۱۳۹۲/۰۸/۲۰

لە "شانۆی شارەوە"وە بۆ "شۆرای شار"!

لە "شانۆی شارەوە"وە بۆ "شۆرای شار"!

جەمشید بەهرامی

ئاماژە:
لەم رۆژانەدا دەنگۆی ئەوە بڵاو بوەتەوە کە شۆرای شاری مەریوان، لە هەوڵی ئەوەدایە بینای "ناوەندی کولتووری هونەری ڤەژین"، هەڵکەوتوو لە باخپارکی مەریوان، لە ناوەندی ڤەژین بسێنێتەوە، و چیتر نەهێڵێت کە ناوەندی کولتووری هونەری ڤەژین لەو بینایەدا درێژە بە کارەکانی خۆی بدات؛ من وەک نووسەری ئەم دێڕانە کە هەر لە سەرەتاوە یەکێک دامەزرێنەران و دواتریش لە چەند خولدا بەرپرس و ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری ئەم ناوەندە بووم، خۆم بە بەرپرسیار دەزانم کە دژکردەوەیەک لە بەرامبەر ئەو کردەوە نگریسەی شۆرای شاری مەریوان بنوێنم، لە لایەکی دیکەشەوە بە پێی ئەوەی یەکێک لە ئەندامانی شۆرای شاری مەریوان (واتە محەمەد بەهرامی) کە ئێستا قۆلی لێ‌هەڵماڵیوە  بۆ ئەوەی هەرەس بە ناوەندی کولتووری هونەری ڤەژین بهێنێت، خۆی یەکێک لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر بووە و دواتریش بۆ ساڵێک ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری ناوەند بووە، بە پێویست دەزانم و ئەو بەرپرسیاریەتییە زۆرتر هانم دەدات کە ئاماژە بە چەند خاڵێک بکەم و هەندێ بابەت بۆ بیر و رای گشتی روون بکەمەوە.
ناوندی ڤەژین:
ناوەندی کولتووری "ڤەژین" ناوەندێکی کولتووری-هونەری‌/ناحکومی
(NGO) شاری مەریوانە کە نزیک بە دە ساڵە چالاکانە لە شاری مەریواندا کار دەکات و دەیان پرۆژەی کولتووری هونەری جێ بە جێ کردووە و لە ماوەی ئەم چەند ساڵادا سەرەڕای هەبوونی کۆمەڵێک کۆسپ و تەنگەژە کە بەرەوڕووی بوەتەوە بە راستی خزمەتێکی بێ وێنەی بە کولتوور و هونەری کوردی کردووە؛ پێویستە لێرەدا ئاماژەیەک بە چۆنیەتی دامەزراندنی ناوەندی ڤەژین بکەم. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)
ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری ناوەند بریتین لە:
ئاوات سدیقی نیا، رەحمان کەریمی، هیمن نەسیمی، محەمەد بەهرامی، جەمشید بەهرامی
لە ساڵی ٨٢ی هەتاویدا، ئێمە کۆمەڵێک شانۆکار ، گرووپێکی شانۆییمان بە نێوی "شانۆی شار" هەبوو، لەو ساڵانەدا بەردەوام خەریکی کاریی شانۆیی بووین، دواتر لەگەڵ کۆمەڵێک هونەرمەندی دیکەدا بیرمان لە پرۆژەیەکی گەورەتر دەکردوە، بۆیە بە هەست کردن بە بەربڵاو بوونی چالاکی هاوڕێیانمان و بە هەست کردن بە کارکردی ناوەندی ناحکوومی (NGO)، لە سەر ئەوە ساخ بووینەوە کە ناوەندێکی کولتووری هونەری ناحکوومی دابمەزرێنین؛ دواتر بە راوێژ لەگەڵ کۆمەڵێک نووسەر و رۆشنبیری کورد‌دا، گەڵاڵەی دامەزراندن و ئەساسنامەی ناوەندمان نووسی و پێشکەشمان بە وەزارەتی ناوخۆی ئێران کرد و دوای بەدوادا چوونێکی زۆر ئیزن و مۆڵەتی فەرمی‌مان وەرگرت.
شایانی باسە ئەساسنامەی ناوەند لە سێ بەش‌ و ٢٥ مادە لەگەڵ کورتە راژەکانیدا، لە زستانی ساڵی ١٣٨٢ لە لایەن ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرەوە پەسەند کرا.
