۱۳۹۰/۰۴/۳۱

لۆکاچ،ئەدەبیات،ئایدۆلۆژیا


لۆکاچ،ئەدەبیات،ئایدۆلۆژیا
و: جەمشید بەهرامی
بە هەڵسەنگاندنێکی رووکاری، نا زانستی بەڵام لێکۆڵینەوەیی، دەکرێ شیمانە بکرێت کە گیۆرگ لۆکاچ مێژوونووسی مارکسیستی ئەدەبیات، بە درێژایی تەمەنی دەبێت نزیک بە یەک ملیۆن لاپەڕەی ئەدەبی، فەلسەفی،مێژوویی و سیاسی خوێندبێتەوە، چونکوو سەبارەت بە بەرهەمەکانی زۆربەی نووسەران، فەیلەسووفەکان و خەباتکارانی کۆمەڵایەتی سێ سەدەی ئەخیری ئەوروپا، رای دەربڕیوە. لۆکاچ جگە لە رۆمانە دوور و درێژەکانی باڵزاک،رۆمانەکانی داستایۆفسکی، تۆلستۆی، تۆماس مان، زۆلا، گۆتە و ... هێنایە پێوانەی رەخنەی ئەدەبیەوە. لۆکاچ لە پانتایی ئەستەتیک و زانستی جوانیناسی‌دا لە وێنەی مارکس‌ـە. بە پێی بەرهەمەکانی لۆکاچ دەتوانین بڵێین لۆکاچ کەسایەتیەکی ئەخلاق‌گەرا بووە، هەروەها بە پێی دان‌پێدانانەکانی خۆی، بەشداریەکەی لە حیزبی کمۆنیست‌دا بەس کردەیەکی ئەخلاقی بووە.
لۆکاچ لە سەر ئەو رایە بوو کە، هیچ ئایدۆلۆژیایەک بێ‌کەم و کووڕی بە دەی ناکرێت،و پێداگری کردن لە سەر بێ‌لایەنی لە جیهانی ئایدۆلۆژیاکاندا،ئەمرێکی نەگونجاوە. بەس یەک هەڵویست بۆ مرۆڤی بە ویژدان بوونی هەیە، ئەویش هاودەنگی یان دژایەتی ئایدۆلۆژیایەکی تایبەتە. هەندێ کەس دژایەتی لۆکاچ لەگەڵ بیرۆکەوانانی دیکەدا دەگەڕیننەوە بۆ، یەک لا کردنەوەی خۆی، چونکوو لۆکاچ پێشتر قوتابی هەر کام لەوانە بووە. "جولی دەفریت" دەڵێت: بەشێک لە تراژدیای ئایدۆلۆژیا دۆگماتیکەکان ئەوەیە کە، باشترین تیوریسیەنەکانیان رۆژێک دەبنە رەخنەگرە سەرەکییەکانیان، و ئەمە لۆکاچ دەگرێتەوە. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

لۆکاچ بە درێژایی تەمەنی تێکۆشانی، چەند جار کەوتە زیندانەکانی وەڵاتە جۆراوجۆرەکان. لەوانەیە ئێستا بتوانین بڵیین لۆکاچ مارکسیستێکی ئازادیخواز بووە. ئەو دوای بە دەسەڵات گەیشتنی نازیەکان لە بەشێک لە ئەوروپادا، رۆشتە یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو و لەوێ بووە سەرنووسەری گۆڤارێکی نێونەتەوەیی.
لۆکاچ کەلتووری کۆن بە سێ بەشەوە دابەش دەکات : پاڵەوانی(حیماسی)، تراژدیا، فەلسەفی؛ لە سەر ئەو بڕوایە کە لە سەردەمی ئێستادا ئەدەبیاتی حیماسی نەگونجاوە و جێگای خۆی داوە بە رۆمان.
فۆرمی رۆمان دەربڕینی جۆرێک سەرلێشێواوی و بێ وڵاتی هەستی و هزریی مرۆڤی مودێرنە. ژانری رۆمان لەم سەردەمەدا پاڵەوانی تایبەتی خۆی هەیە، بەو مانایە، کەسێک کە بەردەوام لە دوی دۆزینەوەی رێگا چارە و ئامانجدایە. پاڵەوانی حیماسەش لەو چەشنە لە دوی ئامانج و رێگا چارەدا بوو، بەڵام دڵنیا بوو کە بە ئامانجەکەی دەگات، یان لە رێگای گەیشتن بە ئامانجە تایبەتەکەیدا دەبەزێت و لە وێنەی پاڵەوانێک تێکەڵاو بە ئوستوورەکان دەبێت و درێژە بە ژیان دەدات. بەڵام لە ژانری رۆمانی ئێستادا، رێگای چارە، و ئامانجی پاڵەوان بە شێوەیەکی راستەوخۆ روون و ئاشکرا نییە.
ئۆگری و دڵبەستە بوونی لۆکاچ بە پرسە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکانی ژیانی مرۆڤی چەوساوە بووە هۆی ئەوەی کە گرنگایەتییەکی زۆر بداتە رۆمانی مێژوویی. ئەو دەڵێت رۆمانی مێژووییە کە دەتوانێت تۆتالیتر بوونی رەوتی مێژوو دەستنیشان بکات.
لۆکاچ بە پێی لە دایک بوونی رۆمانی مێژوویی لە سەرەتای سەدەی 19 لە لایەن والتێر ئیسکاتی بەریتانیاییەوە؛ دەڵێت: لە سەردەمی شۆڕشی فەڕانسا بە دواوە بۆ یەکەم جار مرۆڤ بزووتنەوەی جەماوەری لە ئەدەبیات دا بە خۆوە بینی. بە رای ئەو بە بەرهەمەکانی باڵزاک و تۆلستۆی، رۆمانی مێژوویی پێی نایە نێو سەردەمی رۆمانی ریالیستی کۆمەڵایەتیەوە، و دواتر دەتوانین ئومانیسمی ئازادیخوازانەی ئەدەبی لە رۆمانەکانی رۆمەن روولان، ئاناتۆل فەڕانس، بەدی بکەین.
دژایەتی لۆکاچ لەگەڵ زۆلا دەگەڕێتەوە بۆ دڵگرانی لە ناتۆرالیزم. و رەخنەی ئەو لە ناتۆرالیزم و فۆتۆریزم دەگەڕێتەوە بۆ، رەخنەکانی هێگل، لە سەمبۆلیزم و رۆمانیک. ئەوە بە پەیڕەوی لە لنین، داخوازی لە نووسەرە چەپەکان ئەوە بوو کە : لە بەرهەمە بە نرخەکانی کلاسیکی کەلتووریی پێشووی بورژوازی کەڵک وەرگرن، نووسەرە کلاسیکە ریالیستیەکان لە وێنەی شکسپیر، گوتە، باڵزاک، دەتوانن لە وێنەی مامۆستایەکی بە نرخ بۆ نووسەرە پێشکەوتن‌خوازەکان بن. ئینگێڵز لە وەسفی ریالیزمدا دەڵێت: "توانایی باڵزاک لە شرۆڤەی کۆمەڵگای فەڕانسا و مێژووەکەی، لە دەستکەوتە بە نرخەکانی ئەو قوتابخانەیە" و لۆکاچ بە پێی ئەم وتەیەی ئینگێڵز، بە پێچەوانەی دۆخی داسەپاو بە سەر ئەو سەردەمەی حیزبی کمۆنیستدا، بەرگری لە نووسەرانێک لە وێنەی پووشکین، گووگڵ، داستایۆفسکی، ئیستاندال و فلووبێر کرد.
لۆکاچ لە سەر ئەو رایە بوو کە : ئێمە ئەدەبیاتی باش یان خراپمان هەیە، نابێت بە هۆی ئەوەی کە شکسپیر و گوتە سوسیالیست نەبوون لە بەرچاویان نەگرین، جیاوازیەکی بنەڕەتی لە نێوان ئەدەبیاتی رەسەنی سوسیالیستی یان بوورژوازیدا نییە.
روانگەکانی لۆکاچ تا ئەو جێگایەی بەرەوپێشەوە رۆشت کە لە ساڵی 1956، بۆ ئەدەبیات خوازیاری ئازادی بە تەواو مانا بوو. هونەری راستەقینە بۆ لۆکاچ بەردەوام ناڕەزایەتی دەڕبڕین لە هەمبەر بێ‌عەداڵەتی‌دا بوو.

لۆکاچ دژ بەم پێناسەیەی هونەر بوو،"هونەر بە مانای ئامرزاێک بۆ پروپاگاندا"؛ لۆکاچ دەڵێت، سەرجەم بەرهەمە سەرکەوتوەکانی ئەدەبیات ئەوە دەسەلمێنن کە مێژوو لەگەڵ جوانیناسیدا بەردەوام لە پێوەندی‌دان. هەر بەو پێیە لە وتارەکانیدا، ئەم دوو تەوەرە یەک دەگرنەوە و لە پێوەند لەگەڵ هونەر و راستیە کۆمەڵایەتییەکاندا خۆ دەنوێنن. بەم پێیە ئەو زۆر نوێ‌خواز بووە، چونکوو بە پێی روانگەی زۆر کەس، مارکس و ئینگێڵز، زانستێکی جوانیناسی سیستماتیکیان لەخۆیان بە جێ نەهێشت. روانگەکانی مارکس سەبارەت بە هونەر و کەلتووری یۆنانی کۆن و روانگە ئەدەبییەکانی ئینگێڵس لە سەر باڵزاک و ریالیسم لە رۆمان‌دا، لەوانەیە بتوانین بە سەرەتایەک بۆ چەمکی جوانیناسی دەست نیشان بکەین.
بە وتەی خودی لۆکاچ، کۆمەڵناسی ئەدەبی ئەو، جگە لە مارکس، لە ژێر کاریگەری دوو کتێبی "فەلسەفەی دراو" لە نووسینی زمیل و، "یادداشتەکانی پڕۆتستانی"، لە نووسینی ماکس وێبر بوو. ئەو "هانیە" بە یەکەمین شاعیر و بیرۆکەوانی شۆڕشی ئەوروپا دەزانێت و "تووماس مان" بە دوایین نوێنەری رۆمانی ریالیستی – رەخنەیی ناوزەد دەکات.
لۆکاچ "بریخت" بە گەورەترین شانۆنامەنووسی سەدەی پێشوو دەزانێت، ئەو "نیچە" بە دامەزرێنەری عەقڵ بێزی سەردەمی ئەمپریالیزم دەزانێت، چونکوو بە ڕای ئەو، نیچە هەر لە سەرەتاوە دژ بە دیموکراسی،سوسیالیزم و مافی ژنان بووە. هەروەها لۆکاچ دژ بە نووسەرە ئاوانگاردەکان لە وێنەی دۆبلین، جۆیز بوو.
لۆکاچ لە سەردەمی ژیانیدا رووبەڕووی کۆمەڵێک بوختیان و تۆمەت بوویەوە، لە تۆمەتانەی کە درانە پاڵی : رۆشنبیری ئەخلاق‌گەرا، جوانیناس، مامۆستای ئیستالینیست و...

سەرچاوە:
ن:شامل سالار
http://www.mashal.org/content



* ئەم بابەتە لە ژمارەی (38)ی پاشکۆی " کاکێشان "ی رۆژنامەی کوردستانی نوێ‌دا چاپ کراوە