۱۳۹۱/۰۹/۱۳

سینەما و سەرمایە


جەمشید بەهرامی
Jamshid Bahrami
سینەما و سەرمایە
و:جەمشید بەهرامی

ئاماژە:
ئەم وتارە بەشێکە لە تێزی رەخنەیی جاناتان بلێر (Jonathan Beller)  مامۆستای زانکۆی "دووک"(Duke) لە ژیر ناوی " سینەما،سەرمایەی سەدەی بییست".
بلێر لەم بابەتەدا بە لیکدانەوەی دوو چەمکی "بەرهەم‌هێنانی کاڵا" و "بەرهەم هێنانی دیمەن"؛ لە روانگەی پێکهاتە و کاریگەرییەوە،پێی وایە ئەو دوو چەمکە روویان لە یەک سۆنگەیە،و بە سەرنجدان بە جۆرێک لە کاری بەرهەمێنەری،نرخ (و لە کۆتاییدا سەرمایە) لەگەڵ خودی کاردا (کاری دواهاتوو بە سەرمایە) هەڵدەسەنگێنێت و هەر دوو چەمکەکە لە ژێر تیشکی لێکدانەوەکانی کلاسیک و مودێرنی ئابووری سیاسی‌دا دادەنێت.
چۆنیەتی سینەمایی:
چۆنیەتی سینەمایی بەرهەمهێنان،دەرفەت و ناوێکی بۆ چۆنیەتی زۆتری بەرهەمهێنان،بە درێزایی سەردەمە مێژووییەکان پێکهێناوە کە لە سەرەتاکانی سەدەی پێشوودا دەستی پێکردوە و هەنووکە لە کۆتایی خۆی نزیک بوەتەوە. بە درێژایی ئەم سەردەمە،سیستەمی سەرمایەداری و دەسەڵاتدارەکانی سەرمایەداری زۆرتر لە جاران لە وێنەی فیلم،دەستیان دایە رێکخستنێکی جیهانی: جیهانێک کە لە راستیدا،لەودا بەرهەمهێنانی کاڵا جۆرێک لە مۆنتاژ بوو. هەروەها کە کاسێتی فیلم بە رێگایەکی تایبەتدا دەڕوات و لە کۆتاییدا بە بەرهەمهێنانی "وێنەیی فیلم" کۆتایی پێدێت،سەرمایەش هەروەها لە رێگای تایبەتی خۆیەوە گوزەر دەکات تاکوو "کاڵا" بەرهەم بهێنێت. هەروەها کە لە مۆنتاژی فیلم‌دا روو دەدات،سەرمایە لە کاتی تیپەڕبوون لە نێو هۆکارە دیاریکراوەکان لە بەرهەمهێنانی کاڵادا، بەکردەوە تۆمار دەبێت. لە ئەمڕۆکەدا،بە یەکگریی و تێکهەڵکێشانی پیشەکانی دیمەن‌سازی و دیمەنەکانی دیکەی بەرهەمهێنانی کاڵا (بۆ وێنە لە کاتێکدا کە دیمەن؛ لە پیشەکانی سەر بە راگەیاندن و بانگەشەدا، بە شێوەیەکی تەواو مانا وەک کاڵایەک خۆ دەنوێنێ) ئێمە بۆ بینینی چالاکی جیهانی چۆنیەتی سینەمایی لە بەرهەمهێنانی ئابووریدا لە چاو هەر کاتێکی دیکەوە لە پێگەیەکی باشتر داین و دەتوانین پەیدۆزی بۆ بەشێک لە شوێنهاتەکانی بکەین. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

داخوازەی لێکدانەوەی ئەم بابەتە بەم شێوەیە:
١) سینەما بە شێوەی هاوکات وێناگەر و بەڕێوەبەری گەڕانی نرخی ئابووریە؛ سینەما نیشانە و وەرگێڕەری "خودی نموونەکانی گەڕانی نرخی ئابووری"یە.
