۱۳۹۰/۰۲/۱۶

هارۆڵد پینتەر، شانۆنامەنووس یان؟



هارۆڵد پینتەر، شانۆنامەنووس یان؟
       و :  جەمشید بەهرامی 

هارۆڵد پینتەر، شانۆنامەنووس، ئەکتەر ،سیاسەتمەدار و چالاکی مافی مرۆڤ،لەو نووسەرانەیە کە مارتین ئیسلین، بەرهەمەکانی بە ئەبزۆرد ناوزەد دەکات بەڵام پینتەر لەو پۆلێنبەندییە هەڵدێت و بێ ئەوەی کە خۆی زانیبێتی کە داهێنەری ژانرێکە بە ناوی " پینتەریسک " یان  " پینتەریسم". پینتەر،چەندین وتاری دژ بە مارگرێت تاچێر، تۆنی بلێر و جۆرج بۆش ئاراستە کردووە، کە زۆرێک خەڵاتی نۆبێلەکەی کە لە ساڵی 2005 دا وەریگرت بەوە گرێ دەدەنەوە.
هارۆڵد پینتەر شانۆنامەنووسێکی خاوەن تایبەتمەندیە کە دەربڕینی پوخت و بە پێزی ئەو، بە وەستان و بێدنگی‌گەلێکی قووڵ و کاریگەر ناسراوە.
بێدەنگی‌گەلێک کە زۆرێک لە دەرهێنەران و ئەکتەرانی تووشی سەخڵەت دەکردو لە هەمان کاتدا بووەتە هۆی گاڵتەکردنی پینتر بەوان. پینتەر دەڵێت : " ئەگەر مانای ئەو بێدەنگیانە نازانن، بیسڕنەوە! " گاڵتەیەک کە زۆرتر،هەست بزوێنە و بۆ بەربەرەکانێیە تاکوو رێنوێنێکی بەکردەوە. لە مەڕ گرنگایەتی و کاریگەری پینتەر لە سەر شانۆ بە تەنیا ئەوە بەسە کە ژانری پینتەریسک بەمە ناوزەد دەکرێت: بە بردەنە سەر تەختی شانۆی یەکەمین شانۆی ئەو،" دیو(Room) لە ساڵی 1960،هەروەها بە سەرجەم بەرهەمەکانی شانۆیی و بەرهەمەکانی دیکەی کە وەهم خولقین و پڕئاڵۆزن پێناسە دەکرێت. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

هارۆلد پینتەر تاقانە منداڵی باوک و دایکێکی جوولەکە( یەهوودی ) یە لە ئۆکتۆبری1930 لە گەڕەکی هاکنی لە باکووری لەندەن چاوی هەڵێنایە دوونیا. ئەو لە کەش و هەوایەکی دژە جوولەکە گەورە بوو کە کاریگەرییەکی زۆری لە سەر شانۆنامەنووس بوونی بوو. لە دەستپێکی شەڕی دووهەمی جیهانی،لە 9 ساڵیدا ناچار بوو لەندەن بە جێ بهێڵێت. پینتەر دەڵێت: " ئەزموونی تۆپ‌بارانەکانی شەڕ هیچ‌کات لێی دوور نەکەوتووەتەوە. "
مارتین ئیسلین، لە ساڵی 1968 پینتەر لە ئاستی شکسپیر و بێکێت دەزانێت و لە کتێبە کاریگەر و مێژووییەکی لە ژێر ناوی " شانۆی ئەبزۆرد"، لە بەشێکی درێژی‌دا چاوێک بە بەرهەمەکانیدا دەخشێنێت و پینتەر دەخاتە بازنەی گرنگترین کەسایەتییەکانی شانۆیی، و بە "ئەبزۆرد" ناوزەدی دەکات، دوونیای رەخنە ئیزنی نەدا کە بزانێت پینتەر ئاڵۆزتر و بەدەستکەوت‌تر لەوەیە کە لە بازنەیەکی تەسکی ئاوەهادا جێگیر بیت و بناسرێت.  
زۆربەی شانۆنامەکانی پینتەر لە کەشێکی ئاسایی و ریالیستی‌دا دەست پێدەکەن بەڵام لەدرێژەدا، وردە وردە روواڵەتەکەیان دەگۆڕدرێن بەرەو جیهانێکی تەمسیلی و سووریال؛ ئەوەی کە لە دوونیای رۆماندا لە بەرهەمەکانی گابریل گارسیا مارکێز و ریالیزمی جادووییدا بە دی دەکرێت.
