۱۳۹۱/۰۷/۰۲

" ساڵی نوێی خوێندن پیرۆز "

" ساڵی نوێی خوێندن پیرۆز "
جەمشید بەهرامی

دووساڵە کە لە منداڵە چاوگەشەکانی قوتابخانە بە دوورم، بەو پێیەی کە بەشی هەر زۆری تەمەنم لە قوتابخانەدا بردوەتە سەر، زۆر ئاستەمە دوور کەوتنەوە لە قوتابخانە، 19ساڵ وەک قوتابی و خوێندکار لە قوتابخانە و زانکۆ ، هاوکات لەگەڵ زانکۆیشدا وەک وانەبێژ لە قوتابخانە.
کاتێک بیر لە سەردەمی قوتابی بوونی خۆم دەکەمەوە، ئەو سەردەمەم وەبیر دێتەوە کە تەنانەت یەک وشە بە زمانی دایکیش لە پەرتووکەکانماندا بەدی نەدەکرا، و نە هیچ شوێنێکی ئاوەهاش بوونی هەبوو کە خوێندن و نووسین بە زمانی دایکیمانی تێدا فێر بین.
قوتابخانەکانی کوردستان بۆ زۆرێک لە لاوانی بە هەستی کوردستان شوێنی چەکەرە کردنی بیری نەتەوەیی و لانکەی بەرخۆدان و بەگژداچوونەوە بوو لەگەڵ دەسەڵاتی داسەپاو بە سەر کوردستاندا. هەر لەو قوتابخانانەدا بوو کە لەو خولیا منداڵانەی خۆماندا دەمانزانی بە فێری بوونی زمانی دایکی و هەوڵ‌دان بەرەو پەروەردەی درووست،و بڕینی یەک لە دوای یەکی پلەکانی زانست، دەرگای داخراوی کۆماری ئیسلامی‌ بەرەو داڕمان دەبەین.
لە سەردەمی ناوەندیدا گۆڤاری سروە وەک تەنیا ژێدەری فێربوون لە نێو قوتابییەکاندا دەست بە دەست دەگەڕا، دواتر لە سەردەمی دواناوەندیدا خوێندنەوە و لە بەر کردنی شێعری شاعیرانی کلاسیک وەک هێمن ،قانع ، نالی و مەحوی و... لە نێو قوتابییەکاندا وەک خالێکی بە هێزی قوتابیان چاوی لێدەکرا. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

دوای سەردەمی دواناوەندی و رۆشتن بەرەو تاران و دەست پێکردنی سەردەمی خوێندکاری؛ لە دونیای واقیعدا و بە دوور لە خولیای منداڵی هێدی هیدی هەستمان بە جۆرێکی دیکە لە بەربەرەکانێ لەگەڵ سیاسەتەکانی دەسەڵاتدا دەکرد.
لەو سەردەمەدا یەکێک لەو خاڵانەی کە لامان گرنگ بوو، پێناسەی " خۆد " وەک خوێندکارێکی کورد لە بەرامبەر خوێندکارانی دیکەدا بوو، بە هۆی ئەوەی کە داخوازییەکانی منی خوێنداکاری کورد لەگەل خوێندکارەکانی دیکە، لە زۆر بەشدا یەکیان نەدەگرتەوە، بەو پێناسەیەش شوناسێکی دیکەمان بە خۆمان دەبەخشی کە جیاواز بوو لەو شوناسەی کە لە لایەن دەسەڵاتەوە داسەپابوو بە سەرماندا.
سەرهەڵدانی بزووتنەوەی خوێندکاری کوردی و دەرکردنی گۆڤاری خوێندکاری کوردی لە زانکۆکان، گرنگترین دڵەڕاوکێکانی ئەوە نەوەیە بوو کە لە گۆڤارێکەوە ( سروە ) خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی فێر بووە و هێشتاکە تەقە تفەنگەکانی بەرگری پێشمەرگەی لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی‌دا لە بیریدایە، و لێوانلێوە لە هەستی نۆستالۆژیک؛ نەوەیەک کە هەر لە شمشاڵی قالە مەڕەوە بگرە تاکوو بینینی وێنەی پێشمەرگەیەک چاوەکانی پڕ دەکرد لە فرمێسک .
هاوکات لەگەڵ خوێندکار بوون لە زانکۆ وانە وتنەوە لە قوتابخانە، گواستنەوەی ئەزموونەکانی نەوەی پێشتر(واتە خۆمان) بۆ قوتابیان، یەکێک لە دڵەڕاوکێکانی دیکەمان بوو، لەو سەردەمەدا  ئێمە و ئەو دۆستانەی کە  وانەبێژ بووین خۆمان لە بەرامبەر پەروەردە بە زمانی دایکی‌دا بە بەرپرسیار دەزانی.
جوان لە بیرمە، یەکێک لەو کچانەی هاوڕێمان کە تازە خوێندنی تەواو کردبوو، و مامۆستای بیرکاری بوو، بۆ زۆرێک لە دەستەواژەکانی بیرکاری وشەی کوردی تاشیبوو، بە کوردییەکی رەسەن وانەی بیرکاری بە قوتابیەکان دەگوت، بەداخەوە هەر لەو ساڵانەدا ئەو مامۆستایە بە هۆی تەقینەوە گاز لە ماڵی خۆیان، لەگەل دایکیدا گیانی لە دەست دا.رۆحی شاد و نموونەی زۆر بێت.
لەو ساڵانەدا باش دەمزانی کە کوردستان باڵا دەکات و کۆماری ئیسلامی لاواز دەبێت، بۆیە شێلگیرانە خەریکی کاری خۆم بووم و قوتابییەکانم چیتر ببوون بە هاوڕێم و بە یەکەوە کارمان دەکرد.  بەڵام مەخابن، بەردەوام یەکێک لەو کەسانە بووم کە بەرەو رووی لێپێچینەوەی حەراسەتی دایەری پەروەردە و هەروەها حەراسەتی زانکۆ دەبوومەوە.
ئای کە چەندە لام قورس بوو کە کاتێک بەرپرسی حەراسەتی پەروەردە بۆ چەندەمین جار بۆ لێپرسینەوە بانگی کردم و گوتی: " شما بە عنوان یک معلم رسمی، بیست و نە سال و سیصد و شصت و پنجمین روز خدمتتون در آموزش و پرورش هم کە باشە، اخراج می شین، شما معلم هنر هستید، نە معلم زبان کوردی و سیاست ... ". هەڕەشە لە لایەن مزدوورێکەوە لە مامۆستایەک، بە ناوەرۆکی وەدەرنانی لە قوتابخانە بە تاوانی وتنەوەی وانەی کوردی- ئەویش لە کوردستاندا- زۆر ئەستمە...
بە هەر حاڵ دواتر دەست بە سەر بوون لە لایەن ئیتلاعاتەوە، زیندان و ئەشکەنجە و... هەر لەو کاتەدا دەمزانی دەبێت لە قوتابییە چاوگەشەکانی هاوڕێم دوور بکەومەوە. ئەوا ئێستە دوور کەوتوومەوە و سەدان کێو و پێدەشت لە یەک دوورین، سەرەتای خەزەلوەرەی ئەمساڵ، دوو ساڵە لە قوتابخانە نیم کە پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندن‌ لە قوتابییەکانم بکەم. بۆیە لەم رۆژانەدا زۆر بێتاقەت بووم!. بەڵام هەر ئەمشەو یەکێک لە قوتابییەکانی چەند ساڵ لەوە پێشم نامەیەکی بۆ نوسیبووم، لە بەشێکی‌دا دەڵێ : " مامۆستا جەمشید زۆر بیرت دەکەم... لە بیری ئەوەدام کە لیسانسەکەم تەواو کرد، کارشناسی ئەرشەدیش لێرە بخوێنم و دوایی دێم لە ئورووپا دکتۆراکەم دەخوێنم...".
لەگەڵ خوێندنەوەی نامەکەیدا، وەک دەڵێن : " گەز گەز باڵام دەکرد "، پڕ بە دڵ پێم خۆش بوو کە قوتابیەکی خۆم ئاوەها بەپەرۆشە بۆ خوێندن و تا ئەو رادەیەش کوردییەکەی پاراوە. جێی خۆیەتی لێرەدا پێرۆزبایی بەهاری خوێندنتان لێ بکەم، قوتابییە خۆشەویستەکانم پیرۆزە ساڵی نوێی خوێندنتان،بیرتانم کردووە، دڵنیام داهاتوو هی ئێمەیە...