۱۳۹۲/۰۹/۰۷

سینەمای کوردستان لە نیوریالیزمەوە بۆ سینەمای نوێ


پاشکۆی کورد و سینەما
سینەمای کوردستان لە نیوریالیزمەوە بۆ سینەمای نوێ

جەمشید بەهرامی

بێگومان ئەو کاتەی "نیسفۆر نیەپس" کامێرای وێنەگری(عەکاسی) درووست کرد کەس بیری لەوە نەدەکردەوە ئەم ئامرازە ببێتە هۆی ئەوەی گۆڕانێکی سەرەکی لە هۆنەری شێوەکاریدا درووست بکات، واتە هاتنە ئارای ئامرازێک بە نێوی کامێرا، شێوەکارانی هان‌دا بیر لە شێوازەکانی دیکەی شێوەکاریش بکەنەوە، و دواتر شێوەکاری توانی بە سەر ریالیزمدا باز بدات؛ و ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی شێوەکاری لق و پۆپی دیکەی لە ژێر نێوە جۆراوجۆرەکانی شێوەکاریدا لێبکەوێتەوە. ئەو کاتەی "ئیدوارد مایبریج" توانی لە وێنەهەڵگرتنی یەک لە دوای یەکی ئەسپێکدا لە ژێر ناوی "سالی گاردنەر" (دیمەنەی بزۆز-بەجووڵە) سەرکەوتوو بێت کەس بیری لە هاتنە ئارای سینەما بەم شێوەیەی ئەمڕۆ نەدەکردەوە و تەنانەت هەموان لە کارکردەکانی دواتری ئەم هونەرە بێ‌ئاگا بوون. سینەما ئەو هونەر نوێیە بوو کە هەر لە کاتی سەرهەڵدانیەوە شەپۆلێکی نوێی لە هزر و بیرۆکەی مرۆیی‌دا درووست کرد، هەر لە ئەدەبیاتەوە تاکوو دەروونناسی و فەلسەفە و سەرجەم زانستە مرۆییەکان لە روانگەی خۆیانەوە دەلاقەیەکیان بەڕووی سینەمادا کردەوە و ئەم خاڵە بووە هۆی بەربڵاوتر بوون و گەشەی رۆژ لە دوای رۆژی ئەم هونەرە.
بە چاو خشاندنێکی خێرا بە سەر مێژووی سینەمادا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە چەمکەکانی گرێدراو بە سینەما، چەندە خێرا دێنە ئاراوە و چەندە خێراش لە بەرامبەر چەمکە نوێیەکانی دیکەدا لاواز دەبن و چۆک دادەدەن.(بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)
سینەما لە خاڵی سەرهەڵدانیەوە بەس زۆرتر جەختی لە سەر دیمەن دەکرد، واتە دیمەنەی بزۆز هۆکاری سەرەکی گواستەنەوە زانیارییەکان بۆ بەردەنگ بوو، لە کەلێنی نەبوونی دەنگدا ئەو بۆشاییە بە موزیک پڕ دەکرایەوە، دواتر کە یەکەمین پێشاندانی بازەرگانی فیلم روویدا، کەسانێک لە وێنەی ئیدیسۆن لە بیری دابین کردنی سیستەمی دەنگ بۆ فیلم بوون، بەڵام سی ساڵ بە سەر ئەو بەروارەدا تێپەڕێ کە فیلمی "خوێنەری جاز" وەک یەکەم فیلمی دەنگدار لە سینەمادا هاتە ئاراوە، دوای ئەم قۆناغە و بە هاتنە ئارای دیمەنی رەنگی لە پەنای دەنگدا گەشەی سینەما رەنگێکی خێراتری بە خۆیەوە بینی؛ دواتریش هاتنە ئارای چەمکە زانستی و هزرییەکان لە سینەمادا ئەمەمان بۆ دەردەخەن کە سینەما لە چاو سەر جەم هونەرەکانی دیکەوە رێگای هەزاران ساڵە لە ماوەی سەد ساڵدا دەپێوێت.
