۱۳۹۲/۱۲/۱۰

چییەتی فەلسەفەی سینەما

چییەتی فەلسەفەی سینەما

و:جه‌مشید به‌هرامی


ئاشکرایە کە فەلسەفەی سینەما لە نامیلکەی ناسراوی ئەرەستووەوە- بۆتیقا – دەست پێدەکات، ئەرستوو لەم نامیلکەیەدا هەوڵی داوه‌ تاکوو شێوەی باوی هونەری سەردەمی خۆی واتە تراژدی لە روانگەی فەلسەفی‌یەوە لێکبداتەوە. ئەو لەم بەرهەمە بە نرخەدا جۆرەکانی شانۆیی و شیعری روون کردەوە و لە پێناسەی تراژدیەوە ئاوڕی لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژانری بەرهەم دایەوە. هەر بۆیە جۆرەکانی رووداوی شانۆیی لە روانگەی بەشەکانییەوە و هەروەها سنوورەکانیەوە؛ پێگەی کۆمەڵایەتی کەسایەتییە شانۆییەکان (مەزن و سووک)، چۆنیەتی ئەخلاقیی کەسایەتییەکان (شرۆڤەی تاوانەکان و هەڵە تراژیکەکان)، پێکهاتەی چیرۆکین ( به‌رزونزمی شانۆیی یان وەدەستەوەگرتن و گۆڕانکاری لەناکاو) و کاریگەری بەرهەم لە سەر بەردەنگ (خولقاندنی هه‌ستی هاسۆزی و هاوشوناسی یان ترس له‌ به‌رده‌نگدا) و هتدی شرۆڤە کرد.
هەنووکەش روانگەی ئەرەستوویی رۆڵێکی سەرەکی لە فەلسەفەی هونەر بە شێوەیەکی گشتی و بە شێوەیەکی تایبەت لە فەلسەفەی سینەمادا دەگێڕێت.
هەروەها ئەفلاتوون لە دەفتەری سێهەمی "کۆمار"دا جۆرە هونەرییەکان بە سێ دەستەوە دابەش دەکات؛
یەک: لاسایی کردنەوەی بە تەواو مانا لە وتووێژەکاندا (لە تراژدی و کۆمێدی‌دا)
دوو: دووبارە خوێندنەوەی راستەوخۆی "دیترامب"(دیترامب یان شیعری دیترامبیک، چریکە و سروودگەلی شایی هێنەرێک بوون کە "ساتیر"ەکان لە یادمانی خواوەندی شەراب و بەرهەمدار کردن‌دا –دیۆنیزۆس- دەیان گوت. ساتیرەکان بوونەوەرگەلێکی نیوە مرۆڤ و نیوە بزن بوون کە بە خوێندنەوەی دیترامبەکان، رێزیان لە مردن و لەدایک بوونی دووبارەی دیۆنیزۆس دەگرت).(بۆ خوێندنه‌وه‌ی درێژه‌ی بابه‌ت لێره‌ کرته‌ بکه‌.)
سێ: تێکەڵاوێک لەم دوو بەشە (لە حەماسەدا).
هەروەها ئەرەستوو لە ژێر کاریگەری مامۆستاکەی‌دا (واتە ئەفلاتوون)، لە نێوان میدیاکانی نواندنەوەیی بابەتی شانۆیی و شێوازی شانۆ و رەوتی هێنانە بەرچاو، جیاوازی دادەنا.
دەتوانین بڵێین فەلسەفەی سینەما و هەروەها تیوری سینەما، پێکهاتەی مێژووییەکەی لە دەقی ئەندێشەکانی دوو فەیلەسووفی کۆنی یۆنان، واتە ئەفلاتوون و ئەرەستوو وەرگرتووە.
ئەوەی کە لە سەرەتاوە چەمکی سەرەکی فەلسەفەی سەبارەت بە سینەما پێکدەهێنا، بریتی بوو لەم پرسیارەی کە ئایا دەکرێ سینەما لە وێنەی شێوازێکی هونەری چاو لێبکەین؟
لە سەرەتاوە بە هۆی خەڵکی بوون و گشتگیر بوونی سینەما، لە هەڵسەنگاندن لەگەڵ هونەرەکانی دیکە وەک شانۆ، شێوەکاری، ئۆپێرا و جۆرەکانی دیکەی هونەر جوانەکاندا، سینەمایان وەک فۆرمێکی هونەری پێناسە نەدەکرد. جگە لەمەش سینەما لە هونەرکانی دیکە یارمەتیگەلێکی وەردەگرت. زۆر جار فیلمە سەرەتاییەکان تەرخان دەکران بۆ نواندنەوەی ژیانی رۆژانە، بەم پێیە، زۆرکەس سینەمایان وەک دەلاقەیەک بۆ هونەرەکانی دیکە پێناسە دەکرد. بەڵام هێدی هێدی هەندێ لە توێژەران و فەیلەسووفەکان، بنەڕەتی هەبوون ناسانەی سینەمایان دایە بە شرۆڤە و لێکدانەوە.
لە سەردەمی کلاسیکی سینەمادا، سێ کەسایەتی لە ئامادەکردن و گەڵاڵەکردنی فەلسەفەی سینەمادا رۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان هەبوو؛ "هۆگۆ مۆنستێربێرگ"، "رودۆڵف ئارنهایم" و "ئاندرێ بازەن".
هۆگۆ مۆنستێربێرگ
هۆگۆ مونستێربێرگ (Hugo Münsterberg) ١٨٦٣- ١٩١٦ فەیلەسووف و درەوونناسی ئەڵمانی-ئەمریکایی، لە یەکەمین تیوریداڕێژەرانی فیلم بووە. هەر لە منداڵییەوە خولیای مۆسیقا و شێعر بووە. دواتر لە زانکۆدا فەلسەفەی خوێندووە، بەڵام ئاوڕی لە سینەما دایەوە و بیرۆکەکانی لە پانتایی سینەمادا رەنگی داوەتەوە.
ئه‌و
لە وێنەی میدیایەکی تایبەت لە روانگەی هەبوون ناسی‌یەوە توێژینەوەی بۆ سینەما دەکات. مۆنستێربێرگ یەکەمین فەیلەسووفێکە کە وێڕای ئامادەکردنی بابەتێک سەبارەت بە فیلم، بە سەردێڕی شێوازی هونەری تایبەتەوە، سینەمای لە هونەرە هزری‌یەکانی بریتی لە شانۆ، شێوەکاری و پەیکەرسازی جیا کردەوە و لە سەر ئەو بڕوایە بوو کە توخمگەلێک وەک مۆنتاژ، فلاش بەک، کلۆزاپ لە وێنەی فێڵ و تەڵەکەگەلێکی فەننی و لێزانانەی سینەمایی، ئەم هونەرە لە هونەرە دیداری‌یەکانی دیکە جوێ دەکاتەوە.
لە روانگەی "مۆنستێربێرگ"ـەوە هەر ئەم توخمە دیداری‌ و فەننی‌یانەیە کە تایبەتمەندییەکی جیاواز دەبەخشێتە سینەما و دەیکات بە هونەرێکی بەردەوام.
دەتوانین مۆنێستێربێرگ لە بازنەی یەکەمین فەیلەسووفەکانی ناسیاری‌ناسی بهێنینە ئەژمار. مۆنستێربێرگ لە بابەتەکانی فەلسەفەی نیوکانتی و هەر وەها دەروونناسی ئاوەز و تێگەیشتن، کەڵکی وەرگرتووە و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە دەکرێت سینەما وەک هونەری پێشاندانی زەین و تێفکرین بهێنینە ئەژمار؛ چونکوو فیلم لاسایی ئەو شێوازانە دەکاتەوە کە ئاوەزی مرۆیی لە دیمەن‌بەندی جیهانی دەرکەوتە و ئاشکرادا کەڵکیان لێوەردەگرێت.
بە وتەی ئەو؛ کایە کردن بە دیمەن لە رێگای سەرکەوتن بە سەر دیمەنەکانی جیهانی دەرەکییەوە- واتە کات و شوێن و هۆیەتی- چیرۆکێکی مرۆیی دەگێڕێتەوە،  بۆیە بە هاوتا کردن و چاک کردنەوەی رووداوەکان بە شێوەیەک کە دیمەنەکانی جیهانی زەینی ئێمە فەرمان دەدەن - واتە لە ژێر تیشکی بە کارهێنانی حافزە - خەیاڵ و هەست و نەستی گێڕاننەوەیی لە بەردەم بەردەنگدا دادەنێت. ئەوەی کە ئەو بەلایەوە گرنگ بوو؛ پێوەندی نێوان رەوتە سینەماییەکان و رەفتارە زەینی‌یەکان بوو، هەر بۆیە دەکرێ بڵێین ئەو لە سەر توخمە دەروونیی و زەینییەکان بۆ خولقاندنی هونەری سینەما جەختی دەکرد، دەتوانین ئەو بە فەیلەسووفی سینەمای بێدەنگ ناوزەد بکەین.
رودۆڵف ئارنهایم
رودۆڵف یولیوس ئارنهایم ( Rudolf Julius Arnheim ) ١٩٠٤- ٢٠٠٧ لە دایک بووی ئەڵمانیا (بەرلین)، فەیلەسووف، و تیۆریداڕێژەری سینەما و هونەر به‌ گشتی‌یه‌. تیۆرییەکانی لە پانتایی سینەمادا لە سەرەتاوە بە دەروونناسی گشتاڵتەوە پێک هات. ئەو قوتابی کەسانێک وەک ماکس ورتهایمر، و وڵفگانگ کۆهلێر بووە.
رودۆڵف ئارنهایم لە ئەڵمانیادا کتێبێکی ناسراو بە "فیلم"ی بڵاو کردەوە کە لە دنیای ئینگلیزی زماندا لە ژێر ناوی "فیلم لە وێنەی هونەر" بڵاو کرایەوە. ئەویش وەک مۆنستێربێرگ لایەنگری فەلسەفەی کانت بوو. ئەو لە دەروونناسیدا لایەنگری قوتابخانەی گشتاڵت بوو. بەم پییە تێگەیشتنە دیداری‌یەکانی شرۆڤە کرد و بە تایبەت بە شێوەیەکی تایبەت تێگەیشتنە جووڵەییەکانی لە بەر چاو گرت. ئەویش هەر وەک مۆنستێربێرگ لە سەر رۆڵی زەین و ئاوەزی مرۆیی لە پێکهێنانی هەر دیاردەیەکدا جەختی دەکرد. ئارنهایم پێی وابوو کە دەبێت سینەمای دەنگدار لە داڕماوی لە لووتکەی سینەمای بێدەنگەوە، بهێنینە ئەژمار.
ئەویش لەو دەستە بیرمەندانە بوو کە بڕوایان بە تایبەتمەندی میدیایی سینەما هەبوو. شایانی باسە کە هەندێک لە بیرمەندان بە مەبەستی وەسفی چییەتی سینەما، لە بەشەکانی دیکەی هونەری کەڵکیان وەرگرت. ئارنهایم سینەمای بە هونەرێکی تایبەت دەزانی و ئەوەی وە بیر هێنایەوە کە دەبێت سینەما بە مانای تەواوی هونەرەوە پێناسە بکەین.
ئەو پێی وایە، نابێت جوانیناسی سینەما لەگەڵ پانتاییەکانی دیکەی هونەردا تێکەڵاو بکەین. ئەو سینەمای بێدەنگی بە لووتکەی هونەری حەوتەم دەستنیشان دەکرد و دەیگوت ئەم هۆکارانە: وەلانانی تەواوی ئاوەزەکان جگە لە هەستی بینایی و کەم کردنەوەی قووڵایی، گەڵاڵەی ماکە خۆگرەکان(جامد) و سێ رەهەندی لە سەر رووبەڕێکی ساف، نەبوونی رەنگ و نەبوونی گرێدراوی کات و ساتی سینەما، بوونە هۆی ئەوەی کە سینەما لە هونەرەکانی دیکە جیا بێتەوە.
بە بڕوای ئارنهایم دەبێت لە سەرەتاوە فیلم وەک دیاردەیەکی زەینی بهێنینە ئەژمار و ئەوە کە لە هونەرەکانی دیکەدا بە تایبەتمەندییە وەزە بەخشەکان دەستنیشانی دەکەن، بەڵام لە سینەمادا نەبوونی ئەو تایبەتمەندییانە لە ریزی هۆکارەکانی وزە بەخشی دێتە ئەژمار، بەم پێیە نابێت کەلام و گوتە لە سینەمادا بە هۆکاری وزە بەخش دەستنیشان بکەین. لە راستیدا کەلام لە جوانی دیداری کەم دەکاتەوە. بە وتەی ئەو زیادکردنی دەنگ بە جووڵە لە سینەمادا، پێشکەوت و گەشەی ئەم هونەرە نەزۆک دەکات چونکوو بەردنگەکانی سینەما بە رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ فیلمی دنگداردا خوو بە جۆرێک لە ریالیزمێکی دەستکرد و ناڕەسەنەوە دەگرن.
بێگومان دەنگ، سینەما لە چییەتی سەرەکییەوە - کە لە راستیدا هۆکاری دیدارییە- بەتاڵ دەکات و دەست لە تایبەتمەندیەکەی وەردەدات.
ئاندرێ بازەن
ئاندرێ بازەن ( Andre Bazin ) ١٩١٨- ١٩٥٨ لە دایک بووی فەڕەنسا ( ئەنگێرز) ناسراوترین و کاریگەریدانەرترین  تیوریدارێژەر و رەخنەگری فەڕەنسی فیلم بوو، کە بە کۆمەڵێک وتارەوە هەوڵێ دابین کردن و داڕشتنی تیورییەکی لە ژێر ناوی "میزانسن" دەدا. ئاندرێ بازەن لەگەڵ "ژاک دۆنیۆل واڵکرۆز" لە ساڵی ١٩٥١دا گۆڤاری "کایەدۆسینەما"ی دامەزراند. لەم گۆڤارەدا کۆمەڵێک لە رەخنەگران و فیلمسازەکانی شەپۆلی نوێی فەڕەنسا بابەتیان دەنووسی. ئاندرێ بازەن لەم گۆڤارەدا کۆمەڵێک وتاری بلاو کردوەتەوە کە دوای مەرگی لە تۆیی کتێبدا چاپ کران. لە کتێبەکانی دەتوانین ئاماژە بەمانە بکەین:
١- سینەما چییە؟ (لە دوو بەرگدا) ٢- ئوورسەن ڤێڵز: شرۆڤەیەکی رەخنەگرانە ٣- ژان رێنوار ٤- سینەمای فەڕانسا لە پیشەوە تاکوو لەدایک بوونی دووبارە: لە دایک بوونی جوانیناسانەیەکی رەخنەگرانە ٥- سینەمایەک لە بێداد: لە بۆنوێلەوە تاکوو هیچکاک ٦- کۆمەڵێک وتار سەبارەت بە چاڕلی چاپلین ٧- بژاردەیەک لە بابەتەکانی دەیەی چل و پەنجا.
ئاندرێ بازەن سەرەڕای ئەوەی کە فەیلەسووفێکی پڕۆفشناڵ نەبوو بەڵام وێڕای بڵاوکردنەوەی بابەتگەلێک کە- هەنووکەش کاریگەرییەکی قووڵی لە سەر تیوریداڕێژەرانی فیلم و سینەما هەیە-  تیورییەکانی ئورنهایم بەرەوڕووی کێشە دەکاتەوە و رەخنەیان لێ دەگرێت.
بە پێی روانگەی بازەن دوانەپەرەستی‌یەکی تایبەت لە نێوان فیلمی بێدەنگ و دەنگداردا بوونی نییە، بەڵکوو ئەم دووانەیی بوونە دەبێت لە نێو فیلمگەلێک کە جەخت لە سەر هێما دەکەن و فیلم گەلێک کە پشت بە مۆنتاژ دەبەستن لە بە چاو بگرین. سەرە ڕای ئەوەی کە بۆ کەسانێک لە وێنەی ئایزنشتاین مۆنتاژ وەک تایبەتمەندی سەرەکی سینما دەستنیشان دەکرا، بەڵام ئاندرێ بازەن بە مەبەستی سەلماندنی هەبوونی شێوەگەلی جێگرەوە لە رێگەی بەدیهاتنی هونەری سینەما، بۆ سەردەمی سینەمای بێ دەنگ گەڕایەوە و وەبیری هێنایەوە کە کامێرای فیلمهەڵگر دەبێت چییەتی راستەقینەی جیهان بخاتە بەر دیدی گشتی، بۆیە بە بڕوای ئەو فیلم و سینەما، تابەتمەندییەکی ریالیستی‌یان هەیە چونکوو دەبێت بۆ سەرچاوەکەی لە وێنەگریدا بگەڕێین. بە وتەی ئەو داهاتووی سینەما لە وێنەی فۆرمێکی هونەری بۆ بەدیهاتن و گەشەی تواناییەکانی بۆ بە دەستەوەدانی دیمەنێکی وشک و بێ جموجووڵ لە ساتێکی دیاریکراودا بەدەر لەم جیهانەیە، لەم رووەوە ئەو لە سەر ریالیزم لە وێنەی ژانری سەرەکی سینەما جەختی کرد.
ئەو لەم بابه‌تەوە باسی بژارەی "مۆمیایی کردنی راستەقینە"ی هێنایە ئاراوە. بە بڕوای ئەو سینەما بەردەوام هەوڵی دەدا تاکوو ئاواڵ‌دوانەی جیهان بکات بە جێگرەوەیەک بۆ جیهان.
سینەما  لاسایی کردنەوەی وێنەگرانە تێکەڵاو بە بەرهەمهێنانەوەی کات دەکات. لە روانگەی ئەوەوە دیمەنی شتەکان و دیاردەکان، بریتییە لە دیمەنی مۆمیایی کراوی کاتەکەیان. بە وتەی ئەو دیمەنی وێنەگرانە بۆ خۆی چشتێکە، چشتێک کە لە دۆخی شوێن و کاتی زاڵ بە سەریدا رزگار بووە.

سەرچاوە :
نویسندە:
دکتر محمد ضیمران، روزنامه اعتماد، شماره 1723، تاريخ 23/4/87، صفحه 7 (انديشه)
ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌ی 101ی ئاسۆی رۆژهه‌ڵات له‌ 
لاپه‌ڕه‌ی هونه‌ردا چاپ و بڵاو کراوه‌ته‌وه‌.