٢) ئەم گەڕانی نرخە لە تەوەرەی "سینەما-بینەر"دا خۆی بەرهەمهێنەری نرخە،چونکوو چاولێکردن(روانین) جۆرێک لە کار و ماندووبوونە. لێرەدا دەبێت پێداگری لە سەر ئەم بابەتە بکەین کە تەواوی دیمەنە پێشووەکانی سەرمایەخولقێن بە هەمان شێوە دەست‌لێنەدراو دەمێننەوە؛ بەڵام،روانگەی چاولێکردن بە سەر تەوەری کاردا، نیشاندەری هۆگرایەتییە (بەرەو خاڵگەلێک کە زۆرتر لە جاران جیاوازترە) بۆ پێوەندیدەری نێوان کار و سەرمایە،کە لە راستیدا دەسەڵاتی نوێ هۆکاری دابین کردنی پێگەی تێکنۆلۆژیایی تاکەکانە بە ئامانجی دەرکێشانی  نرخ. سەرەڕای ئەوەی کە ئەم هۆگرایەتییە هێدی هێدی بە شێوەی هۆگرایەتیەکی زاڵ دەردێت،بەو مانایە کە پێوەندی نێوان ئاگاداری(گشتی) و دەسەڵات لە هەر کاتێکی دیکە گرنترە،بەڵام هەموو دەرکەوتە پێشووەکانی چەوسێنەری درێژە بە ژیانی خۆیان دەدەن. کاتێک کە مێدیایەکی وێنەیی لە ژێر تەنگەبەرییەکانی خاوەنایەتی یان مڵک و داهاتە خۆماڵییەکاندا کار دەکات،کاری جێبەجێ بوو لە لایەن بەکارهێنەرەکەیەوە دەتوانێت،وەک بە کرێدانی زەوی و زار،سەرمایە خولقێن بێت یان تایبەتمەندی ئەوەی هەبێت کە بگۆڕدرێت بە سەرمایە و لە لای خاوەنی میدیادا کۆبکرێتەوە و ببێت بە ماڵی ئەو. بە واتایەکی دیکە کەسانێک هەن کە قازانجی ئابووریان لە روانینی(چاولیکردن) خەڵکدایە.
شێوازەکانی بەرهەمهێنانی ئەم قازانجە و چۆنایەتی بەستێن‌گیری و لە بنەمادا جیاوازی خوازییەکەی،دەبێتە هۆی پێناسە کردنی سیاسەتی کولتووری و پێوندی لەگەڵ دەسەڵاتدا.
٣)  ئاوەها شێوازێکی شۆڕشی بۆ دەرکێشانی نرخی ئابووری لە سەرجەستەی مرۆڤ،لە سەر تەواوی لایەنەکانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کاریگەرییەکی ئەوەندە قووڵ دادەنێت(هەروەها کە هێڵی بەرهەمهێنانی پیشەیی ئاوەها کاریگەرییەکی هەبوو)،کە لە بنەڕەتدا بۆ هەمیشە ئاڵ گۆڕ بە سەر کرژی دیمانە و دیتندا دێنێت،و هەموو ئەو چشتانەی کە دەکرێت وەک ئابووری دیتن لە ئەندێشەدا دابنێرێت،دێنێتە گۆڕێ و سەر لە نوێ دەرگایەک بەڕووی ئەو باسەدا دەکاتەوە. ئەم ئابوورییە،لەو چەشنەی کە من بە پوختی گەڵاڵەیەک لەو وێنا دەکەم،ماوەیەکە سەری هەڵداوە.
٤) سینەما،بەو شێوەیەی کە وەک تێکنۆلۆژیایەکی لەم چەشنە ناسراوە؛ بەو تایبەتمەندییەوە کە چاو لە بەرامبەریدا دەستەوەستان دەبێت و لە بەرامبەر چێژێکی نوێی بە پرنسیپەوە دادەنرێت. سینەما دەتوانێت بۆ زۆرێک لە تێکنۆلۆژیاکان لە وێنەی مۆدیلێک دابنرێت،ئەو تێکنۆلۆژیایانەی کە لە راستیدا دەیانەوێت ماشین لە هێڵی بەرهەمهێنانی(مۆنتاژ) پیشەییدا وەلا نێن و لە هەبوونی تاکدا(مرۆڤ) کۆی بکەنەوە دەتوانن لە مۆدێلی سینەما کەڵک وەرگرن.
