هونه‌ر و کۆمه‌ڵگا
و: جه‌مشید به‌هرامی
هونه‌ر و کۆمه‌ڵگا به‌رده‌وام له
پێوه‌ندی و روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دوولایه‌نه‌دان، به‌ڵام ئه‌م رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یه
به مانای یه‌کانگیری نییه. ئه‌وه‌ی روونه ئه‌مه‌یه که کۆمه‌ڵگا خۆی به خاوه‌نی
هونه‌ری هه‌بوو ده‌زانێت و دڵبه‌سته و گیرۆده‌یه‌تی. له هه‌ر حاڵ‌دا هونه‌رمه‌ند،
به‌رهه‌مه‌کانی به پێی ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ی که له کۆمه‌ڵگادا بوونی هه‌یه ده‌خولقێنێت
و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کان سه‌رچاوه‌گرتوو له ئافراندنی
تاکه‌که‌سین، به‌ڵام تاکگه‌رایی به هیچ شێوه‌یه‌ک تاکگه‌راییه‌کی دهرههستیی(سۆبژێکتیڤ)
نییه به‌ڵکوو تاکگه‌راییه‌کی بابه‌تیانه‌یه(ئۆبژێکتیڤ) که له کۆمه‌ڵگاوه سه‌رچاوه‌ی
گرتووه. هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ریش ئافراندنی هونه‌ریش وه‌ک ئه‌زموونێکی تاکه‌که‌سی
چاو لێبکه‌ین دیسان ئه‌م ئه‌زموونه له دامه‌زراوه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا هاتوه‌ته
ئاراوه و پێویستیی ده‌ربڕێنی ئه‌م ئه‌زموونه له پێوهندییهکدایه که ده‌بێت له‌گه‌ڵ
تێگه‌یشتن و یه‌کانگیر بوون له‌گه‌ڵ ئه‌زموونه‌کانی کۆمه‌ڵگادا هه‌یبێت چونکوو
هونه‌رمه‌ند به‌س به‌رهه‌مه‌کانی بۆ خۆی ناخولقێنێت به‌ڵکوو ئه‌م به‌رهه‌مانه ده‌بێت
زمانێکی هاوبه‌شی له کۆمه‌ڵگادا هه‌بێت. لێره‌دایه که پێوه‌ندی دوولایه‌نه‌ی
هونه‌ر و کۆمه‌ڵگاش هه‌ر وه‌ک پێوه‌ندییه دولایهنهکانی دیکه‌ی دیالێکتیکی وه‌ک
راستینه‌ی زانستی ده‌رده‌که‌وێت. (بۆ خوێندنه‌وه‌ی درێژه‌ی بابه‌ت لێره کرته بکه)
کاتێک که پێویستییه‌ک له هونه‌رمه‌ندا درووست بووبێت، هونه‌رمه‌ند ده‌ست ده‌داته
ئافراندنێکی هونه‌ری، که بێگومان ئه‌م پێویستییه له ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا به
هیچ چه‌شنێک تاکه‌که‌سی نییه به‌ڵکوو پێویستییه‌که که دیترانیش له‌ودا به‌شدارن
چونکوو ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت ئافراندنی هونه‌رمه‌ند هونه‌ری نییه.لێره‌دایه که
بێگومان خولقاندنی به‌رهه‌مێکی هونه‌ری پێوه‌ندی به پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه
هه‌یه که ده‌بێته هۆی ره‌نگدانه‌وه له مێشکی هونه‌رمه‌نددا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر
ئه‌م پێوه‌ندییانه له روانگه‌ی هونه‌رمه‌نده نادروست و ناپێویست بێت. ره‌نگدانه‌وه‌ی
ئایدۆلۆژیا له هونه‌ردا وه‌ک جۆره‌کانی دیکه‌ی زانیاریبه‌خشی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م
کاردانه‌وه‌یه‌ی تێدایه، هه‌ر بۆیه هونه‌رمه‌ند و کۆمه‌ڵگا، هه‌ردووکیان له ره‌وتی
پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا کاریگه‌رییان له سه‌ر یه‌کدی ده‌بێت له‌و رووه‌وه
که مرۆڤ له کۆمه‌ڵگادا ژیان ده‌کات و هونه‌ر جۆرێک له هۆشیاری کۆمه‌ڵایه‌تی
مرۆڤه هه‌ر بۆیه چالاکی هونه‌ری چالاکییه‌کی سروشتیی مرۆڤه، واته ئه‌م
چالاکییه هه‌م له هونه‌رمه‌ند و هه‌م له کۆمه‌ڵگادا له وێنه‌ی بابه‌تێکه له
واتا مرۆییه‌که‌ی خۆی. که وایه ده‌توانین به‌م ده‌ره‌نجامه بگه‌ین که هونه‌ر و
کۆمه‌ڵگا به‌پێویست لێکگرێدراوییهکی نه‌پچڕاویان له نێواندا هه‌یه، واته هیچ
هونه‌رێک نییه که له ژێر کاریگه‌رییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا نه‌بێت و له به‌رامبه‌ردا
هیچ کۆمه‌ڵگایه‌کیش نییه که نه‌چێته ژێر کاریگه‌ری هونه‌ره‌وه.به‌ڵام پێوهنییهکانی نێوان هونه‌ر و کۆمه‌ڵگا نه‌گۆڕ نییه، هه‌روه‌ها که دوو بابه‌تی (مێژوویی و لۆژیکی) که سه‌ره‌ڕای یه‌کیه‌تی و ته‌بایی دیالێکتیکی له‌گه‌ڵ یه‌کدا ناکۆکن، هونه‌رمه‌ند و کۆمه‌ڵگاش له ره‌وتی گه‌شه‌ی خۆیاندا له گۆڕاندان و له‌هه‌مان کاتیش‌دا پشتبه‌ستوو به یه‌کترن. که‌وایه له لایه‌که‌وه روانگه‌کانی هونه‌رمه‌ند له‌وێنه‌ی مرۆڤێک له گۆڕاندایه و له لایه‌کیشه‌وه بایه‌خه‌کان و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانی زاڵ به سه‌ر کۆمه‌ڵگایشدا ده‌گۆڕدرێت، هه‌ر بۆیه هونه‌ر و کۆمه‌ڵگا له هاوسه‌نگییه‌کی بزۆزی میژووییدان، هاوسه‌نگییه‌ک که درووست له‌گه‌ڵ بنه‌ماکانی دیالێکتیکیدا یه‌کانگیره، چونکوو له لایه‌که‌وه کۆمه‌ڵگا به گشتی به شێوه‌ی بابه‌تیانه بێ‌سنوور ده‌مێنێته‌وه و له لایه‌که‌وه تاکیه‌تی هونه‌رمه‌ند له‌وێنه‌ی تاکێکی مرۆیی سنووردار ده‌بێته‌وه که له پێوه‌ندی ئه‌م دوانه‌دا، له هونه‌ر و کۆمه‌ڵگادا گه‌شه دێته‌ئاراوه.
کۆی هونه‌ر و کۆمه‌ڵگا سیسته‌مێک پێکده‌هێنێت که نه‌ک به‌س له سه‌ر بنه‌مای گشتی و تاکی درێژه به رێکخراوی خۆیان ده‌ده‌ن به‌ڵکوو له نێو ئه‌م پێوه‌ندییانه‌دا، دوولایهنییهکی دیکه‌ش دێته ئاراوه که پێوه‌ندی دوولایه‌نه‌ی ئامانج و ئامرازه. ئامانجی هه‌ر به‌رهه‌مێکی هونه‌ری بریتیه له گهشهسهندووترکردنی چییه‌تی مرۆیی، که له‌گه‌ڵ خولقاندنی به‌رهه‌می هونه‌ریدا، خودی ناوه‌رۆکی بایه‌خ و ئایدۆلۆژیای خۆی ئاشکرا ده‌کات به‌ڵام ئه‌م ئامانجه له‌رێگای ئامرازه جۆراوجۆره‌کانه‌وه پیشان ده‌درێت.
ئافراندنی هونه‌ری
پراکتیک به‌رهه‌می پێوه‌ندی "ناسیاری"یه -واته ناسینی بیر و هۆشی مرۆڤ له‌گه‌ڵ سروشت و ده‌ورووبه‌ری (ژینگه)، به‌واتایه‌کی دیکه باسه‌که پێوه‌ندی به بیر و هۆش له‌گه‌ڵ راسته‌قینه‌ی باباتیانهوه هه‌یه- له گشتاندنی (به گشتیکردنی) هونه‌ریشدا ئه‌م پێوه‌ندییه بوونی هه‌یه چونکوو پێوه‌ندی نێوان هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ دنیای راسته‌قینه‌دایه واته وێکه‌وتنی ده‌رهه‌ستی (سۆبژێکتیڤ) مرۆڤێک له‌وێنه‌ی ئافرێنه‌ری هونه‌ری و ده‌ورووبه‌ره فیزیکییه‌که‌ی که کاریگه‌ری لێوه‌رده‌گرێت. به‌ڵام هاوکات پێوه‌ندییه‌کی گشتی له‌م باسه‌دا بوونی هه‌یه؛ له بواری پراکتیک و تیۆریدا/له تێپه‌ڕین و گواستنه‌وه بۆ پرس و ئه‌نجامگیری گریمانه یان دڕدۆنگی و له کۆتاییدا خستنه‌ڕووی تیۆری و دۆزینه‌وه‌ی پێوه‌ندی نه‌گۆڕ و به‌رده‌وام/ له ناسیاری زانستیدا دیارده یان هه‌بوونێک که ئه‌م ناسیارییه زانستییه به‌واتای راستیهقینهی بابه‌تیانه‌یه/له ناسیاری هونه‌ریدا جۆری ده‌رهه‌ستی وه‌ک بابه‌تی زاڵتر ده‌بینرێت.
به‌گشتی ئه‌نجامگیری به‌پێی گریمانه، ئامانجێکی دهرههستییه که به پێی رووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ بیر و هۆشدا پێکدێت به‌ڵام له‌ڕێگای ئه‌زموونه‌وه، به‌تایبه‌ت به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو له‌گه‌ڵ ئامرازه بابه‌تیانه دیاریکراوه‌کاندا پێوه‌ندی نێوان ئۆبژێکتیڤ و سۆبژێکتیڤ پێکدێت و له جۆری زۆر به‌ربڵاودا، دۆزینه‌وه‌ی رێسا پێداگری له سه‌ر دیاریکردنی راده‌ی درووست ده‌ستنیشانکردنی بیر و هۆش له رێگای دیداره‌وه ده‌کات. هه‌ربۆیه هونه‌ر ده‌رخه‌ری راسته‌قینه‌ی ده‌ره‌کییه له رێگای بیر و هۆشه‌وه که له وێکه‌وتنی ئه‌م دوانه‌دا پێک دێت و به پێی بنه‌ما گشتییه‌کانی دیالێکتیک، بێ‌سنوور بوونی راسته‌قینه‌ی بابه‌تیانه له‌گه‌ڵ کاریگه‌رییه‌کانی بیر و هۆشدا ده‌که‌وێته ناکۆکییه‌وه و به‌م شێوه‌یه گه‌شه ده‌کات و به‌م پێیه هونه‌ر به‌ره‌و لووتکه‌ی گه‌شه ده‌ڕوات.
به‌ڵام مرۆڤی بیرمه‌ند و کۆمه‌ڵایه‌تی له پێوه‌ند له‌گه‌ڵ ئافراندنی به‌رهه‌می هونه‌ری و سروشتدا هه‌وڵ ده‌دات و له مێشکی خۆیدا گۆڕان به سه‌ر سروشتدا ده‌هێنێت و بیری خۆی به پێی گۆڕانی سروشت ده‌گۆڕێت و له‌م ره‌وته‌دا به‌ڕواڵه‌ت له روانگه‌ی خۆیه‌وه ئافراندنێکی تاکه‌که‌سی و به‌ده‌ر له سروشتی هه‌یه، له حاڵێکدا ئه‌م ئافراندنه به‌س ده‌ربڕین و ره‌نگدانه‌وه‌ی پێوه‌ندی به‌رده‌وامی ده‌ورووبه‌ری خۆیه‌تی که به‌پێی یاسا دیدارییه‌کان له رێگای بیر و هۆشه‌وه و به یارمه‌تی ئامرازێکگهلێک که رۆڵی نێوانجی ده‌گێڕن و خۆیان پشتبه‌ستوو به یاساگه‌لێکی دیدارین به‌ئه‌نجام ده‌گات.
مرۆڤ له قۆناغی رووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ر پرسێکدا رێگهچارگهلی جۆراوجۆر تاقی ده‌کاته‌وه که هه‌ندێ جار تووشی هه‌ڵه و نائومیدی ده‌بێت یان ئه‌وه‌ی که به دیدێکی نه‌ناسراوه‌وه چاو له پرسێکی تایبه‌ت ده‌کات که له ره‌وتی تاقیکردنه‌وه‌دا بۆی ده‌رده‌که‌وێت له رابردوودا له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه به‌ره‌وڕوو بوه‌ته‌وه و تاقیکردنه‌وه‌کانی دووپات ده‌بنه‌وه. هه‌ندێ جار له‌م قۆناغه‌دا ده‌وه‌ستێت و ماوه‌یه‌کی درێژ به گریمانه و دڕدۆنگیه‌وه تێپه‌ڕ ده‌کات و پێی وایه گریمانه‌که‌ی به ئه‌زموون و تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی که‌م و کورته‌وه دروسته به‌ڵام له ره‌وتێکی به‌رده‌وامدا دواتر به‌م ده‌ره‌نجامه ده‌گات که ئه‌زموون و تاقیکردنه‌وه‌کانی له‌گه‌ڵ راسته‌قینه‌دا یه‌ک ناگرنه‌وه، هه‌ر بۆیه بۆ ئافراندنی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌که‌ی درێژه به تێکۆشان ده‌دات و له‌م قۆناغه‌دا تێده‌گات که خولقاندنی به‌رهه‌مێکی هونه‌ری سه‌رچاوه‌گرتوو له "بیرێکی خاوێن و ره‌سه‌ن" نییه به‌ڵکوو ره‌نگدانه‌وه‌ی راسته‌قینه‌یه‌کی دیدارییه له ره‌وتی بزۆزی کۆمه‌ڵایه‌تیدا. هه‌ر بۆیه ده‌توانین بڵێین له به‌رهه‌مێکی هونه‌ریدا پێوه‌ندییه‌کی به‌رده‌وام له نێوان بیر و هۆشی مرۆڤ له‌گه‌ڵ خودی مرۆڤ و سروشت و ده‌ورووبه‌ریدا بوونی هه‌یه که له‌م پێوه‌ندییه‌دا به پێی ده‌ستپێڕاگه‌یشتن به یاساگه‌لێک که له‌ودا کاریگه‌ری هه‌یه توانستی ئاگاهییه‌که‌ی روون ده‌بێته‌وه و هه‌ر چه‌ند ئه‌م ئاگاهییه له سه‌ر یاساکان زۆرتر بێت راده‌ی ئازادییهکهیشی زۆرتر ده‌بێت.
به‌م پێیه ئازادی هونه‌رمه‌ند کردارێکه له بگۆڕی ئاگاهی هونه‌رمه‌ند که له‌م ره‌وته‌دا به‌رده‌وام به‌ربڵاوتر ده‌بێت و هه‌روه‌ها که "بیری خاوێن و ره‌سه‌ن" به بێ ئاشکرابوون ناتوانێت بوونی هه‌بێت، "ئازادی ره‌سه‌ن"یش جگه له پێوه‌ندی نێوان بیر و هۆش و دیدار و راده‌ی ئاگاهی ناکرێ بیری لێبکرێته‌وه، له‌م رووه‌وه ئازادی هونه‌رمه‌ند له راده‌ی تێکۆشان و به‌ربه‌ره‌کانێی ئه‌و له ره‌وتی تاقیکردنه‌وه به‌رده‌وامه‌کانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و هه‌روه‌ها له تێپه‌ڕبوون له به‌ربه‌سته جۆراوجۆره‌کان که له سه‌ر رێگایدایه سه‌رچاوه ده‌گرێت، هه‌ر بۆیه ده‌کرێ بڵێین که جیهانی دیداری دیاریکه‌ری راده‌ی ئازای هونه‌رمه‌نده.
"ئازادی بریتیه له ناسینی پێویستی؛ پێویستی تا کاتێک که شی نه‌کرێته‌وه، ناڕوونه. ئازادی له سه‌ربه‌خۆیی خه‌یاڵی یاساکانی سروشتدا بوونی نییه به‌ڵکوو له ناسینی ئه‌و یاسا و ئه‌و دهرفهتانهدایه که ده‌یڕه‌خسێنن تاکوو به مه‌به‌ستی گه‌یشتن به ئامانجێکی دیاریکراو به‌کاربهێنین... هه‌ر بۆیه ئازادی بریتییه له زاڵ بوون به سه‌ر "خود" و سروشتی ده‌ره‌کیدا، زاڵبوونێک که به‌پیی ناسینی پێداویستییه‌کانی سروشته و به‌م شێوه‌یه به‌پێویست به‌رهه‌می گه‌شه‌ی مێژووییه(ئێنگێڵس، ئانتی دوورینگ، ل 122) . به‌م پێیه هونه‌رمه‌ند تا ئه‌و راده‌ی که بتوانێت له پێوه‌ندییه ده‌روونییه‌کانی ده‌ورووبه‌ری خۆی -دیداری خۆی و ئامرازگه‌لێک که له‌و رێگایه‌وه بیر و هۆشی له به‌رده‌م رهنگدانهوهدا هه‌یه- تێبگات، خاوه‌نی هێزی ئافراندنی رههاتره.
له‌وه‌دا گومان نییه ناسیاری و ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌رده‌وام له دوو دۆخدا به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه، له دۆخی سنووردار و کاتیی تایبه‌ت له لایه‌ک و له ره‌وتی ناسینی هونه‌رمه‌ند له لایه‌کی دیکه‌وه، که ئه‌م ناته‌باییه دیالێکتیکیهش له گه‌شه‌ی هونه‌ر و ئافراندنی هونه‌ریدا رۆڵێکی کاریگه‌ری هه‌یه. له‌م روه‌وه ده‌بێت سه‌رنجی ئه‌وه بده‌ین که ئافراندنی هونه‌ری به پێی یاسا گشتییه‌کانی ماتریالیزمی دیالێکتیک و تیۆری ره‌نگدانه‌وه‌ی لێنین کارده‌کات و هه‌ر بۆیه چه‌مکه هونه‌ری و زانستییه‌کان له پێوه‌ندییه‌کی هه‌میشه‌ییدان و به پێی ئاگاهی کۆمه‌ڵایه‌تی کارکردێکی حاشاهه‌ڵنه‌گریان ده‌بێت و نه‌ک گه‌شه زانستییه‌کان له سه‌ر کاری هونه‌ری کاریگه‌رییان ده‌بێت(به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کانیش له پانتایی زانست‌دا رۆڵێکی هه‌ره به‌رچاویان هه‌یه) به‌ڵکوو به‌دیهاتنی ناسیاری پێوه‌ندی به‌رده‌وامی هه‌بوون و ده‌ستپێڕاگه‌یشتن به به‌شه زانستییه‌کانی دیکه وه‌کوو نیشانه‌ناسی، زمان‌ناسی و... له ئافراندنی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کان گه‌شه‌سه‌ندنێکی بهڕبڵاوتر به‌خۆیانه‌وه ده‌بینن.
هونه‌ر له‌وێنه‌ی جۆرێک له "ناسیاری" به پێی ره‌نگدانه‌وه‌ی جیهانی راسته‌قینه له بیری مرۆڤدایه. تیۆری ناسیارناسی جیهانبینی مارکسیستی له سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌یه که بابه‌ت و ئامرازه‌کانی ره‌نگدانه‌وه له روانگه‌ی مێژووییه‌وه مرجدارن واته راده‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی به‌رهه‌م و کو‌لتوور روونکهرهوهیه به‌ڵام ناسیاری هونه‌ری ئه‌و ده‌رفه‌ته به مرۆڤ ده‌دات که "سنووری ته‌نگاوی و بێ ده‌ره‌تانی کات" ببه‌زێنێت.
له کاتێ ره‌نگدانه‌وه و نواندنه‌وه‌ی راسته‌قینه‌یه‌ک، هونه‌رمه‌ند له ره‌وتی ئافراندنی خۆیدا نه‌ک به‌س بابه‌ته‌که ده‌خولقێنێته‌وه به‌ڵکوو هۆکاره مێژوویی و ئاڵووگۆڕهکانیشی پیشان ده‌دات به‌ڵام ئه‌مه به‌م مانایه نییه که هونه‌رمه‌ند ده‌توانێت به ته‌واو مانا له کات و شوێنی خۆی جیابێته‌وه. هونه‌رمه‌ند هه‌میشه له ره‌نگدانه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ی دیداری له کاتی دیاریکراودا ده‌ست پێده‌کات ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ریش ته‌رکیز بکاته سه‌ر ئافراندنه‌وه‌ی رابردوو، ئێستا یان داهاتوو. پێویستی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه که "کاتی ئافراندنی هونه‌ری" له دروستکردنه‌وه‌ی رابردوو و پێش بینی داهاتوو رۆڵێکی گرنگ و به‌رچاوی هه‌یه.
سه‌رچاوه: ا-نوایی، دیالکتیک و
هنر، چاپ اول، تهران انتشارات میهن، ص 35-41.
ئه‌م بابه‌ته له ژماره‌ی 116ی ئاسۆی رۆژهه‌ڵات له به‌رواری 12.02.1394 (1.05.2015) چاپ و بڵاو کراوه‌ته‌وه.
لینکی ئه‌م بابه‌ته له سایتی ئاسۆی رۆژهه‌ڵات: