جەمشید بەهرامی |
هۆ کچۆڵە
لە خۆزیا تاشراوەکە
من
لە تراژدیای
گووڵ و هەنارت ئەدوێم
تۆ
لە ئەوینە گووڵ گووڵیەکەی
تۆ
لە ماچە ژاراوییەکانی
سەدەی مەراق؛
ئیزنم بدە
لە سەر تڕۆمبیلی ئەمجارەیان
گەلێک بڕۆم؛
دەلێم گەڕێ
تاکەی من
باس لەو ئەوینە
خۆخۆرانە بکەم؛
تاکەی من
لە سەدەی مەراق و
نەحس بوونی زەمەن
ماتڵ بم؛
مەم هەژێنە!
ئەم ملۆدییە
تەنیا یەک گووڵی قاڵی ماوە
با هەر تۆش باسی
خەتی جادەم بۆ بکەیت
من بە دەگمەن
حەز لە حەزەکانت بکەم؛
بەڵام ئەمجارەیشیان
" تەپڵەکەکەم خاوێن کەوە
تا لە دووکەڵی
جگەرەدا نەخنکاوە "
با مێروولەیش
قەند کاوێژ کات
من
بڕوام
بە مرۆڤ و
جادەکان نییە!
لەم ملۆدییەدا
جگەرم "سۆل"ە و
تەنانەت
نۆتەکانی
دەوروبەری لێی وەڕزن؛
جگەرەم ئاوەها
خۆی لە خەتەکان گرێ داوە
ئەیەوێ نەخنکێت
تۆیش
باسی سەمفۆنیام بۆ دەکەی؟!
با رەشەبایش بحوولێنێ
من فرمێسک لە جگەرە
قەرز ئەکەم.
..:::جەمشید:::..
پاییزی 82ی هەتاوی،2003 - تاران
ئەم شێعرە دەمباتەوە بۆ رۆژانێکی تاڵ و هاوکات شیرین،
ئێستاکە ئەو رۆژانەم -تاڵ و هاوکات،شیرینەکەی ئەو کاتە- لێ ون بووە!