۱۳۹۱/۰۴/۲۰

سەفەر


جەمشید بەهرامی
"سەفەر"
بۆ یادی هەمیشە هاوڕێی خولیاکانم کاک فواد
جەمشید بەهرامی

سەفەرە سەفەر
سەفەری سەرەتای
ئەم سفرە پڕلە بەیازە
گەڕاننەوەم بە دووی هەنسکە تۆز گرتووە حەزینەکانم لە سەر دووندە باڵابەرزەکانی ئەم هەوارە، دەمفڕێنێ بەرەو مەکۆی یادەکانت.
ئەرێ، ئەرێ گاگۆڵکێم لە نێو لانکەی سروودەکانی تۆوە بوون بە گڕکان، بوون بە سیمای خۆڕاگری گەلەکەم...
ئەرێ رێ دەبڕم و رێ دەپێوم؛ لەو کاتەوە چاوم بڕییە بیرەوەریەکانی گەڵاکانی ئەم دەربەندە، هەورەکانی حیکایەتخوانی ئاسمانەکەم کڕنۆشیان بۆ شریخەی چەکەت دەبرد، هاتووم و سەفەرێکی نوێم لە بەرە، سەفەرێک لە کوێرە رێگاکانی بەرەو سەربەستی تا دەگاتە لووتکەکانی هزرت... (بۆ درێژەی بابەت لیرە کرتە بکە)

سەیر،هاوڕێم،سەیر رێ دەبڕم و رێ دەپێوم؛ لەم وەرزی وشەی زەردی گوڵەدا، لەم کوڵە کوڵەی بێزار و هەنسکەدا، بەفر چاو لە چاوم دادەگرێت و فرمێسکی چاوم بە ژانێکی بەفرینی دوانەوە ئەتلێتەوە، لە دووت دەگەڕم و ناتدۆزمەوە؛ نا، لە کوێی؟ لە کامە ئاسمان‌دا خۆت حەشار داوە، لە دەوری کامە گەردوون خەوەنووچکە دەتباتەوە، رێ گرانە هاوڕێ لە مێژینەکەم وچانێک بدەو سەرێک لە ماڵەوە بدە، هەموان غەریبیت دەپێون...
ئەم هەناسەیە بەشی باڵات ناکات تاکوو بتخوێنێتەوە، ئاوڕێکم لێ بدەرەوە، تاکوو باڵی شکاوی بیرم بکەمە حەسارێک بۆ هەموو باڵندە باڵ شکاوەکان، وەبیرت دێتەوە لە سەر کانیاوەکانی هزر، رێمان دەبڕی و بە گۆشەی پشتوێەکانمان عارەقەی نێو چاوانمان دەسڕی و قاقامان بە کۆسپەکان دەهات؟ رێمان دەبڕی و ببووینە هاوڕێی خەمە خنجیلانەکەی بەیەەکەوە بوونمان، ئەم دەشت و نزارە ئاخندراوە بوو بە چرپە چرپی بێ پسانەوەی هاوڕێیانمان...
ئاوڕێکم لێ بدەرەوە، هاتووم چەپکەگوڵێک لە وتەکانت بپێچم لە سۆزی دایکی شەهید و بینێرمەوە بۆ لووتکەکانی خۆڕاگریت...
ئەو کاتانەی زامەکانت بۆنی رەشەرێحانەی بە گوێ‌چەمی کۆساڵاندا دەچڕی، یادت لە سەر کامە تاشە بەردی بیرت وچانی دەدا؟ وتەکانت، هێز و گوڕت لە کانگای کامە سروودەوە دەچڕی؟
ئەرێ هاوڕێم، ئەمێستاکە منم دوای چەندەها ساڵ، دەست لە ملانی چریکەی بێداریتم، کووچە و کۆڵانی ئەوسام پڕ بوو لە هێلانەی مەلان، پڕ بوو لە ئەستێرەی دەم بەیانی یەک بوون و ئاوازی ئەرێنی سەرکەوتن؛ شریخەی چەکەت ئەستێرەی باڵانوێنی ئەم خۆڵە پڕ لە خۆزیایە بوو، دە ئاوڕێکم لێ بدەرەوە و بێدرکێنە رازی یەک بوون...
وتم مەڕۆ ئەی بە رەنگی کوێستان درێژ، و ئەی بە رەنگی هەورامان باڵابەرز، و ئەی بە رەنگی تاڵەسوار خۆراگر؛ ئەو ئێوارەیە کە رۆیشتی، بڕیار وا بوو بگەڕێیتەوە و ئەستێرەکانی ئاسمانی سەر شار بکەیت بە ملوانکە بۆ کچە شەرمنەکانی وڵاتەکەم، بڕیار وا بوو پێش بانگی برینمان بگەیت،سەد مەخابن... شاهۆ لە رنگی مۆمێکەوە گڕ لە خۆی بەردەدات تاکوو پرسەگێڕی باڵات بێت، زرێبار لە فرمێسکی هەڵقوڵیوی ناخیدا نوقم دەبێت و ناڵەشکێنە چارۆگەی خەیاڵی هەڵداوە و دەست لە دەستی ئاویەر و ئارێز، یادەکانت بۆ سروودی سەربەستی چل چمە دەگێڕنەوە...
ساڵانێکە تۆنیت، تۆ نیت و بزەت ئاوێتەیە بە رەنگی هەزارەها ئەستێرەی بێداری ، بەردەوام ئەستێرەکانی بزەت بوەتە نیگەهبانی شەوانەی سەر سەرمان، ئەوەیە رازی ئەم سەفەرەم، ساڵانێکە تۆ نیت و من یادت لە چرۆکان، لە چیا، لە هەتاو لە کۆلکە زێڕینە دەبیستم، لەو کاتەوەی کە درەخت و چیا و ماسی، بوونە دڵدارت، ئەوینی رێگات لە هەموو جێیەک ئەڕوێت و بێ هێواییمان ئەوەرێن...
سەفەرە سەفەر
سەفەری سەرەتای
ئەم سفرە پڕلە بەیازە
بە ئەوینی بلاوێنی ئەوینی رێگاکەتەوە هاتووم و بەردەوام لە دووت دەگەڕێم هاوڕێ، ئەرێ هاوڕێم، هاوڕێ لەگەل چیا و دارستان و گوڵ و گەڵا دەتڵێینەوە تا گەیشتن بە لێڕەواری ئامێزی ئاسمان و بوون بە ئەستێرە یان گەیشتن بە خولیاکانت...
جەمشید- هاوینی 2011ی زایینی-سلێمانی
..................................................
لینکی ئەم بابەتە:
سایتی کاک فواد :
http://kakfoad.com/index.php?id=179