٥) سەرهەڵدانی شێوازی نوێی گواستنەوە و دەرکێشانی نرخ،پێویستی بە وەرگرتنی بەشێکی نوێتر لە رەخنەی ئابووری سیاسییە. ئەم گریمانەیە کە "دیتن"،"دیمانە"،و لە پانتایییەکی بەربڵاوتردا،سەرنجی مرۆیی،ئەمڕۆکە بەرهەمێنەری نرخی ئابووریە،بە پیشاداننی ئەم خاڵەی دەتوانێت پشتیوانی لێبکرێت کە، بیرۆکەی نرخی کار، بە تایبەت ئاوەها کە لە لایەن "مارکس"ـەوە باسی لێوە کراوە،"بەشێکی تایبەتە لە بیرۆکەیەکی گشتی‌تر" کە پێوەندی بە بەرهەمهێنای نرخەوە هەیە. من ئەمە بە "گریمانەی نرخی بەرهەمهێنەری سەرنجی مرۆیی" یان "بیرۆکەی نرخی سەرنج" ناوزەد دەکەم،و ئەمە بەرهەمی شێوازێکە کە بە درێژایی ئەو پرۆسەیە،سەرمایە کاتی مرۆڤ لە سینەما و میدیاکانی دیکەدا بە خۆیەوە تەرخان دەکات. ئەگەر ئەمێستا وای دابنێین کە سەرنجی مرۆیی کاڵایەکی نرخی-زیادبووە کە میدیاکانی سەرمایەخولقێن خوازیاری ئەون،دەتوانین ئەم پرسە ئاوەها شی بکەینەوە؛ ئەگەر چاولێکردن(روانین) لە راستیدا کارکردن بێت، کەوایە بۆ گرفتێک کە بە هۆی بەردەوامبوونی سەرمایەداریەوە لە بەرامبەر ئابووری سیاسیدا بوونی هەیە لانیکەم رێگەچارەیەکی سنووردار یان بچوک خۆی نواندوە.
دەبێت ئەوەمان لە بیر بێت، ئەمڕۆکە لە روانگەی ئابووری‌زانانی سیاسیەوە، سەرمایەداری لە هەڵوەشاندنەوەی روونی بیرۆکەی نرخی کار و یاسای دابەزاندنی قازانجدا دێتە دەرەوە. ئەم دوو سنوورە لە پانتایی گەشەی سەرمایەدا،مارکس و زانایانی دیکەی سیاسی هان‌دا کە خاڵێکی کەڵەکەیی قەیرانی بۆ سەرمایە پێش‌بینی بکەن،خاڵێکی تێکەڵ بە کارەسات کە سەرمایە لەوە زیاتر نەتوانێت گەشە بکات. ئەوەمان لە بیرە کە لەگەڵ ئەم پێش‌بینییەدا،چاوەڕوانی ئەوە دەکرا کە سەرمایەی بە تەواو مانا جیهانی‌‌،چیتر توانای گەشە و بڵاوەپێدانی نەبێت و لە ئاکامدا نەتوانێت قازانجی بە دواوە بێت،هەر بۆیە لەو کاتەدایە کە بەرەو وێران و داڕمان دەڕوات. بڕیار وابوو کە یاسای نرخ شکست بهێنێت و دنیایەک بێت کە هەموومان ئەگەر بمانهەوێت بتوانین بەیانیان بڕۆین بۆ راو و دوانیوەڕۆیان بڕۆین بۆ ماسیگیری و شەوان رەخنە بگرین. زۆر روونە کە سەرەڕای بە جیهانیبوونی سەرمایە،ئەم خود-وێرانییە رووی نەداوە.
چشتێک کە دەمهەوێت نیشانی بدەم ئەمەیە کە،لە روانگەی سەرمایەدا،بە پێی سنوورەکانی جوگرافیاییەوە لە ئێستادا هەمووان بە تەواوی لە بەرامبەر سەرمایەدا دەدۆڕێن،سەرمایە جەستەی مرۆڤ بە سنووری دواتر لە بەرچاو دەگرێت. بۆ بەدواداچوون بۆ رەوتی گۆڕانکاری سەرمایەی روو لە گەشە(کە سینەما بەشێکی هەر گرینگیەتی) دەبێت سەرنجێکی تەواو بدەینە "سایبرێنتیزە کردنی١ " جەستە- ئەوەی کە " ڤیریلیۆ٢ بە "شوێنی ژیانی ئامرازەکانی میتابۆلیک" ناوزەدی دەکات. لە وێنەی دیاردەیەک وەک،جادە(نرخێکی بەرهەمهێنەر کە مارکس گومانی لە هەبوونی هەیە بەڵام هیچکات باس لەو گومانە ناکات)،ئاوەها پێوەندیدەرانێک یان نێوبژیوانی ماشینی-جەستەیی،دابەش بوونی جەستە لە نێوان پێوەندییە ماشینییەکانیدا بەتایبەتی دەگۆڕێت، و بنکەگەلێک و کاتگەلێکی زۆرتر بۆ بەرهەمهێنەری نرخ دەکاتەوە،و رێژەی بنکەکانی کاری گونجاو چەندین بەرامبەر دەکاتەوە. سەرمایە نەک لە روانگەی جوگرافیاییەوە بەرەو دەرەوە بڵاوە دەکات،بەڵکوو داڵان و بوارگەیەک بەرەو ناوەوەی قەوارە و پەیکەری بەرباس‌دا دەکاتەوە.
ئەمە وەک پێچاندنی چێوپەمەیە بەرەو ناوەوەدا (بوتڵ) و کاردانەوەیەکی قووڵ لە سەر جۆرەکانی ژیاندا دادەنێت. بینینی ئەوەی کە چۆن تێکنۆلۆژیای دیتنی مودیرن بۆ رەوتە نوێیەکانی کار لە سەدەی بیستەم‌دا، لە جەستەی مرۆڤ وەک ئامرازێک کەڵک وەردەگرێت، خۆی جەختکردنە لە سەر خوێندنەوە هاوتەریبەکانی هونەر و تێکنۆلۆژیای سەردەمەکانی، پێشوو،هەنووکە،و داهاتوو. هونەر لە پێگەی دەست-درووستکراوی کولتووریەوە دیاردەیەکی سەرنجڕاکێشە. بەڵام هونەر و کولتوور لە پێگەی تێکنۆلۆژیای تێکەڵاو بە پێویستی مێژوویی،حەیاتی/نەفسانی و دیتنییەوە،موژدەی پاکانەیەکی قەناعەتهێنەرتری لە ئاڵوگۆڕەکانی (سایبرێنتیک) مرۆییدا بە دواوە دەبێت. لە روانگەی تێکنۆلۆژیکییەوە جەستە بە ئاشکرا بەس بۆ هەڵگەڕاندنەوی پیوەندییە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان یان دەربڕینی حەزە نوێیەکان ئاڵ و گۆڕی بە سەردا نایەت، دەستەوەستان بوونی جەستە لە بەرامبەر دەورگێڕی دووبارەدا بۆ ئابووری بەرهەمهێنان و دووپاتبوونەوەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی پێشهاتێکی باو و هەمیشەییە، و لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاڵوگۆڕێکی پێویستە. سینەما لەوێنەی میدیایەکی خاوەن تایبەتمەندی بۆ وەرگرتن و تێگەیشتنە هەستیەکان، جگە لە ئاڵوگۆڕی میدیایی نوێ بۆ بەرهەمهێنان و گەڕانی نرخ چشتێکی دیکە نییە.(میدیایەک کە گرنگایەتییەکەی لە ئاڵوگۆڕی پێوەندییە مرۆییەکاندا کەمتر لە گرنگایەتی هێڵی ئاسن یان ئوتووبان یان شاڕێگەیەک نییە).