لە بەهاری ساڵی دواتردا بە ئامادە بوونی رێژەیەکی زۆر لە هونەرمەندان،نووسەران و رۆشنبیرانی مەریوان لە یەکەمین کۆبوونەوەی گشتیدا یەکەمین دەستەی بەڕێوەبەری ناوەند هەڵبژێردرا و بە فەرمی ناوەندی ڤەژین دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.
بۆ دەستپێکردنی چالاکییەکانمان سەرەتا بینایەکمان لە سێ‌رێیانی کورەی مووسەوی بە کرێ گرت، کە کرێی مانگانەکەی لە گیرفانی خۆمان دابینمان دەکرد.
بە لە بەرچاوگرتنی ئەوەی کە ناوەندی ناحکوومی هیچ سەرچاوەیەکی دارایی شک نابات جگە لە یارمەتی خەڵک و ئابوونەی مانگانەی ئەندامان و فێرخوازان، هەر بۆیە لە سەرەتای کارکردنی ناوەندی کولتووری ڤەژین ئێمە وەک دەستەی بەڕێوەبەر بەرەڕووی کۆمەڵێک کێشە بووینەوە.
بە راوێژکردن لەگەڵ دۆستان و ئەندامانی ناوەنددا، بەوە گەیشتین کە دەتوانین لە شۆرای شاری مەریوان داوای یارمەتی بکەین؛ لەو کاتەدا شۆرای شاری بە دڵ‌ئاوەڵاییەوە وەڵامی داخوازییەکەیان داینەوە و بینای هەڵکەوتوو لە باخپارکی مەریوانە درا بە ناوەندی ڤەژین و لەو کاتەوە تا ئێستا ئەم ناوەندە لەو بینایە درێژەی بە کارەکانی خۆی داوە.
ئامانجەکانی ناوەندی ڤەژین
ئامانجەکانی ناوەندی کولتووری هونەری ڤەژین کە لە ئەساسنامەی ئەم ناوەندەدا ئاماژەی پێکراوە بریتین لە:
- هەوڵدان بۆ بردنەسەرەوەی ئاستی هزریی،کولتووری و هونەری کۆمەڵگا
- هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەی بەرهەمە فولکلۆریکەکانی ناوچەکە
- دابین کردن و پێکهێنانی ماکی سەرەتایی بۆ توێژینەوەی مرۆڤناسانەی ناوچەکە
- دابین کردنی بەستێنی گونجاو بۆ پەروەردەی هونەری و کولتووری لاوان و منداڵان
- ئاشنا کردنی خەڵک لەگەڵ شارستانیەتەکانی دیکەدا
- ناساندنی کولتووری نەتەوەی کورد بە نەتەوەکانی دیکەی ئێران
- هەوڵدان بۆ دروست کردنی فەرهەنگسەرا
- پشتیوانی لە مافە هاوپیشەییەکانی ئەندامانی ئاوەند
بە پێی مادەی ٥ی ئەساسنامەی ناوەندی ڤەژین؛ لە راستای بە پرۆفشناڵ کردنی کارەکانی ناوەند، چالاکییە ئیجراییەکان و ئامانجەکانی ناوەند و پەسەنکراوەکانی دەستەی بەڕێوبەر و کۆبوونەوە گشتییەکان لە رێگەی کۆمیتەکانەوە پێک دێت کە بریتیە لە ٥ کومیتە:
١- کومیتەی کۆکردنەوەی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و وەرگێڕانی بەرهەمە فۆلکلۆرەکان
٢- کومیتەی هونەرە هزرییەکان(هنرهای تجسمی)
٣- کومیتەی مۆسیقا
٤- کومیتەی هونەرە شانۆییەکان و سینەما
٥- کومیتەتی رۆژنامە، گۆڤار، بلاڤۆک و نووسراوەکان
چالاکییەکانی ناوەندی ڤەژین
ڤەژین هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا لە چوارچێوەی هەر کام لەو کومیتانەدا کە ئاماژەی پێکرا کۆمەڵێک خزمەتی پێشکەش بە خەڵکی مەریوان و گەلی کورد بە گشتی کردووە، لە وانە دەتوانین ئاماژە بەمانە بکەین:
- کردنەوەی خولە فێرکارییەکانی ناوەند لە بەشەکانی سینەما، شانۆ، شێوەکاری، مۆسیقا، عەکاسی بە درێژایی ئەم چەند ساڵە
- بەڕێوەبردنی کۆڕی پیشاندانی فیلم و رەخنەی سینەمایی
- بەڕێوەبردنی پێشانگای وێنە
- بەڕێوەبردنی کێبڕکێی عەکاسی لە ژێر ناوی فستیواڵی وێنەی(مۆبایل)
- بەڕێوەبردنی کۆڕی رەخنەی ئەدەبی
- بەڕێوەبردنی خولی چیرۆکنووسی
- بەڕێوەبردنی دەیان سمینار بۆ لێکدانەوەی رەوتی نوێی شێعری کوردی
- بەڕێووەبردنی دەیان کۆڕ و کۆبوونەوەی جۆراوجۆری لە بوارەکانی کۆمەڵناسی و فەلسەفە و...
- کردنەوەی خولی زمانی کوردی لە شاری مەریوان و دێهاتەکانی دەوروبەری مەریوان
- بەڕێوەبردنی کۆنگرەی مۆسیقای هەورامی
- بەڕێوە بردنی دەیان کۆڕ و کۆبوونەوە بە شێوەی هاوبەش لەگەڵ ناوەند و رێکخراوەکانی دیکەدا.
- دابین کردنی خەڵاتی رێزلێنانی بەڕووی زێڕین کە بێگومان لە مێژووی گەلی کورددا دەمێنێتەوە و دوور لە چاوەڕوانی نییە کە ببێتە بە خەڵاتێکی جیهانی لە وێنەی خەڵاتە جیهانییەکانی دیکە.
لە گەڵاڵەی خەڵاتی بەڕووی زێڕین‌دا بەم شێوەیە ئاماژە بە گرنگایەتی ئەم خەڵاتە کراوە:
"بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە بنارەکانی زاگرۆسدا بەڕوو رەمزی مانەوە و خۆ راگری و بە هێز بوون ؛ ناوەندی فەرهەنگی هونەریی ڤەژین لە هەنگاوێکی تازەدا، بۆ هاندان، پێزانین و ڕیزگرتن لە ئەو کەسانەی لە بەستێنی فەرهەنگی ئەم ناوچەیەدا تێدەکۆشن، خەڵاتی بەڕووی زێڕینی لە بەر چاو گرتووە و یەکەم خەڵاتی بەڕووی زێڕین لە کۆنگرەی عوسمان هەورامی‌دا پێشکەش بەو هونەرمەندە کوردە دەکات".
جگە لەم چالاکیانە ناوەندی کولتووری ڤەژین لە ئاست کۆمەڵگای کوردی بە گشتی و مەریوان بە تایبەتی، خۆی بە بەرپرسیار زانیوە و بەردەوام پێگە و یانەیەک بووە بۆ پشتیوانی کردن لە هونەرمەندان،نووسەران،رۆشنبیرانی کورد، هەروەها لە بەرامبەر هەموو چەمکەکان و رووداوەکانی کۆمەڵگادا خاوەن هەڵوێست بووە.
بە هۆی ئەم چالاکییانەی ناوەندی ڤەژینەوە، ناوەند جێگای ئومێد و هیوای خەڵکی مەریوان و بگرە هەموو رۆژهەڵاتی کوردستان بووە.
شۆرای شاری مەریوان و ڤەژین
هەر لە سەرەتای گرتنی مۆڵەتی و دەستپێکردن بە چالاکی فەرمی ناوەندی ڤەژین، شۆرای شاری مەریوان تا رادەیەک هاوکاری ئەم ناوەندەی کردووە، و تەرخان کردنی بینای ئەم ناوەندە لە لایەن شۆرای شاری مەریوانەوە جێگای دەستخۆشی کردن و سوپاس و پێزانینە؛ بەڵام دەستەی نوێی شۆرای شاری مەریوان کێشەیەکی سەرەکی بۆ ناوەندی ڤەژین دروستکردووە ، ئەوەیش بڕیاری وەرگرتنەوەی بینای ناوەندی ڤەژینە و بەدڵنیاییەوە خەڵکی مەریوان لە ئاست ئەم کردەوەی شۆرای شاری مەریواندا بێدەنگ نابن.
محەمەد بەهرامی یەکێک لە ئەندامانی شۆرای شاری مەریوان وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەم ناوەندە لە جێی ئەوەی کە وەک ئەندامێکی شۆرا کارئاسانی بۆ ناوەند بکات، کەوتووەتە دژایەتی کردن لەگەڵ ناوەندی ڤەژین کە بە پێی هەڵسووکەوتی ئەم چەند ساڵەی دوایی ئەو بەڕێزە و چۆنیەتی هەڵبژاردنی بۆ شۆرای شار دوور لە چاوەڕوانی نەدەبوو کە کردەوەگەلێکی ئاوەها بەرامبەر بە ناوەندی ڤەژین بنوێنێت.
محەمەد بەهرامی وەک ئەندامێکی گرووپی شانۆیی "شانۆی شار"، لە سەرەتاکانی دەستبەکار بوونی ناوەندی ڤەژینەوە، لە کاری شانۆیی کشایەوە و رووی کردە پرۆژەی ئابووری و لە شانۆکارێکەوە رواڵەتی گۆڕی بۆ وردەبورژوایەکی لاو و تێکەڵ بە باندە مافیاییەکانی زەوی و زەوی خۆرەکان بوو.
لە راستیدا محەمەد بەهرامی وەک پرۆژەیەکی ئابووری چاوی لە "ناوەنی کولتووری-هونەری ڤەژین" دەکرد، واتە بە پشتبەستن بە ناوەندێکی لەوچەشنە لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە یارمەتی خەڵکیی و چالاکییەکانی ڤەژین کۆبکاتەوە و بە ئامانجە ئابوورییەکانی بگات. بەڵام هەر لە سەرەتاکانی دەستپێکردنی کارەکانی ڤەژین‌ەوە بۆی دەرکەوت کە ڤەژین ئامانجەکانی دەستەبەر ناکات بۆیە وازی لە ناوەندی ڤەژین هێنا و تێکەڵاو بە کاری ئابووری بوو.
محەمەد بەهرامی لە رێگای باندە مافیاییەکانی زەوی‌یەوە بە پشتیوانی ئەندامانی سپای پاسدارن کەسانێک وەک کاوە کۆنەپۆشی (ناسراو بە کاوەی شێخ برا) خۆی وەک بەربژێری شۆرای شاری مەریوان پاڵاوت و بە پشتیوانی ئەو باندە مافیایانە و هەروەها بە پشتیوانی سپای پاسداران بوو بە شۆرای شار؛ واتە ئەو کەسەی کە ئەندامی چالاکی شانۆی شار بوو ئێستە بووە بە ئەندامی شۆرای شار!
ئەرکی محەمەد بەهرامی لە شۆرای شاردا کارکردن لە بەرژەوەندی باندە مافیاییەکانی زەوی‌دایە؛ جگە لەمەش ئەرکی بەرپەرچدانەوەی هەر کارێکی کولتووری هونەری‌ لە مەریواندا، و هەڕەشە کردن لە نووسەران و هونەرمەندانی گرتوەتە ئەستۆ.
لە راستی‌دا دڵسارد بوونی محەمەدی بەهرامی لە ڤەژین، دەگەڕایەوە بۆ ئامانجەکانی دیکەی کە لە ڤەژین‌دا بۆی دەستەبەر نەبوو، بەڵام ئێستە لە پێگەی شۆرای شارەوە هەوڵی دژایەتی ڤەژین دەدات.
ئامانجی محەمەدی بەهرامی لە دژایەتی کردن لەگەڵ ناوەندی ڤەژین‌دا، کۆتایی هێنان بە چالاکی "ناوەندی ڤەژین"ـە، واتە لایەنگەلێک محەمەدی بەهرامی‌یان راسپاردووە کە ئەو ئەرکە بەجێبهێنێ. واتە دەیانەوێ بە وەرگرتنەوەی بینای ناوەندی ڤەژین، هەرەس بە چالاکییەکانی ڤەژین بهێنن.
هەموو خەڵکی مەریوان بە درێژایی ئەم چەند ساڵە باش بۆیان روون بوەتەوە و دەزانن کە ئەندامانی ناوەندی ناوەندی ڤەژین بە چ شەوق و زەوقێکەوە خەریکی کاری خۆبەخش بوون و بێگومان ماندوونەناسانە لە هەوڵی خزمەتکردندا بوون، بۆیە ئەندامانی شۆرای شار بەتایبەت محەمەد بەهرامی دەبێ ئاگادار بن کە قەد ناتوانن ورەی ئەندامانی ڤەژین دابەزێنن و ئەمە رەوتێکە کە لە مێژساڵە دەستی پێکردووە و ڤەژین ئەوەندە باڵای کردووە کە هیچ کەسێک بۆی نییە و ناتوانێت ئاستەنگی بۆ درووست بکات. ئەندامانی شۆرای شاری مەریوان، دەبێ هەندێ بە خۆیاندا بچنەوە، بەڕێزان رووڕەشی بە چ نرخێک و لە پێناو چ ئامانجێکدا؟
 
بەشێک لە ئەندامانی شۆرای شار لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش بوون و خەڵکی مەریوان متمانەیان پێکردووەن و دەنگیان پێداون، بەڵام بەو کردەوانەی خەریکە بە خەڵکی مەریوان بەو قەناعەتە دەگەیەنن کە قەد خوێنی باوکانیان لە دەمارەکانی ئەواندا نییە، بۆیە باشتر وایە کە بەخۆیاندا بچنەوە و ئاوڕێک لە رابردوو و ئامانجەکانی گەل بدەنەوە و لە بەرژەوەندی گەلدا هەنگاو هەڵبهێنن؛ یان وەک دەڵێن ئەگەر گوڵ نین بۆ باخی ژیان دڕكیش مەبن بۆ ئازاری گیان...




لینکی ئەم باتەت لە ئاسۆی رۆژهەڵات:

http://asoyroj.net/kurdish/detail.aspx?=hewal&jmara=3942&Jor=10