۱۳۹۰/۰۹/۲۹

کوردستان و شانۆ


کوردستان و شانۆ     
جەمشید بەهرامی 


لەم وتارەدا هەوڵمداوە زۆرتر باس لەو شانۆیانە بکەم کە مۆرکی کوردی پێوەیە و لە نەریت و ئایین چۆڕاونەتەوە کە بێگومان ئەگەر هونەرمەندی کورد بایەخ بەو جۆرە شانۆیانە بدات ئێمەی کورد دەتوانین بڵێین خاوەنی شانۆین!...
زۆر جار نەک نووسەران و هونەرمەندانی کورد بەڵکوو خەڵکی ئاساییش لە کوردستاندا باس لە هەزاران ساڵە بوونی هونەری کوردی دەکەن،بەڵام تا ئێستا ئەوە نەبووەتە پرس کە ئەو بانگەشەیە پشت بە چی دەبەستێ... من پێم وایە کە ئەوە بانگەشەیە بە تەنیا لە راستای پێداگری لە سەر لایەنێکی شوناسیە و ئەم بەرجەستە کردەوەیە لە هەر کەمینەیەکی ئەم گۆی زەوییەدا چشتێکی ئاساییە، بەڵام ئەگەر گەشتێک بە نێو داب و نەریتی کوردی و بۆنەکانی تایبەتی ئایینی و نەتەوەیی گەلی کورددا بکرێت بێگومان و بە بێ هیچ دەمارگرژییەک دڵنیا دەبین کە ئەم ناوچەیە لەم گۆی زەویە خاوەنی جۆرە هونەرێکی تایبەتە.
بەڵام کێشەیەکی گرنگ کە بەردەوام بەرەوڕووی هونەری کوردی دەبێتەوە ئەوەیە کە هونەری ئەم ناوچەیە خۆی لە نێو ئایینەکان و بۆنەکاندا حەشار داوە و تا ئێستایش هونەری کوردی لەو قوژبنە نەهاتوەتە دەرەوە؛ بە دڵنیاییەوە هاتنە دەرەوە لەو قوژبنە سیمایەکی ئەمڕۆیی و زانستی دەبەخشێتە هونەری کوردی، کە ئەوەش ماندوو بوونێکی زۆری دەوێ و بە پشت بەستن بە دەسەڵاتێکی کوردی دەکرێت. لە هەبوونی دەسەڵاتێکی کوردی و پێکهاتنی کۆمەڵێک سەنتەر و رێکخراو کە زمان و سیمایەکی زانستی ببخشێتە هونەری کوردی یەکێکە لە کۆڵەکەکانی دەربازبوون لەو قوژبنەی کە باس کرا. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

 لە پانتایی شانۆدا هەر لە وێنەی هونەرکانی دیکە، جگە لەوەی کە هەندێ لە مێژوونووسان ( بۆ وێنە گزنفۆن) و نووسەرانی بیانی(ئۆسکار مان) بە شێوەیک ئاوڕیان لە هونەر لە کوردستاندا داوەتەوە، بەڵام سەرەڕای هەوڵی قەڵەم بە دەستانی کورد لەم دواییەدا لە هەمبەر چەمکێک لە ژێر نێوی هونەری کوردی  ئەو هەوڵانەی کە دراوە زۆر کەمە.
شانۆی هەر نەتەوەیەک لە ئایین و داب و نەریت چۆڕاونەتەوە و دواتر لە رەتێکی زانستیدا گەشەیان کردووە تا گەیشتوونەتە ئەم سەردەمە.ئەو شانۆیانەی کە لە نەریت چۆڕاونەتەوە و بە درێژایی مێژوو وەک بەشێک لە نەریتی هەر نەتەوە یان وڵاتێک پێکدەهێنن. شانۆ نەریتیەکان لە کوردستاندا لە سێ جۆر رنگیان داوەتەوە، 1- شانۆی گێڕاننەوەیی (بەیت)  2- شانۆی بووکڵەیی 3- رێوڕەسمە نەریتی و ئایینی‌یەکان. 
بەیت:
بەیتەکان بریتین لە کۆمەڵێک چیرۆک، کە بەشێکی هەرە گرینگ لە ئەدەبیاتی فۆلکلۆریک یان کەلتووری زارەکی نەتەوەی کورد پێکدەهێنن. سەرهەڵدانی ئەم چیرۆکانە کە سینە بە سینە لە نەوەیەکەوە گەیشتووە بە نەوەیەکی دەیکە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فیۆدالیسم لە کوردستاندا.
بەیتەکان لە لایەن بەیت بێژەوە بە شێوەیەکی ئاهەنگین بە دەنگی بەرز بۆ کۆمەڵێک کەس ( بەردەنگ – بینەر ) دەخوێندرانەوە، هەر بۆیە رواڵەتێکی شانۆییشان پێوە دیار بوو، کەسێک(ئەکتەر) بەسەرهات و چیرۆکێکی بە شێوەی ئاواز بۆ کەسانێک دەگێڕرایەوە.
ئەو تەوەرانەی کە لە بەیتەکاندا دەخرێنە بەر باس بریتین لە، مێژووی کورد، شەڕ و بەربەرەکانێی نەتەوەیی و ئایینی، رووداوە تاڵ و شیرینە راستەقینەکانی کوردستان، چیرۆکە ئەویندارییەکان و...
بەیتەکان لە وێنەی، هەنبانەی وشە و دەستەواژەکان دێنە ئەژمار کە کۆمەڵێک وشەی رەسەنی کوردی لە خۆ گرتووە و رەمزێک بووە ئەوەی کە پارێزگاری لە وشە رەسەنەکانی زمانی کوردی بکات.
بەیت بێژەکان بە گوێرەی دۆخی تایبەت ( لە بەر دەکی ماڵی خانەکان، مزگەوتەکان، قاوەخانەی شارەکان، و رێورەسمی شایی و خۆشی)؛ بە دەنگێکی خۆش چیرۆکەکانیان دەگێڕایەوە.
روودانی شەڕی یەکەمی جیهانی و ئاکامە ناخۆشەکانی لە لایەکەوە، هاتنی ئامرازەکانی پێشکەوتنی تکنۆلۆژیا وەک گرامافۆن و رادیۆ بۆ کوردستان، هێدی هێدی فۆلکلۆری ئەدەبی و هونەری بەیت بێژی ئەم ناوچەیە بەرەوڕووی مەترسی تیاچوون بوونەوە، هەر بۆیە رۆشنبیران و نووسەران دەستیان دایە کۆکردنەوەی بەیتەکان.
بۆ وێنە ئۆسکارمان لە ساڵەکانی 1901 تا 1903 دوای سەفەر بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان(مەهاباد) بە هاوکاری جەواد قازی 19 بەیتی لە زمانی کەسێکەوە بە نێوەی " رەحمان بەکر " نووسیەوە و ئەو بەیتانەی لەگەڵ 6 ئەفسانەی کوردی ژێر ناوی ( زاراوەی کوردە موکرییەکان ) لە بەرلین چاپ کرد. جگە لە ئوسکار مان؛ مامۆستا هێمن، عوبەیدووڵا ئەیوبیان، قادری فەتاحی قازی، ئەحمەدی بەحری و ... هەوڵیان داوە کە هەندێک لە بەیتەکان بنووسنەوە.
ئەگەر لە بەیتەکاندا قووڵ بینەوە دەتوانین لە دوو لایەنەوە بەیتەکان لێک بدەینەوە، لایەنی ئەدەبی و لایەنی هونەری.
ئەو هەوڵانەی کە تا ئێستا دراوە لە بواری لایەنی ئەدەبی بەیتەکانەوە بووە، بەو مانایەی کە هەموو هەوڵەکانی هێنانە دەری بەیتەکان لە فۆلکلۆری زارەکییەوە بووە، کە ئەمە خۆی جێگای پێزانینەوە، بەڵام ئەوەی کە تائێستا هەوڵی بۆ نەدراوە بەرجەستە کردنەوەی بەیتەکان لە بواری هەنەریدایە.
هونەرمەندی بەیت بێژ جگە لە گێڕاننەوەی بەیتەکان هاوکات رۆڵی کەس یان کەسانێکی دەگێرا و تەنانەت زۆر جار جگە لە دەنگ(بەیان) لە جەستە کەڵکی وەر دەگرت. بەیت بێژ خۆی دەرهێنەر و ئەکتەر بووە و زۆر جاریش خۆی دیزانی جل و بەرگی خۆی دەکرد. بەداخەوە تا ئێستا شانۆکارانی کورد ئاوڕیان لە جۆرە شانۆییە نەداوەتەوە، و لێکۆڵینەوەکان لە مەڕ ئەو جۆرە شانۆییە زۆر کەمن و هەموو هەوڵەکان بەس لایەنی ئەدەبی بەیتەکانی گرتووەتەوە، کە لێکدانەوەی شانۆیی بۆ بەیت دەتوانێ هەڵگری دەیان تێز یان نامەی کۆتایی لە ئاستی ماستەر و دکتۆرادا بێت، کە هیوادارم لە داهاتوودا بگاتە ئەنجام.
شانۆی بووکڵەیی:
شانۆی بووکڵەیی و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا و هیچ نەتەوەیەک ناتوانێ خۆی بە خاوەن و داهێنەری شانۆی بووکڵەیی لە گۆی زەویدا بزانێت بەڵام ئەوەی کە روون و ئاشکرایە هەندێ لە نەتەوەکان هەر لە دێر زەمانەوە تاکوو ئێستا لە سەر شانۆی بووکڵەیی تایبەت بە خۆیان بەردەوام بوون و ئەم بەردەوام بوونە ئەوانی کردوەتە خاوەن جۆرێکی تایبەتی شانۆی بووکڵەیی.( بۆ وێنە شانۆی بووکڵەیی کاتاکالی هێند، و شانۆی بوونراکۆی ژاپۆن )
لە شانۆی بووکڵەییدا ئەوەی کە روونە، دەگەڕێتەوە " شامانیسم " واتە بۆ زانستی لێکۆڵینەوە لە سەر ئەو مرۆڤانەی کە هێزی سەرتر لە مرۆڤیان هەیە. بەو کەسانەی کە خاوەنی ئەو زانستەن دەڵێن " شەمەن " یان " شامان ".
شامانیسم یەکێک لە هۆکارەکانی لە دایک بوونی شانۆی بووکڵەییە. شەمەن یان شامان یان سەرۆک عەشیرە لە ئەشکەوتدا کاتێک کە دەمامکی لە سەر کردبوو دەنگێکی ترسێنەری لە خۆی دەردەهێنا، هێدی هێدی دەمامکەکان گۆڕانیان بە سەردا هات و بووکڵەکان درووست کران، لە جێگای پەرەستینی بتەکاندا( بتخانەکان )،سەرۆکەکانی ئایینی(کاهێن) دەڕۆشتنە ناو یان پشتی بتەکانەوە و بە هاوار کردن یان هەرا کردن هەوڵیان دەدا وێنایەکی زیندوو لە بتەکان پیشان بدەن.
سەرۆکە ئایینیەکان لەو سەردەمانەدا دەمامک و هێماگەلی جووڵەیی جۆراوجۆریان وەک هێمای خواوەندەکان بەکار دەهێنا و لە جۆرێک تایبەتمەندی کەڵکیان وەردەگرت تاکوو ببنە هۆی تۆقاندنی خەڵک و بەو هۆیەوە دەسەڵاتیان بپارێزن.
لە کوردستانیش وەک نەتەوەکانی دیکە شانۆی بووکڵەیی بوونی هەبووە، دەواتوانین ئاماژە بە بووکە بارانێ، وەلیکان، پیرەژن، جیران بکەین. بێگومان شانۆ بووکڵەییەکان لە کوردستاندا لە پرۆسەیەکدا بوون بەو شانۆیەی کە ئێستا زۆر بە دەگمەن ئێمە لە گوندەکاندا دەیبینین، بەڵام خاڵی لاوازی شانۆکانی ئێمە ئەوەیە کە وەک زۆربەی بوارە هونەرییەکان یان لە رووبەڕووی مەترسی تیاچووندان، یان ئەوەی کە بە زانستی نەبوون و بەس بەشێوەی نەریتی ناوە ناوە لە هەندێ لە گوندە دوورە دەستەکاندا پێشکەش دەکرێن. لەو شانۆ بووکڵەییانەی کە ئاماژەمان پێکرد، شانۆی بووکە بارانێ تا رادەیەک لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا پێشکەش کراوە، شانۆی لەو چەشنە واتە شانۆی بارانخوازی لە ئازەربایجانی ئێرانیشدا پێشکەش کراوە کە بە شانۆ "  تەکەم " ناسراوە، بەڵام بووکڵە و جۆری پێشکەش کردنەکە لەگەڵ بووکە بارانێدا زۆر جیاوازە. جگە لە بووکەبارانی ئەوانی دی کە ئاماژە کرا، تایبەت بە رۆژهەڵاتی کوردستانە، و زۆرتر لەو ناوچانەی کە سنووری ئایینی شیعە و سووننەیە پێشکەش دەکرێت، بۆ وێنە وەلیکان و پیرەژن تایبەت بە شاری بیجاڕن و ئێستاش لەو شارەدا پێشەکەش دەکرێت.
بووکە بارانێ:
بووکە بارانێ
بووکەبارانێ
یا خوا ببارێ
یا شای هەزاران
دا کاتە باران
بۆ فەقیر و هەژاران
گەنم هیچی نەماوە
هەمووی پڕووسقاوە
بووکە بارانێ
بووکەبارانێ
یا خوا ببارێ...
شانۆی بووکە بارانێ لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا پێشکەش کراوە، و هەروەها کە لە ناوەکەیەوە دیارە، ئەم شانۆیە؛شانۆی بووکی بارانە!. بووکە بارانێ بە یەکێک لە شانۆکانی بارانخوازی دەستنیشان دەکرێت، واتە شانۆیەک بووە کە لە کاتێکدا کە وشکەساڵی بووە و باران نەباریوە، لە سەرەتای بەهار یان لە ناوەڕاستی پاییزدا پێشکەش کراوە. لە شار و گوندەکاندا لە رێوڕەسمێکدا منداڵان کۆ دەبوونەوە و بووکڵەیەکیان درووست دەکرد و بە ئاوازێکی بە کۆ داوای بارانیان لە ئاسمانەکان دەکرد.
درووست کردنی بووکڵیەک لە سیمای بووکێکدا بە مەبەستی ئەوە بووە کە سەرنجی ئاسمان بەلای زەوینی تینوودا رابکێشن و زەخت بخەنە سەر ئاسمان کە بگری بۆیان و باران رەوانەی زەوی بکات.
ئەوەی کە جێگای سەرنجە ئەوەیە کە خەڵکی بە تێکڕا بەشداریان لە درووست کردن و رازاندنەوەی بووکڵەکەدا کردووە و دواتر منداڵان بوون کە وەک هێمای خاوێنی جووڵەیان بە بووکڵەکە کردووە و ئاوازیان لەگەڵ خوێندووە.
مەترسیەک کە بەرووڕووی شانۆی بووکە بارانێ دەبێتەوە، ئەوەیە کە چیتر لە شارەکان و تەنانەت گوندەکانیش ئەو شانۆیە پێشەکەش ناکرێت و هەنووکە بە دەگمەن لە گوندەکاندا دەبینرێت، لێرەدا ئەوە یەکێک لە ئەرکەکانی دەسەڵاتی کوردییە کە لە فستیڤاڵە شانۆییەکاندا بانگەشە بۆ زیندوو کردنەوە ئاوڕدانەوە لەو جۆرە شانۆییە بکات، کە بێگومان لە دۆخێکی ئاوەهادا دەبێت کە دەتوانین بەوە دڵخۆش بین کە ئێمەش دەتوانین بڵێن خاوەنی جۆرێکی شانۆی نەریتین کە ئێستایش زیندووە!.
رێوڕەسمە نەریتی و ئایینیەکان
جگە لە بەیتەکان و شانۆ بووکڵەییەکان، هەندێ لە شانۆکان لە وێنەی رێوڕەسم لە کوردستاندا پێشکەش کراون، ئەو شانۆیانە یان بنەمای ئایینیان بووە یان نەریتی.
لە رێورەسمە ئایینیەکاندا لە نێو ئیزەدییەکان،کوردە شێعەکان، یارسانەکان و... هەم بەردەنگ هەیە و هەم بەرامبەرەکەی، کە بەرامبەرەکەی کۆمەڵێک کردەی ئایینی پیشانی بەردەنگ دەدات. دەتوانین بڵێین ئەم کردە ئایینیانە زۆرێک لە هۆکارەکانی شانۆیان تێدا بەدی دەکرێت. بۆ وێنە لە رێوڕەسمە ئایینیەکانی دەروێشەکاندا زکری بەکۆمەڵ یان تێخ بازی کردن زۆر بینراوە، کە لە رووی هونەرییەوە دەتوانین بڵێین دەروێشەکان ئەکتەرەکان و خەڵکی ئاسایی بەردەنگن.
زۆربەی رێوڕەسمە ئایینیەکان بە هۆی زەبری ئایینی بەس لە وێنەی رێوڕەسمی ئایینی ماونەتەوە و چیتر لە قوژبنی ئایینەوە کەس بۆی نەبووە بیهێنێتە دەرەوە و ئاخەندراو بە رۆحی هونەری بکات. 
بەڵام لە نێو ریوڕەسمە نەریتیەکاندا و لەو رێورەسمانەی کە ئایینی زاڵ نەیتوانیوە باڵی بە سەردا بکێشێت، میرنەورۆزی و کۆسە زۆر بەرچاوترن.
کۆسە:
لە هەندێ شوێنی کوردستاندا کەسێکی کۆسە ، بە گریم ( سەر و چاوی رەش کراو ) و جل و بەرگی مەسخەرەوە و پێکەنین هێنەرەوە، خەڵکی لە پێنج رۆژی ئاخری ساڵەوە بە باشی خزمەتی کۆسەیان دەکرد و خواردنی جۆراوجۆریان پێدەدا و دواتر وەک هێمای سەرما و سۆڵە سواری کەریان دەکرد و شار بە دەریان دەکرد. ئەم رێ و رەسمە کە هەنووکەش لە زۆرێک لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا (بانە، مریوان و ...) پێشکەش دەکرێت، بە رێ و رەسمی " کۆسە " ناسراوە.
ئەم شانۆیە یەک ئەکتەری سەرکی هەبووە بە ناوی کۆسە کە خەڵکی سەرقاڵ دەکرد و دەبووە هۆی شادی بەخشین بە خەڵک. شانۆی کۆسە شانۆیەکی کۆمیک بووە کە تەنیا کارکردی شادی بووە. کۆسە دەق یان شانۆنامەیەکی نووسراوی نەبووە و زۆربەی کردەکانی کۆسە بۆ خەڵک دیاریکراو بووە، شانۆی کۆسە بە تایبەتی لە کۆتایی سەری ساڵدا دەستی پێکردووە و چەند رۆژی خایاندووە و لە سەری ساڵدا کۆتایی پێهاتووە.
میر نەورۆزی:
خەڵکی ناوچەکانی کوردستان بۆ گاڵتە کردن و رابواردن، سەرۆک یان میرێکیان هەڵدەبژارد، میر هەموو هەڵس و کەوت و فەرمان و ئەمرەکانی گاڵتەئامێز بوو، و لە کۆتایی جێژندا لە ترسی خەڵک هەڵدەهات.
لە لایەکی دیکە بەم شێوەیە باس لە میری نەورۆزی دەکەن کە لە راستیدا میری نەورۆزی بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵ و نەورۆزەوە بۆ چەند رۆژێک دەبوو بە جێگری میری راستەقینە. میری نەورۆزی کە هەموو کردەوەکانی ئاخەندراو بە گەمە و گاڵتەوە بوو لەو چەند رۆژەدا هەر فەرمانێک یان هەر ئەمرێکی دەکرد بە بێ ئەم لاو لایەک فەرمانەکەی جێ بە جێ دەکرا، سەرەڕای ئەوەی کە زۆربەی ئەمر و فەرمانەکانی دەبووە هۆی تووڕەیی و دڵنگەرانی حاکم(میر)ی راستەقینە.
لە راستیدا فەرمانەکانی میری نەورۆزی بە درێژایی ئەو چەند رۆژە و دواییش کۆتایی هاتنی فەرمانەکان و دەسەڵاتەکانی هۆکارێکی روونە کە ئاماژە بە لەرزۆک بوون و هەروەها بگۆڕ بوونی هەموو دەسەڵاتێک دەکات، هەر بۆیە زۆر جار لایەنی گاڵتەیی فەرمانەکانی کاڵ دەبوونەوە و لە رواڵەتدا لایەنێکی حەقیقی و راستی بە خۆیەوە دەبینی.