لە روانگەی ئابوورییەوە تێکۆشانگەلی مرۆیی کە بە شێوازێکی گشتی لە نێو بازنەی "زانستی مرۆیی"دا پۆلنبەندی کراون،هەر ئەوەی کە لە وێنەی مەڵبەندی ئازادی رێژەیی ئەزموون دەکرێن، دەتوانن وەک بەرهەمهێنەر چاویان لێبکرێت و لە راستیدا هونووکە تێکۆشانگەلی مرۆیی وەک بەدیهێنەری نرخی ئابووری چاو لێدەکەن. پێوەندی تایبەتی نیوان چاولێکرن(دیتن) و نرخی ئابووری،لە ئێستاوە شێواز و رواڵەتی پایەگاکانی بەربڵاوی یاسادانان و خەباتی سیاسی بەخۆیەوە دەگرێت و هەتا دێت لەم دەرفەتە پارێزگاری دەکات. وێنەکانی "ماپێل تۆرپ٣ "  سێ‌گۆشەی پەمەیی،دەستەواژەگەلی ئینگلیزی لە پڕۆپاگاندای فەڕانسیدا،و دیمەنەکانی بەدوور لە ئاکارە مرۆییەکان،لەو فیلمە ئەمریکاییانەی کە لە فلیپین‌دا پیشان دەدرێن، وێناگەلێکن لەو جۆرە پێوەندییە؛ لە نێو وێناکانی دیکەدا دەبێت لە شەریکە گەورەکان بۆ پێوەر و ستانداردگەلی پیشەیی لە تەلەفزوێنەکان بە کوالیتی و روونی دیمەنی سەرەوە 
(HDTV)،
پێوەندییە ماهوارەییەکان و کۆمپیوتر ئاوڕێک بدەینەوە.
لێرەدا، بە شێوەیەکی گشتی، من سەبارەت بە "بەکاڵا کردنی کولتوور و دەڵاڵی"،کەلتوور لەوێنەی نیوانجی نێوان تاکەکان و سیستەمی جیهانی،قسە دەکەم. تاکوو ئێستا،کارگەلێکی زۆر لە مەڕ چەمکی بەکاڵا کردنی کەلتوور کراوە،بەڵام هیچیان لە بەرامبەر سەرمایەسازی لە کەلتووردا،لە رەهەندی چەندێتیەوە(لە بەرامبەر رەهەندی چۆنایەتی یان خوازەییەوە) بە تەواو مانا زانیاریان پیشان نەداوە. مانای چەندێتی کۆتایی نرخی کولتووری لە ژێر ناوی سەرمایەدا،لە ئێستادا تیشک دەهاوێتە سەر ئەو راستییە کە ئاڵ و گۆڕ یان جێگۆڕکێکانی چۆنیەتی لە کولتووردا تا چ رادەیەک بناخەیی و بنەڕەتین. ئاکامی ژیرانە و گونجاو یان قیناوی لێرەدا، ئەوەیە کە دڵەراوکێکانی ئاکادمیکی،فەلسەفی،مێژوویی و جوانیناسیانە،لە راستیدا لایەنەکانی پێویستی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی –ئابوورین. هەمان پرۆسەگەلی هەستی کە جەستە (تاک) لەگەڵ بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا بە شێوازێکی گشتی رێک و یەکپارچە دەکات. لەبەرچاوگرتنی کاری بەشداربوو لە پرۆسەیەکدا وەک بەرهەمهێنانی کولتوور،شوناسەکان و حەزەکان،لە ئێستاوە چۆنیەتی جێگیربوون و بەردەوامی،هەرچەند لەرزۆکی بەرە سیاسییەکان لە کۆمەڵگای پۆست مودیرندا پێکدەهێنێت.

