‌ چاو شانۆ، ئه‌ده‌بیات، مۆسیقا و شێوه‌کاریدا له‌ یه‌ک ئاستدا بێت.
ئه‌م هونه‌ره‌ به‌ درێژایی مێژووی گۆڕانکاری خۆی، هێدی هێدی ئاڵۆزتر بوو، به‌ تایبه‌ت ئافراندنی فیلمی ئاخێوه‌ر له‌ کۆتاییه‌کانی 1920دا و یه‌ک ده‌یه‌ دواتر فیلمی ره‌نگی ئه‌م ئاڵۆزییه‌ی‌ زیاتر کرد.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ فیلمی بێده‌نگ و ره‌ش و سپی توانایی داپۆشینی پانتاییه‌کی به‌ربڵاوی ده‌ربڕینی هه‌بوو، به‌ تایبه‌ت به‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ مۆنتاژ، به‌ڵام کاتێک سینه‌ما توانی له‌ دیالۆگی نێوان ئه‌کته‌ره‌کاندا که‌ڵک له‌ کاریگه‌ری ده‌نگ (ساوند ئێفێکت له‌ کۆتاییه‌کانی ده‌یه‌ی 1930) و دواتریش په‌رده‌ی پان و به‌رینی سینه‌ما(له‌ ده‌یه‌ی 1950) وه‌ربگرێت، نه‌ک بووه‌ شێوازێکی هونه‌ری ئاڵۆزتر، به‌ڵکوو له‌ رووی جۆراوجۆری و شێوازه‌ ده‌ربڕینییه‌کاندا رواڵه‌تێکی به‌ربڵاوتر و قووڵتری به‌خۆوه‌ گرت.
بۆ رۆشتنه‌ نێو بازنه‌ی چه‌مکی ده‌ربڕین له‌ سینه‌مادا پێویسته‌ وه‌بیری بهێنینه‌وه‌ که‌، هونه‌رمه‌ند به‌ یارمه‌تی هێزی خه‌یاڵی خۆی، یه‌ک یان چه‌ند خاڵ له‌ شێوازه‌کانی گواستنه‌وه‌ی مانا و هه‌ست-که‌ پێی وایه‌ کاریگه‌ر و شیاون- به‌ کارده‌هێنێت. ئه‌م چالاکییه‌ له‌ هونه‌ردا به‌ "ده‌ربڕین" ناوزه‌د ده‌کرێت و به‌ مانای ئاشکرا کردنیشه‌.(بۆ خوێندنه‌وه‌ی درێژه‌ی بابه‌ت لێره‌ کرته‌ بکه‌)