۱۳۹۰/۰۴/۱۱

براوەی سەرەکی هەڵبژاردنەکانی تورکیە


براوەی سەرەکی هەڵبژاردنەکانی تورکیە
جەمشید بەهرامی
هەڵبژاردنی پاڕلەمانی تورکیە کە مشت و مڕی نێوان 15 پارتی سەرەکی سیاسی و 200 نوێنەری سەربەخۆ بۆ بە دەستهێانی 550 کورسی پارلەمانی بوو، بە ئامادەبوونی زیاتر لە 50 ملوێن دەنگدەر کە مافی دەنگدانیان هەبوو، لە دۆخێکدا کۆتایی پی هات کە سەرنجی زۆربەی چاوەدێرانی سیاسی نەک رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکوو هەموو وڵاتانی دونیای بەلای خۆیدا راکێشابوو.
لە ئاکامدا 90/86% لە ئەو کەسانەی کە مافی دەنگدانیان بوو بەشداریان لە هەڵبژاردندا کرد،چ پێش هەڵبژاردن و خۆ ئامادە کردنی پارتەکان و لایەنە سیاسیەکانی تورکیە لە ژێر ناوی پروپاگەندەی هەڵبژاردن و چ لە کاتی دەنگدان و دواتریش راگەیاندنی ئاکامی کۆتایی هەڵبژاردن، دەتوانین بڵێین ئەم هەڵبژاردنە، یەکێک لە هەڵبژاردنە دموکراتیکەکان بووە کە نەک تورکیە بەڵکوو ناوچەکە بە خۆیەوە بینیویەتی.
دوا بە دوای راگەیاندنی ئاکامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان و هەبوونی بۆچۆنی جیاواز بۆ دەستنیشان کردنی براوەی سەرکی! بە پێی وەدەست خستنی دەستکەوت؛ لێکدانەوە جیاوازەکانی شارەزایان و لیکۆڵەرانی سیاسی ناوچەکە، ئالۆزیەکی لە بیر و رای بیری گشتی ناوچەکە و بەتایبەت کوردستاندا پێک هێنا.
(بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)
 بۆ وەڵام دانەوە بەو ئاڵۆزیەو و ئەو دەمارگرژییەی هەندێ لە چاوەدێرانی سیاسی ناوچەکە ،چاوێک دەخشێنین بە هەرکامە لە لیستەکان واتە پارتەکان و دەستکەوتەکانیان، لە کۆدا دەتوانین لە سەر ئەم خاڵانەی خوارەوە بە لێکۆڵینەوەیەکی دروست بگەین.
- جەخت کردن لە سەر بە دەست هێنانی رێژەی دنگەکان و رێژەی کورسیەکانی هەر کام لە لایەنەکان
- بەراورد کردنی دەستکەوتەکانی ئەم هەڵبژاردنە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشوو
پارتی داد و گەشە پێدان (AKP) :

لە ساڵی 2001 پارتێکی نوێ بە بەکگراوندێکی ئیسلامی کە نەوەکانی پارتی " فەزیلەت " رێبەرایەتی دەکرد بە ناوی " داد و گەشە " هاتە گۆڕەپانی سیاسی تورکیە و بە هۆی باروودۆخی ئەو کاتی تورکیە و شکستهێنانی دەوڵەتی ئەو کاتە ( بە تایبەت ناکارامەیی لە چارەسەر کردنی کێشەکانی سیاسی و ئابووری ) ئەم پارتە پاش تێپەڕ کردنی یەک ساڵ لە تەمەنی لە ساڵی 2002 دا توانی 363 کورسی پاڕلەمان بە دەست بهێنێت. و هەرەوەها لە ساڵی 2007 دا توانی ئەو سەرکەوتنە بە بەدەست هێنانی 341 کورسی دوو پات بکاتەوە.
پارتی داد و گەشە پێدان بە سەرۆکایەتی ئۆردۆغان کە هەر لە پێش هەڵبژاردنی ئەم ساڵەوە، بانگەشەی سەرەکی لە پڕوپاگەندەکانی هەڵبژاردندا، داڕشتنەوەی دەستوور و یاسای بنەڕەتی تورکیە بوو، دوای راگەیاندنی ئاکامی هەڵبژاردنەکان گەیشتە ئەو قەناعەتەی کە ئەبێت لەگەڵ یەکێک لە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن ئیتلاف بکات و دان بە هەبوونی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆندا بنێ؛ ئۆردۆغان رایگەیاند: " ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆن رازی ببێت، ئه‌وا ده‌ستوور جارێکیتر داده‌ڕێژینه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ک کە، نوێنه‌رایه‌تی‌ هه‌موو چین و توێژه‌کانی‌ خه‌ڵک بکات به‌کوردیشه‌وه‌!". ئەو وتانە ئەوە دەگەیەنێت کە ئۆردۆغان لە فرە خوازی پارتەکەیدا، تا رادەیەک پاشەکشە بە ڕەواتر دەزانێت بۆ ئەوەی بە ئامانجەکانی بگات.
ئەگەر دەستکەوتەکانی ئەم پارتە بخەینە بازنەی ئەو دوو خاڵەی کە باس کرا؛ دەتوانین بڵێین ئەگەر بە پێی رێژەی کورسیەکانی پەڕلەمان بێت ئەوا بە چاوخشاندنێک بە سەر ئاکامی هەڵبژاردندا بە بێ ئەم لاولا براوەی سەرەکی
پارتی داد و گەشەپێدانە، پارتی‌ داد و گه‌شه‌پێدان ئاکه‌په لە کۆی دەنگەکان ‌50.4% دەنگی به‌ده‌ست هێنا که ده‌کاته‌ 326 کورسى لە کۆی 550 کورسی، بەڵام خاڵی وەرچەرخان لێرەدایە کە ئەم پارتە لە هەڵبژاردنی پێشوو واتە ساڵی 2007 لە کۆی دەنگەکان 46.6% دەنگی بە دەست هێنا بوو کە دەیکردە 341 کورسی لە کۆی 540 کورسی؛ بە پێی ئەم ئامارانە، ئەم پارتە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2007 دا، 45/62%ی کورسیەکانی پارلەمانی بە دەست هێنابوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا 27/59%ی کورسی، بەم بەراودرە دەتوانین بڵێین کە سەرەڕای ئەوەی کە ئەم پارتە براوەی سەرکی ئەم هەڵبژاردنە بووە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشووو 18/3% لە کورسیەکانی پێشووی دابەزیوە، کە وایە سەرەڕای ئەوەی کە بە تەواوی دەستکەوتەکانی نەگەیشتووە بەڵکوو دەستکەوتەکانی پێشووی بۆ ناپارێزراوە.
ئەم پارتە بۆ دەستێوەردان لە دەستوری بنەڕەتی وڵات، 40 کورسى پاڕلەمانى کەمە تا هەنگاوە سیاسیەکەی ئەنجام بدات ، بۆیە بۆ گۆڕین یان هەموارکردنى بڕگەکانى دەستوری وڵات، پارتى دادوگەشە پێدان، دەبێت هاوپەیمانى لەگەڵ کوتلەیەکى پاڕلەمانى تر بکات .
لە کۆدا دەتوانین بڵێین
پارتی داد و گەشە پێدان کە ئاکامی سەرکی و دیاریکراوی پێش هەڵبژاردن، لانی کەم بەدەست هێنانی دوو لە سێی هەموو کورسیەکان بوو بۆ ئەوەی بتوانێت ئامانجی سەرکی خۆی - واتە ئاڵ و گۆڕ و دەستێوەردان لە یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتەدا – بپێکێت، بە تەواو مان بە ئامانجەکانی نەگەیشت و سەرکەوتوو نەبوو.
پارتی کۆماری گەلی تورکیە
(JHP)  :
پارتی گەلی تورکیە لە گەڵ پارتی نەتەوە پەرەست(بزافی نەتەوەیی) (MHP)، کە لە مێژووی هەشتاد ساڵەی تورکیە هەموو کات دوو پارتی سەرەکی ئەم وڵاتە بوون و لە زۆربەی دەوڵەتەکاندا بەشداریان کردبوو، بەڵام لە ساڵەکانی دەیەی 90 بە دواوە بە هۆی شکستهێنان لە سیاسەتەکانیان بە تایبەت لە بواری ئابووریەوە، نە تەنیا لە کوردستان بەڵکوو لە هەموو تورکیە دەنگەکانیان رووی لە کەم بوون کرد، ئەم دوو پارتە بە جەخت کردن لە سەر ئایدۆلۆژیای کەمالیسم و پێشێل کردنی مافەکانی کورد لە تورکیە، و هەروەها ئاسمیلاسیۆن و پاکتاو کردنی نژادی ، بووە هۆی ئەوەی کە گەلی تورکیە لە سەرووی هەمووانەوە کوردەکانی ئەو وڵاتە متمانەیان بەم دوو پارتە لە دەست بدەن، هەر بۆیە سەرۆکی پارتی کۆماری گەلی تورکیە " کەماڵ قلیچدار ئۆغڵۆ " دوای سێ خولی هەڵبژاردنی پاڕلەمانی و بەرز و نزمیەکانی پەیتا پەیتای پارتەکەی بەو قەناعەتە دەگەیەنێت کە دەبێت پارتەکەی لە سیاسەتەکانی چەندین ساڵەی پاشەکشە بکات، " کەماڵ قلیچدار ئۆغڵۆ " دان بەوە دا دەنێت کە کێشەی تورکیە نە تەنیا نابەسترێتەوە بە کێشەی ئابووریەوە بەڵکوو کێشەی مافی مرۆڤ و دەستەبەر کردنی دیموکراسی کێشەی سەرەکین( ناکارامەیی بۆ بە دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد،بە سەرەکیترین کێشە دەزانێت!).
سەرەڕای پڕوپاگەندە بۆ هەڵبژاردن و باس کردن لە مافی مرۆڤ و دەستەبەر کردنی دموکراسی و دان نان بە مافی کورددا، بەڵام دیسان لە وێنەی هەڵبژاردنی پێشوو ئەم پارتە تووشی قەیران بوویەوە،؛ ئامانجی سەرەکی ئەم پارتە بەدەست هێنانی سی لە سەدی دەنگەکان بوو.
پارتی کۆماری گەلی تورکیە (جەهەپە)، توانی 8/25%ی دەنگەکان بە دەست بێنێت، کە دەکاتە 135 کورسی لە کۆی 550 کورسی،بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2007 دا ئەم پارتە 9/20%ی دەنگی بە دەست هێنابوو، کە دەیکردە 112 کورسی لە کۆی 540 کورسی، بە پێی ئەم ئامارانە ئەم پارتە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2007دا، 51/20%ی کورسیەکانی بە دەست هێنابوو بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا 54/24%ی کورسیەکان،
بەم بەراوردە دەتوانین بڵێین کە ئەم پارتە لە چاو هەڵبژاردنی ساڵی 2007 چ لە روانگەی دەنگ و چ لە روانگەی بە دەست هێنانی کورسی، گەشەی کردووە، لە روانگەی کۆی گشتی دەنگەکانەوە،9/4% و لە روانگەی رێژەی بە دەست هێنانی کورسی 3/4 % گەشەی بە خۆوە بینیوە، بەڵام ئەم گەشەیە لە چاو ساڵانی بەر لە نەوەدەکان و بانگەشەکانی پێش هەڵبژاردنی ئەو پارتە، دەستکەوتێکی ئەوتۆ نییە، و ئەو پارتەش لە وێنەی پارتی داد و گەشە، بە ئامانجە سەرەکیەکەی واتە بە دەست هێنانی یەک لە سێی کورسیەکان نەگەیشت.
پارتی نەتەوە پەرەست(بزاڤی نەتەوەیی) MHP
 :
ئەم پارتە کە بەر لە نەوەدەکان شان بە شانی جەهەپە لە پاڕلماندا رۆڵی هەبووە، دوا بە دوای دەرکەوتنی پارتی داد و گەشە لە ساڵی 2001 بە دواوە، و خۆنواندنی پارتی داد و گەشە لە کایەی سیاسی ئەو وڵاتەدا، بەردەوام رووی لە کزی بووە، ئەم پارتە لەم هەڵبژاردنەدا توانی 1/13%ی دەنگەکان و 53 کورسی، واتە توانی 63/9%ی کۆی کورسیەکان وەدەست بخات، کە بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنی ساڵی 2007 دا زۆرتر رووی لە کزی کردووە، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2007دا ئەم پارتە توانی 3/14% و 77 کورسی، واتە 13%ی کۆی کورسیەکان بە دەست بهێنێت، بە پێ ئەم بەراوردە،ئەم پارتە (پارتی نەتەوە پەرەستی تورکیا) لە چاو هەڵبژاردنی پێشوو(2007)، لە روانگەی کۆی گشتی دەنگەکانەوە، 2/1% و لە روانگەی کۆی کورسیەکانەوە 3.37% دابەزینی بە خۆوە بینیەوە.
کاندیدا سەربەخۆکانی کورد بە پشتیوانی پارتی ئاشتی و دموکراسی (BDP) :
هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی ئەم ساڵدا، داخوازیەکانی ئەم پارتە لە سیمای کاندیداتۆرەکانیانەوە بە روونی دیار بوو. هەر لە لەیلا زانا سیمای هەرە ناسراوەکانی ئەو پارتەوە هەتا خەتیب دیجلە کە لەگەڵ پێنج هاوڕێی دیکەی لە ناو زیندانەوە خۆیان کاندید کردبوو.
پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن و هەبوونی کەشێکی ئازاد وای کردبوو کە راستەوخۆ کاندیداتۆرە کوردەکان سنوورەکانی پێشوو ببەزێنن و تەنانەت پارتی کرێکارانی کوردستان
(PKK) راستەوخۆ لە رێگای مێدیاکانیەوە جەماوەری کوردستانی هان بدا کە پشتیوانی لە کاندیداتۆرە کوردەکان بکەن.
لە ئاکامدا کوردەکان توانیان 2/6%ی دەنگەکان و 36 کورسی ، واتە 54/6%ی کۆی کورسیەکانی پاڕلەمان بە دەست بهێنن، کە بە بەراورد لە چاو هەڵبژاردنەکانی پێشوو گەشەیەکی بەرچاوە، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2007 ئەم پارتە توانی 8/3%ی دەنگەکان و 22 کورسی، واتە 02/4% کۆی کورسیەکان بە دەست بێنێت، بە پێی ئەم بەراوردە لە چاو ساڵی 2007 ، لە روانگەی کۆی گشتی دەنگەکانەوە 4/2% و لە روانگەی کۆی کورسیەکانەوە 52/2% گەشەی کردووە.
شەش کەس لە کاندیداتۆرەکانی کوردان کە براوەی ئەم هەڵبژاردنە بوون و بە فەرمی ببوون بە پاڕلمانتار لە زینداندا بوون، بە پێی دوایین زانیاریەکان، بە "خەتیب دیجلە" نوێنەری هەڵبژێردراوی پارێزگای ماردین کە لە زیندنادایە، رێگە نادرێت بچێتە پاڕلەمان، بە پێی راگەیاندراوی دیوانی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیە
“YSK” خەتیب دیجلە بە هۆی هاوکاری لەگەڵ گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان و ئەندامێتی لە " کۆما جڤاکێن کوردستان " رێگە نادرێت بچێتە پاڕلەمانی تورکیە.
لە لێکدانەوەکاندا ئەوەی کە تائێستا لە بەر چاو نەگیراوە یان کەمتر ئاماژەی پێکراوە رێژەی کاندیداتۆرەکانی بەدەپە بووە، ئەوەی کە بۆ کوردەکان زۆر دڵخۆشکەرە ئەوەیە کە کاندیداتۆرە کوردەکانی بەدەپە 43 کەس بووە، کە لە کۆتاییدا 36 کاندیداتۆر سەرکەوتوو بوون. ئەگەر لەو 43 کاندیداتۆرە هەموویان هەڵبژردرایەن و ئەو کات بەدەپە بە سەد لە سەدی خواستەکانی دەگەیشت، ئەگەر ئەمە بکرێتە پێوەرێک،دەتوانین بڵێین کە بەدەپە بە 72/83% لە خواستەکانی گەیشتووە، کە واتە سەرکەوتنی بەدەپە لەم هەڵبژاردنەدا بێ وێنە بووە، کە دەکرێت رێ خۆشکەر بێت بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە تورکیە.