زمانی تایبەتی پینتەر لە هەوڵ بۆ بە ئایدیۆلۆژیک نەبوونی بەرهەمەکانیدا یارمەتیدەر بوون. رەستەگەلی سانا و زۆر پوختی بەرهەمەکانی، لە نێوانی کۆمەڵێک وەستان و بێدەنگیی مرۆڤەکان، ئاوەها وەهمێک دەبخشێتە شانۆنامەکانی کە رێی هەر لێک دانەوەیەکت لێ دەگرێت.
کۆمێدیای هەڕەشە یان شانۆی هەڕەشە؛ لەو دەستەواژانەیە کە بەردەوام سەبارەت بە بەرهەمەکانی پینتەر بە کار هێنراوە. سێ شانۆنامەی سەرەتایی پینتەر،" دیو " ، '' جێژنی لە دایک بوون " و " خزمەتکارە ماشینییەکە "،کە بە تێکڕا بە ناوی "  کۆمێدیای هەڕەشە " دەناسرێن،لە بنەڕەتدا لە پێوەند لەگەڵ هەڕەشەی کەسایەتیگەلێک کە  لە دوونیادان و گەڵاڵەی وێرانی مرۆڤ لە ژێر زەخت‌دا وێنا دەکەن: لە " دیو " دا ئەم هەڕەشەیە بە تەنیایی بوونی هەیە و بەردەنگ هیچ کات هۆیەکەی نادۆزێتەوە؛ " جێژنی لە دایک بوون "  ئاماژە بەوە دەکات کە لەوانەیە کۆمەڵگا کانگای ئەو هەڕەشانە بن، لەگەڵ ئەو هەڕەشە و کاریگەریەیدایە کە گرنگایەتی هەیە نەک لەگەڵ بنەمای‌دا؛ و " خزمەتکارە ماشینییەکە " بەرەوروی وێنایەک لە هەڕەشە دەبێتەوە و هەڕەشەکەرەکان وێنا دەکات کە لە وێنەی بەردەنگەکان خۆیشی تۆقاوە و لە بەرامبەر هەڕەشەکاندا زیان‌لێ کەوتووه و دەتوانێت مانایەکی سیاسیشی هەبێت کە بەبیرهێنەرەوەی ئەو وتەیەی سارترە : " چەوسێنەر و چەوساوە هەردووکیان بە رادەی یەک،لە ژێر کاریگەری زوڵم‌دان.
لە شانۆنامەی " جێژنی لەدایک بوون " دا،هونەرمەندێکی لێقەوماو وێنا دەکات کە بۆ وچاندان و هەڵاتن لە هەڕەشەی نەناسراو رۆشتوەتە گوێ‌چەمێک و لە کوێڵێکدا نیشتەجێ دەبێت.
پینتەر لە شانۆنامەی " خزمەتکاری لاڵ " هەمان ریگای " دیو " و " جێژنی لە دایک بوون " دەگرێتە بەر و لە هەمان سەرەتاوە دەست پێدەکات کە ئەو دووانەکەی تر تەواو بوون. "بێن" لەگەڵ "گاس" لە رەهەندێکی دیکەوە هەمان "گوڵدبێرگ" و "ماک کان"ی " جێژنی لەدایک بوونن. گاس دەست دەکات بە پرسینی پرسیارگەلێک کە هەن و لە هەل و مەرجی ئێستادا ( بە هۆی کۆمەڵگاوە روبەڕون ) بەرەوڕو دەبنەوە،بەم پێیە، گاس دبێت تیا بچێت.
" خزمەتکاری لاڵ " شانۆیەکە کە لەودا،هەڕەشەکەر خۆی روبەڕوی هەڕەشە دەبێتەوە.
لە شانۆنامەی " داوێن پیس "دا، هەڕەشە،لە وێنای بێ یاسایی و ئاڵۆزییە کۆمەڵایەتییەکان و داخوازییە مرۆییەکان رەنگ دەداتەوە. ناوەڕۆکی دەروونی مرۆڤەکان لە رێگایەک رێ دەبڕن کە وەڵامی داخوازییەکانیان بدەنەوە. راشکاوی ناوەکی ئەوم شانۆنامەیە لەوەدایە کە کەسایەتییەکان  سەبارەت بە داخوازییەکانیان هەست بە بێچارەیی زۆرتر دەکەن و زۆرتر لە کەسایەتییەکانی شانۆنامەکانی پێشوو دەیانهەوێت پێوەندییەکی چڕ و پڕ درووت بکەن،بەم‌پێیە،دوایین کردەوەکانیان تا رادەیەک لە یاسا کۆمەڵایەتییەکان دەچنە سەرترەوە، لە کۆدا ، ئێمە سەبارەت بە رووداویک کە روو دەدات زاناترین و هۆیەکەی باشتر هەست پێدەکەین.
سەبارەت بە شانۆنامەی " گەڕاننەوە بۆ ماڵەوە " دەبێ بڵێین هەروەک "خزمەتکار" لەگەڵ کێشەدا بەروروین،مەگەر هەست بەوە بکەین کە ئەم شانۆیە پەرەپێدانی داخوازی دروونیە لە وێنەی هۆیەک بۆ هەڕەشە. پینتەر گوتویەتی: " گەڕاننەوە بۆ ماڵەوە " سەبارەت بە ئەوین و نەبوونی ئەوینە،بەڵام دیسانەوە کێشەیە کە چاوەڕوان بین لەهەر لایەکەوە کردەوەی ناشرینی ئەم کەسایەتیانە پێوەندی بە ئەوینەوە هەیە. ئاماژەی پینتەر بەمەیە کە کاتێک مرۆڤەکان لە سەر " لێواری تیژی ژیان " دان، لەوانەیە لەگەڵ یەک هەڵسوکەوتی بێ‌ رەحمانە‌یان ببێت.بەڵام ئەم کردەوەانە دوور لە شێوەی ژیانیان بە کردەوە دەگەیەنن؛کردوەکانیان بە خواستی خۆیان نییە بەڵام بە هۆی هۆکارگەلی بنەڕەتی بەکردەوە بوو.
شانۆنامەی " ئازاری سووک " شانۆنامەیەکی سەردەمی بەرەو پێش چوونە کە لە نێوان " کۆمێدیەکانی هەڕەشە " و درامەکانی دواتری پینتەر‌دایە. ئەمەش بە تەواو مانا کۆمێدیایەکی هەڕەشەیە بەڵام لەگەڵ پێناسەیەکی جیاوازدا؛ هەڕەشە دەهێنرێتە نێو دیوێک  و جەخت لە سەر بێ مەترسی بوونی دەکات. هەڕەشەی سەرەکی لە خودی کەسیاتەییەکەوە سەرچاوە دەگرێت. لە شانۆنامەکانی پێشوودا، هەڕەشەی دەرەکیی و جەستەییە کە لە " ئازاری سووک "دا ناوەکی و دەروونناسی دەبن. پینتەر بەم درامە دەست دەداتە هەڵویستێکی نوێ، بەڵام هەنووکە نایەوێت خودی هەڕەشە و کاریگەرییەکانی و هۆکارەکانی بەرجەستە بکات.
"خزمەتکارەکە": کاتێک لە پینتەر دەپرسن خزمەتکارەکە سەبارە بە چییە، دەڵێت: " ئەوین ". بە بێ ئەم ئاماژەیە، بە زەحمەت دەکرێت ئەم شانۆنامیە شرۆڤە بکەین، بەم ئاماژەیە، خزمەتکارەکە لە گەشەی شانۆنامەنووسی پینتەر‌دا،رۆڵێکی هەرە گرنگ دەگێڕێت، چوونکوو پینتەر بە تەواو مانا لە جیاوازی نێوانی ئەم شانۆنامە لەگەڵ بەرهەمەکانی پێشووی‌دا ئاگادارە و پێداگریەکەی لە سەر هەڕەشە، جێ دەگۆڕێت بۆ هۆکاری هەڕەشە.
لە شانۆنەمەی " کۆلۆکسیۆن " زۆر بە سانایی دەتوانین بزانین یەکێک لەو ناوەرۆکانی جێی مەبەستی پێنتەرە، نەگۆڕ بوونە و لە ئاکامدا یەکێک لە ئامرازەکانی جێی مەبەستیی، روبەرو بوونەوەی بەردەوامی " راستی " و هۆکارە بەڵێنیەکانە. ئەم شانۆنامەیە بۆ پیشاندانی وێنای داخوازییەکانی دروونناسی کەسایەتی لە وێنەی سەرچاوەی هەڕەشە دەرحەقە. لە راستیدا ئەم شانۆنامەیە، دەستپێکێکە بۆ دووهەمین سەردەمی سەرەکی دەربڕینی دراماتیکی ئەم نووسەرە. گەڵاڵەی کاراکتەرەکانی " کۆلۆکسیۆن "،هەر وەک " خزمەتکارەکە " بە پێی داخوازیییە.
پینتەر،کۆمەڵگا و سیاسەت
پینتەر سەبارەت بە سەردەمەکانی هونەری خۆی گوتویەتی کە بە دوای سەردەمی یەکەمی ریالیزمی دەروونناسی،سەردەمی دووهەم کە شاعیرانە‌تر بوو بە شانۆنامەگەلێک لە وێنەی پانۆراما و بێدەنگی پەرە پێداوە و لە کۆتاییدا گەیشتووتە سەردەمی سیاسی؛ بە بەرهەمگەلێک لە وێنەی " کەسێک بۆ جادە "، " زمانی کوێستان "...
پینتەر لە شانۆنامەکانیدا لە هەنگاوی یەکەمدا روو دەکاتە دەسەڵات‌داران؛لە بەرهەمەکانیدا نیشان دەدات مرۆڤی ئەم سەردەمە لە ژێر کاریگەری توندوتیژیدا ژیان دەکەن و تەنانەت هەموو کۆمەڵگاش چ بمانەوێت و چ نەمانەوێت بەرەو توندووتیژی زۆرتر دەڕوات.
کەسایەتییە چەوساوەکان و بێ‌خانە و لانە لە کەسایەتییە نەگۆڕەکانی بەرهەمەکانی پینەرن. ئەو لەگەڵ ئەم کەسایەتییانەدا ژیانی کردوە و بەشێک لە شانۆنامەکانی لە ژیانی خۆی و ئەزموونەکانیەوە سەرچاوە دەگرن.
بە پێچەوانەی کەسانێک کە لە بە تەمەنی پیری‌دا پشت لە ژیان لە کۆمەڵگادا دەکەن؛پینتەر لە ساڵەکانی کۆتایی ژیانی‌دا زۆرتر سەرقاڵی سیاسەت دەبێت و زۆرتر لە سیاسەت‌دا رۆدەچێت.
لە ساڵی 1985 هاوڕێ لە گەڵ ئارتوور میلێردا دەڕوات بۆ تورکیە، لەگەڵ نووسەرانێک دەناسێت کە یاسا بە دوایاندا دەچوو و لە ژێر چاوەدێری دەوڵەتی فاشیستی تورکیەدا بوون،هەر بۆیە دواتر لە پشتیوانی لە مافی کوردەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان کرد. لە سەرەتای ساڵەکانی نەوەدەکاندا بەرامبەر بە هێرشی ناتۆ بۆ سەر سێربستان و هێرش بۆ سەر ئەفغانستان، ناڕەزانیەتی دەربڕی.
پینتەر لە وتارێکدا دەڵێت : (( ئەمریکا سالانێکە کە خۆی فێری ئەوە کردووە کە ئەویندار خۆی بیت،سەرنج بدەنە وتەکانی سەرۆک کۆمارەکانی ئەمریکا، هەموویان لە وتەکانیاندا دەڵێن:" گەلی ئەمریکا! " گەل لە دوای بیستنی ئەو وتارانە فرمێسک دەڕێژن،بە راستی کە مەکرێکی گەلێک جوانە!، لە راستیدا خەڵکانێک هەن کە لە سەر دۆشەکی دڵنیاییەوە، هەست بە رەحەتی ناکەن، مەبەستم ئەو یەک ملوێن و نیو زیندانییە و هەروەها پەنجا ملوێن مرۆڤەیە کە لە ژێر هێڵی هەژاریدان و هەروەها ئەو لاو و شێتانەی کە دەبێت بکوژرێن...))
پینتەر لە ساڵی 2005 رای گەیاند کە تا رادەی چاوەڕوان کراو شانۆنامەی بۆ هەموو دوونیا نوسیەوە و چیتر نایهەوێت شانۆنامە بنووسێت و لەمە بە دوا زۆرتر جەخت لە سەر چالاکی سیاسی،مافی مرۆڤ دەکات.هەڵبەت ئەو لە ساڵی 1974 لە پەنای نووسیندا، وەک چالاکێکی مافی مرۆڤی رۆڵی گێڕاوە و زۆرتر هەڵوێستەکانی ئاڵۆزی ناوەتەوە.
پینتەر لە ساڵی 2005 بە وەر گرتنی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیات دەبیت بە تریبوونێکی جیهانی و لەو رێگایەوە لە وتارەکەیدا تا ئەو جێگایەی کە دەیتوانی بە شەوقێکی بێ وێنە، رەخنە لە جۆرج بووش، سەرۆک کۆماری ئەمریکا و تۆنی بلیر،سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی ئینگلیس دەگرێت و ئەمریکا بە " پشتیوانی دیکتاتۆرە نیزامییەکانی راسیزمی دوونیا " ناوزەد دەکات.

ئاماژە: ئەم بابەتە لە رۆژنامەی ئاسۆی رۆژهەڵات ژمارە 67 دا بڵاو کراوەتە.
لینکی بابەت: