۱۳۹۰/۰۵/۲۱

برۆکراسی و روانگەکانی ماکس ڤیبەر



برۆکراسی و روانگەکانی ماکس ڤیبەر
و : جەمشیدبەهرامی


زۆر جار دەبینین لە دایەرەکان و دام و دەزگا حکومیەکاندا بۆ راپەڕاندنی ئەرکە ئیداریەکان هاتوو چوویەک بە هەموان دەکرێت، هەموو کەسێک ئەو هاتووچۆیە  ئەزموون دەکات، و بە شێوەیەک لە شیوەکان هەر تاکێک بەروڕووی بروکراسی دەبێتەوە.
رێژەیەکی زۆر لە کۆمەڵگادا، بروکراسی بە ئەرکێکی هەڵە و نەشیاو دەزانن، لە راستیدا بەو چەشنە نییە. فەلسەفەی پێکهاتنی پێکهاتەی بروکراسی هەر لە سەرەتاوە بە ئامانجی رێکخستن و ئامانجدار کردنی ئەرکەکان و خزمەتگوزاریەکی شیاو لە پێکهاتەیەکی ئیداریدا بووە، بە پێچەوانەی تێگەیشتنی نگەتیڤی ئەم کردەیە لە کۆمەڵگا و پێکهاتەی ئیدارەیی نەخۆشدا، پرۆسەی بروکراسی لە راستیدا جۆرێک روون‌کردنەوە و بە بەڵگەکردنی خزمەتگوزاریەکان و پێناسەکردنی ئەرکە ناوەکی و دەرەکیەکانی پێکهاتەی ئیداری بووه.
بە گەشە سەندنی چالاکیەکانی کۆمەڵاتی و ئابووری، رێکخستنی یاسا و ریساکانی بورۆکراتیک، زۆر هەستیارتر خۆ دەنوێنن.
بروکراسی بەرهەمی پێکهاتە سیاسیەکانی هەر کۆمەڵگایەکە کە ساکاری یان ئاڵۆزیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بنەما جیاوازەکان لە وێنەی، دارایی، هێز، ریژە، وڵات و هۆکارگەلێک لەو چەشنە. لەم سەردەمدا تەنانەت روانینی دەسەڵاتدارانیش لە دەست‌ نیشانکردنی هۆکارە سیاسیە کانی پێکهاتەی بروکراسی‌دا کاریگەرە. (بۆ درێژەی بابەت لیرە کرتر بکە) 

بنیاتنەری روانگەی نوێ سەبارەت بە بروکراسی، ماکس ڤیبەر کۆمەڵناسی ئەڵمانیاییە، کە هەبوونی بروکراسی بە وێنای فەرمی رێکخستنی ناوچەکە دەزانێت. بروکراسی لە ئەمڕۆدا بریتیە لە پێکهاتەی ئیداری و توێژی بەرپرسی پێکهاتە و بە تایبەت دام و دەزگا حکومیەکان؛ لە کۆدا بە مانای حکومەتی فەرمانبەران بە شێوەی رێکخراوەیەکی پتەوە.
بروکراسی لە وێنەی یەکێک گرنگترین سەرچاوەکانی دەسەڵاتی هەر کۆمەڵگایەکە و دەتوانرێ بە وێنای دەسەڵاتی عەقل و مەنتیق شیمانە بکریت. ئەم پێکهاتەیە بەربەستێکە لە بەرامبەر هەستە تاکیەکاندا، کاتی وا هەیە ئەو هەستە تاکیانە بۆ بڕیارە ئیداریەکان و تەنانەت نەخشە دارێژان بو یاساکان و سیاسەتی گشتی کۆمەڵگای مرۆیی‌دا خۆ دەنوێنێن، لە کۆدا بروکراسی بەر بەو هەستانە دەگرێت و لە هەمان کاتیشدا دەتوانێت لە وێنەی چەکێکی وێرانکەر بێت و بە پێچەوانەی بەرژەوەندیەکانی خەڵکدا بهێنرێتە کایەوە.
بە رای ڤیبەر، بروکراسی لە رووی پۆزۆتیڤەوە، هۆکاری سەرەکیە بۆ سەرکەوتنی پێکهاتەی دەسەڵاتەکان لە جیهاندا، بروکراسی نوێ لایەنی نگەتیڤیشی لێ بینراوە کە بریتیە لە پچڕانی ئەرکەکان لە چوارچێوەی بڕیاڕ و بڕیاڕدەرانی زیادە لە حەد، و گەندەڵی، تامەزرۆیی بۆ پەرەپێدانی دەسەڵاتی دام و دەزگاکان و باڵکیشان بە سەر لایەنە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیدا.
ئەم لایەنانەی بروکراسی کە زۆر جار لە لایەن هونەرمەندان و رەخنەی گرانی سیاسیەوە دەکەونە بە رەخنە، بە " گەندەڵی ئیداری " ناوزەد دەکرێت. ماکس ڤیبەر سەبارەت بە بروکراسی و پێوەندی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا دەڵێت: " بروکراسی پردێکە کە لە نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگادا دەبێت بە واستە، کۆمەڵگا بریتیە لە کۆمەڵانی خەڵک بە بەرژەوەندی جیاوازەوە، دەسەڵات پارێزەری بەرژەوەندیە گشتیەکانی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگایە بە بێ جیاوازی ".
ماکس ڤیبەر، بروکراسی بە دەزگایەکی خاوەن پلە و پایە، لە خوارەوە بۆ سەرەوە پێناسە دەکات کە بە پێی ئەمە، ئەرکەکانی فەرمانبەران، کارمەندان و پێوەندی ئەوان لە هەمبەر یەکدا بە پێی رێسا تایبەتەکان دەست نیشان کراوە. لەم سەردەمەدا بروکراسی ئامرازێکی گونجاو و کاریگەرە بۆ ئامانجەکانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی، کە لە ئاکامی گەشەیەکی زۆردا، بووە بە هێزێکی تایبەت.
یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندیەکانی بروکراسی، سەرهەڵدانی پلە و پایەی سیاسی لە رەوتی زانیاری و بڕیاردان لە سەرەوە بۆ خوارەوە لە وێنەی بڕیاڕی سەرەکی و وجودی فەرمانبەرەکانە. لەم سەردەمەدا ئەوەی کە بیرمەندانی سیاسی سەرقال کردووە، سەرهەڵدانی بروکراسیە لە وێنەی توێژێکی نوێ کە هێزی سیاسی بە دەستەوەیە. ئەم روانگەیە بە کتێبی " توێژی نوی " بەرهەمی میلوان جیلاسەوە هاتە ئاراوە. جیلاس لەم بەرهەمەدا لە سەر ئەو بڕوایە کە یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو و وڵاتانی کمۆنیستی دیکە، تویژی نوێ بە دەسەڵات دەگات، کە دەسەڵاتی سیاسی بەس بە تەنیا لە دەستی ئەودایە و ئەمە بروکراسیە.
بەر لە جیلاس ترۆتسکی بروکراسی لە یەکیەتی سۆڤیەتدا لە وێنەی توێژێکی نوێ پیناسە دەکات کە بە ئامانجەکانی شۆڕش خەیانەتی کردووە.
بە بڕای ڤیبەر یەکێک لە هۆکارەکانی ئاڵ و گۆڕ لە کۆمەڵگای نەریتیدا گەشە و بڵاوپێدانی عەقڵانیەت و بروکراسی بە پێی نەریتە گونجاوەکان و یاسایە. 
گرنگترین وێنای بە عەقلانی بوون لە مێژووی رۆژئاوادا سەرهەڵدانی بروکراسی عەقڵانیە، کە لەوێوە بۆ وڵاتانی دیکە تەشەنەی کردوە. شارستانیەتی رۆژئاوا لەم روانگەیەوە لە بەرامبەر شارستانیەتە کۆەکانی دیکەدا گرنگترە و ئەرکەکان بە شێوەیەکی رێک و پێک و خێرا جێ بە جێ دەکات. هۆکاری سەرەکی گەشەی ئەم عەقڵانیەتە دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی پێکهاتەی یاسایی عەقڵانی، گەشەی ئامرازەکانی پێوەندی و ئاڵ و گۆڕی فیکری بەرەو حەزەکانی دونیای لە ئایینی پرۆتستاندا.
لە دەسەڵاتدار و سیاسەتی بروکراتیکدا پێوەندی نێوان یاسا و جێ بە جێ کردنی یاسا پێوەندی بە تاکەوە هەیە. یاسا و سەردانەواندن لە بەرمابەر یاسادا، نە بە پێی داب و نەریتە کۆنەکانە و نە بە پێی تایبەتمەندیە تاکیەکانە، بەڵکوو بە پیی نەریتە گونجاوەکانی یاساییە.
لە بروکراسی مودێرن‌دا لێهاتوویی و زانستیی بوونی تاکەکان جێگایەک بۆ بەڵێنی نەریتی و تاکی و خزمایەتی ناهێڵنەوە و بە پێی رێساکانی یاسایی نێوان پلە و پایەدا جیاییەک هەیە و پلە و پایە مڵکی کەس نییە و لە کەسێکە وەک میرات بۆ کەسێکی دیکە بە جێ نامێنێت.
جۆری بروکراسی بە پێی ئەو پێوەرانەی کە بۆ تەعین‌کردن و دامەزراندن دابین دەکرێن، دیاری دەکرێت بۆ وێنە ئەگەر بنەما بۆ دامەزراندن  لێهاتوویی و رادەی خوێندن بێت، ئەمە بە " پلە و پایەی لێهاتوویی " ناوزەد دەکرێت. ئەگەر لە سەر بنەمای عەداڵەت و ویژدان بێت، " بوروکراسی باکانە " و ئەگەر لە سەر بنەمای واستە و پێوەندی بێت بە " بروکراسی واستەیی " ناوزە دەکرێت.
بروکراسی جگە لە ئاکامە گەندەڵەکانی، دەبێتە هۆی بەخشینی بەرژەوەندی گشتی، و بەڕێوەبەری لە لایەن کەسە لێهاتووەکانەوە. بە واتایەکی دیکە بروکراسی دەبێتە هۆی بەڕێوەبەریەکی سیستماتیک و زانستی، کە بۆ کونتڕۆڵی ئەرکەکان یارمەتیدەر دەبێت و تەنیا سیستەمێکە کە پێکهاتەگەلی گەورە و ئەمپراتووریە پیشەییەکان لەگەڵ ئەودا دەتوانن درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن؛ سەرڕای ئەمانە خەسارەکانی بروکراسی کەم نین.
لە بەرچاوترین خەسارەکانی بروکراسی هاتووچۆی ئیداریە. لەم سیستەمی ئیداریەدا کتابەکان و وەرەقەکان زۆر بە خاوی بەرەوە پێش دەڕۆن و دەبنە هۆی ئەوەی کە بڕیاردان لە سەر بابەتێک، ماوەیەکی زۆری پێ بچێت و کاتێک کە بڕیار دەدرێت چیتر بابەتەکە ئەو گرنگایەتیەی پێشوی نییە. لە بروکراسیدا، پلەکانی سەرەوە دەتوانن بە دڵخواز، لە دەسەڵاتی خۆیان گەندەڵی بکەن.

لە بروکراسیدا، داهێنانەکان دەبنە قوربانی ئیشەکانی رۆژانە و دووبارە، دووبارە بوونەوە لە خەسارە سەرەکیەکانی بروکراسیە. یەکێک لە بەربەستەکانی رەوتی گەشە لە وڵاتانی دواکەوتوودا دەگەڕێتەوە بۆ بروکراسیەک کە لەو وڵاتانەدا رەچاو دەکرێت. بۆ باشتر کردن دۆخی ئەو وڵاتانە دەبێت، دامەزراندن و تەعینەکان بە پێی لێهاتوویی و کارامەییەوە بێت، بروکراسی دەبێت بە تەواو مانا لە ژێر چاوەدێری کاربەدەستانی سەرەوەی حکومەتدا بێت تا کوو بەرەو ئامانجی دیاریکراو بڕواتە پێش، دەبێت تریبۆنێک بۆ پیاچوونەوە بە شکایەتەکان و گلەیی و گازەندەکان رەچاو بکرێت و لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە دەبێت چاوەدێری هەمە لایەنە بێت، ئەوەی کە لە زۆربەی وڵاتەکانی روو لە گەشە یان لانی کەم لە وڵاتانی دواکەوتوودا بەدی دەکرێت
.
رێگاکانی بەربەرەکانێ لەگەڵ بروکراسی نگەتیڤدا بریتیە لە بچوک کردنەوە و کارامە کردنی حکومەت، کەم کردنەوەی بوجە، سەربەخۆیی بانکەکان و ... کە بە بەرنامەدارشتنێکی پوخت و کارناسانە بە ئەنجام دەگات.
ن:
عەليڕەزا شوجاعيان
روژنامەی اعتماد، ژماره1161، 24/4/85 ، لاپەڕەی 8 
(ئەنديشه)
ئەم بابەتە لە ژمارەی (40)ی پاشکۆی " کاکێشان "ی رۆژنامەی کوردستانی نوێ‌دا چاپ کراوە