۱۳۹۱/۰۹/۱۲

کۆمەڵە و دیموکرات بەرەو بەرەیەکی کوردستانی


کۆمەڵە و دیموکرات بەرەو بەرەیەکی کوردستانی

دیمانە:جەمشید بەهرامی

(ئەم وتووێژە لە بەرواری ١٠/١٠/٢٠١٢ لە ئاسۆی رۆژهەڵاتدا بڵاو بوەتەوە)
ئاماژە:
بڵاو بوونەوەی رێکەوتنامەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەکتێشانی کوردستانی ئیران،کۆمەڵێک لێکدانەوە و بەرپەرچدانەوەی لێکەوتەوە؛ پان ئێرانیستەکان تەنانەت بە راشکاوانە ئەوەیان راگەیاند ئەگەر کورد پێداگری لە مافەکانی خۆی بکات و مەترسییەک بێت بۆ جوغرافیای سیاسی ئێستای ئیران! تەنانەت ئەڕۆنەوە بۆ باوەشی کۆماری ئیسلامی و دەستی خامنەیی ماچ دەکەن، بەشێکی دیکە لە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێرانیش ئەم رێککەوتنامەیان وەک زەنگی مەترسیەک بۆ داهاتووی ئێرانی یەکپارچە! ناوزەد کرد و لە سەر ئەو بڕوایە بوون کە دەبێ هەر لە سەرەتاوە ئەم دەنگە بخنکێندری.
دوای ئەو هەڵوێستانە، بەشێکی زۆر لە چالاکانی سیاسی و رۆژنامەنووسان و هەروەها کەسایەتییەکانی کوردستان، لە هەمبەر ئەو هەڵوێست و هێرشانەی بەرەی پان ئێرانیست و نەیاری کورددا وەستانەوە، و تەنانەت بە واژۆ کردنی بەیانییەیەک پێداگریان لە مافە رەواکانی گەلی کورد کردەوە و هەروەها ئەو گەڵاڵەیەشیان خستە بەردەم حیزبەکانی واژۆ کردی ئەو رێکەوتنامەیە و هەروەها حیزبەکانی دیکە، کە؛ " مافی چارەی خۆنووسین " بکەن بە دروشمی سەرەکی خۆیان.
لە نێو واژۆکەرانی ئەو بەیانیەدا جگە لە کەسانی سەربەخۆ، تەنانەت ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانی تێدا دەبینرا، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا دڵخۆشکەر بوو، و دەتوانێ مزگێنی بەخشی هاوهەڵوێستی هێزە کوردستانییەکان لە داهاتوودا بێت.(بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

لە هەمبەر هەڵوێستی نەشیاوی هەندێ لە هێزە ئۆپۆزسیۆنە ئێرانییەکان بەرامبەر بەو رێکەوتنامەیە، کاک ناسر ئیرانپوور؛ پێی وایە : " ئه‌وانه‌ی دژی ئه‌م ڕێکه‌وتن‌نامه‌يه‌ ڕاوه‌ستان چه‌پ نه‌بوون، به‌ڵکوو له‌ چه‌پ پاشه‌کشه‌يان کردووه‌ و هاتوونه‌ به‌ره‌ی ڕاست... هۆی هه‌ره‌ سه‌ره‌که‌ی به‌رپرچدانه‌وه‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌ نه‌ياره،‌ شتێک جگه‌ له‌ باوه‌ڕ و فه‌رهه‌نگی شۆوينيستی نييه‌و نه‌بووه‌".
هەروەها کاک "عەدنان هونەروەر" لە هەمبەر ئەو کەسانەی کە بەرپەرچدانەوەی نەشیاویان بەرامبەر بەو رێکەوتنامەیە نواندە؛ ئاماژە بەوە دەکات: "
ئەو کەسانەی که به شێوەیەک له شێوەکان دەبنه وردە شووشە و لەمپەری ئەم جۆرە رێکەوتنامانه، له راستی دا هەموویان بێجگە له ناکامی هیچیان بۆ نامێنێتەوە".
لە بابەت ئەو رێکەوتنامەیە و هەڵوێستەکان و بەرپەرچدانەوەکان، کۆمەڵێک پرسیارم ئاراستەی چالاکی سیاسی و لێکۆڵەری پرسە سیاسییەکانی کوردستان کاک "ناسر ئێرانپوور" و هەروەها نوسەر و رۆژنامەنووس کاک عەدنانی هونەروەر کرد. ئەو دوو بەڕێزە لەم وتووێژەدا بۆچوونە جیاوازەکانی هەمبەر ئەو رێکەوتنامەیەیان لێکداوەتەوە،ئەوەی کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە،کۆی وتووێژکەیە.


بە رای ئێوە رێکەو‌تنامەی هاوبەش لە نێوان کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران،هەڵگری چ پەیامێکە بۆ ئێران و بە تایبەتی بۆ خەڵکی کوردستان؟
ناسر ئێرانپوور: په‌يامی سه‌ره‌که‌ی ئه‌م ڕێکه‌وتنامه‌يه‌ له‌ خودی رێکه‌وتنه‌که‌دا خۆی ده‌بينێته‌وه‌. مه‌به‌ست ئه‌وه‌ بووه‌‌ چوارچێوێک ساز بکردرێ بۆ نيزيک‌بوونه‌وه‌و لێکتێگه‌يشتن، تا به‌ڵکوو ببێته‌ بنه‌مايه‌ک، پلاتفۆڕمێک بۆ به‌ره‌يه‌کی به‌رفراوانی کوردی.
مه‌به‌ستی دووهه‌می ئه‌م رێکه‌وتنامه‌يه‌ گه‌ڵاڵه‌کردنی جۆره‌ به‌رنامه‌يه‌ک بۆ داهاتووی کوردستان بووه‌. هه‌وڵ دراوه‌ ئاسۆيه‌کی گه‌ڵاڵه‌کراو بۆ کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات دابڕێژدرێ.
دياره‌ دوور له‌ چاوه‌ڕوانی نييه‌ که هه‌روه‌تر‌ به‌هێزکردنی پێگه‌ی کورد له‌ ناو ئێران و ئۆپۆزيسيۆن و له‌ ئاستی ناونه‌ته‌وه‌يی‌دا به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئاڵوگۆڕه‌کانی ئه‌م دواييانه‌ و ئه‌گه‌ره‌کانی داهاتووی ئێران مه‌به‌ست بوو بێ.