جووڵە-دیمەن
دەتوانین بۆ چرکەیەک هەست بکەین کە لە خاڵێکی تایبەتی مێژوویدا،پێکهاتەبەندی جیهانی زۆرتر لە جاران هاوچەشنی فیلم بێت. هەروەها کە "جێفری ناول سمیت٤ " ئاماژە دەکات، رواڵەتی هێڵی(مۆنتاژ) بەرهەمهێنانی پیشەیی، زۆر گورج مۆنتاژی(سینەمایی) دەهێنەتەوە بیر- ئەم هەڵسەنگاندنە لە زاراوەنامەی فەڕەنسیدا -(Chaine de montage) واتە زنجیرەی مونتاژ- بە روونی دیارە، بەڵام گەڕانی خودی سەرمایە دەکرێ بە جۆریک مۆنتاژ چاو لێبکەین. هەروەها کە فیلم بە گوزەر لە رێگەیەکی تایبەتەوە مۆنتاژ دەبێت تاکوو لە کۆتاییدا دیمەنێکی فیلمی بەرهەمبهێنێت، سەرمایەش لە رێگەگەلی جۆراوجۆری خۆیەوە تێپەڕ دەبێت تاکوو کاڵاکان بەرهەمبهێنێت، سەرمایە لە کاتی رۆشتن و گوزەر لە ماڵگەکان و ئامانجەکانی خۆیدا لە هێڵی مۆنتاژی بەرهەمهێنانەوە مۆنتاژ دەبێت. هەر وەک پەردەی سینەما کە بینەران لەودا لە رەوتی بەرهەمهێنانی سینەمایی تێدەگەن،سەرمایەش روانگە، و قاپ و چوارچێوەیەکە کە لە رێگای ئەوەوە دەتوانین جموجووڵی نرخ ببینین، دەتوانین ئەو دیمەنە ببینین کە بە درێژایی یەک چرکە لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا روو دەدات،و لێی‌تێبگەین. سەرمایە چوارچێوەیەک دەخولقێنێت کە لە رێگای ئەوەوە رەوتی ئابووری دەبینین. کاڵای بەرهەمهاتوو/تەواوبوو،یان دیمەن(کاڵا-دیمەن) بەرهەمی کۆمەڵێک جم و جووڵی تەواوبووە. کەوایە،سینەما خۆی ئاماژەیەکی وێڕاییە بە گەڕانی سەرمایەیە، حاشاکردن و ناتەبایی دیالکتیکی رواڵەتێکی خاو و هێور لە فیلمە. بەم پێیە،کەوشی وەرزشی ئادیداس و فیلمە هالوودییەکان لە جموجووڵەکانی سیستمیکی٥(جمووجوولەکانی پێوەندیدار بە هەموو سیستمەوە) تایبەت بە سەرمایە، بۆ خولقاندنی بەرهەمی/دیمەنی خۆیان بەشدارن.


  ١سایبرێنتیک ((Cybernitetization : 
 بریتییە لە زانستێک کە لە سەدەی بیستدا هاتە ئاراوە و بە گەشەیەکی بێ وێنەوە توانی لە زۆربەی زانستەکاندا جێی خۆی بکاتەوە، تەوەری سەرەکی سایبرنتیک لێکدانەوەی چۆنیەتی کۆنتڕۆڵ،لە مرۆڤ،حەیوان و ماشیندایە، هەر بۆیە پێوەندی بە زیندەوەرناسی،،میکانیک،ئەندازیاری،بەڕیوەبەری و زۆرێک لە زانستەکانی دیکەوە هەیە.(وەرگێڕ)
   Virilio٢
   Mappel Thrope٣
  Geoffry Nowell Smith٤
  Systemic٥

ژێدەر: ن:جاناتان بلر،ترجمە: مسعود اوحدی،نشریە هنر پاییز١٣٧٩ شماره ٤٥
******************************************************** 
 ئەم بابەتە لە ژمارەی 86ی  "ئاسۆی رۆژهەڵات"دا بڵاو کراوەتەوە.