ئەوەی کە جێگای باسە کەڵک وەرگرتنی هەموو دەسەڵاتە زلهێزەکان و تەنانەت دەسەڵاتە لۆکاڵییەکان لەم هونەرەیە، هۆکاری ئەم کەڵک وەرگرتنەش دەگەڕێتەوە بۆ هەست کردن بە هەستیار بوون و کارکردی ئەم هونەرە.
بە لە بەرچاوگرتنی گەشەی خێرای سینەما و پەل هاویشتنی ئەو هونەرە بۆ تەواوی قوژبنەکانی ئەم گۆی زەوییە، هەندێ لە نەتەوەکان تا رادەیەک درەنگتر وەک ئامرازێکی رۆشنبیری کەڵکیان لەم هونەرە وەرگرت، ئەوەش وەک هەموو پرسەکانی دیکە، گرێخواردووی لاواز بوون یان نەبوونی دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانی ئەو نەتەوانە لەو سەد ساڵەی پێشوودایە کە سینەما تیێدا سەری هەڵدا و گەشەی کرد.
نەتەوە ژێر دەستەکان لە چاو نەتەوە باڵا دەستەکانەوە زۆر درەنگ دەستیان بە سینەما راگەیشت، و ئەوەش پێوەندی بە کێشماکێشی لە مێژینەی ئەو دوو جەمسەرەی ژێر دەست و باڵا دەستەوە هەبوو.
نەتەوەی کوردیش وەک نەتەوەیەکی خاوەن کولتوور و زمانی تایبەت و لە هەمان کاتدا ژێردەستە، درەنگتر لە نەتەوەکانی باڵادەست دەستی بە سینەما راگەیشت، هەڵبەت سینەما لە کوردستاندا- ئێستایشی لەگەڵ بێت - وەک هەوڵی تاکەکەسی دێتە ئاراوە(واتە هەوڵی تاکی سینەماکاری کورد، نەک وەک سیستمەێکی بناخە بۆداڕێژراوی سینەمایی).لە راستیدا تاکی سینەماکاری کورد لە سی و پێنج ساڵی کۆتاییەکانی سەدەی بیست‌دا لە سینەما کەڵکی وەرگرت.
ئەگەر بە شێوازێکی گشتی و تێر و تەسەل بمانەوێت باس لە رەوتی سینەما لە کوردستان بکەین، بێگومان لە وتارێکی دوور و درێژدا دەبێت هەموو لایەنەکانی لێک بدەینەوە، هەر بۆیە لێرەدا بەس چاوێکی پێدا دەخشێنم، هیوادارم ئەمە ببێتە دەستپێکێک بۆ کاری بەپێزتر.
بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین سینەما لە کوردستان، بە سێ سەردەمەوە دابەش بکەین:
دەستپێکی سینەما لە کوردستاندا، سینەمای کوردستان لە کۆتایی سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا، سینەمای نوێ لە کوردستاندا


دەستپێکی سینەما لە کوردستاندا
لە نیوەی دووهەمی شەستەکانی زایینیدا سینەما بە فیلمەکانی "یەڵماز گونای"یەوە لە کوردستاندا دەستی پێکرد، هەر بۆیە یەڵماز گونای بە باوکی سینەمای کوردی ناوزەد دەکرێت،یەڵماز بە هەست کردن بە ئازار و مەینەتییەکانی نەتەوەکەی، سینەما وەک چەکێک بە کار دەهێنێت تاکوو لەو پێگەیەوە ئاوڕ لە کۆمەڵگای کوردستان و تاکی کورد بداتەوە؛ زۆر کەس لەو باوەڕەدان کە سینەمای یەڵماز گونای دەروازەیەکی بەڕووی بینەری بیانی‌دا کردەوە تاکوو دیتران، تاکی کورد و کۆمەڵگاکەی و هەروەها ئازارەکانی بناسن.
ئامانجی یەڵماز لە سینەمادا پێداگری لە سەر کێشەکانی کۆمەڵگای کوردی‌یە، و لێرەوە لایەنەی دەروونناسانی کورد –چ وەک تاک و چ وەک کۆمەڵگا-  بەرجەستە دەکاتەوە.
یەڵماز گونای لە سەرەتای دەست کردن بە کاری سینەمادا، لە وێنەی گرووپە شانۆییە گەرۆکەکان، بە پرۆژکتۆرێکەوە دەڕۆشتە نێو خەڵکانی ئاسایی بە تایبەت خێوەت نشینەکان، هەر بۆیە هەر لەو سەرەتایەوە لە توانایی و وزەی دیمەنەکان و حەزی گشتی کۆمەڵگاکەی تێگەیشت.
سینەمای پێش یەڵماز گونای لە تورکییەی فاشسیتی‌دا، سینەمایەکی ریالیستی‌ بوو، درووست وەک سینەما لە سەردەمی فاشیستی ئیتالیادا؛ لە سینەمای ریالیستی ئەو سەردەمەدا ئامانج بڵاو پێدانی دیمەنگەلێکی جوان لە کۆمەڵگا بوو، سینەمایەک کە پێوەندی لەگەڵ راستەقینەکانی کۆمەڵگاکەیدا پچڕا بوو، بەرجەستە کردنەوەی کۆمەڵێک تەوەر وەک "جەنایەت" هێڵی سووری سینەمای ریالیستی ئیتالیا بوو، هەر بۆیە دەربڕێنی ئازارەکان لە تۆی فیلمدا لە روانگەی دەسەڵاتی فاشیستەوە کردەوەیەکی نائیخلاقی بوو؛ لە دۆخێکی ئاوەهادا دەبێت کە، دوای هەرەس هێنان و رووخانی فاشیستی ئیتالیا، شەپۆلی نیوریالیستی ئیتالیا دەست پێدەکات، و فیلمسازانی نیوریالیست هەموو ئازارەکانی کۆمەڵگا بەو شێوازەی کە هەیە بەرجەستە دەکەنەوە؛ فیلمەکانی یەڵماز گونای لە روانگەی ناوەرۆکەوە لە بازنەی کۆمەڵێک تەوەری سەرەکییەوە ناچنە دەرەوە؛ ژن، چەک، زیندان، جەنایەت، تۆڵە، کوشتن... هەروەها نەهامەتییەکانی تاک لە پێوەندی لەگەڵ ئەو تەوەرانەدا؛ لێرەدایە کە بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین سینەمای یەڵماز گونای لە روانگەی شێوازەوە، سینەمایەکی نیوڕیالیستی‌یە، واتە چ لە گێڕاننەوە و چ لە فۆرمدا فیلمساز هەوڵ دەدات لە راستەقینەی کۆمەڵگا نزیک بێتەوە، یەلماز گونای کاتێک وەک فیلمسازێکی نیوریالیزم بەرهەمەکانی دەخولقێنێت کە نیوریالیزمی ئیتالیا کۆتایی پێهاتووە، ئەو تا رادەیەک لە روانگەی بەرجەستە کردنەوەی تاڵییەکانی کۆمەڵگاکەیەوە درێژەدەری فیلمسازانی نیوریالیستی ئیتالیایە، فیلمسازانێک لە وێنەی، دسیکا و رۆسۆلینی.


سینەمای کوردستان لە کۆتایی سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا
دوای مەرگی یەلماز گۆنای (١٩٨٤)، سەرەڕای سەرقال بوونی کۆمەڵێک فیلمسازی کورد بە فیلمسازییەوە، ساڵانێک لە کوردستاندا فیلمسازێکی لەو چەشنە سەرهەڵنادات کە جێ پەنجەی دیار بێت و بتوانێت رەوتێک لە سینەمادا درووست بکات، بەڵام لە ساڵەکانی کۆتایی سەدەی بیستدا بەهمەن قوبادی فیلمسازی کوردی رۆژهەڵاتی، هیچ کە رەوتێکی سینەمایی درووست دەکات، سنوورەکانی سینەمای ئێران تێدەپەڕێنێت و لە زۆرێک لە فستیڤاڵە جیهانیەکاندا کۆمەڵێک خەڵاتی گرنگ بە دەست دەهێنێت.
بەهمەن قوبادی لە کاتێکدا وەک فیلمسازێک دەناسرێت کە زیاتر لە پانزدە ساڵ بە سەر کۆچی یەڵماز گونای‌دا تێپەڕ بووە، بێگومان لەو سەردەمەدا فیلمسازانێکی دیکەش کاری فیلمسازیان کردووە، بەڵام بەهمەن قوبادی بە رۆ چوون بە نێو قووڵایی ئازارەکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بانگەشەی سینەمایەکی نوێی کرد، ئەو لە فیلمی "کاتێک بۆ مەستی ئەسپەکان"دا جۆرێکی جیاواز لە سینەمای ئەو سەردەمەی ئێرانی بە دنیا ناساند.
فیلمی "کاتێک بۆ مەستی ئەسپەکان" بە "یەکەمین فیلمی درێژی کوردی بە زمانی کوردی" ناوزەد دەکرێت، و تا رادەیەکیش کاریگەری یەڵماز گونای بە سەر ئەم فیلمەوە دیارە.
بەهمەن قوبادی بە پێشاندانی ئازارەکانی کۆمەڵگای کوردی بە یارمەتی لۆکەیشنی دەژ(دەست لێنەدراو) لاپەڕەیەکی نوێ لە سینەمای کوردستاندا هەڵدایەوە، بەهمەن هەنگاوێک لە یەڵماز رۆشتە پێشترەوە، ئەوەش کوردی بوونی زمانی فیلمەکانی بوو.
بەهمەن قوبادی بە درووست کردنی کورتە فیلم دەستی بە کاری فیلمسازی کرد، واتە لە کورتە فیلمدا چ لە بواری تەکنیک و چ لە بواری ناوەرۆکەوە خۆی پێدەگەینێت و دواتر ئەو ئەزموونانە یارمەتی زۆری دەدا بۆ ئەوەی بە درووست کردنی یەکەم فیلمی درێژیەوە سەرکەوتنێکی لە رادە بەدەر بە دەست بهێنێت.
تەوەرەی سەرەکی فیلمەکانی قوبادی بریتی بوو لە سنوور،دەست کورتی و هەژاری دانیشتوانی سنوورە دەستکردەکانی کوردستان(کاتێک بۆ مەستی ئەسپەکان)، کۆمەڵگای کوردی لە بەرەبەری کۆتایی سەدەی بیست‌دا(کیسەڵەکان دەفڕن)، مۆسیقای کوردی(گۆرانییەکانی وڵاتی دایکیم،نیوەی مانگ)
هەڵبەت لە چوار فیلمی درێژی سەرەتاییدا بەهمەن بەم چەمکانەوە دەناسرا؛ و لەم سەردەمەدا لە رووی ناوەڕۆک و جۆری بەروڕوو بوونەوەی فیلمسازەکانی دیکە لەگەڵ ئەم چەمکانەدا شەپۆلێک لە سینەما لە کوردستاندا(بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا) درووست بوو، کە هەموویان تا رادەیەک پێیان لە جێ پێی بەهمەن‌دا دادەنا. روانینێکی ریالیستی بۆچەمکێک بە ناوی سنوور و نەهامەتییەکانی،دەستپێکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سینەمای بەهمەن، دوای ئەو کەس نەیتوانی لەو ژانرەدا تازەگەرییەک بکات، هەموو هەوڵەکان بە شێوەیەک دووپاتکردنەوەی سینەمای بەهمەن بوون.
سینەمای بەهمەن، سینەمایەکە لێوانلێولە سووژە، لە پەنای تەوەری سەرەکیدا کۆمەڵێک تەوەری زۆر دەورووژێت، لە "گۆرانییەکانی وڵاتی دایکیم"دا زۆر جار تەوەرە لاوەکییەکان وەها دێنە ئاراوە کە بەردەنگ لە تەوەری سەرەکی دوور دەکەوێتەوە.
دوای ئەم چوار فیلمە، یەکێک لە گرنگترین رەخنەکان کە بەرەوڕووی بەهمەن دەبوویەوە ئەمە بوو: بەرهەمەکانی بەهمەن بەستراونەتەوە بە لۆکەیشنی کوردستان و بەرجەستەکردنەوەی ئازارەکانی چینی هەژاری کوردستان؛ واتە بەهمەن بە فرۆشتنی دیمەنگەلێکی لەو چەشنە بە بیانییەکان، توانیویەتی کۆمەڵێک خەڵات کۆبکاتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە رەخنەیەکی دیکە لە لایەن کۆمەڵگای ئێرانییەوە بەروڕووی بەهمەن دەبوویەوە، ئەوەش باسی لەوە دەکرد کە بەهمەن دەیەوێت کوردستان وەک دورگەیەکی جیا لە ئیران بە دیتران پیشان بدات، هەر بۆیە بەهمەن لە پێنجەمین فیلمی درێژی خۆیدا رەوتی بەرهەمەکانی گۆڕی.
دوو فیلمی کۆتایی بەهمەن لە رووی ناوەرۆکەوە هیچ پێوەندییەکی ئۆرگانیکی بە فیلمەکانی پێشترییەوە نییە هەروەها پێوەندییەکی بە کۆمەڵگای کوردی‌ و تەنانەت لۆکەیشنی کوردستانەوە نەبوو، فیلمی"پشیلەکانی ئێرانی" و "وەرزی کەرگەدەن" قەد نەیانتوانی سەرکەوتنی فیلمەکانی پێشتری دووپات بکەنەوە.
لەم سەردەمەدا لە کوردستان کۆمەڵیک فیلمسازی دیکە سەریان هەڵدا، بەڵام هیچیان نەیانتوانی ئەو گەشەیەی بەهمەن بکەن و نەیانتوانی کاریگەرییەی ئەوتۆ لە سینەمای کوردستاندا درووست بکەن.
لەم سەردەمەدا خەلیل ئۆیسال، کازم ئوز، نزامەدین ئاریچ؛ فیلمسازانی باکووری کوردستان، بە ئاوڕدانەوە لە کۆمەڵگای کوردستان توانیان چەند فیلمێکی کوردی بەرهەم بهێنن.
سەلمان  فایەق،مەهدی ئومید، جانۆ رۆژبەیانی، هونەر سەلیم فیلمسازانی باشووری کوردستان؛ چەندین فیلمی کوردیان بەرهەم هێنا، لە نێو ئەم فیلمسازانەدا هونەر سەلیم توانی جێ پەنجەی لە سینەمادا دیاری بکات، و بە چێکردنی فیلمەکانی "کیلۆ مەتر زیرۆ"، "وڵاتی تاڵ شیرینم" توانی کۆمەڵێک خەڵاتی بە دەست بهێنێت، بەڵام فیلمسازانی دیکەی باشوور سەرکەوتوو نەبوون و تا ئێستە نەیانتوانیوە رەوتێک درووست بکەن.
تەیفوور بەتحایی دەرهێنەری ژۆهەڵاتی لە ساڵی ١٩٨٤دا دیکۆمێنتارییەک بە نێوی "نان و ئازادی" درووست کرد، ئەم فیلمە لە مێژووی سینەمای کوردی‌دا بە "یەکەمین دیکۆمێنتاری سەبارەت بە کوردستان" دەستنیشان دەکرێت، تەیفوور بەتحایی جگە لەو بەرهەمە، بەرهەمێکی سەرکەوتووی نەبووە.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکدا، فیلمسازانێک لە وێنەی جەمیل رۆستەمی، شارام عەلیدی، ئیبراهیم سەعیدی،شەپۆل عەبباسی،جەلال ساعد پەنا چەندین بەرهەمی سینەماییان درووست کرد.
مانۆ خەلیل فیلمسازی رۆژئاوای کوردستانیش لە سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکدا، کۆمەڵێک بەرهەمی دێکۆمێنتاری بەرهەم هێناوە.
لەم سەردەمەدا لە دوای رووخانی دەسەڵاتی سەدام حسێن لە عێراقدا و چەسپاندنی نیمچە سەربەخۆییەکی کوردی لە باشووری کوردستان، لە ژێر سێبەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا پێوەندیدارەکانی سینەما، پشتیوانی لە کۆمەڵێک بەرهەمی سینەمایی کرا، بەڵام بەداخەوە هەنووکە ستیستەمێک بوونی نییە کە بەربڵاو کاری بەرهەمهێنەری سینمایی بکات. لەم ساڵانەدایە کە فیلمسازانی کورد کۆمەڵێک فیلم بە تەوەری سەرەکی ئەنفال و هەڵەبجەوە بەرهەم دەهێنن.
لەم سەردەمەدا و ئێستایشی لەگەڵ بێت گرنگترین کێشەی سینەماکاری کورد بە سیستەم نەبوونی بواری بەرهەمهێنانی سینەماییە، پێم وایە تا ئەو ئەرکە وەکوو پێویست بە کردەوە نەگەیەت، ئێمە نابێت چاوەڕوانی رەوتێکی بەربڵاو لە سینەما لە کوردستاندا بین، چونکوو تا ئێستا بواری بازەرگانی سینەما لە کوردستاندا نەبوەتە پێویستی جیددی، و تەنانەت دەسەلاتی کوردیش لە باشووری کوردستان هیچ هەنگاوێکی جیددی لەو پێناوەدا هەڵنەگرتووە.

سینەمای نوێ لە کوردستاندا
لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەوە تا ئەم ساڵانەی دوایی کۆمەڵیک سینەماکاری لاو لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەریانهەڵدا کە رەوتێکی نوێیان لە سینەما لە کوردستاندا خولقاند، ئەم سینەماکارانە زۆرتر لە رووی ناوەرۆکەوە ئەوەندە گرێدراو بە سینەماکارانی کوردی پێش خۆیان نەبوون، تا پێش ئەم رەوتە سینەمای کوردی سینەمایەک بوو گرێدراوە بە لۆکەیشنە نایابەکانی کوردستانەوە؛ کوێستانەکانی کوردستان، سەرما و سۆڵە و زستان لە پەنای ئازارەکانی تاکی کورد و کۆمەڵگای کوردی لە سنوورە دەستکردەکاندا، ئەم تەوەرانە رۆڵی سەرەکیان لەو فیلمانەدا دەگێڕا.
بەڵام ئەم کۆمەڵە سینەماکارە زۆربەیان لە سەردەمی خوێندکارییەوە، یان وەک خوێندکاری سینەما لە بەشەکانی سینەمای زانکۆکانی ئێراندا دەستیان بەکار کردبوو یان ئەوەی کە قوتابی "سینەمای لاو"(سینما جوان) سەر بە وەزارەتی فەرهەنگی ئیران بوون.
کەسانێک لە وێنەی تەها کەریمی، هیوا ئەمین نژاد، شەهرام موکری، کەیوان کەریمی، شاهۆ مەحموودی، سالم سەڵەواتی، تۆفێق ئەمانی، توانیان رەوتێکی نوێ چ لە رووی ناوەرۆک و چ لە رووی فۆرمەوە لە سینەمای کوردستاندا بخولقێنن.

تێبینی: ئەم بابەتە لە پاشکۆی(کورد و سینەما)ی ئاسۆی رۆژهەڵاتدا لە 02.11.2013 چاپ و بڵاو کراوەتەوە.