هه‌روه‌تر په‌يامێکشی پێ بووه‌ بۆ ئه‌م لايه‌نانه‌ی که‌ له‌م حيزبانه‌ جيابوونه‌وه‌ و هه‌وڵ دراوه‌ خۆ به‌سه‌ر وان دا بسه‌لمێنن.
عەدنان هونەروەر: ئاستەمە بە تاکه رەستەیەک بتوانم پرسیارەکەتان وڵام بدەمەوە! من پێم وایە ئەم رێکەوتنامەیە گەلێک پەیامی پێ بوو و ئەگەر بانگەشە و پێداگری و پشتیوانی لێ بکرێت ئەوا گەلێک دەسکەوتیش به دوای خۆی رادەکێشێ. یەکەم شت وەک پەیامی رووکەشی ئەم رێکەوتنامەیە دەتوانرێ ببینرێت ئەوا دەتوانم بڵێم که وا بناغەی خانەی یەکڕیزی و یەکیەتی ئەم دووحیزبەی پێ بوو و هەر وەها نەک رێ خۆش کەرێک دەبێ بۆ یەکگرتنی حیزبەکانی دیکە، بەڵکوو هیوادارم یەکڕیزیەکی نەتەوەیشی لێ بکەوێتەوە.
خۆی له خۆی دا ئەگەر سەیری مێژووی پڕ له هەوراز و نشێوی کورد بکەین بۆمان دەردەکەوێت که وا ئەم نەتەوەیە بەردەوام به دەس یەک نەبوون و پشت کردن له یەک مێژووی خۆی رووشاندوە و بەردەوام ئەم دەردە، کوردی تووشی کارەسات و خوێن کردوە... بەڵام هەر کاتێک کورد چ له خەباتی شاخ و چ له شار وەک چالاکی مەدەنی و له هەر قۆناغێکی مێژووی خەباتی دا، ئەگەر خۆی له خانەی یەکڕیزی و پێکەوە بوون بینیبێتەوە، ئەوا کۆشکی دیکتاتۆرانی ‌هێناوەتە لەرزە و دوژمنان بۆ ساز کردنی لەمپەرێک له بەردەم ئەم یەکڕیزی و یەکگرتندا، به تەواوی هەوڵی خۆی خستوەتە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانێ یەکڕیزی و پێکەوە بوونیان بشێوێنێ. هەر بۆیە دەکرێ بڵێم که وا ئەم رێکەوتنامەیە - هەر چەند لایەنی ئەرێنی و نەرێنی رێکەوتنامەکە به جوانی خۆی پیشان نەداوە- بەڵام دەکرێ بڵێم که وا هەنگاوێکی گرنگ دەبێ له پێناو یەکڕیزی و پێکەوە بوونی حیزبەکان و له ئاکام دا یەکڕیزی و سەرکەوتنی کوردی به داوەیە، ئەمە له لایەک!
لە لایەکی دیکه، پێم خۆشە باسی گرووپ و تاقمه جۆر به جۆرەکانی دەرەوەی وڵات بکەم که به ناوی ئۆپۆزسیونی ئێرانی دەناسرێن. بەشی زۆری ئۆپۆزسیونی ئێرانی بۆ هەر چەشنه جووڵانەوەی کورد یان نەتەوەکانی دیکەی بن دەستی ئێران، لایەنی شاراوەی خۆی دەرخست و جارێکی دیکە پیشانیان دا که له سەر دۆزی رەوای کورد ئەوانیش هەر کۆماری ئیسلامین و هەر تاکێکیشیان دیکتاتۆرێکی خەوتوون و ئەگەر هەل و بار و دۆخیان بۆ برەخسێ وەک ماری دوو سەر هێرش دەکەنه سەرمان! ئیتر به بڕوای من پێویست ناکات که وا کورد خۆی هەڵواسێت پێیان دا دەستی هاوپەیمانیەتیان بگووشێ، ئیتر ئەگەر کوڕی شا بێت یان باقی رێکخراوەکانی به ناو نەیاری کۆماری ئیسلامی، که من وا دەزانم ئەم تاقم و گرووپانه بەس بۆ خۆ دەرخستن دێن به لای کورد دا، ئەگینا له ناوەرۆک دا قەد بڕوایان نه به کورد هەیه و نه به بنەماکانی دیمکراسیەت!

ئایا ئەو رێکەوتنامەیە وەڵامێک بوو بە داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و رێ خۆش کەر دەبێت بۆ بەرەی پێکهێنانی کوردستانی؟
ناسر ئێرانپوور: به‌ڵێ، سروشتيه‌ که‌ باشتر بوو هێزه‌کانی سياسی تريشی له‌گه‌ڵ با، به‌ڵام ئه‌مه‌ش به‌ هه‌ر حال ده‌سپێکێکه‌ بۆ گه‌يشتن به‌ ئامانجی گه‌وره‌تری به‌ره‌ی کوردستانی.
عەدنان هونەروەر: کاتێک باس له داخوازیەکانی گەلی کورد دەکرێت یەکەم پرسیار که دێتە مێشکەوە ئەەویە که کام داخوازی؟  لەوانەیە کاتێ باس له داخوازی دەکرێت مەبەست ماف بێت و هێندە ئەو مافانەمان لێ زەوت کراوە ئیتر ناوزەدمان کردون به ناوی داخوازی
نەتەوەکانی دیکه کاتێ باس له داخوازی خۆیان دەکەن، باس له سەفەر و گەڕان و پارە و خواردن و خواردنەوە و پیاسەکردن و چی و چی دەکەن... بەڵام بۆ نەتەوەی ئیمه له وانەیە ئەم شتانه وەک خەون و خەیاڵێک له بەرچاومان بن، لەوانەیە ئەگەر له کوردێک پرسیار بکرێت چ داخوازییەکت هەیە؟ باس لەوە دەکات که نەکوژرێت، ئێعدام نەکرێت، بوونی ئینکار نەکرێت و هاواری ببیسرێت وەک شارۆمەندێک.
ئەگەر بڵێم که ئەم رێکەوتنامەیە هاوارێک بوو بۆ ئەوەی مافە سەرەتاییەکانی نەتەوەیەک راشکاوانە بەرامبەر بە داگیرکەر بنوێنێ، ئەوا قسەیەکی نا به جێ نییه! بەڵام ئەگەر بڵێم رێ خۆشکەر بوو بۆ پێک هێنانی بەرەیەکی کوردستانی، لەوانەیە نەکرێ بە تەواو مانا بڕوات پێی بێ! هەر چەندە که دەمێک ساڵه خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی هەنگاوێکن که وا بتوانن داخوازییەکانی خۆیان و خەون و ئاواتەکانیان له چوار چێوەیەک دا بدۆزنەوە و بەتایبەتی بەردەوام هیوادارن که بەرەیەکی کوردستانی و یەکڕیزییەک له نێوان حیزبەکان دا بێتە ئاراوە، دەتوانم بڵێم تا رادەیەک وڵامدەر بوو، هەر چەندە که پێشتر هەندێک هەنگاو و هەندێک چالاکی بۆ گەیشتن بەم خەونەی خەڵکی کوردستان هاتبوە ئاراوە و بەردەوام له لایەن نەیارانی مافەکانی گەلی کوردەوە، بەرەو رووی هەڕەشە و فەوتان و کز بوون دەڕۆیشت... بەڵام وادیارە پێداگری ئەمجارەی ئەم دووحیزبە و هەروەها پشتیوانی چالاکڤانانی مەدەنی به کۆکردنەوەی ئیمزا، تا رادەیەک توانیویەتی ئامانجەکان بپێکێ!



هەڵوێستی بەشێک لە حیزبە کوردستانییەکانی رۆژهەڵات و ئەو کوردانەی کە دژ بەو رێکەوتنامەیە بوون چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ناسر ئێرانپوور: تا ئه‌و جێيه‌ی من ئاگادارم حيزبی دێموکراتی کوردستان و حيزبی کومونيستی ئێران هه‌ڵوێستيان گرتووه‌. هه‌ڵوێستی حدکم زۆر پێ ژيرانه‌ بوو. به‌ڵام حيزبی کومونيستی ئێران زۆر کاسبکارانه‌ هه‌ڵسوکه‌وتی کرد و ته‌نانه‌ت له‌به‌رامبه‌ریشی‌دا ڕاوه‌ستا. ئه‌م حيزبه‌ ئێستاکه‌ش نه‌يتوانيوه‌ هه‌زمی بکا که‌ کۆمه‌ڵێک که‌س له‌ وی جيابوونه‌وه‌. سه‌يره‌که‌ی له‌وه‌دايه‌ که‌ ئه‌وه‌نده‌ی به‌ دژی ساخکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌ بوون، دژی پرۆژه‌ی گوماناوی له‌به‌ينبردنی کۆمه‌ڵه‌ له‌ لايه‌ن "کومونيسته‌ کرێکارييه‌کان" نه‌بوون! ده‌مێکه‌ به‌ دزی و ئاشکرا، ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ په‌ياميان بۆ ده‌نێرن که‌ ئاماده‌ین هاوکاری بکه‌ن. ئه‌مه‌ کومونيستی کرێکارييه‌ که‌ ئێستا ملی نه‌داوه‌!  
عەدنان هونەروەر: له راستی دا من وەک خۆم ئەم شێوازە دژایەتی کردنی یەکڕیزی و پیکەوە بوون و هەوڵ دان بۆ شێواندنی تەبایی و ئاشتی به شتێکی قیزەون دەزانم. مەگەر ئەوەی ئەم جۆرە رێکەوتنامانه خۆسەپاندن و سووک کردنی باقی حیزبەکانی پێوە دیار بێت! ئەو کەسانەش که به شێوەیەک له شێوەکان دەبنه وردە شووشە و لەمپەری ئەم جۆرە رێکەوتنامانه، له راستی دا هەموویان بێجگە له ناکامی هیچیان بۆ نامێنێتەوە... هەر چەند هەندێک لەم کەسانە به قسەی خۆیان و به نیەتی خۆیان، گوایه دڵسۆزییەکیان نواندوە یان له وانەیە ناوزەدی بکەن به دڵسۆزی! ئەگەر دڵسۆزییەکەیان وەک ئەو بە سەرهاتەی بە سەر نەیەت که کابرا هێندە به منداڵەکەی کوت بڕۆ دواوە لە سەر بان بەر دەبیتەوە تا عاقیبەت هێندە رۆیشت تا لەو سەری بانەکە کەوتە خوارەوە!
بەرپەرچ‌دانەوەی ئەو هێزانەی کە خۆیان بە چەپ پێناسە دەکەن و هەروەها بەرەی پان ئێرانیستەکان لە هەمبەر ئەو رێکەوتنامەدا بۆ چی دەگەڕیتەوە؟
ناسر ئێرانپوور: ئه‌وانه‌ی دژی ئه‌م ڕێکه‌وتن‌نامه‌يه‌ ڕاوه‌ستان چه‌پ نه‌بوون، به‌ڵکوو له‌ چه‌پ پاشه‌کشه‌يان کردووه‌ و هاتوونه‌ به‌ره‌ی ڕاست و ناسيۆناليسته‌کان. ناسيوناليسته‌کانيش نانی شۆوينيسم و چه‌وسانه‌وه‌ی مافی گه‌لانی ژێرده‌ست ده‌خۆن. ئه‌گه‌ر وا نه‌بن، ئيتر ناسيۆناليست و شۆوينيست نابه‌ن. ئه‌وان قه‌ت ناتوانن قه‌بووڵ بکه‌ن که‌ کورديش ده‌توانی سيسته‌می ده‌سه‌ڵاتی سياسی ئێرانێ دياری بکا، ناتوانن قه‌بووڵ بکه‌ن که‌ کورد بڕياری سه‌ربه‌خۆ بدا، ناتوانن قه‌بووڵ بکه‌ن که‌ کورد سياسه‌تی خاريجی هه‌بێ. کورد به‌ بۆچوونی وان ده‌بێ هه‌ميشه‌ له‌ په‌راوێز دابێ. ئه‌گه‌ر نه‌بوو، ترسيان تێده‌که‌وێ که‌ نه‌وه‌کوو ئه‌م سه‌ربه‌خۆ برياردانه‌ ببێته‌ هۆی وه‌ی که‌ کورد سه‌ربه‌خۆ بێ. کورديش سه‌ربه‌خۆ بێ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئێران سيسته‌مێکی فێدێڕاڵی هه‌بێ، ئه‌وان ئه‌م پێگه‌ و جێگه‌ی خۆيان که‌ به‌ قيمه‌تی وه‌دواکه‌توويی و کۆلۆنياليزمی گه‌لانی ئێران وه‌ده‌ستيان هێناوه‌، له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. که‌ وايه‌ هۆی هه‌ره‌ سه‌ره‌که‌ی به‌رپرچدانه‌وه‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌ نه‌ياره‌ شتێک جگه‌ له‌ باوه‌ڕ و فه‌رهه‌نگی شۆوينيستی نييه‌و نه‌بووه‌.
عەدنان هونەروەر: حیکایەتی پان ئیرانیست و چەپەکان بەردەوام حیکایەتێکی دوو فاکتەری و دوو روانگەییە! چەپەکان نەک لە هەمبەر ئەم رێکەوتنامەیە بەڵکوو هەر چەشنە ناساندنی شووناس و ناسنامەی کوردی به دواکەوتوویی دەزانن و له روانگەی ئایدۆلۆژیایی تایبەت بە خۆیانەوە سەیری بابەتەکە دەکەن جا ئەویش به چ قیمەتێک؟ به قیمەتی ستاندنی مافی چارەی خۆ نووسین و بڕوا به خۆ بوون
چەپەکان پێویستە به دڵ فراوانیەوە سەیری میکانیزمی پێکەوە بوون بکەن و هەوڵ دان بۆ ئازادی و سەقامگیرکردنی دیموکراسی له پەنای وڵاتپارێزی دا بدۆزنەوە!
بەڵام پان ئیرانیستەکان ئەوان له روانگەی دژایەتی و نەبینی نەتەوەیەک که مافی خۆیەتی له وڵاتی خۆی دا چارەنووسی خۆی به دەستی خۆی دیاری بکرێت، سەیری بابەتەکە دەکەن و وەهای لێک دەدەنەوە ئەگەر کورد داوای وەها مافێک بکات ئەوا نەتەوهکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی ئێران، ئەوانیش داوای مافی خۆیان دەکەن و ئیتر ئەمه به رێ خۆشکەرێک دێننه ئەژمار که ئێران بەرەو پارچە پارچە بوون دەبات، هەر بۆیە تەنانەت پان ئیرانیستە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی که به ناو وەک رۆشنبیری دەرەوەی وڵات خەریکی چالاکین، له سەر ئەم بابەتە به تەواوەتی لە گەل کۆماری ئیسلامی دا کۆکن و هەموو هێز و تواناییەکیان دەخەنه گەڕ بۆ زەوت کردنی سەرەتایی ترین مافی نەتەوەکانی نێو ئێران! لایەنی ئۆپۆزسیونی ئێران بەردەوام رۆڵی رکەبەرێک دەگێڕن که وتە و کردەوەیان تووشی قەیرانی پارادۆکس هاتوە! له لایەک هەوڵ دەدەن بۆ سیکۆلاریزاسیونی ئێران له لایەکی دیکه به پشت بەستن به سیستمی ویلایەتی فەقێ، پشت لە دیموکراسی و مافە سەرەتاییەکانی مرۆیی دەکەن!
بۆچوونێک هەیە کە دەڵێ تا ئێستا کۆمەڵە و دیموکرات لە بەرامبەر خەلکی کوردستان و ئیران‌دا لە دوو گوتار کەڵکیان وەرگرتووە (واتە گوتارێکی کوردستانی و گوتارێکی ئیرانی)، هەر بەو پێیەش بەردەنگی رێکەو‌تنامەکە خەڵکی کوردستان بووە،و بەرەی ئێرانی لەگەڵ ئەو گوتارەدا نامۆ بووە،چ لێکدانەوەیەکتان بۆ ئەم پرسە هەیە؟ 
ناسر ئێرانپوور : نه‌خێر، له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌ نيم. ئه‌م دوو گوتار نه‌بووه‌، به‌ڵکوو دوو ڕووی جياوازی يه‌ک گوتار بووه‌. ئه‌م گۆتاره‌ش سه‌رچاوه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌يی کوردی دايه‌، سه‌رچاوه‌ی له‌ ڕه‌چاوکردنی ديپلۆماسی سياسی دايه‌، له‌وه‌ دايه‌ که‌ خيتابی ئه‌م گوتاره‌ جارێک ڕووی له‌ ئێرانه‌ و جارێکيش ڕووی له‌ کوردستان. له‌ گه‌ڵ کورد که‌ قسه‌ ده‌کردرێ، سروشتييه‌ که‌ پرسه‌کانی کوردستان بێنه‌ به‌رباس، سروشتييه‌ که‌ که‌ڵک له‌ ده‌سته‌واژه‌ و زاراوه‌ی سياسی کورد وه‌ر گيردرێ. پێچه‌وانه‌که‌شی ڕاسته‌: سه‌ير ده‌بێ که‌ له‌گه‌ڵ فارس به‌ وه‌رگێردراوی ده‌قاوده‌قی ئه‌ده‌بی سياسی کوردی قسه‌ بکردرێ. ئيزن بده‌ن که‌ نموونه‌يه‌کتان بۆ بێنمه‌وه‌: له‌ سه‌ر وشه‌ی "قه‌وم" شه‌ڕه‌. "قه‌وم" له‌ ناو کورددا ناوه‌ڕۆکێکی تری هه‌يه‌ تا له‌ ناو فارسی‌دا. سرودی "ئه‌ی ره‌قيب"ی کورد به‌ قه‌ومه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کا. مه‌به‌ست ده‌قاوده‌ق "نه‌ته‌وه‌"يه‌. به‌ڵام ده‌زانين که‌ ئه‌مه‌ له‌ ناو فارس‌دا جۆرێکی تره‌. ئه‌گه‌ر ئێرانييه‌کی ناسيۆناليست ده‌ڵێ "قه‌وم"، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌يه‌ که‌ ئێمه‌ به‌شێکی جيايینه‌کراوه‌ له‌ "نه‌ته‌وه‌ی ئێران"ين، مافی دياريکردنی چاڕه‌نووسمان نييه‌. ته‌نانه‌ت له‌قسه‌کردن له‌گه‌ڵ ناسيۆناليسته‌کان ده‌بێ ته‌وه‌ره‌کانيش جياواز بن. له‌گه‌ڵ ناسيۆناليستێکی ئێرانی باسی خاڵه‌ هاوبه‌شه‌کانمان ده‌که‌م، باسی حکومه‌تی ئێرانی داهاتوو ده‌که‌م. که‌متر باسی وه‌رده‌کارييه‌کانی په‌يوه‌نديدار به‌ کوردستان ده‌که‌م. شتێک زۆر زۆر گرينگيش ئه‌وه‌يه‌ که‌ ئێمه‌ ده‌بێ ڕه‌وتی "نه‌ته‌وه‌سازی" کورد وه‌پێش بخه‌ين. ئه‌م ڕه‌وته‌ ده‌بێ ڕووی له‌ ژووره‌وه‌ بێ، نه‌ک له ‌ده‌ره‌وه‌. ئێمه‌ پێويستمان به‌ هه‌ست و سه‌روه‌ری و کيانێکی پته‌وی کوردی هه‌يه‌. ئه‌م کيانه‌ ده‌بێ هه‌روه‌تر له‌ ئه‌ده‌بياتی سياسی مه‌دا، له‌ گوتاره‌کانمان خۆی ببينێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ گه‌ڵ کورد، نه‌ک له‌ گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی تر. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ڕوو به‌ده‌ره‌وه‌ نه‌ته‌وه‌سازی بکه‌ين، ڕه‌نگه‌ شوێنه‌واری خراپی هه‌بێ له‌ سه‌ر په‌يوه‌ندی ئێمه‌ و دراوسێکانمان. بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌يی کورد دەتوانێ شانازی به‌وه‌ بکا که‌ هيچ کات له‌ ڕه‌وتی مێژوويی خۆی‌دا دژی نه‌ته‌وه‌يه‌کی تر ڕانه‌وه‌ستاوه‌. ئه‌گه‌ر گه‌ره‌کمان بێ ئه‌م ڕه‌وته‌ی هه‌روا پێشکه‌وتنخوازانه‌ به‌رينه‌ پێشێ، ده‌بێ ڕوو به‌ده‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر پرسگه‌لێکی گشتی‌تر قسه‌ بکه‌ين. به‌ڵام له‌ نيهايه‌ت‌دا گوتاری ڕووبه‌ ژووره‌وه‌ و ڕووبه‌ده‌ره‌وه‌ هه‌ر يه‌کين و يه‌ک مه‌به‌ستيان هه‌يه‌. ئاخۆ نوێنه‌رانی حکومه‌ته‌ ئه‌ياله‌تييه‌کان، کاتێک مه‌به‌ست پێکهێنانی به‌ره‌يه‌ک بۆ حکومه‌تی ئاڵمانێيه‌، له‌سه‌ر پرسه‌کانی ئه‌م ئه‌ياله‌ته‌ ده‌دوێن يا له‌ سه‌ر ئه‌م پرسانه‌ی که‌ په‌يوه‌نديان به‌ گشت وڵاته‌وه‌ هه‌يه‌. ئايا ئه‌گه‌ر حيزبی سوسيال دێمۆکراتی ئاڵمان له‌ پاڕڵمانی ئه‌وروپا قسه‌ ده‌کا، له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌خوازی ئاڵمان قسه‌ ده‌کا، يان له‌سه‌ر ئه‌م شتانه‌ی که‌ په‌يوه‌نديان به‌ ئه‌وروپاوه‌ هه‌يه‌. لێره‌دا ته‌نانه‌ت له‌حن و ده‌سته‌واژه‌کانيش جياوازن.
عەدنان هونەروەر: ئەگەر مەبەست له ئەم رێکەوتنامە دواییەی حدکا و کۆمەڵەیە کە لەم دوو چەشنه گوتارە کەڵکیان وەر گرتوە، دەتوانم بڵێم کە ئەم رێکەوتنامەیە زۆربەی بەشەکانی بە لایەنی گوتاری کوردستانی دا داشکاوەتەوە و بەو پێیەش هەستی خۆ به زل زانیین و لە خۆ بایی بوونی ئێرانچییەکان ورووژاوە و وا هەست دەکەن کە چوونکا خۆیان رازی بەم کارە نیین ئیتر باقی نەتەوە نیشتەجێکانی ئێران نابێ باس له مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بکەن! بەڵام لایەنی گوتاری ئێرانی بوونیش تا رادەیەک بە تایبەتی ئەو خاڵانەی که وەک پلان دوای رووخانی رژیمی کۆماری ئیسلامی دیاری کراون!پێوە دیارە... جا ئەگەر لایەنی گوتاری ئێرانی لاواز بێت وادەزانم هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رەش بینییە که بەردەوام له لایەن پان ئیرانیست و دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە له مەڕ دۆزی رەوای کورد دا خۆی سەپاندوە و به جۆرێک له جۆرەکان خۆی سەقامگیر کردوە و جۆرێک دەمارگرژی بۆیان هێناوەتە گۆڕێ. تەنانەت بۆ نموونه دوا هەڵوێستی پان ئیرانستەکان له مەنشوورێک به ناوی "مەنشوور شوورای میللی تایبەت به هەڵبژاردنی ئازاد" به جوانی خۆی دەنوێنی کاتێ سەیری ئەو مەنشوورە دەکەین دەبینین که هیچ باس و خواستێک سەبارەت به نەتەوە ژێردەستەکانی دەسەڵاتی ئێران نەکراوە و ئیتر ئەگەر کوردانیش تا بتوانن خۆ له گوتاری ئێرانی و پاڵدان به ئۆپۆزسیونی ئێرانی بپارێزن وا دەزانم داهاتوویەکی روون چاوەرێیان دەکات!

کەسانێک دەڵێن دەبێ حیزبە کوردییەکان بە بێ چەک بگەڕێنەوە بۆ کوردستان و بە تایبەت دوای بە دوای بڵاو بوونەوەی ئەو رێککەوتنامەیە، هەندێ کەس رەخنەیان لە چەکدار بوونی ئەو دوو حیزبە گرتووە، بە رای ئێوە لە هەل و مەرجەی ئێستادا حیزبی چەکدار لە وێنەی ئەو دوو حیزبە چ زەروورەتێکی هەیە؟ 
ناسر ئێرانپوور: من نازانم ئه‌م به‌ڕێزانه‌ باسی 'کۆماری' ئيسلامی ئێران ده‌که‌ن يان باسی وڵاتی سويد. چه‌ک هه‌ڵگرتنی ئه‌م هێزانه‌ مه‌وزووعييه‌تی خۆی له‌ده‌ست‌ ده‌دا، هه‌ر کات هێزی سياسی له‌ ئیران بتوانێ به‌ ئازاد هه‌ڵسوکه‌وت بکا. پێويست به‌ ڕێنموونی ئه‌م که‌سانه‌ش ناکات. ئه‌م که‌سه‌ی که‌ گرفتێک له‌ چه‌کداربوونی ئه‌م هێزانه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌بينێ، ئيزنی تێکۆشانی سياسی و مه‌ده‌نی بۆ وان وه‌رگرێ، من زه‌مانه‌تی ده‌ده‌مێ، گشتيان بێ‌چه‌ک بگه‌ڕێنه‌وه‌. له‌وه‌ش گه‌ڕيين، با بۆ خۆی ئيزنی کۆمه‌ڵێکی مه‌ده‌نی وه‌رگرێ، مۆڵه‌تی رۆژنامه‌يه‌کی سه‌ربه‌خۆ وه‌رگرێ، پاشان قسه‌ له‌سه‌ر وه‌ ده‌که‌ين که‌ ئه‌م حيزبانه‌ بۆ ناگه‌ڕێنه‌وه‌. سه‌يره‌که‌ی له‌وه‌ دايه‌ که‌ قسه‌وباسه‌ کاتێک ده‌کردرێ که‌ له‌ لايه‌که‌وه‌ رێفۆڕمخوازه‌کانی سه‌ر به‌ حکومه‌تيش يه‌ک له‌ دوای يه‌ک ئێران به‌جێ ده‌ڵێن و له‌ لايه‌کی تروه‌ هروژمێکی فاشيستی بۆ سه‌ر ئه‌م گه‌له‌ بێ‌به‌شه‌ له‌ ئارا دايه‌! به‌نيسبه‌ت چه‌کداربوونی ئه‌م هێزانه‌ و ئوردوگاکانيان زۆر به‌ تێر و ته‌سه‌لی له‌ وتارێک‌دا قسه‌م کردووه‌ و بۆيه‌ نامهه‌وێ لێره‌دا به‌ وردی بچمه‌ سه‌ر ئه‌م باسه‌. ته‌نيا ئه‌وه‌ ده‌ڵێم که‌ ئه‌وه هه‌روه‌تر‌ ئه‌رکی ڕووناکبيران و تێکۆشه‌رانی ژووره‌وه‌يه‌، هه‌لێک بڕه‌خسێنن که‌ حيزبه‌کانيان بگه‌ڕێنه‌وه‌. ياسر عه‌ڕه‌فات خه‌ڵکه‌که‌ی خۆی بردييه‌وه‌، نه‌ هێزه‌ سياسييه‌کانی تاراوگه‌! ئه‌وه‌ش زياد بکه‌م، ئه‌وه‌ی پێی وايه‌ هێزی کوردی له‌ هه‌ڵه‌ دايه‌، مافی خۆيه‌تی. به‌ڵام با بۆ خۆيان هێزێکی ڕامياری ساز بکه‌ن و به‌ مه‌ده‌نييه‌ت و شارستانييه‌ت کار بکه‌ن. ئه‌و کات يان سه‌رده‌که‌ون و هێزه‌کانی سياسی ده‌ره‌وه‌ که‌ گۆيا "چه‌ند ده‌ که‌سێکن"، له‌ باو ده‌که‌ون، يان ئه‌وانيش دره‌نگ يا زوو دێنه‌ تاراوگه‌ يان ئه‌وه‌ی که‌ حکومه‌ت وايان لێده‌کا بێده‌نگ و به‌حەيا له‌ ماڵه‌ خۆيان دانيشن. له‌ بيڕمان نه‌چێ، ئه‌گه‌ر ئه‌م و ئه‌و ده‌توانن چوار قسان بکه‌ن، ئه‌مه‌ په‌يوه‌ندی نه‌ به‌ ئازادی سياسی ئێران، به‌ڵکوو ئه‌ز قه‌زا به‌م "چه‌ند ده‌ که‌سه‌‌"وه‌ هه‌يه‌ که‌ باره‌گاکانی حيزبه‌کان دانيشتوون. به‌ پێی سه‌رچاوه‌کانی ناو حکومه‌ت و لێکۆڵێنه‌رانی ئيستراتيژيکی حکومه‌ت له‌ کوردستان به‌ دانيسته‌ و به‌ئه‌نقه‌ست و مه‌به‌ست ڕێگای ئۆپۆزيسيۆنێکی ناکارامه‌د (مونفه‌عيل) ده‌ده‌ن، تا سوپاپێک بێ بۆ هه‌ناسه‌کێشانی کۆمه‌ڵێک ڕووناکبير که‌ ناتوانن به‌ هێدی و هێمنی دانيشن و هيچ نه‌ڵێن و هه‌ميش که‌ره‌سه‌يه‌ک بێ بۆ ڕازاندنه‌وه‌ی ويترينی حکومه‌ت. تێکۆشه‌رێکی دامرکاو بۆ ئه‌م حکومه‌ته‌ به‌هه‌ر حاڵ باشتره‌ له‌ وه‌ که‌ زه‌ختی پۆليسی ئه‌ونده‌ له‌سه‌ر بێ، تاقه‌ت نه‌هێنێ و بچێته‌ ناو ئۆپۆزيسيۆن. له‌ نه‌بوونی ئه‌م ئۆپۆزيسيۆنه‌ بنه‌ما و چوارچێوه‌ی کاری سياسی له‌ ئێران به‌رته‌سکتريش ده‌بێ.
عەدنان هونەروەر: ئەوەی راستی بێت خەباتی گەلی کورد بەردەوام ئاوێتەی چەک وەک ئامرزاێک بۆ بەرگری کردن له خۆ بوە. له رۆژێکەوە کورد تووشی قەیرانی لێکترازان و سنوور کێشان به نێوانیان دا هاتوە، تەنیا له رێگای چەک و پەنا بردن بۆ شاخ توانیویەتی دەنگی به گوێی کپ کراوی بە دنیا رابگەیەنێت... ئەویش تەنیا به هۆی ئەوەی داگیرکەران تەنیا به چەک لێک دایانبڕاندووین و تەنیا به چەک ناویان ناوین "قەوم". ناویان ناوین تورکی شاخستانی، ئەنفالیان کردوین و تووشی ژینوسایدیان کردوین. ئێمەی کورد له قۆناغه جۆربه جۆرەکانی مێژوودا چەک مان وەلا ناوە، نیەتی پاک و تەبایی و پێکەوە ژیانمان کردوەتە بنەمای ژیان لە گەل داگیرکەرانی کوردستان، تەنیا بەو هۆییەی که بیسەلمێنین ئێمه لایەنگری چەک و خوین رشتن نیین، کەچی هەر له سەر مێزی وت و وێژ دا خۆێنیان رشتوین نموونەی زۆر زەق و بەرچاوی ئەم شێوازە قوربانی بوونه، تیرۆری "دوکتور قاسملۆ" له "ڤیەنا"ی پێتەختی ئوتریش بووە.. تەنانەت هەر لە سەرەتای دەسپێکی داسەپاندنی کۆماری ئیسلامی له رێگای مەدنیانه به رێبەرایەتی "کاک فواد" له شاری مەریوان و به پشتیوانی باقی شارەکانی دەورووبەری مەریوان، کۆچی مەریوان رووی دا، بەڵام بێجگه له درۆ و دەلەسە و داگیرکردن و زەوت کردنی سەرەتایترین مافەکانمان دەسکەوتێکی دیکەی بۆمان نەبوو! ئەمەش رێگای مەدەنیانه!
ئەو کەسانەش کە باس له حیزبی بێ چەک دەکەن، له بارودۆخێک دا ئەم پرۆسەیه سەردەگرێ کە وا لایەنی هێرش بەر و ئینکارکەری مافە سەرەتاییەکانی کورد خۆی چەک وەلا بنێت و له دۆخێکی تەواو دموکراتیانه دا به چاوەدێری لایەنه نێونەتەوەیی و مرۆییەکان له سەر مێزی وت و وێژ دانیشن و ئینکاری نەتەوەیەک نەکەن که ساڵانێکی دوور و درێژه به ناوەی "قەوم" ناوزەدی دەکەن.



بەشێک لە رەخنەگرانی ئەو رێککەوتنامەیە ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ژێر کاریگەری دوو حیزبی سەرەکی باشووری کوردستاندا (واتە پارتی و یەکیەتی) ، کۆمەڵە و دیموکرات ئاوەها رێککەوتنامەیەکیان واژۆ کردووە،ئایا پێ دەچێ واژۆکەرانی ئەو رێککەوتنامەیە لە هەوڵی ئەوە دابن کە ئەزموونەکانی باشور، لە رۆژهەڵات دووپات بکەنەوە؟
ناسر ئێرانپوور:  ئه‌م دوو ته‌وره ـ واتا ڕێکه‌وتنامه‌ و ئه‌زموونی باشوور ـ‌ له‌ ڕوانگه‌ی منه‌وه‌ په‌يوه‌نديان پێکه‌وه‌ نييه‌. به‌ڵێ، منيش که‌مم نه‌بيستووه‌ که‌ ئه‌وانه‌ له‌ ژێر گوشاری ئه‌م دوو پارته‌ ئه‌م کاره‌يان کردووه‌. له‌م په‌يوه‌ندييه‌دا ئاماژه‌ به‌ چه‌ند خاڵ دکه‌م:
يه‌ک)   تا دوێنێ ده‌يان وت که‌ پارتی و يه‌کييه‌تی له‌تيان کردوون و ئيزن ناده‌ن يه‌ک بگرنه‌وه‌. ئێستاکه‌ ده‌ڵێن که‌ ئه‌وان ڕێکيان خستوونه‌وه‌. جا ئه‌گه‌ر پارتی و يه‌کييه‌تی به‌ڕاستی کاريان وايان کرد بێ، ده‌بێ ده‌ستيان ماچ که‌ين و ده‌ر ده‌که‌وێ که نه‌بوونه‌ هۆی‌ له‌تبوونيان. ئه‌ويش به‌له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌م ڕاستييه‌ که‌ هه‌رێم په‌يوه‌نده‌ی باشی له‌گه‌ڵ 'کۆماری" ئيسلامی ئێران هه‌يه‌ و ئه‌م ڕێککه‌وتننامه‌يه‌ وه‌ک هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌ک بۆ سه‌ر خاکی ئێران ناوه‌زد کراوه‌.
دوو)    ئه‌گه‌ر پارتی و يه‌کييه‌تی توانيبايان ئه‌م دوو حيزبه‌ سه‌ره‌کييه‌ ناچار بکه‌ن، کاری وا بکه‌ن، ده‌بێ بۆ وان ئه‌وه‌نده‌ دژوار نه‌بووبێ هێزه‌کانی بچووکتر ڕێک‌بخه‌ن. ئه‌دی بۆ وان ڕێک نه‌که‌وتوون؟
سێ)    من پێم وانييه‌ ئه‌زموونی کوردستانی باشوور له‌ کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات دووپات بکرێته‌وه‌. هۆی ئه‌وه‌ش زۆرن که‌ لێره‌دا ناچمه‌ سه‌ريان.
چوار) هه‌ر هێزێک بۆی هه‌يه‌ بێته‌ هێزی سه‌ره‌کی و حکومه‌ت به‌ده‌سته‌وه‌ بگرێ. ئه‌مه‌ نه‌ته‌نيا گۆناح نييه‌، به‌ڵکوو ماف و ته‌نانه‌ت ئه‌رکيشيانه‌. من زۆرم پێ سه‌يره‌ ئه‌گه‌ر ده‌بيسم که‌سانێک ئه‌مه‌ی وه‌ک "تاوان" و "پيلان" باس ده‌که‌ن. نازانم حيزبێک ئه‌گه‌ر نايهه‌وێ ببێته‌ حيزبێکی سه‌ره‌کی و حکومه‌ت به‌ده‌سته‌وه‌ بگرێ، بۆ پێک دێ.
عەدنان هونەروەر: ئەگەر مەبەست ئەوە بێ کە ئەم دوو حیزبە دەیانهەوێ کۆپی باشوور لە رۆژهەڵات پیادە بکەن ئەوا ئەمە بە رەخنەیەکی هیچی دەزانم! چونکوو له تەواوی دونیا کۆپی خەبات و رێباز کراوە! بەڵام به دڵنیاییەوە باشووری کوردستان باشترین مەیدان و باشترین ئەزموونێکه که باقی پارچەکانی دیکەی کوردستان هەلی خۆیانی تێدا بقۆزنەوە. به دڵنیایەوە خەباتی باقی پارچەکانی دیکەی کوردستان بەستراوە به یەکترەوە و باقی حیزبەکان له باقی پارچەکانی دیکەی کوردستان ئەگەر زیاتر و زیاتر پشت به یەکتر ببەستن ئەوا باشتر و زووتر ئاسۆی خەونەکانی کورد دەهێننه دی
تەنانەت ئەگەر مەبەستی پرسیارەکەتان ئەوە بێ که وا پارتی و یەکیەتی هاندەری ئەم دوو حیزبە بوون بۆ گەیشتن بەم رێکەوتنامەیە، ئەوا ئەتوانم بڵێم که ئەمەش دیسان هەر بە رەخنەیەکی هیچی دەزانم ! به بڕوای من ئەگەر وەها پشتیوانی و هاندەریەکیان کردبێ ئەوا دیارە چارەنووسی باقی پارچەکانی کوردستان بەلای ئەم دوو حیزبە سەرەکییەی باشوور واتە پارتی و یەکیەتی گرنگه و من به گەش بینیەکی تەواوە سەیری دۆخەکە دەکەم! بەڵام زیاتر پێدەچی تێوەگلاندن و تاوان بار کردنی کەسانی دیکە و حیزبەکانی باقی پارچەکانی دیکەی کوردستان تەنیا پرۆسەیەکی نەزۆکی نەیارانی گەلی کورد بێت کە له هەوڵی شێواندن و ئاڵۆز کردنی خەبات و یەکریزی حیزبەکان و گەلی کورد دان!

بە لە بەرچاوگرتنی ئەوەی کە لەم هەل و مەرجەدا کۆمەڵێک پرسی گرنگ بەرامبەر بە چارەنووسی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا هاتوەتە ئاراوە؛ روو بە حیزبە کوردییەکان و خەڵکی کوردستان، دوایین قسەتان چییە؟
ناسر ئێرانپوور: من له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م که‌ حه‌ره‌که‌تێکی ته‌عه‌روزی ڕوونکه‌ره‌وانه‌ له‌ ئاست داواکانی مێژوويی خه‌ڵکی کورد ده‌بێ ده‌ست پێبکردرێ. کاری مێديايی ئێمه‌ زۆر زۆر لاوازه‌. زۆر که‌م به‌ها ده‌ده‌ين به‌ ناوه‌ڕۆکه‌وه‌. هه‌روه‌تر گرفتی ئێمه‌ ئه‌ويه‌ که‌ زۆر دره‌نگ دژکرده‌وه‌ له‌خۆمان نيشان ده‌ده‌ين. هۆيه‌که‌شی ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ بێ که‌ ناوه‌ندێکی لێکۆڵينه‌وه‌مان نييه‌. هێزه‌کانمان زۆر پرش و بڵاون. به‌تايبه‌تی ئه‌وه‌ بۆته‌ هۆی وه‌ی که‌ جيدديمان نه‌گرن و ته‌نانه‌ت گاڵته‌مان پێبکه‌ن. ئاواته‌خوازم ئه‌م هروژمه‌ نامرۆڤانه‌ بۆ جوولانه‌وه‌ی کورد ببیته‌ هۆی ته‌بايی و يه‌کييه‌تيمان. 
عەدنان هونەروەر: ئەم هەل و مەرجە هەستیار و پڕ له ئاڵ و گۆڕەی که ئێستا ناوچەکە و بەتایبەتی ئێران تووشی هاتوە، هەر وەها به لە بەرچاو گرتنی دۆزە رەواکەی گەلی کورد، حیزبە کوردییەکان و بە تایبەتی ئەم دوو حیزبە زیاتر و زیاتر پێوستە بڕوا به فرە حیزبی بێنن و بە باوشێکی ئاوەڵه باقی حیزبەکانی دیکەش بێننه ژێر چەتری ئەم چەشنە رێکەوتنامانه...
هیوادارم خەڵکی کوردستان به چاوێکی کراوەوە مامەڵه لە گە نەیارانی بزافی رزگاریخوازی گەلی کورد دا بکەن، و پشتیوانی خۆیان وەک پشتیوانی کردنی چالاکانی مەدەنی و سیاسی به شێوەی کۆکردنەوە ئیمزا لەم رێکەوتنامە و یان باشترە بڵێم لە بزافی رزگاری خوازی کورد پیشان دا، پشتیوانیەکانیان له حیزبەکان بە تایبەتی ئەو کاتانەی که لایەنی نەتەوەی دەکەوێتە مەترسییەوە، زیاتر دەرخەن ئەگەر چی لە گەڵ ئەساسنامەی فڵانه حیزبیش دا هاو ڕا نەبن
.
قسەیەکیش بۆ ئەو کەسانەی که بەردەوام ماستاوچییەتی بۆ پان ئیرانیستەکان و بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەکەن، زۆر برایانه پێیان دەڵێم ئەگەر گوڵ نین تکایه دڕکیش مەبن! کۆماری ئیسلامی لە سەروبەندی هەرەس هێنانی ئابووری و سیاسی دایه و هەلێکی مێژوویی که له پێشماندایه با به جوانترین شێوە و به یەکڕیزیەکی تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بقۆزینەوه بەرەو ئاسۆیەکی روونی سەربەخۆیی!
ئەم بابەتە لە ئاسۆی رۆژهەڵات: