۱۳۹۸/۰۱/۰۶

پەیامی ڕۆژی جیهانیی شانۆ بۆ ساڵی 2019

پەیامی ڕۆژی جیهانیی شانۆ بۆ ساڵی 2019
لە ئاڵمانییەوە: جەمشید بەهرامی

ئاماژەله‌ رۆژی جیهانیی شانۆدا، هه‌موو ساڵێک ئه‌نیستیتۆی نێونه‌ته‌وه‌یی شانۆ (International Theater Institute) ناسراوه‌ به‌ (ئای تی ئای) شانۆکارێک دیاری ده‌کات به‌ مه‌به‌ستی نووسینی په‌یامی تایبه‌ت به‌ رۆژی جیهانیی شانۆ؛ یه‌که‌مین په‌یام له‌ ساڵی 1962دا له‌ لایه‌ن شانۆنامه‌نووس و ده‌رهێنه‌ری به‌ناوبانگی فه‌ڕه‌نسی "ژان کۆکتۆ" نووسراو و دوایین په‌یامیش له‌ لایه‌ن "کارلۆس سێلدران" شانۆکاری "کۆبا"ییەوە نووسراوه‌.
له‌ نووسه‌رانی په‌یامی رۆژی جیهانی شانۆ ده‌توانین ئاماژه‌ به‌ هونه‌رمه‌ندانێک له‌ وێنه‌ی: ئارتۆر میلێر. ئاگۆستۆ بواڵ، پابلۆ نێرۆدا، ئۆژن یۆنسکۆ، پیتێر‌ برووک، ڤاسلاو هاڤێل و داریۆفۆ و... بکه‌ین.

دەقی پەیامەکەی کارلۆس سێلدران: 
پێش لەوەی بێمە پانتایی شانۆوە، مامۆستاکانم شانۆکار بوون، ئەوان خانووەکانیان و گەڵاڵە شاعیرانەکانیان وەک ئەوەی کە لە ژیانیاندا بەجێیان هێشت لە سەر ستێجی شانۆدا درووست کرد. زۆرێک لەوان نەناسراون یان بە دەگمەن لە یادەکاندا ماونەتەوە: ئەوان لە بێدەنگیدا کاریان دەکرد، لەوپەڕی لەخۆبردوویی و خاکەڕاییدا بۆ شوێنی پڕۆڤەیان و هۆڵی شانۆیی پڕ لە بینەریان لە هەوڵدا بوون، ئەوان هێدی هێدی لە ڕەوتی ئەو ساڵە پڕزەحمەتانەدا کە دەستکەوتی بێ وێنەیان بوو، شوێنەکەیان بەجهێشت و بزربوون. 
کاتێک تێگەیشتم کە هونەری من و چارەنووسیشم ئەوەیە کە درێژەدەری ڕێگایان بم، هەروەها تێگەیشتم کە لەوان ئەو نەریتە بێ وێنە و سەرنجڕاکێشەم بە میرات پێ گەیشتووە، بۆ ئەوەی ئەمڕۆ بژیم و تاک و تەنیا لە چاوەڕوانیدا بۆ ئەوەی دەستم بە زوڵاڵیی چرکەیەکی دووپات نەبوو ڕابگات. چرکەیەک لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەویترێک لە تاریکایی هۆڵێکی شانۆییدا، بە تەنیا لە ڕیگای حەقیقەتی ئاماژەیەک و وتەیەکی ڕەساوە پارێزاوی.
وڵاتی شانۆیی من بریتییە لەم چرکەساتی ڕووبەڕوو بوونەوانە لەگەڵ بینەردا کە شەوانە لە هەموو قوژبنێکی شارەکەمەوە دێن بۆ هۆڵی شانۆییەکەمان بۆ ئەوەی هاوڕێمان بن و چەند کاتژمێرێک، چەند خولەکێکمان لەگەڵ بەش بکەن. من ژیانم لەم خولەکە بێ‌وێنەیانەدا درووست دەکەم، چیتر "خۆم" نیم و بۆ خۆم ئازار ناچێژم، من دووبارە لە دایک دەبمەوە و لە مانای شانۆ تێدەگەم: حەقیقەتێک کە بە خێرایی لە چاوترووکانێکدا کۆتایی دێت، لەو کاتەدا دەزانین ئەوەی کە ئێمە لە ژێر ڕووناکایی سەر ستێج‌دا دەیڵێین و دەیکەین حەقیقەتە و قووڵترین و تاکەکەسیترین بەشی خۆمان هەڵدەگەڕێنێتەوە بۆ سەر ستێج. 

وڵاتی شانۆیی من و ئەکتەرەکانم وڵاتێکە تەنراوە بەو چرکەساتانەوە کە لەواندا ئێمە دەمامکی قسەزانی و ترس لا دەبەین و لە تاریکاییدا وەک خۆمان دەست لە دەستی یەک دەنێین.(بۆ خوێندنەوەی درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە).
نەریتی شانۆ ئاسۆییە واتە هیچ چەشنە پلەبەندییەکی بەرز و نزمی تێدا نییە، کەس ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە شانۆ پێگەیەکی ناوەندیی تایبەتی لە جیهاندا، یان لە شارێکدا یان لە باڵەخانەیەکدا هەیە. ئەوەی کە من لێی تێگەیشتووم و ئەزموونم کردووە، شانۆ لە دەڤەر و ڕووبەرێکی نەبینراودا بڵاوە دەکات و لە ژێست و ئاماژەیەکی یەکانگیردا ژیانی شانۆکاران و هونەری شانۆیی بەگشتی لەیەک گرێ دەدات.
هەموو پسپۆڕەکانی بواری شانۆ دەزانن بۆ بەردەوامیی دڵنیایی کە بنچڵی کاری ئێمەیە هیچ بەفەرمی‌ناسینێک بوونی نییە: چرکەساتی حەقیقەت، لێڵی و نامۆیی، هێز و ئازادیی لە کاتی شڵەژاویی و سستی‌یەکی گەورەدا. زۆرجار هیچ شتێک نامێنێتەوە جگە لە کۆمەڵێک بەڵگە و زانیاریی کارەکەیان لە نێو ویدیۆکان و وێنەکاندا کە بەس هێمایەکی بێ‌ڕەنگ و لێڵ لەوەی ئەوان کردوویانە دەگوازنەوە. ئەوەی کە هەمیشە لەم بەڵگانەدا کەمە بریتییە لە وەڵامی بێدەنگی بینەر، ئەوەی کە چرکە بە چرکە لە سەر ستێج‌دا ڕوو دەدات و بینەر لێی تێدەگات، ناکرێت وەربگێڕدرێتەوە و لە دەرەوەی هۆڵی شانۆییدا نابینرێت واتە ئەو حەقیقەتەی لێرەدا بەش کراوە، ئەزموون

ێکی ژیانە بۆ چەند چرکەیەک کە لە خودی ژیان ڕوونترە.
کاتێک تێگەیشتم کە شانۆ ناوەندیترین بەشی سروشتی وڵاتە، مەڵبەندێکی گەورەیە کە جیهانی لە خۆگرتووە، چیتر لەوە دڵنیابووم کە شانۆ هاوکات بە مانای ئازادیشە. پێویست ناکات لە شوێنەکەت دوور بکەویتەوە، ناچار نیت سەفەر بکەیت. لەوێدا کە هەیت بینەریش هەیە، هاوڕێگەلێک کە پێویستت پێیانە. لەوێدا لە بەر ماڵەکەتدا ڕاستەقینەی ڕۆژانەی بەئازار و ناڕوون دەدۆزیتەوە. هەوڵ بدە لە سەر ئەو بێ‌جووڵەبوونە ڕواڵەتییە کار بکەیت تاکوو گەڵاڵەی گەورەترین سەفەرت دابڕێژی، تاکوو دووپاتکردنەوەی "ئۆدیسە" و سەفەری "ئارگۆناوت" ئەزموون بکەیت: تۆ ڕێبوار و گەشتیارێکی بێ‌جووڵەیت کە بەردەوامە لە توند و تۆڵ کردنەوە و خێرایی بەخشین بە ڕاستەقینەی جیهانی خۆیدا.
سەفەری تۆ بەرەو چاوترووکاندنێکە، بەرەو چرکەیەکە، بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکە لەگەڵ کەسانێکی وەک خۆتدا کە دووپات نابێتەوە. سەفەرەکەت بەرەو ئەوانە، بەرەو دڵی ئەوان، بەرەو زەینییەتی ئەوان. تۆ لە ناو ڕۆح و دەروونی ئەواندا سەفەر دەکەیت، بە ناو ئەو هەست و یادەوەرییانەی ئەواندا ڕۆدەچیت کە جووڵاندووتە و زیندوویانت کردووەتە.
کەس نە ئەتوانێت سەفەری خێرا و ورووژێنەری تۆ بوەستێنێت، نە ئەیشتوانێت خاوت بکاتەوە، ئەمە سەفەرێکە بە نێو خەیاڵ و فانتازیای بینەرەکانتدا، "توو"ێک کە لە دوورکەوتووترین دەڤەردا چێنراوە: لە نێو هووشیاریی سیاسی، ئیتنیکی و مرۆیی بینەرەکانتدا. هەر بۆیە ناجووڵێم و لە ماڵەوە دەمێنمەوە لە نێو ئەو کەسانەدا کە جێبڕوای منن، لە ئارامییەکی دیاردا، و ڕۆژ و شەو کار دەکەم، چونکوو نهێنیی خێرابوونم لەگەڵ خۆم هەڵگرتووە.



کارلۆس سێلدران 



کارلۆس سێلدران لە ساڵی ١٩٦٣ لە کۆبا/هاوانا لە دایک بووە، لە ساڵی ١٩٨٦ خویندنی شانۆی تەواو کردووە و لە "تیاترۆ بوێندیا" سەرەتا وەک ڕاوێژکار و دواتر وەک دەرهێنەر دەستی بە کار کردووە. لە ساڵی ١٩٩٦ گرووپی شانۆیی"ئارگۆس تیاترۆ"ی دامەزراندووە و تا ئەمڕۆکە بەرپرسی هونەریی ئەو گرووپەیە. "ئارگۆس تیاترۆ" ناسراوترین گرووپی شانۆیی وڵاتی "کۆبا"یە. خەڵکی کۆبا لە ڕیگای سێلدران و گرووپەکەیەوە لەگەڵ شانۆی هاوچەرخی ئەورووپاییدا ئاشنا بوون. کارلۆس سێلدران خەڵاتگەلێکی زۆری بەدەست هێناوە، لەوانە: شانزدە جار خەڵاتی ڕەخنەگرانی کۆبای بۆ باشترین دەرهێنانی شانۆیی وەرگرتووە.
هاوکات لە پەنای ئافراندنی شانۆییدا، زیاتر لە بیست ساڵە سێلدران لە ئەنستیتۆی "
Superior de Arte " وەک مامۆستای "دەرهێنانی شانۆ" لە ئاستی ماستەردا خزمەت با شانۆی وڵاتەکەی دەکات.
سەرچاوە: ئای تی ئای
https://www.iti-germany.de/projekte/welttheatertag-und-welttanztag/botschaft-zum-welttheatertag-2019/


زیاتر بخوێنەنەوە ----> ڕۆژی جیهانیی شانۆ