۱۳۹۰/۰۶/۰۶

شۆپێنهاوێر و فەلسەفە




شۆپێنهاوێر و فەلسەفە
و: جەمشید بەهرامی

شوپێنهاوێر لە پەنای نیچەدا خۆشەویست ترین فەیلەسووفی سەدەی 19ی ئەڵمانیا بوو. ئەو خۆی بە ئیمپراتووریای نەناسراوی فەلسفە ناوزەد دەکرد، سەڕای ئەوەی کە لە تیوری و فەلسەفەدا بێ هیوا و رەش بین بوو، بەڵام لە ژیاندا چالاک و بە وزە بوو. شوپێنهاوێر دەیگوت کە لەگەڵ کەلتووری سەردەمی خۆیدا ناسازێت، لەگەڵ ئەوەش دا ئەو فەیلەسووفی خۆشەویستی رۆمانتیکەکانی ئەو سەردەمە بوو. ئەو راونینێکی رەش بینانە و لە هەمان کاتیشدا بێ هیوای بۆ جیهان و مرۆڤ هەبوو، بۆ ناسینی باشتری تیورەکانی ئەو دەبێت روانگەکانی سەردەمی رۆشنگەری تا کۆتایی سەدەی 18 بە باشی شرۆڤە بکرێت.
لایەنگرانی بزووتنەوەی رۆشنگەری، سەرەڕای ئەوەی کە مرۆڤیان عەقڵ‌گەرا پێناسە دەکرد بەڵام بانگەشەیان بۆ ئەوە دەکرد کە مرۆڤ بە درێژایی مێژوو بە هۆی ئەخلاقی کۆنەپەرەستانە و تایبەتمەندی " گوێ رایەڵ بوون " ئیکسپایەر بووە و بۆ هەستانەوە لەو زەلکاوەدا، سەرەتا دەبێت بە ئاگا بێتەوە. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)


شۆڕشی هەرس هاتووی ساڵی 1848 بووە هۆی ئەوەی کە نوێنەرە خوێندەوارەکانی بوورژوازی، شوپێنهاوێر بە فەیلەسووفی خۆیان بزانن چونکوو لە کۆتاییەکانی سەدەی 19، رەش بینی و بێ هیوایی دەگاتە لووتکە. ئەگەر زۆربەی فەلەسووفەکان لە روانگەکانیان لە پانتایی چاکەخوازی و جوانی دایە، بەڵام شوپێنهاوێر بووە یەکێک لە دڕدۆنگەکانی ئەو جۆرە روانگانە.
رانگەی رەش بینانەی شوپێنهاوێر بۆ مرۆڤ و جیهان، تا ناوەڕاستی سەدەی بیست لە بەشە زانستیەکانی وەک : فەلسەفە، هونەر، و دەروونناسی بووە هەوێنی لێکۆڵینەوە زانستیەکان، ئەو دەیگووت، ژیان بەس ئازارە و هەموو شتێک لە ژیاندا لە پانتایی ئازاریدایە، هەروەها چونکوو ئازار بەرهەمی ژیانە، مرۆڤ بەرەوڕووی ئازار دەبێتەوە بەو هۆیە دڵدانەوە و هاوخەمی دەتوانێت بنەمای ئەخلاق بێت. ئەو لە فەلسەفەی مودێرن‌دا، بە یەکیک لە بونیادگەراکان دێتە ئەژمار.
شوپێنهاوێر ژیان وەک مەرگێک پێناسە دەکات کە کاتەکەی دواخراوە و مرۆڤ بە گیانلەبەرێکی تەریک پێناسە دەکات کە بەروڕووی هەڕەشە بوەتەوە کە لە کۆتاییدا ئەو گیانلەبەرە تەریک کەوتووە بەرەو هەڵدێر و لە ناوچوون دەچێت.
ئامانجی مرۆڤ ئەبێت ئەوە بێت کە لە بەرامبەر تاڵ و سوێری و زەحمەتەوە چۆک دانەدات. سەرەڕای ئەوەش شوپێنهاوێر لە گەڵاڵەی روانگەکانی فەلسەفی خۆیدا لەو فەیلەسووفانەی مێژووی فەلسەفە دێتە ئەژمار کە سەرەکی ترین تایبەتمەندی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بە زمانێکی ساکار روانگەکانی گەڵاڵە دەکات.
لە هەر رەستەیەکی شوپێنهاوێردا، ئازار و ئێشی مرۆڤی چەوساوە و وێنایەک لە کۆمەڵگای بەرەو هەڵدێر رۆشتوو دەبینرێت. جگە لە فەلسەفەی ژیان‌، ئەو یەکێک لە پێشڕەوەکانی فەلسەفەی ئیگزیستانیسالیزم و دەروونناسی دێتە ئەژمار، ئەو دەڵێت: ئاواتەخوازم کە ئێش و ئازاری هەموو گیانلەبەران رۆژێک کۆتایی پێ بێت.
شوپێنهاوێر یەکێک لە بنەما دارێژەکانی میتافیزیکی ڤۆلۆنتاریزم ( ئیرادە گەرایی - بڕوا بەوەی کە هێزی ویستی مرۆڤ لە بەدیهێنانی هەر داخوازیەکدا دەوری گرینگ و سەرکی دەگێڕێت) دێتە ئەژمار. بە پێی روانگەی ئەو، ئیرادە بنەمای راستەقینەی تەواوی راستییەکانە، تەنانەت رۆڵێکی سەرەکی‌تر لە عەقڵ دەگێڕێت، ئیرادە جگە لەوەی کە هێزی وەگوڕ خستنی مرۆڤە بەڵکوو رۆڵی هێزی بەرەوە پێشەوە چوونی سروشتیش دەگێڕێ، ئیرادە و داخوازیەکانی مرۆڤ، دوو تەوەری عەقڵ بێزن. دەبێت ئاماژە بەوەش بکرێت کە لە فەلسەفەی شوپێنهاوێردا، ئیرادە جارێک بە مانای هێزی وزەی ئاسایی، و جارێک بە مانای نەست و بەئاگا بوونە. ئەو بنەما و هۆکاری هەموو ئازارەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ ئیرادەگەرایی، سەرەڕای ئەوەی کە بە پێی روانگەی ئەو، مرۆڤ توانایی ئەوەی هەیە بۆ پووچەڵ کردنەوەی داخۆازیەکانی ئیرادە رۆڵی کاریگەری هەبێت.
گەرچی شوپێنهاوێر لە زۆر جێگادا درێژەدەری فەلسەفەی کانتە، بەڵام فەلسەفەی ئەخلاقی کانت، ڕەد دەکاتەوە.
شوپێنهاوێر هەستی هاوخەمی کردن لەگەڵ مرۆڤەکانی دیکەدا بە بنەمای ئەخلاق دەزانێت. ئەو دەیگوت کە بە هۆی هاوخەمی و دەردەدڵ کردن، ئازارەکانی خودی مرۆڤ کەم دەبنەوە و رەها بوون لە تاک‌گەرایی و رەها بوون لە خۆپەرەستین، دەبێتە هۆی ئەخلاق‌گەرایی ، ئازار و هاوخەمی جاری وا هەیە دەبێتە هۆی یەکدەنگی و هاودەنگی مرۆڤەکان و مرۆڤ نەخوازراو دەبێتە بەندە و کۆیلەی داخوازیەکانی خودی خۆی. ئەو دەڵێت تاک‌ گەرایی و خۆخوازی دەتوانن لە هەڵس و کەوتی مرۆڤدا تا ئەو رادەیە کاریگەر بن کە مرۆڤ دەبێت بە مرۆڤێک لێوانلێو لە خوو و رەوشتی حەیوانی.
شۆپێنهاوێر بە رەخنە لە جیهانی ناعادڵ، دەنووسێت: ئەو کەسەی! کە ئاوەها جیهانێک درووست بکات، من نامەوێ لە جێگای ئەو بم، چونکوو بێ توانایی ئاوەها کەسێک دڵی مرۆڤ پڕ دەکات لە ئازار.
ئەو هەر وەک کانت دەڵێت کە راستیەکان بەرهەمی تێڕوانین و وێنای ئێمەن. ئەو تێدەکۆشا روانگەکانی کانت بە زمانێکی سادە و ساکار بڵێتەوە، و دەیگوت: جیهان تێڕوانینی منە.
لە بەر ئەوەی کە شوپێنهاوێر درێژەدەری هەندێک لە روانگەکانی کانت بووە، کەسانێک ئەو دەخەنە ریزی ئایدیالیزمەکانی ئەڵمانیا. بە پێچەوانەی فەیلەسووفە بەناوبانگەکانی سەردەمی خۆی کە بە شێوەیەک لە ئایینیەوە دەستیان پێ کردبو، ئەو لە پانتایی عیلمەوە دەست پێ کردبوو. ئەو جگە لە کانت وئەفلاتوون لە ژێر کاریگەری بوودیسم و ئایدیالیزمی ئەڵمانیدا ( دوو کەس لە وێنەی فیشتە و شلینگ ) بوو. جگە لە نیچە، بێرگسێن لە بازنەی فەلسەفەدا- و فرۆید لە زانستی دەروونناسیدا دەڕۆنە ژێر کاریگەری روانگەکەنی شوپێنهاوێرەوە.
فەلسەفەی شۆپێنهاوێر لە سەر ئەدەبیاتی مودیرن‌( تۆماس مان ) و مۆسیقای واگنر و لە سەر شێوەکاریش کاریگەریەکی ئێجگار زۆری بووە. ئەو یەکێک لە دژبەرانی ئازادی ئیرادە بووە. ئەو جگە لە لایەنگری لە ئەفلاتوون، ئەرەستوو، کانت، و فەیلەسووفە دڕدۆنگەکانی بەریتانیایی، دژایەتی راستەوخۆی لە روانگەکانی هێگل و لایبنیتز دەکرد. دژایەتی لەگەڵ هێگل‌دا تا ئەو رادەیە بەرەو پێش دەچێت کە زۆر جار دەچێتە بازنەی شەڕە جوێنەوە.
جیهانێک کە بە رواڵەت دەیبینین، شوپێنهاوێر بە " وێنا" ناوزەدی دەکات. ئەو دەڵێت کە هیچ دیتنێک بە بێ زەین – و هیچ زەینێک بە بێ دیتن، نابینرێت و جیهان لە وێنەی وێنایەکە، بنەمای جیهان لە وێنەی ئیرادەیە - بە پێچەوانەی روانگەی زۆربەی فەیلەسووفەکان – و ئیرادە بەرهەمی ناسین نییە بەڵکوو بە تەنیا و سەربەخۆیە.
ئەو ئیرادە بە سەرچاوەی هەموو داخوازیەکان، لایەنگریەکان، مەیلە دەروونییەکانی دەزانێت و لە سەر ئەو رایە بوو کە فەلسەفەکەی بووە هۆی ئەوەی کە بینراو لەگەڵ زەین‌دا بگەنە یەک. ئەو لە هەڵس وکەوتەکان و پانتایی‌گەلێک لە وێنەی : دیتن، هیوا، تێکۆشان، لایەنگریەکان، ئازار، هزر، وێنا و ... دا ئیرادە و داخوازیە مرۆییەکانی دەبینی.
شۆپێناوێر لە پانتایی ناسین‌دا، رۆڵی هونەر لە پەنای زانست و فەلسەفەدا، بە کاریگەر دەزانێت، لە سەر ئەو بڕوایە بوو کە ئیرادە و داخوازیە بێ جێگەکان زەخت دەخاتە سەر مرۆڤی بە ئاگا و هەر ئەوەیە کە بەرەو هونەر و ئەخلاق دەروات.
شۆپێنهاوێر لە پێوەند لەگەڵ هونەردا دەنووسێت: لێهاتوویی، شتێک نییە جگە لە دەرەوەگەرایی بە تەواو مانا.
ئە مرۆڤ بە تەنیا گیانلەبەرێک دەزانێت کە لە مەرگی خۆی بە ئاگایە و لە زمانی " بوودا "وە دەیگوت : شیوەن و زاری لە ژیاندا بە هۆی : مەرگ، پیری، نەخۆشی، و ئازاری بەردەوامە، و ئازادی و قوتار بوون لە ئازار، بە هۆی وەڵامی هەبوون بە داخوازیەکان،ئیرادە و نەستەوە بە ئەنجام دەگات.
ئەو عرفان بە هۆکارێکی کاریگەر و یارمەتیدەر بۆ نەجات لە ئێش و ئازارەکان پێناسە دەکات و لە وێنەی بوودیستەکان گەیشتن بە ئاستی " نیروانا " دەبەستێتەوە بە، لە بەرچاو نەگرتنی ئیرادە و حەزەکان، و لە وێنەی قوتابیەکانی مەسیح و بودا، باسی لە بێ ئاکام بوونی هەبوون لە سەر گۆی زەویدا دەکرد.
سەرچاوە:
ن: سارا ئەرمەنی http://www.mashal.org/content

 ئەم بابەتە لە ژمارەی (42)ی پاشکۆی " کاکێشان "ی رۆژنامەی کوردستانی نوێ‌دا چاپ کراوە