۱۳۹۴/۰۴/۰۷

ژنان و سینه‌ما

ژنان و سینه‌ما 
و: جه‌مشید به‌هرامی

(ئاماژه‌: ئه‌م بابه‌ته‌ ئاوڕ له‌ یه‌که‌مین ژنه‌ سینه‌ماکاره‌کان ده‌داته‌وه‌ که‌ جێ‌په‌نجه‌یان له‌ مێژووی سینه‌مادا دیاره‌.)
هه‌ر له‌ ساڵه سه‌ره‌تاییه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی پیشه‌ی سینه‌ما له‌ کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌، ژنان به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی له‌ پێڕستی هۆکاره‌کانی فیلمسازیدا بوونیان نه‌بوو، هه‌ڵبه‌ت نابێت له‌ بیری بکه‌ین که‌‌ به‌شه‌ ناپیشه‌ییه‌کانی دیکه‌ له‌ وێنه‌ی دیزانی سه‌حنه‌ و گریم(میکیاج) یان یاریده‌ده‌ری به‌رهه‌مهێنان تا راده‌یه‌کی زۆر تایبه‌ت به‌ ژنان بوو. به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ لێکۆڵینه‌وه‌ نوێیه‌کان نیشانده‌ری ئه‌وه‌ن که‌ رۆلی ژنان له‌ سینه‌مای ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا، ئه‌وه‌نده‌ش بێ‌بایه‌خ نه‌بووه‌ و هه‌ندێک له‌و ژنانه‌ په‌رژاونه‌ته‌ سه‌ر ده‌رهێنان، به‌رهه‌مهێنان، مۆنتاژ، سیناریۆنووسی و راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ له‌ سه‌ر ره‌وتی به‌رهه‌مهێنانی فیلمدا کاریگه‌رییان بووه‌.

به‌پێی ئه‌و سه‌نه‌د به‌ڵگه‌نامانه‌ی که‌ له‌ به‌رده‌ستدایه‌ یه‌که‌مین ژنه‌ فیلمسازه‌کان فه‌ڕانسه‌وی و ئه‌مریکایی بوون. دوو ده‌ورگێڕی به‌ناوبانگی هالیوود، واته‌ "مێری پیکفۆرد" و "لیلین گیش"، کاری ده‌رهێنانیشیان کردووه‌؛ به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ ده‌رهێنه‌ری کاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ده‌نگیان(وه‌ک ده‌ورگێڕ) دانه‌نێت درێژه‌یان به‌ کاری ده‌رهێنان نه‌داوه‌ و سه‌ریان لێناوه‌ته‌وه‌.
فه‌ڕا‌نسه‌ییه‌کان شانازی به‌ ناساندنی یه‌که‌مین ده‌رهێنه‌ری ژنی دنیاوه‌ ده‌که‌ن که‌ خه‌ڵکی فه‌ڕانسه‌ بووه‌، "ئالیس بلاشه‌" یه‌که‌مین ژنی ده‌رهێنه‌ری مێژووی سینه‌مایه‌ که‌ سه‌ره‌تا له‌ رێگای کارکردن بۆ کۆمپانیای گۆمۆن (کۆمپانیای به‌رهه‌مهێنانی کامێرا)، توانی ده‌ستی به‌ ئامرازه‌ پێویسته‌کانی فیلمسازی رابگات. ئه‌و له‌ ساڵی
1896 به‌ کورته‌ فیلمی یه‌ک ده‌قه‌یی "فریشته‌ی باش له‌ کێڵگه‌ی که‌له‌رم" ده‌ستی به‌ ده‌رهێنانی فیلم کرد و پێی وابوو که‌ ئه‌م فیلمه‌، یه‌که‌مین "فیلمی چیرۆکی" دنیایه‌. بلاشه‌ دوای یازده‌ ساڵ کارکردن به‌ هۆی درێژه‌دانی کاری سینه‌ما له‌ فه‌ڕانسه‌وه‌ بۆ ئامریکا کۆچی کرد. له‌ ئه‌مریکادا سیناریۆگه‌لێکی زۆری نووسی و درێژه‌ی به‌ ده‌رهێنه‌ری و به‌رهه‌مهێنانی فیلم‌دا (له‌وانه‌: فیلمی "له‌ ساڵی 2000" که‌ ژنان وه‌ک فه‌رمانڕه‌وایانی جیهان به‌رجه‌سته‌ ده‌کاته‌وه‌). (بۆ خوێندنه‌وه‌ی درێژه‌ی بابه‌ت لێره‌ کرته‌ بکه‌)

۱۳۹۴/۰۳/۲۰

سینه‌ما، کۆماری ئیسلامی و کوردستان(به‌شی دوو)

سینه‌ما، کۆماری ئیسلامی و کوردستان(به‌شی دوو)
جه‌مشید به‌هرامی

به‌گشتی ده‌توانین سینه‌ما له‌ ئێراندا به‌ دوو ده‌سته‌وه‌ دابه‌ش بکه‌ین:
1- سینه‌مای سه‌ربه‌خۆ 2- سینه‌مای حکوومی
سینه‌مای سه‌ربه‌خۆ
ئه‌م جۆره‌ سینه‌مایه‌ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییانه‌ له‌ خۆ ده‌گرێت که‌ به‌ هه‌وڵی فیلمسازانی سه‌ربه‌خۆ چێ‌ده‌کرێ، و له‌ رووی ناوه‌رۆکه‌ زۆرتر ده‌په‌رژێنه‌ سه‌ر ته‌وه‌ره‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، که‌ زۆرجاریش به‌ر تیغی سانسۆڕ ده‌که‌ون. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی‌یه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای بێ بایه‌خ کردنی ئه‌م جۆره‌ سینه‌مایه‌ و سانسۆڕ و زه‌بر و زه‌نگ له‌ به‌رامبه‌ر سینه‌ماکاراندا، له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی سینه‌مای حکوومیدا‌ کۆمه‌ڵێک سینه‌ماکاری سه‌ربه‌خۆ ده‌ستیان دایه‌ به‌رهه‌مهێنانی به‌رهه‌مگه‌لی به‌نرخ که‌ تا ئێسته‌ش به‌رده‌وام بوون،له‌و سینه‌ماکارانه‌ ده‌توانین ئاماژه‌ به‌ که‌سانێک وه‌ک: ئه‌میر نادری، داریوش مهرجویی، عه‌باس کیارۆسته‌می، به‌هرام به‌یزایی، جه‌عفه‌ر په‌ناهی، ئه‌سغه‌ر فه‌رهادی، به‌همه‌ن قوبادی و... بکه‌ین.
سینه‌مای حکوومی
سینه‌مای حکوومی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییانه‌ له‌ خۆ ده‌گرێت که‌ وه‌ک ئامرازێک له‌ خزمه‌تی ئۆرگاسمی ئایینی و پڕوپاگاندای کۆماری ئیسلامیدایه‌ و بنه‌ماکه‌ی درۆ و پڕوپاگانده‌یه‌؛ له‌ ئێراندا خوێندنه‌وه‌ی ئیسلامی شێعه‌ وه‌ک ئۆختاپووس به‌ سه‌ر ته‌واوی دام و ده‌زگاکانی پێوه‌ندیدار به‌ هونه‌ر‌دا باڵی کێشاوه‌، سینه‌ماش وه‌ک جۆرێکی هونه‌ری ده‌بێت له‌ خزمه‌تی ئامانجه‌کانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدا بێت.(بۆ خوێندنه‌وه‌ی درێژه‌ی بابه‌ت لێره‌ کرته‌ بکه‌)

۱۳۹۴/۰۳/۱۱

"ده‌مامکی کێله‌شین"

"ده‌مامکی کێله‌شین"
جه‌مشید به‌هرامی

گۆیا ئۆڵترا چه‌پێک! له‌ بابه‌تێکدا له‌ ژێر ناوی "ئه‌ردۆغان له‌ کێله‌شین" په‌رژاوه‌ته‌ سه‌ر "رۆشتنه‌وه‌ی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران" بۆ سنووره‌کانی رۆژهه‌ڵات-باشوور به‌ گشتی و "رۆشتنه‌وه‌ی ئه‌و حیزبه‌ بۆ کێله‌شین و رووداوه‌که‌ی کێله‌شین" به‌تایبه‌تی –ئه‌و کێله‌شینه‌ی که‌ هه‌ڵکه‌وته‌ی جوگرافیاییه‌که‌ی سنووری رۆژهه‌ڵات-باشووره‌ و پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکییه‌(پێ‌کاکا) هه‌رێمی سه‌ربازی! تێدا دامه‌زراندووه‌ خۆی کردوه‌ته‌ کوێخا و پارێزه‌ری ئه‌و ناوچه‌یه‌-.
ئه‌م قه‌ڵه‌م به‌ده‌سته‌ چه‌په‌! هه‌ر له‌ سه‌ردێڕی بابه‌ته‌که‌وه‌ خۆی یه‌کلا کردوه‌ته‌وه‌ و زۆر روونه‌ ده‌یهه‌وێت چی بدات به‌ خوێنه‌ر، ئه‌و به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ شه‌ڕی نێوان "پێ‌کاکا" و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هه‌ر له‌ سه‌ر دێڕه‌وه‌ ئاماژه‌ ده‌کات‌ که‌ ‌ ئیراده‌ و ئه‌مری ئه‌ردۆغان بوه‌ته‌ هۆی رووداوه‌که‌ی کێله‌شین واته‌ پشتبه‌ستن به‌ هه‌مان لێکدانه‌وه‌ی ئه‌و بلۆکبه‌ندییه‌ی که به‌ شێوه‌یه‌کی ئه‌مرپێکراو له‌ وێنه‌ی به‌خشنامه‌یه‌کی نێوخۆیی-حیزبی(پێ‌کاکا) له‌ هه‌ڵوێستی تاکه‌ تاکه‌ی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی پێ‌کاکادا ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌. ئه‌م نووسه‌ره‌یش له‌ سوێنگه‌ و پێگه‌ی پێ‌کاکاوه‌، لێکداونه‌وه‌ و بۆچوونه پێشتره‌کانی پێ‌کاکا له‌ مه‌ڕ ئه‌م بابه‌ته‌ دووپات ده‌کاته‌وه‌ و هیچی‌تر. (بۆ خوێندنه‌وه‌ی درێژه‌ی بابه‌ت لێره‌ کرته‌ بکه‌)