۱۳۹۲/۰۸/۲۳

فیلم و فەلسەفە

فیلم و فەلسەفە
فیلم و فەلسەفە 

و:جەمشید بەهرامی

فەلسەفە لە فیلم دا و فەسلەفەی فیلم دوو پانتایی توێژینەوەیی نوێ لە دینای هونەردان کە هەر کامەیان بە شێوەیەک لە دووی دۆزینەوەی پێوەندییە روون و شاردراوەکانی نێوان فەلسەفە و فیلمن؛ فەلسەفە و فیلم لە وێنەی دوو دەسکەوتی بە نرخی ئەندێشەی مرۆڤی خولقێنەر و بیرمەند.فەلسەفەی فیلم، وەک یەکێک لە لقەکانی فەلسەفەی هونەر، لە دووی پیشاندان و لێکدانەوەی تایبەتمەندییەکانی جوانیناسانەی فیلم لە وێنەی جۆرێکی هونەریە، و فەلسەفە لە فیلم‌دا لە دووی پیشاندان و لێکدانەوەی پیشاندانەوەکانی ئەندێشەی فەلسەفی لە فیلم‌دایە. سەبارەت بە فەلسەفەی فیلم و جوانیناسی فیلم بابەت گەلێکی زۆر لە چوارچێوەی تیورییەکانی فیلم‌دا هاتوەتە ئاراوە و نووسراوە، بەڵام پانتایی توێژینەوەیی فەلسەفە لە فیلم‌دا، هەنووکە تا رادەی پێویست لە وڵاتی ئێمەدا نەناسراوە. ناساندنی ئەم پانتاییە توێژینەوەییە و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە پیشاندانەوەی ئەندێشە فەلسەفییەکان لە فیلمەکانی فیلمسازانی داهێنەری مێژووی سینەما، دەتوانێت بۆ بەرهەم هێنانی فیلمگەلێک لە سەر بنەمای ئەندێشەی قووڵ سەبارەت بە مرۆڤ و دۆخی ئەو لە جیهان‌دا، هەلێکی باش بڕەخسێنێت. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)
ئاوەها سینەمایەک بەس راپۆرتێکی ژورناڵیستی لە سەر چەمکە کۆمەڵایەتییەکانی تایبەت بە وڵاتێکی لە حاڵی گەشەدا نییە، بەڵکوو ئەو سینەمایە تێدەکۆشێت تاکوو دۆخی مرۆڤی ئەمڕۆیی لە پێوەند لەگەڵ مرۆڤەکانی دیکە لە بنەماڵە، کۆمەڵگا و جیهاندا، بە یارمەتی ئەندێشە قووڵەکانی بیرمەندانی گەورەی مێژووی فەلسەفە لێکبداتەوە و وەسفی بکات یان روونی بکاتەوە.
پانتایی توێژینەوەیی فەلسەفە لە فیلم‌دا بەم پێشگرەوە دەست پێدەکات کە فەلسەفە رێدۆزێکی زۆر تایبەتی بۆ خوێندنەوەی فیلم-لە وێنەی جۆرێکی هونەری- هەیە. لەوانەیە دوو گرووپ لە خوێنەران لە بەرامبەر ئەم بانگەشەیەدا هەڵوێست بگرن.
یەکەم خوێندکاران و لێکۆڵەرانێک کە لە پانتایی فەلسەفەدا سەرقاڵی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەن و دووهەم، خوێندکاران و هونەرمەندانێک کە لە پانتایی سینەمادا چالاکی دەکەن.
دژایەتی هەندێک لەو کەسانەی کە فەلسەفە لایان خۆشەویستە لەگەڵ خوێندنەوەی فەلسەفە لە فیلمدا، دەگەڕێتەوە بۆ نەریتێکی مێژووی فەلەسەفە کە لە ئەفلاتوونەوە دەست پێدەکات.
پرسیارێک کە دژبەران زۆر جار گەڵاڵەی دەکەن ئەمەیە: " فیلمەکان کە داخوازییەکانیان لە رێگەی "پراکتیک و پیشاندان"ـەوە دەخەنە روو، نەک لە رێگەی "بیرکردنەوە و باس کردن"، چۆن دەتوانن لە لێکدانەوەی چەمکە فەلسەفییەکاندا یارمەتیدەری ئێمە بن؟
دەکرێ بۆ بنچڵی ئەم بڕوایە لە مێژووی فەلسەفەدا بگەرێی. ئەفلاتوون یەکەمین کەسێک بوو کە بە گەڵاڵەکرنی "هێمای ئەشکەوت"، نەریتی رەش بینی بەرامبەر بە وێنە، وێنەکردن(شێوەکاری) و ئەزموونی بینینی فیلم، لە فەلسەفەدا داڕشت. ئەفلاتوون لە ئوستوورەی ئەشکەوت‌دا، ئەو مرۆڤانەی کە لە روانگەی فەلسەفەییەوە بیر کورتن وەک زیندانی‌گەلێک پیشان دەدات کە تا ئەو رادەیە گیرۆدەی کۆت و بەندن، بەس سێبەری بەرامبەریان، واتە سێبەری سەر دیوارەکانی ئەشکەوت دەبینن و پێیان وایە ئەوانە راستەقینەیە.
ئەفلاتوون دەڵێت گەش بینی فەلسەفی کاتێک ئاشکرا دەبێت کە ئێمە لە نێو ئەشکەوتەکەدا هەڵ بێین و هەنگاو بنێینە دنیای دەرەوەی ئەشکەوت-ئەو شوێنەی کە دەتوانین چشتە راستەقینەکان ببینین-.
لە روانگەی ئەفلاتوونەوە ئەزموونی هەستیی بەس سێبەرەکان دەخاتە بەر دەستی ئێمەوە. بۆ گەیشتن بە راستەقینە، کە ئەرکی سەرەکی فەلسەفەیە، دەبێت لە گرێدراوی بە ئەزموونی هەستی‌یەوە دەرباز بین و بەس عەقڵ بە کار بهێنین. هێمای ئەشکەوتی ئەفلاتوون پێش داوەریەکی قووڵی دژ بە وێناکردنی دیداری هێناوەتە ئاراوە.
بە پێی هێمای ئەشکەوتی ئەفلاتوون، وێناکردنی دیداری نەک هیچ کاتێک ناتوانێت سەرەتایەک بێت بۆ تێفکرین و رامانی فەلسەفی، بەڵکوو بەلاڕێدابەر و دوورخەرەوە لە راستەقینەشە.
کاتێک تایبەتمەندییەکاننی دیاردەناسی سینەما تاوتوێ دەکەین، دەبینین کە پێکهاتەی سینەما و ئەزموونی بینینی فیلم وەبیرهێنەرەوەی "هێمای ئەشکەوت"ی ئەفلاتوونە.
لە سینەماشدا ئێمە لە شوێنێکی تاریکدا دادەنیشین و چاو لە کۆمەڵێک دیمەن دەکەین کە بەس سێبەرگەلێکن لە راستەقینە. بەم پێیە، ئەگەر سینەمای ئەمڕۆ هەمان ئەشکەوتی ئەفلاتوون بێت، بە پێی تیوری ئەفلاتوون، ئەندێشەی فەلسەفی بەس لە کاتێکدا دەست پێدەکات کە لە سینەما دەرچووبێتینە دەرەوە.
بەڵام هێمای ئەفلاتوون ناتەباییگەلێکی گرنگی لە گەڵاڵە کردنی تیوری دژ بە وێنای دیداریەکەیدا هەیە. یەکەم ئەوەی کە ئەگەر دیمەن بۆ دەربڕینی چەمکە قووڵە فەلسەفییەکان خاوەن رەسەنایەتی نییە، بۆ چی ئەفلاتوون خۆی بۆ شیکردنەوەی تیوری‌یە فەلسەفییەکەی لە هێما و وێنەوازی کەڵک وەردەگرێت؟
کەڵک وەرگرتن لە دیمەن بۆ دەربڕێنی روانگەکان و لایەنگرییە فەلسەفییەکان بەس تایبەت بە ئەفلاتوونەوە نییە. لە ئەدەبیاتی فەلسەفی‌دا، فەیلەسووفانێکی زۆر بۆ شیکردنەوەی ئەندێشەکانیان لە دیمەن کەڵکیان وەرگرتووە، دیمەنگەلێک کە نەک رۆڵی شیکرنەوە دەگێڕن، بەڵکوو بە تەواو مانا لە ئەندێشەی فەلسەفی‌دا رۆڵیان هەیە، بە شێوەیەک کە دیمەنەکانن ئەندێشە درووست دەکەن.
خاڵێکی دیکە کە ناتەبایی نەریتی ئەفلاتوونی دژ بە وێنای دیداریی لە مێژووی فەلسەفەدا ئاشکرا دەکات، ئەمەیە کە ئەفلاتوون بۆ شیکردنەوەی چەمکەکان و ئەندێشە قووڵ و فەلسەفییەکانی خۆی لە وتووێژ کەڵکی وەرگرتووە، چونکوو وتووێژ ئەو هەلە دەخاتە بەردەم فەیلەسووف تاکوو بەڵگە هێنانەوەکانی لە چوارچێوەی شێوەیەکی دەربڕینیی کاریگەر و رێک و پێک بباتە پێشەوە. ئەمە درووست هەمان کارە کە سیناریست ئەنجامی دەدات.
نیگەرانییەکی دیکە سەبارەت بە خوێندنەوە و شرۆڤەی نواندنەوەی ئەندێشە فەلسەفییەکان لە فیلم‌دا لە لایەن تیوری‌داڕێژەرەانی فیلم و هونەرمەندانی سینەماوە گەڵاڵە دەکرێت. لەوانەیە بگوترێت ئایا ئێمە بە کەڵک وەرگرتن لە دیمەنە سینەماییەکان بۆ دەربڕینی فەلسەفە، ئاستی فیلم تا ئاستی ئامرازێکی پیشاندانی ئەندێشە فەلسەفییەکان دانابەزێنین؟ ئەمە پرسیارێکە کە لایەنگرانی تیوری هونەر بۆ هونەر گەڵاڵەی دەکەن؛ ئەوان لە سەر ئەو بڕوایەن کە فیلم چەمکێکی بەربلاوتر لە کاتالۆگی فەلسەفی‌یە و سینەما تاقیگەیەک بۆ رەت یان چەسپاندنی تیورییە فەلسەفییەکان نییە.
دژایەتی زۆربەی لایەنگرانی رێدۆزی فیلم بۆ فیلم، بۆ خوێندنەوەی فەلسەفە لە فیلم دا زۆرتر ناڕەزایەتی لە بەرامبەر مامۆستایانی فەلسەفە یان فەلسەفە خۆشەویستانێکە کە بە رێدۆزێکی ساویلکانە و بە بێ تێگەیشتنی تایبەتمەندییەکانی فیلم لە وێنەی جۆرێکی ئاڵۆزی دەربڕێنی هونەریی، بەس لە دووی کەڵک وەرگرتن لە فیلمن وەک ئامرازێکی یاریدەدەری پەروەردەیی لە پۆلەکانی وانە گوتنەوەدا، و تایبەتمەندییەکانی هونەری و تەکنیکی فیلم بە تەواو مانا لە بەرچاو ناگرن.
لە روانگەی لایەنگرانی تیوری فیلم بۆ فیلم، باسی تیوریک سەبارەت بە فیلم دەبێت بخرێتە ئەوستۆی تیوریدارێژەرانی فیلم؛ کەسانێک کە فیلم وەک فیلم چاو لێدەکەن.
خاڵێکی گرنگ کە لە خوێندنەوەی "فەلسەفە لە فیلم"دا دەبێت لە جێگای سەرنج‌دا بێت ئەمەیە کە پێوەندی نێوان فیلم و فەلسەفە پێوەندییەکی یەک لایەنە نییە، بە هەمان شێوەی کە فەلسەفە دەتوانێت ئەندێشەکان و ساتگەلێکی رەسەن لە فیلمەکاندا بدۆزێتەوە، فیلمەکانیش دەتوانن فەلسەفە هان بدەن لە رێگاگەلێکی نوێترەوە بیر لە خۆی و پرسیارەکانی بکاتەوە؛ بەم شیوەیە، فیلم بەس ئامرازێکی یاریدەدەری پەروەردە لە پۆلەکانی وانەی فەلسەفی‌دا نییە، بەڵکوو رێگایەکی کاریگەر و نوێ بۆ بیرکردنەوەیە.
هونەرمەندان و تیوری داڕێژەرانی سینەما بە خوێندنەوەی ئەندێشە فەلسەفییەکان لە فیلمدا، لە پێوەندی قووڵی فیلم لە گەڵ ئەندێشە و بیرکردنەوەی فەلسەفیدا سەریان سووڕ دەمێنێ، بەو هۆیەی فیلمەکان دەقگەلێکی بایەخدار و بەبایەخن کە دەتوانن شەبەنگێک لە خوێندنەوەکان وەربگرن و لە ئاست رێدۆزە فەلسەفییەکانی جۆراوجۆردا ئاوەڵان.
ژیل دلۆز Gilles Deleuze ، فەیلەسووفی فەڕەنسی کە هەندێ کەس بە فەیلەسووفی سینەما ناوزەدیان کردووە، سروشتی فیلم و تێفکرین بە یەکسان دەزانێت. ئەو ئەزموونی بینینی فیلم لەگەڵ ئەزموونی تێفکرین وەک یەک ناسێت.
لە روانگەی دلۆزەوە خوێندنەوەی فەلسەفی فیلم کاتێک روو دەدات کە تێکۆشین بۆ دۆزینەوەی پرسیارە فەلسەفییەکان، ئێمە بۆ بینینی فیلم هان بدات، لەم کاتەدا جگە لە پرسیارە پێشووەکان، پرسیارگەل و کێشەوبەرەگەلێکی نوێتریش سەر هەڵدەدەن کە دەستپێکێکن بۆ تێفکرین و بیرکردنەوە.
لە سینەمادا زووم کردن، مۆنتاژ، جووڵەکانی کامێرا، مۆسیقا، دەنگ و قاپ بەندی لە پەنای چیرۆکی فیلم، هەڵسووکەوت و وتەکانی کاراکتەرەکاندا، ئەندێشەیەک گەڵاڵە دەکات و ئەندێشەگەلێکی زۆر لە زەینی بینەر دەورووژێنێت.
لە لایەکی دیکەوە، فەلسەفە بەس دەربڕێنی تەوەرە تیوریکەکان نییە، بەڵکوو بە جۆرێک رەوتی خولقاندنی مانایە و خولقێنەری، تایبەتمەندی هاوبەشی فیلم و فەلسەفەیە.
ژیل دلۆز لە سەر ئەو بڕوایە، گرنگترین دەستکەوتی زانست، فەلسەفە و فیلم؛ خولقاندنی مانایە؛ کە ئەو سێ چەمکە بەیەکەوە گرێ دەدات: " سینەما جۆرێک دیمەنە. لە نێوان جۆرەکانی دیمەنگەلی جوانیناسانە، کارکردگەلی زانستی و واتا فەلسەفییەکان، بەردەوام رەوتێکی ئاڵ‌وگۆڕ و سەربەسەر بوونی هەیە، بە بێ ئەوەی کە هیچ کامەیان لەوی تر سەرتر بێت.
دلۆز لە پێشەکی وەرگێڕاوی ئینگلیزی کتێبی "سینەما دوو" نووسیویەتی، هونەری سینەما شیاوی پێگەیشتنی ئەزموونێکە کە سەرهەڵدانی ئەو دۆخە لە فەلسەفەدا چەندین سەدە درێژەی کێشاوە. ئەو لە کۆتایی کتێبی "سینەما دوو" دا، شێوەی درووست‌تری پرسیاری "سینەما چییە؟" بە پرسیاری "فەلسەفە چییە؟" دەزانێت.
بەڵام فەلسەفە چییە؟ لە روانگەی دلۆزەوە "وزەی و توانای فەلسەفەیەک بە پێی واتاگەلێکە کە دەیخولقێنێت یان ماناکانی دەگۆڕێت، واتاگەلێک کە دابەشکردنێکی نوێ لە پانتایی چشت یان کرداردا درووست دەکەن. فەلسەفە لە روانگەی دلۆزەوە، " هونەری پێک هێنان، خولقاندن و درووستکردنی واتاکانە."
دلۆز لەو بڕوایە، بیر کردنەوەی قووڵ لە هەبوون، کە تایبەتمەندی فیلمسازەکان و فەیلەسووفەکانە، ئەوان دەکات بە خزمی یەک.
دلۆز لە کتێبی "سینەما یەک:دیمەن-جووڵە"دا دەنووسێت: "هەر ئەمە بەسە کە دەرهێنەرانی سینەما لەگەڵ شێوەکاران، بیناسازکان، یان تەنانەت مۆسیقازانەکاندا هەڵسەنگێنن. دەبێت هەروەها ئەوان لەگەڵ بیرمەندان و بیرۆکەواناندا هەڵسەنگێندرێن". دلۆز لە سەر بڕوایە "بە هۆی سینەماوە ئەم جیهانە دەبێت بە دیمەنە خۆی، نەک ئەوەی کە دیمەنێک ببێت بە جیهانێک.
ئەو لە وتاریی "ئەندێشە و سینەما"دا سەبارەت بە دیمەن دەنووسێت: " دیمەنی سینەماتۆگرافی لەو روانگەیەوە کە خۆی جووڵە درووست دەکات - لەو روانگەیەوە کە هونەرەکانی دیکە خۆیان بۆ داخوازی(یان قسە کردن سەبارەت بەو) ئەو سنووردار کردوەتەوە- گەوهەری هەموو هونەرەکانی دیکەی لە خۆیدا کۆدەکاتەوە".
روانگەیەکی دیکە کە دەکرێت بە یارمەتی لەو، پیوەندی بینینی فیلم و بیرکردنەوە روون بکرێتەوە، روانگەکانی "میشێل فۆکۆ"یە.
فۆکۆ، بەرهەمە هونەرییەکان بە سیستەمگەلێکی هێمایین بە پێکهاتەگەلێکی ناوەکی ئاڵۆزەوە دەزانێت. ئەم پێکهاتە ئاڵۆزانە، ئەو هەلە دەخەنە بەردەم بەرهەمە هونەرییەکان کە رۆڵێکی ناسیاریی گرنگ لە بوارگەلێکی تایبەتدا بگێڕن. بە مەبەستی بەدیهاتنی ئەم رۆڵە ناسیاری‌یە، پێکهاتەکانی هێمایینی بەرهەمە هونەرییەکان دەبێت لێکبدەرێتەوە، پرۆژەیەک کە بە هۆی ئەوەی کۆدەکان یان ئامرازەکانی دەربڕینی بۆ ئێمە ناسراون  لەڕواڵەتدا ئاسان دەبیندرێن، بەڵام لە راستیدا ئاسان و نەکراوەیە؛ بە واتایەکی دیکە، ئەم پێکهاتە ئاڵۆزە هێمایینانە بەردەوام لە رووبەرێکی ناسیاریدا دەخرێنە روو، و بەم شێوەیە بەکارهێنەران یان بینەران، ئەوانە لە وێنەی جیهانێک کە خرواەتەڕوو، دەخوێننەوە.
فۆکۆ جەخت لە سەر ئەوە دەکات کە درووست لە کاتێکدا سەرقاڵی ئەم خوێندنەوەیە دەبین، ئەندێشە و زانست دەست پێدەکات، فۆکۆ لەو بڕوایە، بەرهەمە هونەرییەکان لە وێنەی "
ئەمە سەبیلە نییە " بەرهەمی رێنە ماگریت، هەڵگری ئەندێشەی نوێندراوەن کە ئەو بە زانست ناوزەدی دەکات. ئەم زانستە هەم هەڵگری تایبەتمەندییەکانی سەردەمی خۆیەتی و هەم هەڵگری ئاڵوگۆڕ کردنیەتی.
یەکێک لە سەردەمە زێڕینەکانی مێژووی سینەما، بەرهەمی پێوەندی نێوان فیلم و فەلسەفە، یان هونەر و ئەندێشە(لە بەرهەمەکانی بیرمەندانی ئیگزستانسیالیزم ) و فیلمسازانی مودێرنە؛ داستایۆفسکی،
فرێدریش ویلھڵم نیچە، سورن کریکیگارد، مارتین هایدگەر، ئەلبیر کامۆ، ژان پۆل سارتر بیرمەندانی ئیگزستانسیالیزمن کە سەربارەت بە کەڵکەڵەکان و بیرئاڵۆزییەکانی هەبوونایەتی بیریان کردوەتەوە و بیرۆکەگەلێکیان هێناوەتە ئاراوە؛ (بیرئاڵۆزی‌گەلێک لە وێنەی دۆخی مرۆڤ، مانای ژیان، هەبوون یان نەبوونی خودا، ئازادی، هەڵبژاردن و بەرپرسیاریەتی مرۆڤ لە جیهاندا، مردن و هەستی پووچی، راگرتنی تاکیەتی و گرتنی پێوندییەکی رەسەن لەگەڵ دیتراندا.)
بۆ دیتنی نواندنەوەی دیمەنیی ئەندێشەکانی ئەم فەیلەسووفانە دەتوانین فیلمەکانی فیلمسازانێکی مودێرن وەک ئینگمار بێرگمەن، ئاندری تارکۆفسکی، وودی ئالێن‌، و ئاکیرا کۆرۆساوا ببینین.
فەیلەسووفانی ئێگزستانسیالیست و سینەماکارانی مودێرن، بە هۆی هۆکارگەلێک وەک: پێناسەیەکی نوی کە لە فەلسەفە و هونەری سینەمادا کردیان، رێدۆزەکانیان لە هەمبەر مرۆڤ و دۆخی ئەو لە جیهاندا، ژیان و چالاکی لە سەردەمێکی مێژوویی تایبەتدا (کە ساڵانێکی پێش و دوای شەڕی جیهانی دووهەم  بوو) و ئۆگرایەتی فەیلەسووفان بۆ هونەر و هەروەها هونەرمەندان بۆ فەلسەفە، لە بەرهەمە فەلسەفی و هونەرییەکانی خۆیاندا بە ئاسۆیەکی هاوبەش گەیشتن.
سەرچاوە:
تێبینی: ئەم بابەتە وەرگێڕدراوی بەشێکە لە بابەتی "فیلم بە مثابە اندیشە"،نویسندە مهسا رضوی،فصلنامە هنر شمارە ٧٥

-ئەم بابەتە لە ژمارەی ٩٧ی ئاسۆی رۆژهەڵاتدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە :
..................::::ئاسۆی رۆژهەڵاتی ژمارە ٩٧::::................