۱۳۹۰/۰۲/۱۶

"رێبواری یاد"



"رێبواری یاد"
(جەمشید بەهرامی)

لە سێهەمین ساڵیادی شەهید بوونی ئیبراهیم لوتفوڵاهی‌دا
بۆ هاوڕێی شەهیدم شەهید ئیبراهیم لوتفوڵاهی کە هێمای بەرخوەدانی رۆڵە نەبەزەکانی گەلەکەمانە و لەو پەڕی دڕندەییەدا بە دەستی جەلادەکانی کۆماری ئیسلامی لە سلوولەکانی ئیتلاعاتی سنەدا شەهید کرا.

لە چی بدوێم؟ لە رێگا دوور و درێژەکانی هزرە وەنەوشەییەکانت ئەو کاتەی بیری یادت باوەشی دەگرتەوە بۆ ئازارەکان؟، لە کامە سۆزت بدوێم؟ لە کامە یادت بدوێم؟
ئەو کاتەی کە لانکەی یادت دەیچرپاند بە گوێی داهاتوودا منم کە لووتکەی هزرەکانمەوە یادی ئەم چیمەنە دەهۆنمەوە،ئەوە تۆ بووی کە دەتگووت " بوون یان نەبوون" ،بوونت پڕ بوو لە حەز،ژینت پڕ بوو لە خۆزیا و هەڵاواردن و بە گژدا چوونەوە لە گەڵ تاڵ سوێرییەکانی ژیندا.
هاوڕێ گیان وە بیرت دێتەوە ببوویتە هاوڕێی هەسێرەکانی سەر شار و بەردوام لاپەڕەی چیرۆکێکی دیکەت واژۆ دەکرد؟، بوونت سیمایەکی کەڵەگەتی هزر درێژی شین ڕەنگەڵە بوو و لە رێگا خۆڵەمێشییەکانمان رێت دەبڕێ، بە وێنەی رێبوارێکی یاد، ئەو یادەی کە تێکەڵاو بە خەونی هەزارەها لاوک و حەیران بوو.
هاوڕێ گیان لەو کاتەی کە دوا ترپەی دلت سروودی نەسرەوتنی دەخوێند، یادت  لە کامە گەردوون دا خۆی حەشاردابوو.سۆزت باوەشی بۆ کامە ئازاری گەلت واڵا کردبوو؟
هۆ هاوڕێ رێبوارەکەی یادم، چۆنت بدوێم، چۆنت بکێشمەوە،چاوەڕوانییەکی پڕ لە حەز بووی،چاوێکی گەش بووی کە دەتهەویست سروودی سەرکەوتن بکەیتە دیاری بۆ هەژارە پڕ لە خۆزیاکانمان،بەڵام سەد مەخابن،کۆچاندتیان...
کۆچت لاپەڕیەکی دیکەی نەسرەوتنت بوو بەرەو بێداریەکی حەزین،ئەمێستاکە منم درێژەدەری رێگا حەزینەکەتم، ئەمێستاکە منم کە لە دوا لوتکەی چیاوە سروودی نەبەزین دەچڕم و بانگت دەکەم بۆ ئەوەی هەوێنی هەستانەوەیەکی دیکەم بیت.