۱۳۹۱/۰۷/۱۱

ئاوڕدانەوەیەک لە شانۆی سەرشەقام


جەمشید بەهرامی
شانۆی سەر شەقامی یۆتۆ پیا
ئاوڕدانەوەیەک لە شانۆی سەرشەقام
جەمشید بەهرامی

دنیا تیاتڕۆیە مەوەستە تیا بڕۆ
کێ مایەوە کە نەبووبێ تیا تڕۆ(مەحوی)
شانۆ قەدەغە بکەن چونکوو گەندەڵییەکانی پۆلیس(واتە دەسەڵات) لە قاو دەدات.(ئەفلاتوون)
ئاماژە:
حەوتەمین فستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان ، لە  ٢٨ی سپتامبرەوە تاکوو ٢ی ئۆکتۆبری ٢٠١٢ لە شاری مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە رێوە چوو.
لە لایەکەوە زۆر خۆشحاڵم بە تۆمار کردنی ئەو فستیڤاڵە گەورەیە لە لایەن هونەرمەندانی کوردستانەوە و هەر لێرەوە دەستی یەکە بە یەکەیان دەگوشم، لە لایەکی دیکەوە, ئەوەی کە دوو ساڵە لە فستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان دوورم دەردێکی گرانە. هەر بە هۆی ئەو هەستە نۆستالۆژیکە بڕیارم دابوو کە بە هیچ شێوەیەک لە سەر فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان نەدوێم، بەڵام لەم رۆژانەدا ئەوەندە کەسانی ناشارەزا و ناپڕۆفشناڵم بینی کە بوونەتە لێکۆڵەری شانۆ ناچار بووم کە ئاوڕێک لە شانۆی سەرشەقام و فستیڤاڵەکەی مەریوان بدەمەوە.
لەو بابەتەدا هەڵم‌داوە کە زۆر خۆم لە قەری باسی پرۆفشناڵی لەو چەشنە نەدەم کە بابەتەکە ببێتە بابەتێکی تایبەت و بەس شانۆکاری ئاکادمیک لێی تێ بگات، و لە لایەکی دیکەشەوە هەوڵم داوە بە زمانێکی زۆر سادە کۆمەڵێک تەوەری گرنگ لێک بدەمەوە، هیوادارم ئەمە هەوڵێک بێت بۆ خوێندنەوەی زیاتر بۆ ئەو پرسە هونەرییە.
بۆ لێکدانەوەی گونجاو بۆ ئەو پرسە، پێویستە خوێندنەوەی تایبەتمان بۆ شانۆی سەرشەقام بێت، بەڵام بەداخەوە ژێدەرە زانستییەکانی تایبەت بە شانۆی سەرشەقام لە زمانی کوردی و تەنانەت زمانی فارسی و عەربی و تورکیشدا زۆر کەمن، هەر ئەوە بوەتە سەرلێشێواوی هونەرمەندی کورد( لە جۆری کارکردن و لێکدانەوەی تایبەت بۆ شانۆی سەرشەقام).(بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

بەداخەوە شانۆکارانی شانۆی سەرشەقام لە فستیڤاڵەکانی شانۆ لە ئێراندا بە شانۆکاری بیابانی! ناوزەد کراون، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نازانستی بوونی زۆربەی شانۆکارانی شانۆی سەرشەقام لە ئاست شانۆکارانی دیکەدا.
شانۆی سەرشەقام چییە و سەرهەڵدانەکەی بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟ 
هۆکارەکانی سەرهەڵدانی شانۆی سەرشەقام لە ئیران و کوردستاندا چین؟ 
جیاوازی شانۆی سەرشەقام و شانۆی مەسرەحی(سەر سەحنە) لە چیدایە؟
ئایا هەر شانۆیەک کە لە سەرشەقامدا پێشەکەش بکرێت ئەچیتە پانتایی شانۆی سەرشەقامەوە؟ و...
ئەمانە و کۆمەڵێک پرسیاری دیکە پرسیارگەلێکی گرنگن؛ کە تەنانەت زۆربەی ئەو شانۆکارانەی کە سەرقاڵی شانۆی سەرشەقامن، لێی نامۆن و تەنانەت ناتوان بە شێوەیەکی زانستی بەرگری لە جۆری خولقاندنی بەرهەمەکانیشیان بکەن؛ ئەو نامۆ بوونە دەگەڕیتەوە بۆ یەک خاڵی گرنگ، ئەویش لاواز بوون و فەقری زانستی و نەخوێندوار بوونی زۆربەی شانۆکارانێکە کە لە پانتایی سەرشەقامدا دەست دەدەنە خولقاندنی بەرهەمی هەنەری.
ئەگەر بمانهەوێ ئاماژە بە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی شانۆی سەرشەقام بکەین ناچارین سەرەتا بە گشتی ئاوڕێک لە شانۆ و دواتریش لەو جۆرە شانۆییە بدەینەوە.

چاوخشاندنێکی خێرا بە سەر مێژووی شانۆ لە رۆژئاوادا
دوای بە دەسەڵات گەیشتنی مەسیحیەت، لە سەدەی چواری زایینی‌دا، هێدی هێدی شانۆ لەو گوڕەی جارانی کەوت، ئەو گوڕەی کە زیاتر لە حەوت سەدە بوو، ببووە ئەمرێکی واقع، کە بەردەنگ (واتە بینەر) بۆ بەخۆدا چوونەوە لە ژیانیدا بە پێویستی دەزانی.
بەدەسەڵات گەیشتنی ئایینی مەسیح، بووە هۆی لاواز بوونی هونەر بە گشتی و شانۆ بەتایبەتی، ئەو هونەره‌ی کە لە ئەزموونەکانی پێش خۆی واتە شانۆی یۆنان و رۆمای کۆن کەڵکی وەردەگرت، بەرەو مەحو بوونەوە رۆشت، و لە وێنەی بۆشاییەک لە هزری ناهۆشیاری خەڵکدا مایەوە.
پێش لەو سەردەمەی کە مەسیحیت هەموو کەلەبەرەکانی کۆمەڵگا قۆرغ بکات، لە سەدە سەرەتاییەکانی زایینی‌دا شانۆ بەس ببووە تاک رەهەندی و بەس لایەنی سەرقاڵ کردن و رابوادنەکەی بەرجەستەتر بوو. لە سەدە سەرەتاییەکانی زایینی‌دا، بە هۆی گاڵتە کردنی شانۆکارانی ئەو سەردەمە بە بیر و بڕواکانی ئایینی مەسیح، قەشەکانی مەسیحی فتوای گڵاو بوونی دەورگێڕانی شانۆ(ئەکتەر) و سەرجەم دەست و پیوەندییەکانی شانۆیان دەرکرد. هەر بۆیە دوای بە دەسەڵات گەیشتنی مەسیحەت و خولقاندنی سەدەکانی ناوین لە لایەن ئەو ئایینەوە، شانۆ کەوتە پەرواێزە.
لە سەدەکانی ناویندا، قەشەکانی مەسیحی بیریان لەوە کردەوە کە دەتوانن بۆ گێڕاننەوەی چیرۆکەکانی بە سەرهاتی مەسیح و یارانی مەسیح (واتە حەوارییەکان) لە رێوڕەسمە ئایینیەکانیاندا، لە شانۆ کەڵک وەرگرن و شانۆیەکی ئایینی مەسیحی لە کلیساکاندا پێشکەش بکەن. هەر بۆیە هێدی هێدی شانۆ لە سەدەکانی ناوین‌دا لە کلیساکانەوە سەری هەڵدایەوە. ئامانجی کلیسا لە دەرکردنی ئەو بڕیارە ئەوە بوو کە؛ شانۆ دەبێتە هۆی ئەوەی  چیتر ئایینی مەسیحی لەو وشکیە دەربێت و شانۆ رەنگ و بۆنێکی دیکە دەبخشێتە ئایین، و چیتر خەڵک لەو ئایینە پاشگەز نابنەوە!.
لەو سەردەمەدا تێم و ناوەرۆکی شانۆکان بەس بۆ چیرۆکی پێوەندیدار بە مەسیحەوە تەرخان کرابوو، ژێدەری ئەو شانۆیانەش بەس ئێنجیلە چوارییەکان بوون.
لەو سەردەمەدا ئەو کەسانەی کە لە کلیساکاندا دەرسی قەشەییان دەخوێند(کۆلکە قەشەکان)، لە دوای رێوڕەسمە ئایینیەکان، لاسایی ئۆسقۆفەکان و قەشەکانیان دەکردەوە و هێدی هێدی ئەمە بووە دەستپێکێک بۆ شانۆیەکی کۆمیک؛ دواتر ئەم شانۆیانە بە "جێژنی گەمژەکان " ناوزەد کرا.
جێژنی گەمژەکان لە هەموو ئامرازێک بۆ گاڵتە کردن بە رێوڕەسمەکانی نێو کلیسا، کەڵکی وەردەگرت. دوای ماوەیەک جێژنی گەمژەکان لە ژێرزەمینەکانی نێو کلیساکاندا هاتە دەرەوە و لە حەوشەی کلیساش خۆی هاویشتە دەرەوە.
جێژنی گەمژەکان وەڵامێک بوو بۆ داخوازییەکانی کۆمەڵگایەک کە تا قوڕقوڕاچکەی لە زەلکاوی ئاییندا گیری کردبوو، هەر بۆیە کۆمەڵگا بە بۆ دەرباز بوون لەو زەلکاوە پێویستی بە ئامرازێک بوو کە بەها پیرۆزە ئایینیەکان کەمڕەنک کاتەوە، و جار جارە هەناسەیەکی قووڵ هەڵ بمژێت، ئەو ئامرازەش شتێک نەبوو جگە لە شانۆ.
ئەو جۆرە شانۆیانە بووە دەستپیکێک بۆ گرووپگەلی شانۆیی گەڕۆک، کە ناوەرۆکێکی کۆمیک ببەخشنە شانۆکانیان، و لە سەرانسەری وڵاتە ئورووپاییەکاندا بزە بخەنە سەر لێوی کۆمەڵگای چەوساوە بە دەستی ئایینەوە.
دوای سەدەکانی ناوین و دوای سەردەمی شانۆی نیوکلاسیزم، لە سەدەکانی هەڤدە و هەژدەدا رێ بۆ کومیدیایەک بە نێوی "کۆمیدیا دیلارتە" خۆش دەبێت.
کۆمیدیا دیلارتە، کۆمیدیایەکی ئیتالیایی تیپیکاڵە و کەسایەتییەکان، نێو گەلێکی تایبەتیان هەیە؛ لەو سەردەمەدا بەردەنگ بە جۆری گریم(میکیاج)، و جۆری جل و بەرگی کەسایەتیەکاندا، کەسایەتییەکانی دەناسی . تەوەرەکانی شانۆی کۆمیدیا دیلارتە زۆرتر بریتی بوون ژیانی ئاسایی خەڵکانی کۆمەڵگاوە واتە ژن هێنان و... کە بە شێوازێکی کۆمێک بە جەخت کردن لە سەر رۆڵی ئەکتەر پێشکەش دەکرا. کومیدیا دیلارتە پێویستی بە هۆڵی شانۆ نەبوو و لە کووچە و کۆڵان و سەرشەقامەکاندا پێشکەش دەکرا.
شانۆی دەرەکی:
ئەو شانۆیانەی کە پێویستان بە هۆڵی تایبەت بە شانۆوە نییە، واتە ئەو شانۆیانەی کە لە دەرەوەی هۆڵی شانۆدا پێشکەش دەکرێن، بریتین لە: شانۆ ئایینی و نەریتییەکان. 
شانۆ ئایینیەکان و شانۆ نەریتییەکان، لە ئایین و لە نەریتی هەر نەتەوە یان ناوچەیەکی تایبەت چۆڕاونەتەوە و لە پرۆسەی مێژوودا ئەوەندە دووپات کراونەتەوە کە وەک رێوڕەسمێکی ئایینی یان نەریتیان لێهاتووە.(وەک شانۆی بووکە بارانێ لە کوردستان، میرنەورۆزی لە کوردستان یان شانۆی تەعزییە لە ئیران .)
زۆرتر مەبەست لە دەستەواژەی" نمایش " رێوڕەسمە ئایینی و نەریتییەکانە، بەڵام ئەو شانۆیانەی کە لە رۆژئاوادا گەشەیان کردووە، و لە پرۆسەیەکدا لە یۆنانی کۆنەوە دەستی پێکردووە و کۆمەڵێک هەوراز و نشێوی بە خۆیەوە بینیوە ، بە شانۆی ئورووپایی دەناسرێت کە هەر هەمان "تیاتر"ـە.
شوێنی پشکەش کردنی زۆربەی شانۆکان هەر لە سەردەمی یۆنانی کۆنەوە مەسرەح(واتە سەحنە) بووە، و بە هۆڵی شانۆکەش وتراوە تیاتر، ئەمە زۆر جار خەڵکی ئاسایی تووشی پاردۆکسێک دەکات و لێی تێک دەچێت کە شانۆ چییە و تیاتر چییە.
جگە لەو دوو جۆرە کە ئاماژەی پێکرا، کۆمەڵێک شانۆ دەبینین له‌ ژێر نێوی "شانۆی مەیدانی"، واتە کۆمەڵێک خەڵک(بینەر) لە دەرەوەی هۆڵی شانۆدا(ئەم شانۆیەش پێویستی بە هۆڵ نییە) لە دەوری شانۆیەک کۆدەبنەوە، گرووپی شانۆیی لە نێوی جەغزی بینەردا شانۆکە پێشکەش دەکات. لەو روانگەیەوە کە ئەم شانۆیەش لە دەرەوەی هۆڵدا پێشکەش دەکرێت، دەچێتە بازنەی شانۆی شانۆی دەرەکیەوە.(لە وێنەی پاڵەوان بازی لە کوردستان، یان مەعرەکە و...)
کۆمەڵێک شانۆی دەرەکی دیکه‌ش هەن وەک تەخت حەوزی،(یان روو حەوزی کە له‌ سه‌ر حەوزی حەوشێی ماڵەکاندا پێشکەش دەکرا، گرووپی شانۆییەکان سەر حەوزی حەوشێی ماڵەکانیان دەگیراندا و خەڵک لە سێ لاوە چاویان لە شانۆکە دەکرد، واتە لە رووبەڕوو،راست و چەپ...) 
شانۆی سەرشەقام
زۆرێک لە رەخنەگرانی شانۆ بڕوایان وایه‌ کە بنەڕەتی شانۆی سەرشەقام دەگەرێتەوە بۆ شانۆی کۆمیدیا دیلارتە، بەو پێیەی کە ئەو جۆرە شانۆییە لە دەرەوەی هۆڵ‌ی شانۆ(تیاتر)دا پێشکەش دەکرا و ناوەرۆکێکی دیاریکراوی هەبوو،و دەورگێڕ(واتە ئەکتەر)  لە راستای بەرەوپێش چوونی شانۆکەدا ئازاد بوو لە هەر چەشنە دیالۆگێک کەڵک وەرگرێت.  
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شانۆی کۆمیدیا دیلارتە ئەوەیە کە دەقێکی دیاریکراوی پێشتر نووسراوی نییە لە وێنەی دەقەکانی مەسرەحی( شانۆی سەحنە) کە ئەکتەر لەبەری بکات، بەڵام تەورگەلی شانۆکە و ناوەرۆکەکەی دیاریکراوە، و بە پێی ئاوڕدانەوەی بەردەنگ لەوانەیە خەڵکی ئاساییش تێکەڵاوی رەوتی شانۆکە بن،  لێرەدا دەورگێڕی لێهاتووە کە شانۆکە دەباتەوە سەر هێڵی سەرەکی خۆی.
ئەم تایبەتمەندیە کە لە شانۆی کۆمیدیا دیلارتەدا دەبینرێت، سەرەکی‌ترین تایبەتمەندی شانۆی سەرشەقامە کە بە تەواو مانا جیاوازی دەکاتەوە لە شانۆی مەسرەحی(سەحنە).
لە ئورووپا لە سەرەتای سەدەی بیستەم‌‌دا کۆمەڵێک رەوتی نوێی شانۆیی بە پێی هەل و مەرجی تایبەتەوە دێنە ئاراوە، دوای شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانی بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی هونەرەکانی دیکە، شانۆ و دواتریش شانۆی سەرشەقام گەشە دەکات. شانۆی سەرشەقام لە ئورووپادا ئاوڕێک بوو بە پرسەکانی پێوەندیدار بە کۆمەڵگایەک کە لە ژێر پێلاقەی دوو شەڕی ماڵ وێرانکەری جیهانیدا هەلا هەلا ببوو.
تێپەڕکردنی شانۆی ریالیستی ستانیسلافسکی لە لایەن مایرهۆڵدەوە و هەروەها هاتنە ئارای کەش و هەوای شانۆی موستەند(به‌ڵگه‌نامه‌یی) و گەشەکردنی تیۆری سیستەمی بێرتوولت برێشت لەمەڕ دەروی دەورگێڕ، بووە هۆی گەشەی شانۆی سەرشەقام لە ئورووپادا.
دواتر هاتنە ئارای شانۆی رووتەڵە لە لایەن "گرۆتفسکی‌"یەوە، شانۆکاری سەرشەقامی هێنایە سەر ئەو قەناعەتە کە بە کەمترین ئامراز دەتوانێت لە نێو کووچە و کۆلانەکاندا دەست بداتە ئافراندنی هونەری. شانۆی سەرشەقام دەڕواتە بازنەی شانۆی دەرەکییەوە، واتە بەوە مانا دەبەخشێتە خۆی که‌ لە دەرەوەی هۆڵدا و بە تایبەت لە ناو کووچە و کۆڵانەکان و لە سەرشەقامدا بە کەمترین ئامراز پێشکەش بکرێت.
ئەوەی زۆر گرینگە و تا ئێستا زۆرێک لە شانۆکاران لێی نامۆ بوون ئەوەیە کە شانۆ نەریتییەکان و جۆرەکانی دیکەی شانۆی دەرەکی ناڕۆنە بازنە شانۆی سەرشەقامەوە، ئەمەیە کە بەردەنگ تووشی پاردۆکسێک دەکات، ئایا ئەم به‌رهه‌مه‌ شانۆی سەر شەقام نەبوو یان نه‌؟! شانۆی سەرشەقام شانۆیەکی دەرەکییە، بەڵام هەر شانۆیەکی دەرەکی شانۆی سەرشەقام نییە.
شانۆ لە ئێراندا
دوای شۆڕشی مەشرووتە لە ئێران؛ رۆشتنی شانۆکارانی ئێرانی بۆ ئورووپا و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی وەرگێڕانی دەقەکانی رۆژئاوا، دەبێتە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵێک وەرگێڕی تایبەت، دەقە هونەرییە شانۆییەکان لە زمانی فەڕەنسی و ئینگلیزییەوە بۆ فارسی، وەربگێڕنەوە، ئەمە دەبێتە هۆی خولقاندنی پردێک بۆ هونەرمەندان و دواتریش بۆ شانۆکاران کە بەدەست راگەیشتن بە دەقە شانۆییە کلاسیکەکان و نیوکلاسسیکەکان، لە هەوڵی ناسینی شانۆی ئورووپاییدا بن.
لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی شانۆکارانی ئێرانی دەستیان بە ئەزموونەکانی شانۆی یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو رادەگات و شانۆیەکی ریالیستی بورژوازی لە ئێراندا سەرهەڵ‌دەدات کە بەس تاقمێکی ناوەندنشین و وردە بوورژوا، لەو شانۆیانە چێژ وەردەگرن.
جێژنەکانی ساڵانەی 2500 سالەی شاهەنشاهی لە ئیران، دەرگایەکی نوێ بەرەوووی شانۆ و شانۆکارانی ئێران‌دا دەکاتەوە. لە بازنەی ئەو جێژنانە لە دەیەی 1960دا، جێژنی هونەری شیراز کاریگەری زۆر لە سەر شانۆکارانی ئێرانی دانا.
جێژنی هونەری شیراز دەبێتە جێگای ئاڵ و گۆڕی ئەزموونەکانی شانۆکارانی ئورووپایی و شانۆکانی ئێرانی؛ بانگهێشت کردنی شانۆکارانێک لە وێنەی " پیتر برۆک " بۆ جێژنی هونەری شیراز و کەڵک وەرگرتنی شانۆکارانی ئێرانی لەو شانۆیانە، دەبێتە هۆی گەشەی شانۆ لە ئێراندا، تەنانەت لەو سەردەمەدا شانۆی ئەبزۆرد(شانۆی پووچی- شانۆی باوی ئەو سەردەمەی ئورووپا) لە لایەن شانۆکارانی ئێرانییەوە پێشکەش دەکرێت، بۆ وێنە بەرهەمە شانۆییەکانی هونەرمەند " عەباس نەعلبەندیان " شانۆگەلێکن تا سەر ئێسقان ئەبزۆرد، کە لەو جێژنانەدا پێشکەش کرا. بەداخەوە ئەو هونەرمەندە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، بۆ ماوەی 10 ساڵ لە تەنیاییدا بە دوور لە هونەر درێژەی بە ژیاندا، و لەو دۆخە سەدە ناوینەی کە بۆ هونەر خولقا بوو ، لە ساڵی 1989دا خۆی کوشت.
کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە پشت بەستوو بە ئایدۆلۆژیای ئیسلامی شێعە، هەڵسووکەوتێکی لە وێنەی هەڵسووکەوتی سەرەتای دەسەڵاتی ئایینی مەسیحیەت، لەگەڵ هونەر و دواتریش شانۆدا کرد. کۆماری ئیسلامی هەمان ئەزموونی قەشەکانی سەدەکانی ناوینی بۆ پەرە پیدانی شانۆ بە رەوا دەزانی و بە کردنەوەی کۆمەڵێک فستیڤاڵ، لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە شانۆ بخاتە ژێر رکێفی خۆی، ئەو فستیڤاڵانە بریتی بوون لە: فستیڤاڵی شانۆی رەزەوی، فستیڤاڵی شانۆی ئیسار، فستیڤاڵی شانۆی مقاومت، فستیڤاڵی شانۆی دفاع مقدس، فستیڤاڵی شانۆی تەعزیە، فستیڤاڵی شانۆی بەسیج و کۆمەڵێکی دیکە لەو فستیڤاڵانە کە هەموویان لە راستای پەرپێدانی ئایینی شێعە و بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیدا بوون.(ئەو فستیڤاڵانە ئێستەش بەردەوامن)
شانۆی سەرشەقام لە ئیراندا
پێش شۆڕشی گەلانی ئیران لە ساڵی 1979، شانۆی سەرشەقام لە ئێراندا سەرهەڵ دەدات، و دواتر لە ساڵە سەرەتاییەکانی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە چەند لاوە هەوڵگەلێک دەبینرێت بۆ درێژەدانی شانۆی سەرشەقام، بەڵام بە داخەوە بە هۆی دژکردەوی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ هونەر، و خوێندنەوەیەکی ئایینی ئایدۆژیک و چڵکن و قیزەون لە هونەر، ئەو هەوڵانە لەو ساڵانەدا بێ ئاکام دەمێنێتەوە. بەڵام دواتر لە ساڵەکانی 1990 بە دواوە شانۆی سەرشەقام هێدی هێدی سەر هەڵدەداتەوە.
-هۆکارەکانی سەرهەڵدانی شانۆی سەرشەقام لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا
1 - هەوڵ بۆ ئاشت کردنەوەی خەڵک لەگەڵ شانۆدا تا پێش لە سەرهەڵدانی شانۆ سەرشەقام لە ئێراندا، شانۆ بە گشتی لە وێنەی سەردەمی پاشایەتی، بەس شانۆیەکی ریالیستی بوورژوازی دەبێت، و خەڵکی ئاسایی و بە تایبەت خەلکانی بە دوور لە ناوەندی ئێران، لە بینی شانۆ بێ بەش دەبن.
لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا بە پێی دوورکەوتنەوی خەڵک لە شانۆ و پێشوازی نەکردنی خەڵک لە شانۆ، و هەست کردن بە مەودایەکی هەرە زۆر لە نێوان شانۆ و بەردەنگدا، گرووپە شانۆییەکانی سەرشەقام بە بیرۆکەی ئاشت کردنەوە خەڵک لەگەڵ شانۆدا، ئەمجارە شانۆ دەکەن بە میوانی خەڵک. پێشتر خەڵک بۆ بینی شانۆ دەڕۆشتن بۆ هۆڵە شانۆییەکان، بەڵام ئەمجارە شانۆکاران، شانۆکە دەبەنە نێو خەڵکی ئاسایی و کووچە و کۆڵان. پێشتر خەڵک ئاوڕی لە شانۆ دەدایەوە، بەڵام ئەمجارە شانۆیە کە ئاوڕ لە خەڵک دەداتەوە.
2 - هەوڵ بۆ دەرباز بوون لە هێڵە سوورەکان
شانۆکار هەر لە سەرەتای کۆماری ئیسلامییەوە بەرەورووی کۆمەڵێک هێڵی سوور دەبوویەوە، ئەو هێڵە سوورانە لە دوو بەشدا دیاری کراو بوو.
یەک: کۆمەڵێک هێڵی سوور کە پێوەندی راستەوخۆی بە دەقەوە هەبوو(واتە شانۆنامە)، لێرەدا نووسەر ناچار بوو لەوپەڕی وریاییدا کەسایەتیەکان بخولقێنێت و تەنانەت لە خولقاندنی کەش و هەوا شانۆنامە و لە نووسینی دیالۆگەکانیشدا بەردەوام لە بیری ئەوەدا دەبوو کە هێڵە سوورەکان نەبەزێنێ. بە پێی تایبەتمەندی شانۆ سەرشەقام، و ئەوەی کە دەقێکی پوخت و دیاریکراو لە شانۆی سەرشەقامدا بوونی نییە و بەس گەڵاڵەیەکی گشتییە کە دەکرێ لە چەند دێڕدا کۆتایی پی بێت.لێرەدا کۆمار ئیسلامی هەلی ئەوەی لە بەردەمدا نەدەبوو کە بە روونی هێڵە سوورەکانی دەق دەستنیشان بکات.
دوو: کۆمەڵێک هێڵی سوور کە پێوەندەی بە لایەنی دەرهێنان و دەورگێڕەوە هەیە. ئەوەی کە پێوەندی بە جل و بەرگ و گریمەوە هەبوو دیسان بە هەمان شێوەی شانۆی مەسرەحی هەر هەمان هێڵی سووری بۆ دەستنیشان کرابوو. بەڵام دەورگێڕان لایەنی دەرچوو لە هێڵی سوور بوو، چونکوو بە پێی پێش بینی نەکراوەیەی دژکردەوە بەر دەنگ لەوانەیە لە چەند جاردا کە شانۆیەک پێشکەش دەکرێت هەر جارەو شانۆیەک بە هێڵی لووتکە و کۆتاییەکی تایبەتەوە ببینرێت.
3 – کارکردی راستەوخۆ و بە دوور لە ساختە بوون شانۆی سەر شەقام بە هۆی ئەو تایبەتمەندییەی شانۆ کە مەودای نێوان و بینەر هونەرمەند بە کەمترین ئاست دەگەیەنێت، هەر بۆیە راستەوخۆ و بە دوور لە تایبەتمەندییەکانی هۆڵی شانۆ کاریگەری لە سەر بەردەنگ دەبێت، هەر بۆیە جگە لە پێشکەش کردنی شانۆ، شانۆی سەرشەقام ئەو هەلەیشی دەخستە بەردەم بینەر کە تێکەڵاوی شانۆکە بێت و هاوکات دژکردەوە بەرامبەر بە ناوەڕۆکی سەرەکی شانۆکە پیشان بدات. لە شانۆی مەسرەحی(سەحنە)دا شانۆ کۆمەڵێک پرسی دەورووژاند کە لای گرنگ بوو بەڵام سانسۆڕ و تایبەتمەندییەکانی مەودای نێوان شانۆ و بەردەنگ دەبووە هۆی دابەزاندنی ئاستی کارکردی شانۆ. بەڵام لە شانۆی سەرشەقامدا جگە لەوەی کە شانۆ کاریگەری بە سەر بینەرەوە دەبێت هاوکات بەردەنگیش کاریگەری بە سەر رەوتی شانۆکەوە دادەنێت، هەر بۆیە شانۆ هەلی شیکردنەوەی راستەوخۆ بۆ بینەر دەڕەخسێت.
 4 – بەرپەرچ دانەوەی خێرای بەردەنگ وەک دەورگێڕێک
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شانۆ و بە تایبەتی شانۆی سەرشەقام، ناڕەزایەتی دەربڕینە و بەرجەستە کردنەوەی ناڕەزایەتییەکانی نێو کۆمەڵگا بە گشتی. شانۆی سەرشەقام هەوڵ دەدات لە رێگای بەرجەستەکردنەوەی پرسە هەنووکەییەکانی پێوەندیدار بە سەردەمەوە، هەلی رادەربڕین بخاتە بەردەمی بینەر، و بینەریش وەک هۆکاری سەرەکی شانۆ، دەبێت بە دەورگێڕێک و لەوانەیە دەورگێڕی سەرەکی خودی بەردەنگ بێت. شانۆی نادیار یان شانۆی ناپەیا ، جۆرێکی شانۆی سەرشەقامە کە بەردەنگ هەست بەوە ناکات کە خەریکە شانۆیەک دەبینێت، بەردەنگ وا دەزانێت کە رووداوێک روو دەدات، هەر بۆیە بە تەواو مانا لەگەڵ شانۆکەدا تێکەڵاو دەبێت.
بە پیی تایبەتمەندی ئەو جۆرە شانۆییە، شانۆی لەو چەشنە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەردەنگ بە لایەنگری یان بەرپەرچدانەوەی تەوەری سەرکی شانۆکە، ناڕەزایەتی دەربڕێت، و خۆی لە شانۆیەکی نادیاردا رۆڵ بگێڕێت.
شانۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا
لە سەردەمی پاشایەتی‌دا، پادگانەکانی نیزامی(ئەرتەش) لە شارەکاندا بوونە هۆی ئەوە کە شانۆی مەسرەحی(شانۆی سەر سەحنە) لە شارەکانی کوردستاندا پێشکەش بکرێت، ئەو شانۆیانە تایبەت بوون بە رێوڕەسمەکانی تایبەتی شاهەنشاهی‌ لە شارەکانی کوردستاندا، و دەرگایەکی کردەوە کە خەڵکی ئاسایی ئاوڕ لە شانۆ بداتەوە.
ئەو شانۆیانە بووە هۆی درووست بوونی گرووپ گەلێکی شانۆیی شانۆکارانی کورد، لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا. لە ساڵەکانی دەیەی 40ی زایینی‌دا لە چەند شاری کوردستان کۆمەڵێک چالاکی شانۆی دەبینرا، بۆ وێنە لە شاری مەهاباد شانۆیی دایکی نیشتمان چەندین هەزار بینەری لە خۆی کۆکردوەتەوە، بەڵام ئەو شانۆیانە زانستی نەبوون.(زۆر کەس لە سەر ئەو بڕوایەن کە شانۆی دایکی نیشتمان لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا پێشکەش کراوە و کۆمەڵێک کەسی دیکە لایان وایە کە ئەو شانۆیە پێوەندی بە سەردەمی کۆمارەوە نەبووە.)
لە ساڵەکانی 1960دا کۆمەڵێک شانۆکاری بە ئەزموون لە شاری سنەدا دەستیان دایە خولقاندی بەرهەمی شانۆیی بە شێوازێکی نیمچە پڕۆفشنال، و کۆمەڵێک بەرهەمی شانۆییان لەو شارە و لە شارەکانی دیکەی کوردستاندا پێشکەش کرد. دواتر شانۆ بوو بە بەشێک لە نەریتەکانی ساڵانەی قوتابیان و لە قوتابخانەکانیشدا شانۆ هاتە ئاراوە، و دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و داسەپانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە سەر کوردستاندا، لە بەشی ساڵانەی فستیڤاڵی قوتابیاندا، بەشێکیش بۆ شانۆ تەرخان کرا.
هێدی هێدی فستیڤاڵی شانۆیی قوتابیان، بووە هۆی ئەوەی کە قوتابیانی شانۆکارانی کورد لە شانۆکارانی ناوەند نزیک ببنەوە و دەستیان رابگات بە رووداوە شانۆییەکانی ئێران. جگە لە فستیڤاڵی شانۆیی قوتابیان، دەستپێکی فستیڤاڵی شانۆی پارێزگاکانی ئیران دەرفەتێک بوو بۆ شانۆکارانی کورد کە بتوانن لە خولەکانی فستیڤاڵە ناوچەییەکانی ئێران دەرباز بن و بەشداری فستیڤاڵی شانۆی فەجر بن.
شانۆکارانی کورد نەیاندەتوانی بە شیوازێکی پرۆفشناڵ سەرقاڵی شانۆ بن و شانۆ نەدەبوو بە ئامرزاێک کە بژێوی ژیانیان لەو رێگاوە وەدەست بهێنن، هەر بۆیە فستیڤاڵەکان تاکە جێگای دەرکەوتنی شانۆکاران بوو، فستیڤاڵەکان لە بواری ماڵیەوە یارمەتیەکی زۆر کەمی شانۆکارانی دەدا، هەر بۆیە شانۆ لەو سەردەمەدا زۆرتر بە فستیڤاڵەکاندا بەسترابوویەوە.
لە لایەکەوە بە پێی ئەوەی کە فستیڤاڵی شانۆی فەجر لای زۆرێک لە شانۆکاران بە میراتگری " فستیڤاڵی شانۆی تهران" دەناسرێت کە پێشتر لە سەردەمی پاشایەتی‌دا لە تاران بەڕێوە دەچوو، و لە لایەکی دیکەوە بە پێی ئەوەی کە لە فستیڤاڵی شانۆی فەجردا کۆمەڵێک گرووپی بیانی بانگهێشت دەکران بۆ پێشکەش کردنی شانۆکانیان، هەر بۆیە فستیڤاڵی شانۆی فەجر بە گرنگترین رووداوی شانۆیی لە ئێراندا ەستنیشان دەکرا، کە بێگومان ئەو فستیڤاڵە لانیکەم هەلی بەشداریشی دەخستە بەردەم شانۆکارانی کورد. بەو پێیە دەتوانین، بەشداری شانۆکارانی کورد لە فستیڤاڵە ناوچەییەکان و فستیڤاڵە نێونەتەوەییەکانی فەجر، وەک خاڵێکی گرنگ لە گەشەی شانۆ لە کوردستاندا دەست نیشان بکەین.
هەر چەند بەداخەوە ناوە ناوە دەبینرا کە بەشێک لە شانۆکارانی بێ‌بنەما لە کوردستاندا، لە راستای سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی‌دا تەنانەت لە "فستیڤاڵی شانۆی دفاع مقدس"دا بەشداریان دەکرد. بەڵام قەد سیاسەتەکانی دەسەڵات بۆ شانۆ لە کوردستاندا ئامانجەکانی خۆی نەپێکا.
کۆماری ئیسلامی و شانۆی سەرشەقام
دەسەڵاتی قیزەونی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی لە بەرامبەر هەوڵی شانۆکاران لە ئێراندا، دۆڕاوێکی تا سەر ئێسقان دۆڕاو بووە؛ لە دوای شەڕی ئێران و ئیراق ، ئەو وەزارەتە کۆمەڵێک فستیڤاڵی شانۆیی تەرخان کرد بۆ بلاوەدانی ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامی، واتە فستیڤاڵگەلێک بە بنەمای پەرپێدانی بیرۆکەی ئایینی شێعە و ئایدۆلۆژیایی شەڕخوای کۆماری ئیسلامی.
لە پرۆسەی گەشەی شانۆی سەرشەقامدا ئەو وەزارەتە ناچار بوو بەشێک لە فستیڤاڵاکان بۆ شانۆی سەرشەقام تەرخان بکات، و لە هەوڵی ئەودا بوو کە شانۆی سەرشەقام وەک جۆرەکانی دیکەی شانۆیی کۆنتڕۆڵ بکات. بەرپرسانی شانۆی ئێران کە لە وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی و ناوەندی هونەرە شانۆییەکانی ئێران بۆ رووداوە شانۆییەکانی ئیران پلان دادەڕێژن. کۆمەڵێک پلانیان داناوە بۆ ئەوەی کە شانۆکاران بەس سەرقاڵی کۆمەڵێک شانۆی تایبەت بن.
شانۆکانی بەشداربووی فستیڤاڵەکانی شانۆی سەرشەقام ئەوە دەسەلمێنێ کە، زۆربەی ئەو شانۆیانەی کە لە فستڤاڵی شانۆی سەرشەقامدا بەشداری دەکەن، بەس شانۆی دەرەکین و هیچ تایبەمەندیەکی شانۆی سەرشەقامیان تێدا بەدی ناکرێت، هەروەها کە پێشتر ئاماژەم کرد، شانۆی سەرشەقام دەچێتە بازنەی شانۆی دەرەکییەوە بەڵام جۆرەکانی دیکەی شانۆی دەرەکی ناچنە بازنەی شانۆی سەرشەقامەوە. فستیڤاڵەکانی شانۆی سەرشەقام هەموو جۆرە شانۆییە نەریتەیەکان و رێوڕەسمە ئایینیەکان و شانۆ مەسرەحیەکانی (واتە سەحنەیی) تێدا بەدی دەکرێت، کە هیچیان فڕیان بە شانۆی سەرشەقامەوە نییە.
جێگای ئەو شانۆیانە ئەبێ لە فستیڤاڵەکانی ئایینی نەریتی‌دا بێت. ئامانجی کۆمار ئیسلامی لە درووست کردنی چشتێکی مجێوری لەو چەشنە، هەوڵ بۆ سەرلێشێواوی شانۆکارانی بەشداربوو لە فستیڤاڵەکانی سەرشەقامدایە.
بەو پێیە شانۆکاران ناچار دەبن بۆ بەشدار بوون لەو فستیڤاڵانەدا تا رادەیەک خاڵە گرینگەکانی فستیڤاڵ بگرنە بەرچاو. هەوڵی بەرپرسانی شانۆیی کۆماری ئیسلامی لە راستای ئەوەدایە کە شانۆکاران بۆ شانۆی نەریتی و ئایینی هان بدەن، بەرپرسان ئەیانەوەێ کە شانۆکاران لە تایبەتمەندییەکانی شانۆی سەرشەقام دوور بکەونەوە، و بایەخی زۆرتر بە شانۆ نەریتییەکان و ئایینیەکان بەدن، هەر بۆیە لەو فستیڤاڵانەدا دەبینی کە کەمترین شانۆکان، شانۆی سەرشەقامن! و زۆرترین رێژەی شانۆکان جۆرەکانی دیکەی شانۆیین!.
شانۆی سەرشەقام لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا
 سەرهەڵدانی شانۆی سەرشەقام لە کوردستان دەگەڕیتەوە بۆ ساڵەکانی حەفتاکانی هەتاوی واتە سالەکانی دوای 1990 بە دواوە؛ بەشداری شانۆکارانی کورد لە فستیڤاڵەکانی فەجر، وەک گرنگترین رووداوی شانۆ لە ئیراندا، و بینی شانۆی شانۆی بیانی و هەروەها راگۆڕینەوە لەگەڵ شانۆکارانی نەتەوەکانی دیکەدا و بە تایبەت بینی شانۆکانی ناوەندی ئیران، بووە هۆی ئەوەی کە شانۆکارانی کورد لەگەڵ شانۆی سەرشەقامدا ئاشنا بن.
لەم ساڵانەدا شانۆکاری کورد جگە لە فستیڤاڵە شانۆییەکان ، ئەوەش ئەزموون دەکات کە وەک خوێندکاری شانۆ خۆی لە زانکۆکاندا لە بەشی شانۆدا (لە زانکۆکانی تاران،تەبرێز،ئیسفەهان) ببینێتەوە، ئەمە دەرگای کۆمەڵێک ئەزموونی جیاواز بەروڕووی خوێندکاری کورددا دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوە کە لە رێگای خوێندکارانی کوردەوە ئەزموونە نوێیەکانی شانۆی سەردەم بۆ کۆڕ و کۆمەڵە شانۆییەکانی کوردستان بگوازرێتەوە.
خوێندکارانی شانۆ بە دەستڕەسی بە ژیدەرەکانی ئاکادمیک و هەروەها بە بەشداری کردنی لە فستیڤاڵە جۆراوجۆرەکانی تایبەت بە خوێندکارانی شانۆ، رۆڵێکی باشیان لە گەشەی شانۆ لە کوردستاندا بینی. شانۆی سەرشەقامیش وەک یەکێک لە جۆرەکانی شانۆیی لەو پرۆسەیەدا کە ئاماژەی پێکرا، گەشەی کرد، و لە ناوەراستی دەیەی 70ی هەتاوی بە دواوە کۆمەڵگای کوردستان جگە لە شانۆ مەسرەحیەکانی ئامادەکراو بۆ فستیڤاڵی پاریزگاکان، بینەری شانۆی سەرشەقام بوو.
فستیڤاڵی شانۆ سەرشەقامی مەریوان ئێستاکە کۆمەڵێک هۆکار دەستی داوە بە دەستی یەکەوە کە مەریوان بە ناوەندی شانۆی سەرشەقام لە ئێراندا دەستنیشان بکرێت، فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان بوەتە رووداوێک کە زۆربەی شانۆکارانی نەک کورد بەڵکوو ئێرانی خەون بە بەشداری کردن لەو فستیڤاڵەدا دەبینن.
بۆ ئەوەی کە ئاوڕێک لە فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام بدەینەوە ناچارین، باس لە سەرهەڵدانی ئەو فستیڤاڵە بکەین.
دوای دامەزراندنی ئەنجومەنی شانۆی مەریوان، لە ساڵی 1994 لە مەریوان، شانۆکارانی مەریوان چالاکانە لە فستیڤاڵە جۆراوجۆرەکانی شانۆدا بەشداریەکی بەگوڕیان کرد، دواتر بە هەوڵی بێ وچانی شانۆکارانی مەریوان لە ساڵی 1997 بە دواوە، ساڵەنە کێبەرکێیەکی شانۆیی لە ژێر نێوی یادوارەی شانۆی مەریوان، بە بەشداری چەند گرووپ لە شارەکانی دیکەی کوردستانەوە، لە مەریوان بەڕێوە دەچوو.
لە ساڵە سەرەتاییەکاندا، گرووپە شانۆییەکانی چەندین شاری کوردستان لە یادوارەی شانۆی مەریواندا بەشداریان کرد، بەڵام دواتر دیسان بە هەوڵی بێ وچانی شانۆکارانی مەریوانی، ئەمجارە بە تازەگەری و ئامادەکردنی پڕۆپۆزاڵێکی نوێ لە درێژەی یادوارەی شانۆی مەریوان، فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان لە دایک بوو، کە سەرەتا وەک فستیڤاڵێکی ناوچەیی شانۆی شانۆی سەرشەقام لە ئێران‌دا بوو و یەک یان دوو گرووپی سەرکەوتووی بەشداربوو لەو فستیڤاڵەدا راستەوخۆ بەشداریان لە فستیڤاڵی شانۆیی فەجردا دەکرد.
دوایین بەشی ناوچەیی ئەو فستیڤاڵە بە نێوی "هەشتەمین فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان" لە سەرماوەزی ساڵی 83 واتە 2004، لە مەریواندا بەڕیوە چوو. ئەمجارە بە هەوڵ و ماندوو بوونی سەرجەم شانۆکارانی کوردەوە، فستیڤاڵی شانۆیی سەرشەقامی مەریوان گەشەی کرد و لە کۆتایی مانگی رەزبەر و سەرەتای بەفرانباری ساڵی 84(2005) یەکەمین فستیڤاڵی سەراسەری شانۆکانی سەرشەقامی مەریوان بەڕێوە چوو، جیاوازی ئەو ساڵە لە ئاست ساڵەکانی دیکەدا ئەوە بووە، کە زۆربەی شانۆ بەشداربووەکانی فستیڤاڵی نێونەتەوەی فەجر(لە بەشی شانۆی سەرشەقامدا) شانۆ سەرکەوتووکانی فستیڤاڵی مەریوان بوون. ئەو رەوتە لەو ساڵەوە تا ئەمساڵ درێژەی بووە، و بەو جیاوزییەوە کە پاشگری فستیڤاڵەکە لە سەراسەریەوە گۆڕدراوە بۆ نیونەتەوەیی، ئەمەش بەم مانەیە کە گرووپ گەلی بیانیش بەشداری ئەو فستیڤاڵە دەبن.
جگە لە چالاکی ماندوونەناسانەی هونەرمەندانی مەریوان و سەرجەم هونەرمەندە کوردەکان هۆکارگەلێک بوونە هۆی گەشەی ئەو فستیڤاڵە؛ بەو پێیەی کە لە بنەڕەتدا شانۆ بە بەردەنگەوە بوونی هەیە، و بە تایبەتیش لە شانۆی سەرشەقامدا بە هۆی ئەوەی کە زۆر جار بەردەنگ رۆڵی ئەکتەر دەگێڕێت، هەر بۆیە بوونی بەردەنگ و ئاوڕدانەوە و پێشوازی بەردەنگ دەتوانێت کاریگەری زۆری لە سەر ئاستی بەرز و نزمی شانۆی سەرشەقامدا هەبێت، بەو پێیە دەتوانی بڵێین کە پێشوازی و ئاوڕدانەوەی بێ وێنەی خەڵکی کوردستان یەکێک لە خاڵە هەر گرنگەکانی گەشەی فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان بووە.
کۆماری ئیسلامی و فستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان
تا ئێستا بە سەدان جار بەروڕووی ئەو پرسیارە بوومەتەوە کە بۆچی ئەو فستیڤاڵە لە مەریوان بەڕێوە دەچێ؟
هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە یەکێک لە هۆکارەکانی وەڕێ خستن و گەشەی فستیڤاڵی شانۆی مەریوان، بەدوادا چوونەکان و ماندوو بوونەکانی شانۆکارانی کورددا بووە. خۆم چەندین ساڵ لە نزیکەوە یەکێک لە شانۆکارانی بەشداربووی فستیڤاڵ و یەکێک لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەڕی ئەو فستیڤاڵە بووم و لە نزیکەوە لە هەموو هەوڵەکانی سەرجەم شانۆکارانی کورد لەو فستیڤاڵەدا ئاگادارم؛ بەڵام ئەوەی کە جێگای پرسیارە ئەمەیە کە چۆن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، رێ خۆشکەر بووە بۆ بەڕێوە چوونی ئەو فستیڤاڵە ؟ کۆماری ئیسلامی لە بەر چ هۆکارێک ساڵانە لانی کەم بە سەدان میلیۆن بۆ بەڕێوەچوونی ئەو فستیڤاڵە تەرخان دەکات؟ بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەڕێوەی چوونی ئەو فستیڤاڵە لە چیدا؟ کۆماری ئیسلامی بە راستی هەوڵەکانی لە راستای خزمەت کردن بە شانۆ و دواتریش خەڵکی کوردستاندایە؟؟؟؟!!!!
لە لایەکەوە دوژمنایەتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا لای کەس شاراوە نییە،و لە لایەکی دیکەشەوە کۆماری ئیسلامی قەد هەوڵی نەداوە بۆ گەشەی هونەر رێ خۆشکەر بێت. بەڵام ئەوەی کە روونە کۆماری ئیسلامی لە هەموو شتێکدا لە دوی شەن کردنی بەرژەوەندییەکانی‌دایە!. بۆ روون بوونەوەی ئامانجی کۆماری ئیسلامی لە بەڕێوەبردنی ئەو فستیڤاڵە، باشتر وایە روو لە دەنگی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بکەین؛ لە سێهەمین فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریواندا، دەبیری فستیڤاڵ، واتە بەرپرسی ئەو کاتی ئیدارەی گشتی فەرهەنگ و ئیرشادی پارێزگای کوردستان لە دیمانەیەکدا دەڵێ:
" کۆماری ئیسلامی بە بەڕێوەبردنی فستیڤاڵێکی نێونەتەوەییی لە خاڵی سفری سەر سنوور، لە شاری مەریوان‌دا، پێداگری لە تواناییەکانی خۆی دەکات، و بە هەموو نەیارانی رادەگەیەنێت، ئەوەندە دەسەڵاتەکەی پتەو و لێهاتووە کە دەوتوانێ لە خاڵی سفری سنووریشی‌دا ئەوەندە ئاسایش دابین بکات کە فستیڤاڵێکی لەو چەشنە بەڕێوە ببات". ئەوەی زۆر روونە و لە لایەن بەرپرسانی فەرهەنگ و ئیرشادی کۆماری ئیسلامیەوە بانگەشەی بۆ دەکرێت، ئەوەیە کە ئەو دەسەڵاتە بە بەڕێوەبردنی فستیڤاڵێکی لەو چەشنە، لە هەوڵی نیشاندانی تواناییەکانی خۆیەتی و لە لایەکیشەوە پەیامێک ئاراستەی ئەو دیوی سنوور دەکات کە تا چ رادەیەک ئاسایش و ئەمنیەت باڵی بەر ئەو وڵاتەدا کێشاوە! کە دەتوانێت لە خاڵی سفری سنووریش‌دا بەو شیوەیە فستیڤاڵێکی لەو چەشنە بە بەشداری کۆمەڵێک هونەرمەندی بیانیەوە بەڕێوە ببات. بەڵام بۆ منی شانۆکاری کورد، ئەوی کە ئەو رووداوە شانۆییە، لە ئاکامدا بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بە گشتی و شانۆکارانی کورد بە تایبەتی دایە، جێگای خۆشحاڵییە.هیچ شوێنک لە ئیراندا بە دی ناکرێت کە تایبەتمەندییەکانی کوردستان و دواتریش شاری مەریوانی هەبێت چ لە بواری پێشوازی خەڵکەوە چ لە بواری ئاو و هەوا و چ لە بواری دڵ بە خەم بوونی سەرجەم شانۆکارانی کوردستانەوە. خەڵکی کوردستان و هونەرمەندانی کورد ئەو فستیڤاڵە بە مڵکی خۆیانی دەزانن و بە بێ هیچ قەرەبوو کردنەوەیەک ئەو رووداوە گەورە شانۆییە دەخولقێنن، کە جێگای شانازییە بۆ هەر تاکێکی کورد.
*************************************
لیکەکانی ئەم بابەتە لە سایتەکاندا:

ئێن ئێن ئێس رۆژ :

*************************************
ئاسۆی رۆژ :

*************************************
رۆژنووس