۱۳۹۱/۰۷/۱۸

هه‌ڵوێسته‌یه‌ک بۆ سه‌ر شانۆی سه‌ر شه‌قام له‌ کوردستان


جەمشید بەهرامی - مەسعوود فەتحی
هه‌ڵوێسته‌یه‌ک بۆ سه‌ر شانۆی سه‌ر شه‌قام له‌ کوردستان
سازدانی دیمانە: مه‌سعود فه‌تحی

ئاماژه‌: سه‌باره‌ت به فستیڤالی نێونه‌ته‌وه‌یی شانۆی سه‌ر شه‌قام و به‌ گشتی هونه‌ری شانۆ و شانۆگه‌ری له‌ کوردستان وتووێژێکمان له‌ گه‌ڵ به‌ڕێز جه‌مشید به‌هرامی شاره‌زای بواری شانۆ سازداوه‌ که‌ سه‌رنجی خوێنه‌رانی بۆ راده‌کێشین.

پ: مێژووی شانۆی سه‌رشه‌قام له‌ کوردستان بۆ چ ساڵگه‌لێک ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟ پرشنگدارترین ساڵه‌کانی ئه‌و چالاکیه‌ هونه‌ریه‌ چ ساڵانێک بوون؟هه‌روه‌ها ئێوه‌ شانۆی سه‌رشه‌قام له‌ ئێران به‌ گستی و له‌ کوردستان به‌ تایبه‌تی، هه‌م له‌بواری که‌یفی و هه‌م له‌ بواری رێژه‌ یان که‌میه‌ت له‌ چ ئاستیكدا ده‌بینن ؟
و: بێگومان رۆژهەڵاتی کوردستان زووتر لە پارچەکانی دیکەی کوردستان ئاوڕی لە شانۆی سەرشەقام داوه‌ته‌وه‌. هەڵبەت دۆخی شانۆ لە باکوور کوردستان تا رادەیەک جیاوازترە.
هەرچەند شانۆی سەرشەقام لە جیهاندا مێژوویەکی لێکنەپچڕاوی هەیە و دەستپێکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی حەڤەده‌ی و هەژدە لە کاتی سەرهەڵدانی کۆمێدیای دیلارتە لە ئیتالیا، کە لە سەدەی بیست و یەکدا بە لووتکە دەگات، بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و لە کوردستانیشدا بە تایبەتی وەک جۆرێکی شانۆیی نوێ پێناسە دەکرێ.
هەروەها کە ئاماژەم کرد لە کوردستاندا، رۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێشخەر بووە لە شانۆی سەرشەقامدا، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئاڵ و گۆڕە شانۆییەکانی شانۆکارانی کورد لەگەڵ شانۆکارانی نەتەوەکانی دیکە لە ئێران و ناوەندی ئێراندا. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)
شانۆی سەرشەقام لە رۆژهەڵاتی کردستاندا لە ساڵەکانی دوای ۱۹۹۰ ـەوە هێدی هێدی دەست پێدەکات، و بە هەوڵی شانۆکارانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتی شانۆکارانی مەریوان، بە هاتنە ئارای فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان، لە ئاخری دەیەی ۹۰ ـەوە گەشە دەکات.
ناتوانم ساڵێکی تایبەت وەک لوتکەی شانۆی سەرشەقام دەستنیشان بکەم، بەڵام بە ڕای من لەو کاتەوە کە فستیڤاڵی شانۆی مەریوان لە فستیڤاڵێکی ناوچەییەوە بوو بە سەراسەری(واتە سەراسەری ئیران) واتە ساڵی ۲۰۰۵ بە دواوە، و دواتریش بوو بە فستیڤاڵێکی نێونەتەوەیی، شانۆی سەرشەقام بەردەوام لە گەشەدابووە، و ئێستە لە لووتکەدایە.
پرسنگدارترین ساڵەکانی شانۆی سەرشەقام ئەم ساڵانەی دواییە کە فستیڤاڵ بووە بە فستیڤاڵێکی نێونەتەوەیی. نابێ ئەوەمان لە بیر بچێ کە بە هۆی تایبەتمەندییەکانی خانەخوێ بوون بۆ شانۆکارانی کورد، هەر ساڵەو چەندین بەرهەمی شانۆی سەرشەقامی شانۆکارانی کورد لە فستیڤاڵی مەریوانەوە هەڵدەبژێردرێ بۆ فستیڤاڵی نێونەتەوەیی فەجر، کە ئەمە هەلێک دەخاتە بەردەم شانۆکارانی کورد کە ئەزموونی زۆرتر بکەن، کە پێشتر لە بەشی شانۆی سەحنەیی(واتە مەسرەحی) زۆر دەگمەن شانۆکارانی کورد ئەیانتوانی بەشداری لە فستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی فەجردا بکەن.
شانۆی سەرشەقامی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێراندا لە ئاستێکی زۆر باشدایە، ئەوەی کە مەریوان وەک بنکەی هەمیشەیی و پێتەختی شانۆی سەرشەقام لە ئیراندا دیاری کراوە و ناسراوە، شتێکی بە هەڵکەوت نییە، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ بەرز بوونی ئاستی هونەریی شانۆکارانی کورد لە ئاست شانۆکارانی نەتەوەکانی دیکە لە ئێراندا.

پ: کاریگه‌ری به‌ڕێوه‌چوونی فستیڤاڵێکی ئاله‌م چه‌شنه‌ که‌ به‌شداری هونه‌رمه‌ندانی به‌شێک له‌ وڵاتانی ئوروپاییش یه‌کێک له‌ خاله‌ به‌هێزه‌کانیه‌تی، بۆ شانۆ و شانۆگه‌ری له‌ کوردستان چ ده‌بێ؟ ئایا شانۆگه‌ریی کورد خۆی وه‌ک خانه‌خوێیه‌کی شیاو به‌ میوانه‌کانی فستیڤاڵ ناساند؟
و: بانگهێشت کردن و بەشداری کردنی رێژەیەکی هونەرمەندی زۆر جگە لەوەی کە لە رووی ئابوورییەوە بۆ خەڵکی کوردستان باش دەبێت، لە روانگەی تووریستیشەوە کوردستان و سرووشتەکەی نەک خەڵکانی ئێرانی بگرە خەڵکانی ئورووپاییش بۆ لای خۆی رادەکێشێ. لە لایەکی دیکەشەوە کاتێکی بینەری ئەو شانۆیانە بە عام خەڵکی کوردستانن کاریگەریشی لە سەر ئاستی زانیاری و تەنانەت بیروبۆچوونی خەڵکی ئاساییەوە دەبێت، لەو روانگەیەوە لانیکەم دەبێتە هۆی بەرز بوونەوەی ئاستی روانین بۆ هونەر لە نێو کۆمەڵگای کوردستاندا.
بێرتوولت برێشت کەڵە شانۆکاری ئاڵمانی دەڵێت: « کاتێک دەتەوێ ئاستی کەلتووری هەر نەتەوەیەک بزانیت بڕۆ ئاوڕ لە شانۆکەی بدەرەوە»، واتە شانۆ دەبێتە هۆی گەشەی کەلتوور لە کوردستاندا و بێگومان فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامیش مزگێنیده‌ری داهاتوویەکی گەشە بۆ هونەری کوردی.
کاریگەریی بەڕیوەچوونی ئەو فستیڤاڵە لە سەر شانۆکارانی کورد سەدقاتی خەڵکی ئاساییە، لانیکەم هەلی ئەوە دەخرێتە بەردەم شانۆکاری کوردەوە کە بە بینینی شانۆی گرووپە ئورووپاییەکان لەگەڵ شانۆی هاوچەرخی جیهانیدا ئاشنا بێت و بەراوردێک بکات لەگەڵ ئاستی بەرهەمەکانی خۆیدا.
لە لایەکی دیکەوە فستیڤاڵ دەتوانێت ببێته‌ جێگایەک کە شانۆکارانی کورد بتوانن لەو رێگایەوە بە ئاشنا بوون لەگەڵ گرووپەشانۆییەکان و راگۆڕینەوە لەگەڵ شانۆکارانی ئورووپاییدا، جگە لەوەی کە ئاستی بەرهەمەکانیان لە پارادیمەکانی شانۆی هاوچەرخی جیهانی نزیک بکەنەوە، بگرە شانۆکارانی کورد دەتوانن وەک ئامرازێک کەڵک لەو فستڤالانه‌ وەرگرن بۆ ئەوەی کە دەرگای ئەوەیان لی بکرێتەوە کە بتوانن بەشداری فستیڤاڵه‌ نیونەتەوەییەکان بن.
بێگومان ئەگەر کوردستان و خەڵکی سیڤیلی کورد زۆر بە باشی ئاوڕی لە فستیڤاڵ نەدایەتەوە،و وەک خانەخوێەکی شیاو خۆی نەسەلماندایە، ئەم چەند ساڵە فستیڤاڵ بەردەوام نەدەبوو.
ئەوەی کە لە شانۆی سەرشەقام دا زۆر گرینگە ئەوەیە کە مەودای نێوان شانۆکار و بەردەنگ لەو جۆرە شانۆییەدا بە کەمترین ئاست دەگات و زۆر جاریش لەوانەیە مەبه‌سەتی شانۆ ئەوە بیت کە بەردەنگیش وەک دەورگێڕێک بهێنێتە نێو شانۆکەی، کە وایە ئەگەر خەڵکی کوردستان وەک بە دەنگێکی شیاو و پڕۆفشناڵ ئاوڕێ لە شانۆ نەدایەتەوە تا ئەو رادەیە فستیڤاڵ بەردەوام نەدەبوو.
پ: ئه‌و شانۆگه‌له‌ی که‌ به‌ڕیوه‌ چوون هه‌ڵگری چ په‌یامگه‌لێک بوون؟ کاریگه‌ریان له‌ سه‌ر دیارده‌کان تا چ راده‌یه‌ک ئه‌رێنی ده‌بێ؟
و: بە پێی یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شانۆی سەرشەقام، کە لە ناوەرۆکدا شانۆیەکی ئیعترازییە لە هەمبەر پرسە هەنووکەییەکانی کۆمەڵگاو، هەر بۆیە کۆمەڵێک لە بەرهەمەکان کاریگەری ئەرێنی و راستەوخۆیان لە سەر بینەر واتە بەردەنگ دەبێت.
یەکێک لە رەخنەکانی من لە فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان ئەوە بووە کە بەشێک لە بەرهەمەکان، شانۆی سەرشەقام نین، و نەک شانۆیەکی دەرەکی(واتە شانۆیەک کە لە دەرەوەی هۆڵی شانۆدا بەڕێوە بچێت) بەڵکوو راستەوخۆ شانۆی سەحنەیین و لە سەرشەقام‌دا بەڕێوە دەچن، کە پێم وانییە ئەو بەرهەمانە کاریگەریەکی ئەوتۆیان لە سەر بەردەنگ دەیان هه‌بێت.
من پێشتریش باسم کردوە، کە شانۆی سەرشەقام شانۆیەکی دەرەکییە، بەڵام هەر شانۆیەکی دەرەکی شانۆی سەرشەقام نییە. بەشێکی دیکە لە بەرهەمەکان دروستە کە شانۆی دەره‌کین، بەڵام شانۆی سەرشەقام نین، بۆ وێنە بەشێک لە شانۆکانی بەشداربووی فستیڤاڵ، شانۆی نەریتی یان شانۆی ئایینین، کە پێم وایە شانۆ ئایینیەکان بە رادەی شانۆی سەرشەقام کاریگەریان لە سەر بەردەنگ(واتە خەڵکی کوردستان) نابێت، لە لایەکی دیکەشەوە شانۆ نەریتییەکان لە سەر شەقام‌دا لە لایەن بەردەنگەوە وەڵامی پێویستیان پێ نادرێتەوە.
بەڵام یەک خاڵ کە زۆر بەگرنگی دەزانم ئەوەیە کە؛ لە بەڕێوە چوونی ئەو فستیڤاڵەدا نابێت سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییش لە بەرچاو نەگرین، من بۆ خۆم چەندین ساڵ بەشداری ئەو فستیڤاڵە بووم و لە بازنەی شانۆ لە ئێراندا تا رادەیەک ئاگاداری سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی هەم، بە دڵنیایەوە بەشێک لە شانۆکان لە راستای سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیدایە کە بەداخەوە تاقمێک لە شانۆکارانی کوردیش هەن کە دروست لە راستای ئەو سیاسەتانەدا هەنگاو هەڵدەهێنن، بۆ وێنە شانۆکارانێک بەدی دەکرێن کە ئەندامی هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامین و زۆر روونیشە کە دەسەڵاتە ئەمنییەتەکانی کۆماری ئیسلامی تەنانەت لە سەر سەرکەوتووەکانی فستیڤاڵیش کاریگەریان هەیە، و ئەم دیاردەیە زۆر جار بووەتە هۆی ئەوە کە تەنانەت ئەندامانی دەستەی هەڵبژاردنی بەرهەمە سەرکەوتووەکانی فستیڤاڵ، ناڕەزایەتی دەڕببڕن.
لە فستیڤاڵی ساڵی ۲۰۰۸دا، لە شەوێک پێش رێوڕەسمی کۆتایی فستیڤاڵی سەر شەقامی مەریواندا لە کاتێکدا کە دەستەی هەڵبژاردنی بەرهەمەکانی فستیڤاڵ بە بێ ئاگاداری هونەرمەندان خەریک بوون بەرهەمە سەرکەوتووکانیان هەڵدەبژارد، کە لە رێوڕەسمی بەیانیدا خەڵات بکرێن، بە هۆی ئەوەی کە هێزە ئەمنیەتییەکان راستەوخۆ دەچنە نێۆ کۆبوونەوەکەیانەوە و ئیزنیان نەدابوو بە کۆمەڵێک بەرهەم کە بخرێنە نێو بازنەی هەڵبژاردنەوە و هەروەها هەوڵیان دابوو کە کەسانێکی دیاریکراو لە هەڵبژێردراوەکانی فستیڤاڵ بن؛ «فەرهاد ئاییش» یەکێک لە ئەندامانی دەستەی هەڵبژاردنی بەرهەمەکانی فستیڤاڵ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕێن، سەعاتی ۲ی نیوە شەو رۆشتەوە بۆ تاران و لە رێوڕەسمی کۆتایی فستیڤاڵدا بەشداری نەکرد.
بەداخەوە دەستێوەردانی هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڤستیڤاڵەکاندا وەک دیاردەیەکی لێهاتوە، و ئاست نزمتریش شانۆکاران بە هۆی ئەوەی کە ئەندامی هێزە ئەمنیەتییەکانن، بەردەوام سەرکەوتووەکانی فستیڤاڵەکانن.
کۆمەڵێک فستیڤاڵ بە بنەمای ئایدۆلۆژیکەوە ساڵانێکە کە لە ئێران بە رێوە دەچن، بۆ وێنە فستیڤاڵێک هەیە لە ژیر نێوی « جشنوارە تئاتر دفاع مقدس» لە ئیراندا، لەو فستیڤاڵەدا هەموو بەرهەمە شانۆییەکان دەبێت لە راستای سیاسەتی شەڕخوازانەی کۆمار ئیسلامی دابێت. من پێم وایە، ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ناوی لیدەنێ « دفاع مقدس» واتە بەرگریی پیرۆز!، لە کوردستاندا پێچەوانەی ئەوە بوو، و لەو هێرشانەدا کە بە ناو بەرگریی پیرۆز، کرایە سەر کوردستان، تراژدیای لێکەوتەوە و دەستدرێژی و داگیرکردنی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان بوو، ئەوەی کە زۆر جێگای داخە، بە شێک لە بە ناو شانۆکارانی کورد! بەشداری لە فستڤاڵانەدا دەکەن، بو وێنە هونەرمەندێکی مەریوانی کە بەشداری ئەو فستیڤاڵانە دەکات، هەر لە یەکەم ساڵی فستیڤاڵی سەرشەقامی مەریوانەوە تا ئێستا یەکێکە لە سەرکەوتووەکان، هەر ئەو بە ناو هونەرمەندە ئێستەیش نەیزانیوە هونەر یانێ چی و کارکردەکانی شانۆ چیە؟.

پ: ئێوه‌ له‌ وتارێکدا به‌ ناوی «ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک له‌ شانۆی سه‌رشه‌قام» باستان له‌ به‌ربه‌سته‌کانی به‌رده‌م سانۆ له‌ سه‌ره‌تای مه‌سیحیه‌ت و هاوکات له‌ سه‌ره‌تای هاتنه‌ سه‌ر کاری کۆماری ئیسلامی کردوه‌ (له‌ دوو ئاستی جیاوازدا) هه‌ر وه‌ک ئاگادارن یه‌کێک له‌ به‌شداربوانی فستیڤاڵی نیونه‌ته‌وه‌یی شانۆی مه‌ریوان ‹یارۆسلاڤ سێژکۆفسکی» به‌ره‌گه‌ز له‌هێستانییش باسی له‌ قه‌ده‌غه‌ بوونی سانۆی سه‌رشه‌قام له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌لاتی کۆمه‌نیسته‌کان له‌و ولاته‌ کردوه‌. به‌ بڕوای ئێوه‌ هۆکاری ئه‌م جۆره‌ مامه‌ڵه‌کردنانه‌ له‌ گه‌ڵ هونه‌ری شانۆگه‌ری بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟ یان با بڵێین شانۆ چ مه‌ترسیه‌کی بۆ سه‌ر ئه‌و جۆره‌ ده‌سه‌لاتانه‌ هه‌یه‌؟
و: پرسێکی گرنگ لە پانتایی شانۆدا هەیە بە نێوی شانۆی سیاسی، پێشتریش باسم لەوە کردوە، لێکۆڵەرێکی زانستی شانۆ بە ناوی «زیگفرید میلشینگێر» کۆمەڵێک باسی چڕ و پڕی هەیە لە سەر شانۆی سیاسی. ئەو لە سەر ئەو بڕوایەیه‌ کە؛ «لە هیچ سەردەمێکدا ناتوانی شانۆیەک دەستنیشان بکەیت کە شانۆی سیاسی نەبێت». ئەو وتەیە جەخت لە سەر ئەوە دەکات کە شانۆ لە بنەڕەتدا ئەمرێکی سیاسییە.
ئەگەر گەشتێک بە نێو مێژووی شانۆدا بکەیت، هەر لە سەردەمی پیسستراتووسەوە واتە لە یۆنانی کۆن و دواتریش لە سەردەمی نێرۆن، لە رۆمی کۆن و دواتریش سەدە سەرەتاییەکانی زایینی و سەردەمی بە دەسەڵات گەیشتنی مەسیحیەت و سەدەکانی ناوین و... و دواتریش لە سەردەمی دیکتاتۆری ستالین‌دا بۆمان دەردەکەوێت کە شانۆ دروست لە بەرامبەر دەسەڵاتدا وەستاوەتەوە.
هیچ کات شانۆ و دەسەڵات لە بەره‌یەکدا نەبوون، و هەر کاتێک دەسەڵات بانگەشەی ئەوەی کردبێت کە (لە رواڵەتدا) شانۆ لە بەرەی ئەودایە، دروست لە سەردەمی دیکتاتۆرییەکان و دەسەڵاتە تۆتالیتەرەکاندا بووە. هەر بۆیە دەتوانم بە دڵنیایەوە بڵێم لە سەردەمی دەسەڵاتە ئایدۆلۆژیکەکاندا شانۆ نەک ئیزنی جم و جۆڵی پێنەدراوە بەڵکوو بە تەواو مانا لە پەراوێز خراوە. بۆ وێنە دەتوانین ئاماژه‌، بە ساڵەکانی کۆتایی ژیانی ئایسخلیوس لە سەردەمی یۆنانی کۆندا(واتە پێنج سەدە پێش زایین) ئاماژە بکەین کە لە مەنفادا بە سەر دەبات.
شانۆکارانی سەردەمی هیتلەر لە ئاڵمانی نازی‌دا بە کۆمەڵ بۆ ئامریکا کۆچ دەکەن، لەو شانۆکارانە، دەتوانین بە کەڵە تیوریسیەنی پانتایی شانۆ بێرتولت برێشت و قوتابییەکانی بکەین.
کوشتنی فدریکۆ گارسیا لۆرکا یلە شاعیر و شانۆکاری، لە ئیسپانیا لە سەردەمی دیکتاتۆری فرانکۆدا، هەروەها کوشتنی گوماناویی مایرهۆڵد لە سەردەمی ستالین‌دا و... لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیشدا، ئەزموونەکانی دەسەڵاتە تۆتالیترەکان لە هەمبەر شانۆدا دووپات کراوەتەوە، بۆ وێنە خوێندنەوەیەکی ئیسلامی لە هونەر و شانۆی شۆرشی ئیسلامی(هەر وەک دەسەڵاتی ستالین کە ئەبوایە پاڵەوانی تەواوی شانۆکان و چیرۆکەکان کرێکار بوایەت واتە خوێندنەوەیەکی کرێکاری لە شانۆ!)، هەروەها هێشتنەوەی شانۆکاران لە دەستکورتی و هەژاریدا، خولقاندنی دۆخێک کە پرۆفشناڵ بوون لە شانۆدا زۆر زۆر زەحمەت بێت(واتە وەک هونەرمەندێک بژێوی ژیانت لە سەر شانۆ بێت)، دانانی هێڵە سوورەکان و سانسۆڕ و خانەنشین کردنی شانۆکاران و...
ئەمانە ئاماژە بەوە دەکەن کە مەترسیی دەسەڵات لە شانۆ، دەگەڕێتەوە بۆ لایەنی رۆشنگەری شانۆ. بە هۆی ئەوەی کە شانۆ هونەرێکی زیندووە، تەنانەت ئەو گوڕەی تێدا هەیە کە لە سەر پرسە چارەنووس سازەکانی کۆمەڵگادا کاریگەری هەیە.
شانۆکار بە پشت بەستن بە زانستی کۆمەڵناسی و دروونناسی و مێژوو و... دەتوانێت رۆڵێکی ئێجگار کاریگەری لە سەر چۆنیەتی هەلسوکەوتی تەواوی چێنەکانی کۆمەڵگادا بگێڕێت، هەر بۆیە دەسەڵات بەردەوام لەگەڵ کۆمەڵگادا لە پێشبڕکێ دا بووە، دەسەڵاتی دیکتاتۆر قەد ئیزن بە شانۆ نادات کە لە بەرەی کۆمەڵانی خەڵکدا بێت، بەڵام مێژوو ئەوەی راست کردوەتەوە کە ئەو هەوڵانەی دەسەڵاتی ملهوڕ لە هەمبەر شانۆد،ا ئاکامەکەی بەس پێچەوانە بووە و ئەوە شانۆ و شانۆکاران بوون کە لە بەرەی خەڵکدا دژ بە دەسەڵاتی داسەپاو بوون.
پ: وه‌ک دوایین پرسیار، رۆژانی داهاتوو بۆ شانۆگه‌ریی کورد چۆن ده‌بینن؟ ئه‌گه‌ر وته‌یه‌کی تایبه‌تیشتان هه‌یه‌ بفه‌رموون...؟
و: داهاتووی شانۆ لە کوردستاندا،داهاتوویەکی گەش دەبێت، بەڵام بە مەرجێکی زۆر گرینگ، ئەویش ئەویەی کە شانۆکاری کورد لە بەرهەمە شانۆییەکانیدا هاوکات بواری پراکتیک و بواری تیۆریک بباتە پێشەوە و بە یەک رادە بایەخی بۆ دابنێت، یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی شانۆکارانی کورد نەخوێندەوار بوونیانە، بمانەوێت و نەمانەوێت لەم سەردەمەدا کە سەردەمی شۆڕشی زانست و زانیارییە، شانۆ وەک هونەرەکانی دیکە لە رەوتی بە ئاکادمیک بوون و زانستی بووندا گەشە دەکات، جا کە شانۆکارێک بەشی هەرە زۆری بەرهەمەکانی بۆشایی زانستی بێت بە دڵنیاییەوە هه‌ر لە جێگای خۆیدا دمێنێتەوە و گەشە ناکات، هەر بۆیە هیوادارم شانۆکاری کورد وەک پێویست ئاوڕ لە ئەو بۆشاییە بداتەوە.
دوایین قسەیشم روو دەکەم ئەو بە ناو شانۆکارە کوردانەی کە ملیان بۆ سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی داوە، و دڵنیام کەسانی لەو چەشنە ئەگەر وەخەبەر نه‌یه‌ته‌وه‌، لە داهاتووی شانۆ لە کوردستاندا هیچ جێگە و پێگەیەکیان نییە، وەک مامۆستا هێمن گوتەنی:
«
هونەرمەند و ژیانی خۆش مەحاڵە هونەرمەند رەنجەڕۆیە و ژینی تاڵە»
کەڵە هونەرمەندەکان قەد لە پێناو بەرژەوەندی کاتی و پلە و پایەدا، خۆیان نەخستوەتە خزمەت ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت، و تاڵیی ژیان نەبووەتە هۆی پاشگەز بوونەوەیان لە خەبات و بەربەرەکانێ لەگەڵ دەسەڵاتدا، بەڵکو لای هونەرمەندە راستەقینەکان ئامانجی هونەر گرنگترین پرس بووە، ئامانجی هونەر واتە رۆشنگەری و لە بەرەی گەل‌دا بوون.
بە بڕوا بوون بەوەی کە هونەر نابیت لە خزمەتی هیچ ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت و هیچ دەسەڵاتێکدا بیت، هیوادارم ئەو شانۆکارانەی کە لە خزمەتی کۆماری ئیسلامیدان وەخەبەر بێنەوە و لە بەرەی گەلەکەیاندا دژ بە دەسەڵاتی داسەپاو و تۆتالیتەری کۆماری ئیسلامی خەبات بکەن.
هەر رۆژێک بێت دەسەڵاتی داسەپاو کۆتایی دێت بەڵام «هەر هونەر نەمرە و هونەروەر مەرد و رند».
به‌ سپاس بۆ به‌شداریتان له‌م دیمانه‌یه‌دا، سه‌رکه‌وتوو بن
سوپاس بۆ ئێوەش بۆ سازدانی ئێوە دیمانەیە

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

پرۆفایل:
جه‌مشید به‌هرامی ساڵی
۱۹۸۱ له‌ رۆژهەڵاتی کوردستان- شاری مه‌ریوان له‌ دایک بووه‌، ده‌ستپێکردنی کاروباری هونه‌ری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می قوتابخانه و به‌شداری کردبه‌شداری کردوه‌ و کۆمه‌ڵێک خه‌ڵاتی به‌ ده‌ست هێناوه‌.
ئه‌و فستیڤاڵه‌ شانۆییانه‌ی که‌ به‌شداری تێ
نی له‌ فستیڤاڵه‌کانی شانۆی قوتابیان‌ ،به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌کی جیدی ساڵی ۱۳۷۷ واته‌ ۱۹۹۸ ده‌ستی کردوه‌ به‌ شانۆ و له‌ چه‌ندین فستیڤاڵ له‌ ئێراندا دا کردوون بریتین له‌:
فستیڤاڵی شانۆی سه‌رشه‌قامی مه‌ریوان(هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا ساڵی ۲۰۱۰)- فستیڤالی شانۆی پارێزگای کوردستان- فستیڤاڵی شانۆی پاریزگای ئازه‌ربایجانی خۆرهه‌ڵات(تەورێز)- فستیڤاڵی شانۆی کوردی سه‌قز- فستیڤاڵی شانۆی ناوچه‌ییەکانی ئێران- فستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی خوێندکارانی ئێران(۵ جار)- فستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی شانۆی فه‌جری تاران(۶ جار)- فستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی شانۆی بووکڵه‌‌یی(عه‌روسه‌کی) خوێندکارانی ئێران- فستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی شانۆی بووکڵه‌یی(عه‌روسه‌کی) ئێران و ...
ئه‌و کارانه‌ی که‌ له په‌نای شانۆدا سه‌رقاڵیان بووه‌ بریتین له‌:
- ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری ناوه‌ندی که‌لتووی-هونه‌ریی ڤه‌ژین
- به‌رپرسی ده‌سته‌‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی که‌لتووی-هونه‌ری ڤه‌ژین (دوو خول)
- مامۆستای خوله‌ فێرکارییه‌کانی شانۆی ناوه‌ندی که‌لتووی-هونه‌ری ڤه‌ژین
- خاوه‌ن ئیمتیاز و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی گۆڤاری خوێندکاریی «بسک» له‌ زانکۆی مامۆستایانی شه‌هید به‌هشتی تاران
- نووسینی وتار و رخنه‌ی هونه‌ری و ... له‌ گۆڤاره‌ خوێندکارییه‌کان و نێوخۆییه‌کانی رۆژهەڵاتی کوردستان
- ئه‌ندامی لیژنه‌ی بازبینیی شانۆ له‌ مه‌ریوان
- مامۆستای خوله‌ فێرکارییه‌کانی ئه‌نجومه‌نی شانۆی مه‌ریوان

*ئەم وتووێژە له‌ ژماره‌
۵۹۳ی رۆژنامه‌ی "کوردستان" دا بڵاو بۆته‌وه‌


لینکەکانی ئەم بابەتە: 
ئێن ئێن ئێس رۆژ: